حوسین عبدالرحمان تایبه‌ت به‌ کوردژین ئه‌دوێت
دووشەممە, 29 تشرینی دووەم 2010 22:36


کوردژین: حوسێن چۆن خۆی دەناسێنێت؟
حوسێن عبدالرحمان: من حوسێن عبدالرحمان حسن لە دایک بووی 1987 ی هەولێرم لە سالی 2005 ەوە لە بواری ڕاگەیاندن کار دەکەم ،دوو بەرهەمی شیعریم هەیە.

کوردژین:لە کەیەوە هاتوویتەتە ناو جیهانی شیعر نووسینەوە؟
حوسێن عبدالرحمان:بەر لە تێکەڵیم بە دونیای نووسین پەیوەندیەکی باش یاخود تەجروبەیەکی دوو سێ ساڵەییم هەبوو کەواتە بە پاشخانێکی ڕۆشن و عەشقێکی خەستەوە لە ساڵی 2003  ەوە دەستم بە نووسینی شیعر کردووە.

کوردژین:ئافرەت پانتاییەکی گەورەی لە دەقە شیعریەکانت داگیر کردووە ئایا سەرچاوەکەی لە خەیاڵەوەیە یان  واقیعە؟

حوسێن عبدالرحمان:لە نێوان خەیاڵ و واقیعدا مرۆڤ بەدوای بەرجەستە بووندا دەگەڕێت،بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەکی ناسک پەیامێکی تەڕ بە کۆمەڵێک  کەرەستەی لەزەتدار تێکەڵ بە ئیحساسی خوێنەر بکات بۆیە من پێم وایە ئافرەت دونیایەکە پڕە لە بەرائەت دەبێت بە دەست نوێژەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

کوردژین:ئایا تائێستا شیعری بەڕێزتان کراوە بەگۆرانی لەلایەن هونەرمەندانەوە ؟ شیعرەکانت داوە بەکێ؟

حوسێن عبدالرحمان:بەڵی تێکستم داوە بە کاک زانا جەبەلی و هەروەها کاک شێروان بێرکۆتی و لەگەڵ کاک مونیر گەنجێکی دەنگ خۆش و بە سەلیقەیە،بەڵام تا چەند کاریان لەسەر کردووە نازانم.

کوردژین:بەڕێزتان خاوەنی دوو بەرهەمی جوانن کە بەشێوەی کتێب بڵاوت کردۆتەوە ئەگەر کەمێک لەسەر ناوەخنیان بدوێیت ؟

حوسێن عبدالرحمان:کتێبی یەکەمم بە ناوی .خۆڵەمێشی یادەکانت لە ساڵی 2007 بابڵاوم کردەوە خۆی لە کۆمەڵێک کەف و کاڵ و هەڵچوون و داچوونی هەرزەکاریدا دەبینێتەوە ،هەرچی ڕازەکانی پایزە ژنێک یشە کە چەند رۆژێکە بڵاو بۆتەوە کە بەهێز و تەوژم و ستایڵێکی دیکەوە کارم کردووە و ویستوومە ڕازەکانی خۆم لە کورت ترین و کەمترین وێنە و واتا چر بکەمەوە ئەمەش هەنگاوێکی ترە بۆ زیاتر سەلماندنی خۆم.

کوردژین: ڕازەکانی پایزە ژنێک لە چی دەدوێت و چۆن ئەم ناوەت هەڵبژارد؟

حوسێن عبدالرحمان: لە پرسیارەکەی پێشوو کەمێک لەسەری دوام پێم وایە بۆ گەڕان بەدوای وێنە و دەلالەتی زیاتر  بۆ لەبەر چاو روونی خوێنەر دەڵێم کە ئەمە کاری رەخنە گرە شیکاری بۆ بکات، سەبارەت بە ناو نان ئەمە گەورەترین کێشەی منە کە بەردەوام رووبەرووم دەبێتەوە هەڵگرژان بەسەر لوتکەی ئێڤرێست لام ئاسانترە لە ناو نانی دەقێک و کتێبێک .

کوردژین: شیعرت بۆ دایک نووسیوە ؟

حوسێن عبدالرحمان : پێم وانیە کارێکی ئاسان بێت، گەورەیی و قودسیەتی دایک بخەیتە چوارچێوەی کۆمەڵێک وشەوە تا ئێستا نەمتوانیوە دەست بۆ کاری لەم چەشنە ببەم

کوردژین:دوا پەیڤت ؟

حوسێن عبدالرحمان :سوپاس بۆ تۆ و ستافی کوردژین ،هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم

سازدانی دیمانه‌ .. رێگا شیاو

هه‌ولێر