❤❤یـــانەی کوردژیـن/Kurd Zhin❤❤/ / کەلتورێ ژن و ژن خوازی لە گوندەکانی کوردستان

.

نازناو:  وشه‌ی تێپه‌ڕبوون:    |  

ئاگاداری

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌ڕێزان : هه‌رکاتێک کێشه‌یه‌ک یان په‌یامێکی ناشیاوت به‌رچاو که‌وت له‌یانه‌دا ئه‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ :_

1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) .. ژمارەی مۆبایل ( 07736993749 )

2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له‌ ئه‌وروپا به‌ ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره‌ ته‌له‌فوونی( 00447724242223) .

New Page 1

    بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه‌  

#1 2011-04-20 11:14:32

سورێن
سونبولی یانه
Kurdzhin: Grupy peshangy
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2009-02-08
دواترین سه‌ردان: 2020-02-20
په‌یامه‌كان: 953
WindowsSafari

کەلتورێ ژن و ژن خوازی لە گوندەکانی کوردستان


بەئاوەردانەوە لە مێژووی داب و نەریتی كورد، ئەو راستیە دەبینین كە كولتووری ژن و ژنخوازی لە گوندەكان شوێنیكی فراوانی داگیر كردوەو بۆنەیەكی زۆر گرنگ بووە لە ژیانی كۆمەڵایەتی ئەوێ‌ رۆژێی لادێیەكان.
كاتێ‌ كە كوڕ دەگەیشتە تەمەنی كچ هێنان بەدەگمەن كور - كیژێی دەست نیشان دەكرد بۆ ئەوەی ببێتە هاوسەری دوا رۆژی، لە هەندێ‌ حاڵەتدا باوكی كچێكی بۆ دەدۆزیەوە، كوڕەش نەیدەتوانی لە ئاستی باوكیدا قسە بكات، هەر بەو هۆیەشەوە باوكی لای باوكی كچە خوازبێنی كچەی بۆ كورەكەی دەكرد، هەندێجاریش لەلایەن دایكی كوڕەوە بە نهێنی دایكی كیژە بەو نیازە ئاگادار دەكرا... هەڵبەتە ئەویش لە لای خۆیەوە هەر نەبی بۆ هاوسەر و كچەكەی ئەو نهێنیەی دەدركاند... ( دەبێ‌ ئەوەش بوترێ‌ بەزۆری كچ هیچ رای نەبوو لە بارەی مێركردنەكەیەوە، لە هەمان كات زۆر جار وابووە كە كورەو كچە بەهیچ شێوەیەك یەكتریان نە ناسیوەو نەدیتوە.... لە بەرامبەریشدا هەر نارەزایەك ئەگەر خوانە خواستە لەلایەن كچەوە لە بارەی مێردكردنیەوە دەرببرَدرایە بە چەشنێ لە قەڵەم دەدرا و بە توندی بەرهەڵستی لێ دەكرا ).
دوای ئەوەی ماڵی كچە رەزامەندی خۆیان پیشان دەدا... گفتوگۆ لە نێوان هەردوو خیزان – بە تایبەتی هەردوو دایك – دەستی پێ دەكرد بۆ دیاریكردنی مارەیی پاش و پێش، لەگەڵ جل وبەرگ و زیرو خشلی بوك و چۆنیەتی گواستنەوەو ماڵ دانان، هەندێ جار گفتوگۆ بە سانایی نەدبڕاویەوە كۆسپی دەكەوتە بەر بەتایبەت ئەگەر ژن بەژن بوایە.... لەو حاڵەتەشدا پێویستی بە پیاو ماقول و بەتەمەن وخزمانی هەردولای دەكرد بۆ جیبەجی كردنی ئەو كارە خیرە.
گەڵێ جاریش لە هەندێ خێزانی هەژار یا لەبەر چاوچنۆكی دایكی كچە داوای ( شیربای ) ی – واتە مافی دایك لەشیردانی مناڵ – لە ماڵی كوڕە دەكرا... ئەم داوا كردنە زۆر باوو نەبو و پەسند نەدەكرا..... وا لە قەڵەم دەدرا كە كیژە ئەفرۆشرێ .... ئیدی كە هەمو شتی پەیوەندار بەم پرۆسەیە ئاسایی دەبوو.... لە رۆژی دیاریكراو زۆربەی -- پاش بانگی عەسر یا مەغریبێكی زوو-- باوكی كورە و چەند دۆست و دراوسێ و خزمان لەگەڵ مەلای گەرەك و دایكی كوڕە ودۆست دراوسَی وخزمانی ، سەردانی ماڵێ كیژەیان دەكرد ئەوانیش لای خۆیانەوە بە هەمان شێوە بە گەرمی پیشوازیان لێ دەكردن . لە دانشتە دو قۆڵیەكە دوای ئەوەی مەلا دەیوت مارەیی چی بێت، ئینجا جۆری مارییەكە دیاری دەكرا كە لەزوودا مارەیی ( ئەسپ یان ماین یان مانگا و یان زێڕ و زیو )) بە زۆریش بریتی بوو لە 19 میسقالی زێر... بەوەش مەلا كچەی لە كوڕە مارە دەكرد و فاتیحا دەخوێندرا، باوكی كوڕەش بە كوڕەكەی دەووت: كوڕم هەستە بڕۆ دەستی مامت ماچ بكە، كە مەبەستی باوكی كچەكە بوو، ئەم نەریتە تائێستاش لە شارەكان هەر ماوە و وەكو كولتوورێك درێژەی هەیە، دوای ئەوە  كوڕە دەچوو دەستی مامی ماچ دەكرد، باوكی كچەش نێوچاوانی كوڕەی ماچ دەكردەوە، ئەگەر ئەو ژن هێنانە بەماڵ بوایە، بەڵام ئەگەر ژن بە ژن بوایە هەردوو كوڕەكە ئەو كارەیان رادەپەڕاند، دوای ئەم مارە كردنەش ( مێوژ یان قەسپ ) لەبری پاقلاوە و شیرنی ئێستا دەهێنرا و بەسەر میوانانی ئامادەبوو دابەش دەكرا.... ئینجا لە لایەن ماڵێ كورە چەند ( كلیلیەك ) لێ دەدرێ لە هەمان كات دایكی كورە نیشانەی دەستگیرانی كە بریتیە لە پارچە زێرەك بە كچەكەیەوە دەكات لە گەڵ ئەنگوستیلەیەكی زێر بۆ پەنجەی دەستی چەپەی.


