هۆنراوه‌ی من کراسی تاراوگه‌ی له‌به‌رکردووه‌ و... عه‌تری مه‌نفای له‌خۆی داوه‌ و... چه‌تری غه‌ریبی هه‌ڵداوه‌‌
هەینی, 24 کانونی یەکەم 2010 15:58

وه‌ک ماڵپه‌ڕی کوردژین به‌ باشمان زانی گفوگۆیه‌کی ئه‌ده‌بی له‌گه‌ڵ شاعیر و ڕوناکبیر ( گه‌شبیر ئه‌حمه‌د) ساز بکه‌ین. بێگومان ناوێکی دیاره‌ له‌گه‌نجه‌کانی کورد،چالاکوانێکی کارایه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات، به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بی و فیکری و شێعرێکانی به‌رده‌وام له‌به‌ر چاون... دوا جار ئه‌لبومی هۆنراوه‌کانی که‌ به‌ده‌نگ تۆمارکراوه‌ن بڵاوه‌ بوویه‌وه‌ له‌لایه‌ن سه‌نته‌ری ئارۆ به‌باشمان زانی چه‌ند پرسیارێکی ئاڕاسته‌ ئه‌که‌ین... ‌ 

سازدانی دیمانه‌ // رێگا شیاو


سه‌ره‌تا پێم خۆش بوو که‌ پیرۆزبای ئه‌لبوومی هۆنراوه‌کانت لێبکه‌م. ئه‌توانیت باسێکی ئه‌و ئه‌لبومه‌مان بۆ بکه‌یت؟

پاش سوپاس، ئه‌لبوومه‌که‌م بریتیه‌ له‌ چه‌ند هۆنراوه‌یه‌ک که‌ له‌ کتێبه‌که‌مدا بڵاو بووبویه‌وه‌. به‌ده‌نگی کاک (ئه‌حمه‌د شێخ بزێنی ) خوێنراوه‌ته‌وه‌ و کاک (فواد عه‌لی ئیبراهیم) ئه‌رکی تۆمارکردنه‌که‌ی له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌، ئه‌مه‌وێ زۆر به‌گه‌رمی سوپاسی ئه‌رک و ماندووبۆنی ئه‌و دوو به‌ڕێزه‌ بکه‌م که‌ به‌ڕاستی زۆر به‌ لێبورده‌ییه‌وه‌ ئه‌و کاره‌یان بۆ ئه‌نجام داوم به‌ خۆبه‌خشی.. که‌ بۆ من ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین دیاریی بووه‌ له‌ ژیانمدا... سوپاسی کاک سیروان و کاک وه‌هاب ئه‌که‌م له‌ سه‌نته‌ری ئارۆ که‌ ئه‌و کاره‌یان به‌ جوانی بڵاو کردۆته‌وه‌... له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌لبومه‌که‌ به‌ ئه‌سڵی بچێته‌ لای گوێگر و کۆپی نه‌کرێت به‌بێ به‌رامبه‌ر ئه‌لبوومه‌که‌م پێشکه‌شی سه‌نته‌ری ئارۆ کرد... به‌ هیوام ئه‌وه‌ی که‌ گوێی لێده‌بێت به‌دڵی بێت.


وه‌ک بیستوومه‌ پڕۆژه‌ی داهاتووت کتێبێکه‌ به‌ ناوی (هه‌نارستان) بۆ ئه‌و ناوه‌ت هه‌ڵبژاردووه‌؟ باسێکی ئه‌و کتێبه‌مان بۆ بکه‌


