شەکر مەجید چالاکوان لە بوارى سیاسەت وڕاگەیاندن ، لە دیدارێکدا بۆ (کوردژین)
شەممە, 25 کانونی یەکەم 2010 16:45

شەکر مەجید چالاکوان لە بوارى سیاسەت وڕاگەیاندن ، لە دیدارێکدا بۆ (کوردژین):- بەراستى ژنان و ئافرەتان توێژى بەرچاوى کۆمەڵگان ودەبێت هەست بە لێپرسینەوە بکەن وخزمەتکردن بە ئەرکى سەرشانى خۆیان بزانن وهەوڵى دەستەبەرکردنى مافەکانیان بدەن  

                                                                                                                

                                                                                    

هەڤپەیڤین/ عومەر ئاوارە – خورماتوو

 شەکر مەجید ، چالاکوان لە بوارى سیاسەت وڕاگەیاندن، لە دیدارێکدا لە گەڵ ((کوردژین)) تیشکى خستە سەر ئەو کێشەو گرفتانەى کە بە هۆى مانەوەى داب ونەریتى کۆن وعەقڵیەتى پیاو سالارییەوە لە سنورى شارى خورماتوو لە پێش ژنان وئافرەتانەوە دروستببون وبونەتە لەمپەر لە بەرامبەر ئازادییان بەو هۆیەشەوە مافەکانیان پێشێل دەکریًَت ،هەروەها ئاماژەى بەوەدا کە لایەنى پیاو سالارى هەمیشە بووەتە ڕێگر لەپێش هەست وخواستى ژنان وئافرەتان بە ناوى پاراستنى شەرەفەوەو ناهێڵن بە ئازادانە خواستەکانیان بخەنە ڕوو....


* وەکو کچێکى سیاسەتمەدارو لە هەمان کاتدا ڕاگەیاندکار ...... نەبونى لایەن ژنان لە دەسەڵاتە جیاوازەکاندا بە تایبەت لەو دوو بوارە لە شارى خورماتوو بۆ چى لایەک دەگەڕێنیتەوە؟

- هۆکارى بەشداری نەکردنى ئافرەتان یاخود ژنان لە دەسەڵاتە جیاوازەکان ، بە تایبەت ئەو دوو بوارە زۆرن،یەکەمیان لایەنى پیاو سالارى کە زاڵە بە سەر بنەماکانى بەڕێووەبردن وحوکمکردن کە بووەتە هۆکارى دروستبوونى بۆشایى نێوان هەردوو ڕەگەزى نێر ومێ، ئەمە لە لایەک ولە لایەکى دیکەشەوە ژنان خۆیان کەمتەرخەمن لە بەشداریکردن لە کایە جیاجیاکان ،ئێستا من بۆ خۆم بەرپرسى بەشى ڕاگەیاندن وڕوناکبیریم لە مەڵبەندى ڕێکخستنى (16)ى حەمرین ، بەڵام لە ماڵەوە ڕێگیریم لێناکرێت ، بەراستى ژنان و ئافرەتان توێژى بەرچاوى کۆمەڵگان ودەبێت هەست بە لێپرسینەوە بکەن وخزمەتکردن بە ئەرکى سەرشانى خۆیان بزانن وهەوڵى دەستەبەرکردنى مافەکانیان بدەن،بۆ نمونە ئەگەر بە ڕێژەیەکى بەرچاوو بوونمان لە دەسەڵاتدا هەبێت ئەوا لەو کاتە زیاتر دەتوانین مافەکانمان بچەسپێنین ، بۆیە بەراى من بۆ ئەوەى بتوانرێت ژنان ڕۆڵى کارا لە کایە جیاجیاکاندا بگێڕن پێویستە ئەم هەنگاوانە بگێردرێنە بەر چالاککردنى ڕێکخراوەکانى ژنان وکردنەوەى خولى جۆراوجۆر لەم شارەدا وهەوڵدان بۆ کەمکردنەوەى ڕێژەى نەخوێندەوارى وبەرزکردنەوەى ئاستى ڕۆشنبیرییان بۆ ئەوەى هەست بەوە بکەن کە دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە بەڕێوەبردنى وڵاتدا ، ئەمە لە لایەک ولە لایەکى تریشەوە ئەرکى سەرشانى ڕاگەیاندنە بە هەموو جۆرەکانییەوە گرنگى وبایەخى زیاتر بە ژنان وئافرەتان بدەن وپێویستە سەربەستى ئابورى زیاتر بە ژنان بدرێت وتەنها پشت بە ئەندامێکى ماڵەوە نەبەستێت.


* نەبوونى متمانەلە لاى زۆرێک لە پیاو سالارییەکان ،بونەتە هۆگر لە بەرامبەر ئەوەى ژنان وئافرەتان بێبەشبن لەو کارو چالاکییانەى کە تایبەتن بە ژنان لە شارى خورماتوو... بەراى تۆ ئەم بەربەست وهۆگرە بۆ چى لایەک دەگەڕێتەوە.؟