جل و بەرگ كردن بۆ بوك:
ئەگەر بوكەكە بەماڵ بوایە.... دایكی كچە یان هەر ژنێكی تری خزمیان بوایە، پارەكەیان هەڵدەگرت و دەچوونە شار هەندێ‌ جاریش باوكی كوڕە و زاواشیان لەگەڵ دەچوو، بەڵام ئەگەر ژن بەژنی بوایە ئەوە هەردوو لا بۆ جل و بەرگكردن بەیەكەوە دەچوون....دەبوو وەك یەكتری یەك جۆرە كەل و پەل و جلوبەرگیان بكڕیبا، نەیەكێكیان لە یەكێكیان زیاتر و كەمتر... شتومەكەكانیش بریتیبوون لەمانە: ( سێ‌ كراس، كەوێ‌ و سەركەوێ‌، ئاوەڵ كراس، تارای بوكێنی ).
هەر لەكاتی كڕینی جل و بەرگ لە شار چەند كیسەیەك خەنە دەكڕدرا و بە دوو سێ ڕۆژان پێش بردنی بوك، ئەو خەنەیان  بۆ دراوسێ‌ كانیان دەنارد، هەندێ‌ جاریش پارچە قوماشیان ڕەوان دەكردە ئەو ماڵەی كیسە خەنەكە یان پارچە قوماشەكەی بۆ دەچوو، ئەوانیش لەبڕی ئەوە شتێكی باشیان بۆ دەناردنەوە.