هاوڕێی گیان، کۆمه‌ڵێک ووته‌یه‌ نووسیوه‌ که‌ هه‌ریه‌که‌یان ژماره‌یه‌کم بۆ داناوه‌... ئه‌م ووتانه‌ تیشکێکی فیکریه‌ و له‌ ڕوگه‌یه‌کی فه‌لسه‌فیدا خۆی ده‌نوێنێت، کورت و پوختن. هه‌ر ووته‌یه‌کیش وه‌ک ده‌نکه‌ هه‌نارێک گوزارشتم لێوه‌ کردووه‌....‌ هه‌ر ده‌نکێکیش تام و مانای جیاوازی هه‌یه‌.. هه‌نار واتا و هێمایه‌کی دیاریکراو نیه‌ له‌ لای من...‌ چیرۆکی جۆراو جۆرم ‌ له‌گه‌ل هه‌ناردا هه‌یه... به‌گشتی ئه‌توانم بڵێم هه‌نار ڕووبه‌رێکی فراوانی داگیرکردووه‌ له‌ ژیانی مندا و بووه‌ به‌ یاداشته‌کانم... له‌ هه‌ندێ شوێندا هه‌نار هێمایه‌ بۆ خۆشه‌ویستی.‌ یاده‌وه‌رێکانم... چیرۆکێکت بۆ ئه‌گێڕمه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ناردا. مه‌به‌ستم له‌ ناوی کچێک نیه‌ که‌ عاشقی بووبم... به‌ڵکو مه‌به‌ستم له‌ میوه‌که‌یه... هاوڕێ گیان هه‌نار بۆ من گریانه،‌ مردنه،‌ شیوه‌نه،‌ خه‌مه،‌ سوتانه چونکه‌ چیرۆکی هه‌نار هه‌میشه‌ ئازارم ده‌دات... بڕوات بێت سێ چیرۆکی ترم له‌گه‌ڵ هه‌ناردا هه‌یه‌ که‌ ناتوانم باسیشی بکه‌م چونکه‌ برگه‌ی خه‌مه‌کانی هه‌نار ناگرم... له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موو شتێک بووه‌ به‌ تارمای هه‌نار له‌به‌رچاوم.. ئه‌مجاره‌ش دووپاتی ئه‌که‌مه‌وه‌ مه‌به‌ستم له‌ میوه‌که‌یه‌ نه‌ک ناوی که‌سێک.


له‌ شوێنێکدا ئیشاره‌ت به‌وه‌ ده‌دیت که‌ ده‌ڵێت شیعر ئه‌رکه‌. مه‌به‌ست له‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ چیه‌؟

سیدی لویس ده‌ڵێت "مه‌هامی شیعر دۆزینه‌وه‌ی به‌رده‌وامه‌" که‌واته‌ شاعیر ئه‌رکێکی به‌رده‌وامه‌، هه‌میشه له‌ ئاماده‌ باشیدایه‌ بۆ وێنه‌ گرتنی ڕوانین بۆ دۆزینه‌وه‌ی وێنه‌ نه‌بینراوه‌کان، شاعیر زووتر درک به‌ فه‌نتازیا ده‌کات، ئه‌شێ میوه‌یه‌ک به‌ده‌ت که‌سێکی ئاساییه‌وه‌ ته‌نها بۆ خواردن بێت، به‌ڵام له‌لای شاعیر بۆنی هه‌یه‌ ڕه‌نگی هه‌یه‌ تامی هه‌یه‌ وێنه‌ی هه‌یه‌ وه‌رزی هه‌یه‌ سروشتی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، شاعیر ئه‌زانێ چه‌نێک ئه‌و میوه‌یه‌ چه‌وساوه‌ته‌وه‌ چه‌نێ سه‌رمای بووه‌ گه‌رمای بووه‌ تینووی بووه‌، چه‌ندین خه‌سڵه‌تی جۆراو جۆری هه‌یه‌ که‌ ته‌نها شاعیر په‌یپێده‌بات. وه‌ک چۆن شاعیر ئه‌رکی هه‌یه‌ وه‌روه‌ها شیعریش ئه‌رکی زۆری هه‌یه‌ که‌ ته‌نها شاعیر ده‌یدۆزێته‌وه‌، بۆ نموونه‌ ئه‌رکی ووشیار کردنه‌وه‌، حه‌وانه‌وه‌ی زه‌ین تۆماری یاده‌وه‌ری... له‌ زۆر کاتی مێژوودا شیعر دروستکه‌ر و بناغه‌ی شۆڕشێک بووه‌. هه‌ندێ جار شاعیر له‌ شیعرێک دا ده‌بێت به‌ سۆفی و باسی خواناسی ده‌کات، ئه‌شێ ڕۆژێ دوای هه‌ر هه‌مان شاعیر ببێت به‌ سۆزانیه‌ک و باسی نهێنیه‌کانی جه‌سته‌یه‌کی نه‌بینراو بکات وئازاره‌کانی به‌رجه‌سته‌ بکات. ڕه‌نگبێ له‌ دوای ئه‌وه‌ش ببێت به‌ مامۆستا و له‌ شیعرێکدا وانه‌ بۆ چینێکی دیاری کراوی میلله‌ت بڵێته‌وه. به‌گشتی ئه‌توانین بڵێن شیعر ئه‌رکێکی به‌رده‌وامه‌.‌ ‌


