❤❤یـــانەی کوردژیـن/Kurd Zhin❤❤/ / باسێكی زمانه‌وانی

.

نازناو:  وشه‌ی تێپه‌ڕبوون:    |  

ئاگاداری

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌ڕێزان : هه‌رکاتێک کێشه‌یه‌ک یان په‌یامێکی ناشیاوت به‌رچاو که‌وت له‌یانه‌دا ئه‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ :_

1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) .. ژمارەی مۆبایل ( 07736993749 )

2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له‌ ئه‌وروپا به‌ ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره‌ ته‌له‌فوونی( 00447724242223) .

New Page 1

    بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه‌  

#1 2008-12-09 15:24:36

سێبەر ی شەوو
*هاوڕێ‌ی یانه*‌
شوێن: ئەڵمانیا
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2007-11-24
دواترین سه‌ردان: 2011-08-12
په‌یامه‌كان: 923
ویبگه‌
WindowsVistaMSIE7

باسێكی زمانه‌وانی

باسێكی زمانه‌وانی

حه‌سه‌ن قزڵجی (1913 - 1983)

ڕاهاتنی ماسولكه‌ی ده‌م و زمان و گه‌روو به چه‌شنێكی تایبه‌تی، ده‌بێته هۆی ئه‌وه كه خاوه‌نه‌كانی زمانێک یا ته‌نانه‌ت خاوه‌نه‌كانی "له‌هجه‌"یێک هێندێ پیت یا وشه‌یان بۆ نه‌یه‌ت و به لایانه‌وه له‌بار و له زمان خۆش نه‌بێ. ئه‌وسا ئه‌وانه به چێشكه‌ی خۆیان ئه‌و پیتانه یا ئه‌و وشانه له‌بار و له زمان خۆش ده‌كه‌ن. جا ئه‌مه به گۆڕینی پیته‌كان، یا به گۆڕینی جێگای پیته‌كان، یا به سواندنی وشه‌كان [ده‌كرێ].
"له‌هجه"كان به هۆی هاتوچۆ و تێكه‌ڵیی و ئاخره‌كه‌ی نووسینه‌وه له یه‌كتر دا ته‌ئسیر ده‌كه‌ن و ته‌ئسیریش وه‌رده‌گرن. جا ئه‌و وشانه‌ی كه "ابدال" و " قلب"یان تێدا ڕوو ده‌دا ئه‌گه‌ر بكه‌ونه مه‌یدانی هه‌راوی زمانه‌وه و زۆربه‌ی خه‌ڵک وه‌ریانگرن ئه‌وا دوای گۆڕانه‌كه ده‌بنه دوو وشه. ده‌نا له ناوچه‌ی خۆیاندا وه‌كوو شێوه‌یه‌كی ئاخاوتن ده‌مێننه‌وه. ئه‌مه له هه‌موو زمانێكدا، ته‌نانه‌ت له زمانه پێشكه‌وتووه‌كانیشدا هه‌ر وایه. ئێستا ئه‌وا به‌ره‌و دوا له‌م سێ مه‌به‌سته ده‌دوێین:

1- گۆڕانی پیته‌كان به یه‌كتر:

له‌به‌ر ئه‌وه كه زمانی كوردی خزمایه‌تی له‌گه‌ڵ زمانه ئێرانییه‌كان هه‌یه و شتی هاوبه‌شیان له نێواندا زۆره، مه‌به‌سته‌كه له دووره‌وه ده‌ست پێده‌كه‌ین، تا ڕه‌وتی مێژوویی گۆڕانی پیته‌كان باشتر ده‌ركه‌وێ.

(ئه‌لف) - گۆڕانی پیته‌كان له ئه‌وێستایییه‌وه بۆ په‌هله‌وی:

گۆڕانی (أ)
به (هـ):
ئه‌رد = هه‌رد
ئێسک = هێسک
ئه‌و = هه‌و
ئه‌سپ = هه‌سپ
ئاواڵ = هاڤاڵ
ئاسان = هاسان

گۆڕانی (ت)
به (س):
دیومه‌ته‌وه = دیومه‌تۆ = دیگمه‌سۆ(شاره‌زوور)

گۆڕانی (ج)
به (چ):
جیڕ = چیڕ
به (ژ):
دراجه(ئه‌وێستایی) - دراژ(په‌هله‌وی) - درێژ(كوردی)
له كوردیدا: جه‌م = ژه‌م
گێج = گێژ