بوك گواستنەوە:
دوای كرێنی پێداویستیەكانی بووك لە شار، ماڵێ كورە دەكەوتنە خۆ بۆ گواستنەوەی كیژە بۆ لای مێردی... ئەوەش بە گوێرەی بارودۆخی ئابوری و كۆمەڵایەتی كوڕە كەم و زۆری ئەخایەند....لە مەراسیمی گواستنەوە دەستە خوشكانی بوك و هەندێ لە ژنانی خزم ودۆست و دراوسێ لە ماڵی كچە كۆدەبونەوە بۆ ئامادەكردنی بووك، بۆ ئەوەش بەخەنە گرتنەوەو گەرماوو رازاندنەوەی بەبەرگ و خشڵەكانی بوكێنی لەگەڵ چەند وردە گۆرانی و بەستەی تایبەت بە هەڵدان بە كچێنی وشوكردن.. خۆیان سەرقاڵ دەكرد و بوكیان ئامادە دەكرد....پێش رۆژی گواستنەوەش بارو بارگەی بوك ئەگۆێزرایەوە بۆ ماڵی كورە كە زۆربەی جار ماڵی كوڕەش لە ژوورێكی ماڵی باوكی بوو...بەڵام ئەگەر ماڵی زاوا هەر لە گوند بووایە ئەو كارە لە هەمان رۆژی گواستنەوە ئەنجام دەدرا... لە بەرامبەریشدا لەماڵی كوڕە بەچەند رۆژێك شاییو رەشبەڵەك و گۆبەندیان دەست پێ دەكرد و بێ‌ ئەوەی لە خەڵكی لادێ‌ بگێرینەوە هەمووان ئامادەی شایی و هەڵپەركێ‌ دەبوون كە لە هەندێ‌ كاتدا ئەو شایی و هەڵپەركێیە ماوەی 7 رۆژو شەوی خایاندووە.
ئەگەر بوكەكە لەهەمان گوند بوایە ئەوە بەپێ‌ و بە چەپڵە لێدان و گۆرانی گوتن بوكیان دەهێنایە ماڵی زاوا، بەڵام گەر لە گوندێكی تر بوایە ئەوە ڕۆژێك پێش هێنانی... ژنێكیان ئامادە دەكرد، كە پێیان دەگوت ( بەربوك ) و ماینێكیان دەڕازاندەوە و شتومەكی بوكیان دەخستە ناو تێڕەك یان بوخچە، لەگەڵیدا مێوژ و هەندێ‌ خواردنیان لەگەڵ شتومەكەكان دەنارد تاكو ڕۆژی دوایی بوك بیدایە بە زاوا، وە بەربووك لەسەر پشتی ماین سوار دەبوو و پیاوێكیان لەگەڵ ڕەوان دەكرد.... پێویستیش بوو لەسەر بەربوك ئاگاداری خۆی و تێڕەكەی بێت نەوەك كچە گەنجەكان تەشقەڵەی پێ‌ بكەن كە گوایە ئەو تەشقەڵەیە بەزاوا دەكەن، بەتایبەتی كچە گەنجە شوو نەكردووەكان بەم كارە هەڵدەستان بەو مانایەی كە كیژەیان لەگوندی ئەوانەوە بردووە. بەیانی سوار چاك دەهاتن و بوكە و بەربوكیان لەگەڵ خۆیان دەبرد و تارایان دەخستە سەر بووك و لەماڵ دەیانهێنایە دەرەوە بەدوو ژنی لێهاتوو بوك و بەربوكیان سواری ئەسپێ یان ماین‌ دەكرد، وەزۆرجاریش ئەوكاتەی كچ لەماڵ دەچێتە دەرەوە دایكی بوك دەست دەكات بە گریان... دواتر سوارچاكەكان  كە لەگوند دەچوونە دەرەوە دەستیان بەگۆرانی گوتن و تەقەكردن دەكرد.... ئەگەر هات و ژن بەژنیش بوایە و هەر ژنە و لە گوندێك بوایە، ئەوا پێشتر شوێنێك لەنێوان ئەو دوو گوندە دەستنیشان دەكرا بەبێ‌ ئەوەی لە گوندێكیان نزیك بێ‌، چوونكە لە كۆن پێیان وابوو دەبێتە شەرم... كاتێكیش كە بووكیان ئاڵوگۆر دەكرد، یان بوكیان بۆ گوندە دەهێنایەوە پیاوێك رێشمەی وڵاغەكەی دەگرت دوانی دی هەردولای بوكیان دەگرت بۆ پاراستن لەكەوتن... هەروەك یەكێكی دیكەش بەئاوێنەیەكی گەورەوە روی لە بوك بوو و لە پێشی ریێ دەكرد، ئەوەش بە مانای روناكی و شادی وبەختەوەری بۆ بوك بوو... كاتێ‌ دەگەیشتنە گوندی ماڵی زاوا یان لای ماڵی زاوا چەندین جۆر گۆرانی و شیعری جۆرا و جۆریان دەگوتەوە و شایی رەشبەلەك و دۆل وزورنا وتەقە كردن و رمبازی بەخشی هاتنی بووك تا ئێوارە درێژەی دەكێشا...