به‌ڕێزتان له‌ ولاتی به‌ریتانیا ژیان ده‌گوزه‌رێنن، تا چه‌ند غوربه‌ت بووه‌ته‌ هه‌وێنی شیعره‌کانت ؟

به‌داخه‌وه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ ناله‌باره‌ی شه‌ڕی ناوخۆ و گه‌نده‌ڵی و حیزبایه‌تی ماڵی زۆر که‌سی وێران کرد... زۆر که‌س به‌حه‌سره‌ته‌وه‌ نیشتیمانی به‌جێهێڵا... هه‌ڵبه‌ته‌ منیش له‌و ده‌مه‌دا تازه‌ پێگه‌شتبووم... سه‌یری دوه‌ورووبه‌ری خۆم ده‌کرد که‌ له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ بۆنی دووکه‌ڵ ده‌هات، چه‌تری ڕه‌شی گه‌نده‌ڵی و نایه‌کسانی و نائازادی ده‌ووری دابووم له‌ هه‌مووی سه‌ختر ئه‌وه‌ بوو که‌ گیرفانه‌کانم به‌تاڵ بوون... ئه‌مانه‌ ئه‌و هۆکارانه‌ بوون که‌ منی گه‌یانده‌ ئێره‌ هه‌ڵبه‌ته‌ ته‌مه‌نێکه‌ ئه‌وا 11 ساڵه‌ له‌ تاراوگه‌ ژیان ده‌گوزه‌رێنم... هۆنراوه‌ی من کراسی تاراوگه‌ی پۆشیوه‌ و... عه‌تری مه‌نفای له‌خۆی داوه‌ و... هێله‌کی غه‌ریبی له‌به‌رکردووه‌...  غوربه‌ت هه‌وێنێکی به‌رده‌وامی هۆنراوه‌کانمه‌.


به‌رهمه‌ شیعریکه‌ت به‌ ناوی گوڵه‌کانی ژێر پێی بارانه‌ ،له‌هه‌مان کاتدا ناونیشنانی یه‌کێک له‌ شیعره‌کانته‌ ، چۆن ئه‌م ناوه‌ت هه‌ڵبژارد ؟

هیربرت ڕید ده‌ڵێت" هه‌ستکردن به‌ ووشه‌کان بریتیه‌ له‌ هه‌ستی شیعری، هه‌رچه‌نده‌ ووشه‌کان خاوه‌نی ده‌نگدانه‌وه‌ن که‌ هه‌ڵگری عه‌قڵه‌ له‌پشت ده‌نگه‌وه‌ بۆ وێنه‌یه‌کی بینراو و بیرۆکه‌یه‌کی ئه‌بستراکت" له‌ کتێبه‌که‌ی مندا که‌ ناوت هێناوه‌ له‌ پرسیاره‌که‌ت، هه‌ر ووشه‌یه‌ک ئه‌رکی چه‌ندین وێنه‌ و هێما و مۆسیقای له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌، له‌ڕاستیدا له‌سه‌ر داوای مامۆستا (حه‌مه‌ شوان شه‌ریف) ئه‌و ناوه‌م په‌سه‌ند کرد هۆنراوه‌ی گوڵه‌کانی ژێر پێی باران ڕوبه‌رێکی زۆر فراوانی له‌ ژیانی من داگیر کردووه‌ وه‌ هۆنراوه‌که‌ له‌ سه‌ره‌تادا که‌ ته‌واوم کرد و بۆ شاعیر گه‌وره‌ی گه‌ل و نیشتیمان (خاڵه‌ حه‌مه‌)م خوێنده‌وه‌ زۆری له‌لا شیرین بوو... ئیتر ئه‌مانه‌ هه‌موو کاردانه‌وه‌ی هه‌بوو له‌سه‌ر من.