گۆڕانی (ر)
به (ل):
یار(ئه‌وێستایی) - سال(په‌هله‌وی و كوردی). یار (Jahr) به مانای ساڵ له زمانی ئاڵمانیدا ماوه‌ته‌وه. وادیاره ئه‌مه وشه‌یه‌كی ئاریایی كۆنه. گۆڕانی (ی) به (س)یش له جێگه‌ی خۆیدا دێت.
به (ل):
بوری(ئه‌وێستایی) - بابل(په‌هله‌وی) - ببر(ده‌ری) - به‌ور(كوردی) وه‌كوو ئه‌وێستایییه‌كه: (هه‌تا دوێنێ ده‌یكرد شوانی / ئه‌وڕۆكه به‌وری به‌یانی) - "توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه"-
به (ل):
به‌رگ = وه‌لگ : (چون وه‌لگ شادی من وای دووریی له‌یل) - "مه‌وله‌وی"-
به (ل):
روا = لوا : (ئازیز دیاره‌ن واده‌ی لوامه‌ن) - "مه‌وله‌وی"-
قیر = قیل (موكریان)
قورینگ = قوڵینگ (مه‌لێكه)
مر = مه‌ل
وه‌رام = وه‌ڵام
گێر = گێل ( گه‌شت و گێل)
سۆر = سۆل (سوێر)
بگێری = بگێلی (وه‌ڕووی مه‌حشه‌ر دا بگێلی دڵشاد) بگه‌ڕێی - "مه‌وله‌وی"-

گۆڕانی (غ)
به (خ):
تیغ = تیخ
باغ = باخ
ته‌غار = ته‌خار (موكریانی)

گۆڕانی (ی)
به (س):
یار(ئه‌وێستایی) - سال(په‌هله‌وی) - سال(فارسی) - ساڵ(كوردی).
به (ن):
خیه(ئه‌وێستایی) - خانیک(په‌هله‌وی) - خانی(فارسی) - كانی(كوردی).

(بێ) - گۆڕانی پیته‌كان له په‌هله‌وییه‌وه بۆ ده‌ری:

گۆڕانی (أ)
به (هـ):
اوش(په‌هله‌وی) - هوش(ده‌ری) - هۆش(كوردی).
ئاژوین = هاژوین
ئۆگر = هۆگر
ئاموشۆ = هاموشۆ
ئیدی = هیدی
ئیتر = هیتر
وای = وه‌ی : (چون وه‌لگ شادی من وای دووریی له‌یل ‌/ وه‌ی شووم به‌رد ئه‌و هه‌رد نه‌ورشته‌ی سیوه‌یل) - "مه‌‌وله‌وی"-
[ وه‌ی شووم = بای شووم. (وه‌یشوومه - شه‌خته) له‌مه‌وه هاتووه.]

گۆڕانی (ش)
به (ژ):
دشمن(فارسی) = دژمن(كوردی)
دشوار(فارسی) = دژوار(كوردی)
شمار(فارسی) = ژمار - ئه‌ژمار(كوردی)
- بهاوێژه، ده‌هاوێژم له ڕیشه‌ی "هاویشتن". هه‌ڵده‌گرێ ئه‌سڵه‌كه‌ی "ئاژۆتن" بووبێ. دوای " قلب" (ژ) گۆڕابێ به (ش).

(جیم) - گۆڕانی پیته‌كان به تایبه‌تی له كوردیدا:

گۆڕانی (أ)
به (د) - یا به پێچه‌وانه:
ئه‌ڕۆم = ده‌ڕۆم
ئه‌خۆی = ده‌خۆی.
بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی بنج و بناوانی ئه‌مانه، یا ئیسپاتكردنی ئه‌مه كامیان كۆنترن به‌ڵگه‌یه‌كی پته‌وم نه‌دۆزییه‌وه. ناوچه‌گه‌ریی و له‌سه‌ركردنه‌وه‌ی بێ ده‌لیلی ئه‌م یا ئه‌ویان هه‌ر قسه‌ی ڕووته و كه‌ڵكێكی پێوه نییه.

گۆڕانی (ژ)
به (چ):
په‌رژین = په‌رچین
پرژ = پرچ
كیژ = كچ (دوای فڕێدانی "ی")
فڕێدانی (ژ): ڕۆژ = ڕۆ: (مه‌حاڵه‌ن ئیمشه‌و گیان وه‌ڕۆ به‌رده‌ن) - "مه‌وله‌وی"-

گۆڕانی (گ)
به (واو):
گوت = وت
گوریس = وه‌ریس

گۆڕانی (ل)
به (ا):
لال(سوور) = ئاڵ
به (د):
له‌وێدایه = ده‌وێدایه

2- گۆڕانی جێگای پیته‌كان (قلب):

جێگۆڕكێی پیته‌كانی هێندێ وشه له هه‌موو زمانێكدا هه‌یه. وادیاره له هه‌وه‌ڵه‌وه سه‌باره‌ت به جیاوازیی "له‌هجه‌"كان بووه. هێندێ "له‌هجه" وشه‌ی هێندێ "له‌هجه"ی دیكه‌ی به (مقلوب) به‌كارهێناوه. پاشان یه‌كێ له‌و شكڵانه له بیر چۆته‌وه، یا هه‌ردووكیان زۆر بڵاو بوونه‌ته‌وه، كه‌وتوونه‌ته سه‌ر ده‌م و زاری گشتیی و بوونه‌ته دوو وشه.