گەیشتنە جێی بوك بۆ ماڵی زاوا:
كاتێكیش كە ئاهەنگ تەواو دەبوو‌ سوارەكان بوكەیان دەگەیاندە حەوشەی ماڵی زاوا، بەگەیشتنەوەشی بە دوو ژنی لێهاتوو بوكیان دەهێنایە خوارەوە و دەیانبردە ژورەوە و لەسەر پێیان ڕایاندەگرت، یەكێكیش لەسەربانەوە قاپێك كە پڕی كردوە لە گەنم و شیرینی و هەندێجار دراویشی تێدایە هەڵدەدات سەر بووك و زاوا و منداڵنیش لە خوارەوە هەوڵی كۆكردنەوەی ئەو شیرینانە دەدەن، لە هەمان كاتدا زاواش لەسەر بانەوە بەقامیشێك ئەكێشێت بەسەر بووكەدا، بەو مانایەی كە لە دوا رۆژدا زاڵ نەبێت بەسەریدا.. دواتریش بووك لەسەر مافور یاخود لباد یان هەر شتێكی تر بوایە دادەناو، یەكێكیان بوكانە بوكانەیان دەكرد و دوانی تریش بەدوای ئەو دەیانگوتەوە، ئیتر تەواوی ژنەكانی تریش دەیاندایە چەپڵە لێدان.


یەكەمین شەوی بوك و زاوا:
پێش ڕۆژئاوابوون و چۆڵبوونی ماڵی زاوا، بوك دەبەنە ئەو ژوورەی بۆیان ڕازاندۆتەوە، بەربوك یان ژنێكی بەساڵاچووی خزمی، چەند ئامۆژگاریەكی زاوا دەكات و بەرامبەر بە جوڵانەوەی لەگەڵ بوك هەر لەیەكەم شەودا تا هەیبەتی خۆی بسەپێنێ‌ بەسەر بوكدا، ئەوەش ئەوە دەر دەخات كوڕ هەر لەیەكەم شەوەوە دەیەوێ‌ سیستەمی باوكسالاری و نێر سالاری پچەسپێنی لەناو ئەو خێزانە تازەیەدا، دوای ئەوە زاوا دەچێتە ژورەوە سڵاو دەكا و دەبێ‌ بوك لەبەری هەڵبستێتەوە و وەڵامیشی بداتەوە، ئەگەر نا زاوا تێی دەخوڕێی و بەتوڕەیی پێی  دەڵێ‌ هەڵسە... بوكەش ئامۆژگاری كراوە لەلایەن دایكیەوە كە لەیەكەم شەوەوە خۆی بەسەر زاوا زاڵ بكات ئیتر كامەیان ئازاتربوو ئەوە دەیباتەوە، دەكرێ‌ لێرە هەڵوەستەیەك بكەین ئاماژە بەوە بدەین لە زۆربەی خێزانە  تازەكان لە كۆندا هەر لەیەكەم شەوەوە توندوتیژیەكی سایكۆلۆژی یەخەی ئەو ماڵەی دەگرت و لەگەڵ خۆشترین ساتەكانی بەیەكەوە بوونی ژن و مێردایەتی گەشەی دەكرد، هەڵبەتە تائێستاش ئەوەمان لەناو خێزانە مۆدێرنەكانی شاریش بەرچاو دەكەوێ‌، بەڵام بەڕێژەیەكی جیاواز و جۆرێكی جیاوازتر...
ئینجا بوك و زاوا شەوی بوكێنی بەڕێ‌ دەكەن، كە بوكە بو بە ژن ئەوە زاوا دەچێتە دەرەوە و برای زاوا دەست دەكەن بەتەقەكردن، ئەمەش مانای ئەوەیە كوڕەكەیان بەزاوا بووە، ئەو كولتووەرە بەڕێژەیەكی بەرچاو لە سەدەی بیست و یەك و جیهانگیریەشدا بەرچاو دەكەوێ‌، بەڵام ئەوە بەجۆرە سیناریۆیەكی تر گوزارشتی لێوە دەكرێ‌
.