له‌ شیعرێکتدا ده‌ڵێیت (ده‌خوێنمه‌وه‌ و ده‌خوێنمه‌وه‌و... ئینجا هۆنراوه‌ ده‌نووسم )، ئایا شیعر بووه‌ته‌ ئیلهامی شیعر بۆتۆ یان په‌خشان و بابه‌ته‌کانی ؟


هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌موو ده‌قێکی زیندوو ده‌قێکی تری لێ دێته‌ دونیاوه‌ به‌ڵێ خوێندنه‌وه‌ وزه‌یه‌کی زۆر به‌هێزی نووسینه‌... به‌ڵام من که‌ ئه‌وه‌م نووسیوه‌ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نه‌بووه‌، مه‌بوستم ئه‌وه‌یه‌ که‌ من زۆر ئه‌خوێنمه‌وه‌ بۆ نموونه‌ هه‌موو ڕۆژێ 4 سه‌عات ئه‌خوێنمه‌وه‌... په‌له‌م نیه‌ له‌ نووسین هه‌تا به‌ته‌واوه‌تی پڕ نه‌بم له‌ خوێندنه‌وه‌ ده‌ست نابه‌م بۆ پێنوسه‌که‌م.


هه‌ندێک له‌ شیعره‌کانت له‌لایه‌ن تارا جاف کراوه‌ به‌ ئینگلیزی ئایا بیرت له‌وه‌ نه‌کردووه‌ته‌وه‌ که‌ کۆی هۆنراوه‌کانت بکه‌یت به‌ ئینگلیزی و بلاوی بکه‌یته‌وه‌ تاوه‌کو خوێنه‌رانی ئه‌وروپیش شیعری به‌ڕێزتان بخوێننه‌وه‌ ؟


هاوڕێگیان ئه‌م کاره ئاسان نییه‌، لێره‌ هه‌موو شته‌کان کاتی ئه‌وێ به‌داخه‌وه‌ که‌می کات وا ده‌کات مرۆڤ دواکه‌وێت، من زۆر سوپاسی هاوڕێی به‌ڕێزم هونه‌رمه‌ند تارا جاف ده‌که‌م که‌ به‌ ئه‌وپه‌ڕیی لێبورده‌یه‌وه‌ کاتێکی زۆر به‌خشی به‌ من و چه‌ند هۆنراوه‌یه‌کمی وه‌رگێڕا... هه‌ڵبه‌ته‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ داهاتوودا کارێکی وا بکه‌م... جارێ خۆم زۆر سه‌رقاڵی خوێندنم.. به‌ هیوام که‌ کات ده‌رفه‌تم بدات بتوانم کارێکی وا بکه‌م.


زۆرێک له‌ گه‌وره‌ پیاوان به‌ جیا باسی شاعیرانیان کردووه‌ ، ئه‌وه‌تا زه‌رده‌شتی حه‌کیم ده‌رباره‌ی شاعیره‌کان ده‌ڵێت :

(به‌ڕاستی گیانی ئه‌وان تاوسی تاوسه‌کانه‌ ،ده‌ریایه‌که‌ له‌ خۆخوازی گیانی شاعیر ته‌ماشاچی ده‌وێت هه‌رچه‌نده‌ هه‌رچه‌نده‌ که‌ڵه‌کێویش بێت)

رات چییه‌ بۆ ئه‌م وته‌یه‌ ؟

ووته‌که‌ی جوانه‌ ده‌ستخۆشی لێده‌که‌م... به‌ڵام من ڕایه‌کی ترم هه‌یه‌ له‌سه‌ر شیعر و شاعیر... به‌ڕای من شاعیر ئه‌توانێ داهێنان بکات به‌ڵام ناتوانێ نان په‌یدا بکات... مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ که‌ شیعر نه‌بۆته‌ پیشه‌ هێشتا هه‌ر هیوایه‌ته‌ له‌ کوردستان.... وه‌کو مامۆستا(عه‌بدوڵا په‌شێو) ده‌ڵێت شیعر نان بڕه‌ شیعر نانده‌ر نیه‌.. من زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕایه‌دام.


له‌ کۆتایی دا سوپاسی به‌ڕێزتان ده‌که‌ین بۆ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ هیوادارین به‌ به‌رهه‌می جوان بۆشایی بۆشاییه‌کانی کتێبخانه‌ی کوردیمان بۆ پڕ بکه‌یته‌وه‌


زۆر سوپاس بۆ ئێوه‌ ده‌ستخۆشیتان لێده‌که‌م و به‌هیوام هه‌میشه‌ پێشه‌نگ به‌ن له‌ میدیای کوردی و جیهانیدا.