خه‌ڵووز = زووخاڵ
ئێكجار - هێكجار = ئێجگار - هێجگار (موكری)
پارێن = پانێر (موكری)
په‌نا‌هـ = په‌نها (موكری)
ڕه‌مڵ = ڕه‌ڵم (موكری)
هیوا = هه‌ویا (موكری)
جوێن = جنێو (موكری)
خیز = زیخ (موكری)
دۆخین = دێخون (موكری)
ته‌فزین = ته‌زوین (بادینانی) - له ڕیشه‌ی (ته‌زوو) هاتووه: (ته‌زووی پێدا دێ). له صرف كردن و وه‌ركێشاندا (واو) فڕێدراوه: ته‌زیم، ته‌زی...
له‌عنه‌ت = نه‌عله‌ت - نه‌حله‌ت و ناله‌ت
سه‌رین = سه‌نیر
جگه‌ر = جه‌رگ
مۆدنه = ده‌منه (ئه‌رده‌ڵان): دار جگه‌ره
كن = نک (به مانای " لا")

3- سواندن، یا (تصحیف) كه به گۆڕین و جێگۆڕكێی پیته‌كان و فڕێدانی هێندێ پیت پێكدێ:

هێندێ وشه له زمانانی دراوسێ یا دوورتره‌وه سه‌باره‌ت به پێداویست، یا ئایین، یا بازرگانی و هاتوچۆ ده‌كه‌ونه ناو زمانه‌وه. خه‌ڵكی زمانه‌كه ئه‌و وشانه به پێی ڕاوێژی ده‌م و شێوه‌ی تایبه‌تیی زمانه‌كه‌ی خۆیان ده‌گۆڕن. گۆڕانه‌كه‌ش یا به چه‌شنی (قلب)ه كه باسمان كرد، یا به چه‌شنی (تصحیف)ه كه له خواره‌وه نموونه‌ی نیشان ده‌ده‌ین، یا ماناكه‌ی ده‌گۆڕن، یا ئه‌گه‌ر (جامد) بێ ده‌یكه‌نه (مشتق) وه‌ یا به پێچه‌وانه.

كل‌وجه = كلۆج
من ربک = مه‌ڕنه‌مووكه
مثقب = مه‌تكه‌ب، مه‌تكه‌و، مه‌ته
اطمئنان = متمانه
مصطفی = مچه
محمود = خوله
مسجد = مزگه‌وت، مزگت (ئه‌رده‌ڵان).
("مزگت" كۆنتره له "مسجد" و له كتێبی فارسیی كۆندا بینراوه، گۆیا وشه‌یێكی "سریانی"یه. له پێش ئیسلامدا به هۆی مه‌سیحییه‌كانه‌وه، له زمانی "ئارامی"یه‌وه كه‌وتۆته ناو زمانی فارسی. "مسجد"ی عه‌ڕه‌بیش هه‌ر له‌و ڕیشه‌یه‌یه. - سبک شناسی، بهار، لاپه‌ڕه 259 -).
له زمانی كوردیشدا له پێش ئیسلامه‌وه "مزگت" هه‌یه. له شێعری كۆنی هه‌ورامیدا بینراوه.

له كۆتاییدا وه‌كوو چه‌ند جار له توێی وتاره‌كه دا نووسیومه، ئه‌م مه‌به‌سته چ به گشتیی و چ كه‌رت كه‌رت لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداگه‌ڕانی فه‌ره و فراوانی ده‌وێ و زۆریش گرنگه، به تایبه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی (وشه‌نامه) ده‌نووسن، یا له تێكسته ئه‌ده‌بییه‌كانی زه‌مانی زوو ده‌كۆڵنه‌وه، تا بتوانن وشه‌كان به‌رنه‌وه سه‌ر ڕیشه‌ و ڕه‌گه‌زی خۆیان، خزمایه‌تی وشه‌كان و هاوڕه‌گه‌زیی وشه‌كانی "له‌هجه" جیاوازه‌كان نیشان بده‌ن.

Kurdzhin
سەیرم لێدێ نەزانە کان خۆیان بە زانا ئەزانن لەکاتێکدا زاناکان گوومان لە زانایی خۆیان ئەکەن

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌

 


خوارووی مه‌كۆ

Your IP Address : 34.236.171.181
Powered by PunBB 1.2.15
© Copyright 2007 – 2011
Translated By : Webchin.Org
Design And Style By : Kurdzhin.net