چێشتی بەزاوا بوون:
بۆ سبەینێ‌ واتا دوای شەوێك بەسەر هاتنی بوك، لەكاتی چێشتان كە دەكاتە پێش نیوەڕۆ دایكی زاوا لەگوند بانگی چەند ژنێكی دیار و لێهاتووی نزیكی خۆی دەكا بۆ شیوی (چارە)، كاتێ‌ هەموویان خڕبوونەوە بوك كراسی بوكێنی ئەو شەوە بە ئافرەتەكان نیشان دەدات، بۆیە ئەوانیش پێی دەڵێن كیژم دەهەڵیگرە و ڕوت سپی بێ‌، ئەمەش مانای وایە ئەو كچە داوێنی پاك بووە، لێرەشدا هیچ پێوەرێك نییە بۆ ئەوەی بزانرێ‌ ئایا كوڕەش بەهەمان شێوە داوێن پاك بووە یان نا.


رۆژانی دواتر:
ئینجا بۆ پتەوكردنی خزمایەتی نۆیێ و ناسینی كەسوكار و خزمانی هەردولا  لە رۆژانی دوای گواستنەوەی بووك، بووەكەو زاوا بۆ ژەمی نێوەرو ئێوارە لەلایەن خزم و دۆستانەوە داوت دەكرێن ... هەروەك لە نەریتی هەندێك لە گوندەكان وا باو بووە رۆژی دوایی پاش زاوابونی كورە، ماڵی كیژە ژەمی خواردنی بەیانی تایبەت بۆ ماڵی كورە دەنێرن بەم چەشنە سێ رۆژ بەردەوام دەبێ‌ . هەروها پاش ماوەیەكی زوو یا درەنگ ماڵی كورە لە گەڵ چەند خزمانی نیزیكی هەردولا لە ماڵی كچە زۆربەی بۆ ژەمی نیوەرۆ داوەتدەكرێن ، ئەم داواتە گەڵێ مانا دەدا لە لایەك سەربەرزی وخۆشی كیژەكەیان لە لایەكی دی بە مەبەست دەستپێكردنەوە و هاموشۆكردنی كچە بۆ ماڵی باوكی، چونكە كچ بۆی نەبووە سەردانی ماڵی باوكی كات وروبەرو بێت لەگەڵ باوك و براكانی تا ئەم داواتە سازنەكرێ .




نوسینی:هێمن ئەمین شوانی
ئامادەكردنی: سورێن ئەكرەم

Kurdzhin
http://www.kurdupload.com/images/1Qhi3D1340444249/i4.jpg

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌

 


خوارووی مه‌كۆ

Your IP Address : 34.204.176.125
Powered by PunBB 1.2.15
© Copyright 2007 – 2011
Translated By : Webchin.Org
Design And Style By : Kurdzhin.net