- ڕاستە پێشتر بە هۆى داب ونەریتى کۆنى کۆمەڵگاوە، ئەوپەڕى بێ مافى وچەوساندنەوە دەرهەق بە ژنان وئافرەتان دەکرا، بەڵام لە دواى ڕوخاندنى رَژێمى بەعسەوە ئەو زوڵم وزۆرە بەرادەى جاران نەماوە ودەرفەتیان بۆ هاتوەتەپێشەوە کە بتوانن جوولە بکەن وبکەونە دواى ئەو بوارو مافانە کە لێى بێبەشبون ، ئەمە ڕاستییەکى حاشا هەڵنەگرە ، چونکە گۆڕانکارى تەواو لە هەموو بوارەکاندا ڕوویداوە ، بە تایبەتى لە بوارى ڕۆشنبیرى وکۆمەڵایەتییەوە، ئەگەر ئێستاش لە هەندێ شوێنى جیاجیادا ڕێژەیەک لە پیاوان متمانەى ئەوەیان بە خێزانەکانیان یا خوشکەکانیان نەداوە کە لە دەزگایەکى حیزبى یا حکومى کار بکەن ، بەراستى ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو داب ونەریتە کە لە مێژە ڕەگى داکوتاوە وتا ئێستاش لە ناو هەندێک تیرەوخێڵەسات وعەشارییەکان هەر ماون وجارى وا هەیە لە پێناو کێشەیەکى کۆمەڵایەتى دوو بنەماڵە دەکرێتە قوربانى وسەوادو مامەڵە بە کەسایەتییان وکۆنتڕۆڵى هەموو تواناکانیان دەکرێت ، ئەمەش لە پێناو تیرۆرکردنى خواستەکانیان لە ڕوانگەى هەندێکى دیکەش لە پیاوانەوە دەرچوونى ژن لە ماڵ واتا لە دەستدانى شەرەف.


*پیاو سالارییەکان وایبۆدەچن کە کارکردنى ژنان لە بوارە جیاجیاکاندا بۆ لایەنى ناوزڕاندن ولە دەستدانى شەرەف دەگەڕێتەوە.. ئایا تۆ تا چەند ئەمەیان بە راست دەزانیت.؟

- لە گەڵ ڕێزم بۆپیاوان ، ڕەنگە هەندێکیان وا بیر بکەنەوە کارکردنى ژنان لە دەرەوەى ماڵەوە بە واتاى ئەوە دێت شەرەفى لە دەستداوە، من ئەمە بە ڕاست نازانم وژنیش وەکو پیاو تموحى لە زۆر شتدا هەیە ، ئێمە ئەگەر بە مێژوودا بچینەوە دەبینین چەندین شۆڕە ژن توانیویانە ڕۆڵى سەرکردە ببینن وبوونەتە پێشەواى میللەتێک وهەمیشە شاژنى وەک خانزادى میرى سۆران وحەپسەخانى نەقیب وعادیلەخانمى ژنى وەسمان پاشاى جاف نمونەى ژنى کورد بوون،بۆیە دەبێت ئێمە شاناژى بەو ژنانەوە بکەین کە لە مێژوودا لە بڕى پیاو حوکمڕانى ناوچەکەیان کردووە ، چونکە بەراستى ئەوە ڕوویەکى پرشنگدارو جوانى مێژووى کوردە بەوەى ژن ڕۆڵى هەبووە لە مێژووى نەتەوەکەیدا ، لێرەدا دەتوانم بڵێم ژنان هەر لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ هەوڵدەدەن و ویستویانە لە تاى تەرازووى ژیاندا جۆرێک لە هاوسەنگى لە گەڵ پیاواندا دروست بکەن ، بۆیە دەبینین ژنانى چەوساوەى قۆناغە جیاجیاکانى مێژووهەتا بەدیهێنانى ئازادى تەواوى پیاوان وهەتا ڕزگار نەبوونى بیرو بۆچوونى ژەنگاویانەى بیرى سەردەمانى دواکەوتوو، ئەگەر بە هەوڵ وتواناى خۆیان نەبێت لە ڕێگەى خۆ ڕۆشنبیرکردن مەحاڵە بتوانن لە بن سیستەمى پیاوسالارى وباوکسالاریدا دەربچن ورزگاریان بێت.


* نەبوونى ڕێکخراوى تایبەت بە ژنان لە سنورى شارى خورماتوو،بووەتە هۆکارى بێدەنگى ژنان وئافرەتان لە و سنورە، هەبوونى ئەو ڕێکخراوانە لەو سنورە تاچەند دەتوانێت ژنان وئافرەتان لەو بێدەنگى وکۆتە رزگار بکات.؟

_ ئێمە ئەگەر باسى ئەم ماوەیەى ڕابردووە بکەین بە تایبەتى لە دواى ڕاپەرینەوە دەبینین ئەو گۆڕانکارییانەى کە بە سەر کوردستاندا هاتوون حەتمەن زەمینەیەکى لە بار بۆ ڕێکخراوەکانى ژنان هاتۆتە پێش بەڵام ناتوانم بڵێم هەموویان،هەندێکیان بۆچى ناتوانن ڕۆڵى باش بگێڕن لە هۆشیارکردنەوەى ژنان وئافرەتان لە کاتێکدا هەر ڕێکخراوێک مانگانە لە حکومەت بودجەى خۆى وەردەگرێت ، دەبوایە گۆڕانکارى نەوعییان دروست بکردایە لە ڕووى ئازادبوونى عەقڵەوە ، مەبەستم ئەوەیە ژنێک لێى بدرێت لە گەڵ ئەوەشدا نەزانێت چۆن داکۆکى لە مافى خۆى دەکات،پەنا بۆ چى لایەنێک بەرێت،لە گەڵ ئەوەشدا ئەگەر ڕێکخراوەکانى ژنان وئافرەتان یاخود ئەو دامەزراوانەى کە ناوى خۆیانیان لێناوە ڕیفۆرمى کۆمەڵایەتى کارى جدییان بکردایە ئەوا بە دڵنیاییەوە دەڵێم گۆڕانکارییان دروست دەکرد ، بەداخەوە دەڵێم تا ئێستاش ڕێژەى ئەو ئافرەتانەى کە ناهۆشیارییانە بیر دەکەنەوە زۆرترە لە ڕێژەى ئافرەتە هۆشیارەکان ، بۆیە داوا لەو ڕێکخراوانە دەکەم بتوانن ڕۆڵى ئاکتیڤ بگێڕن لە هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگا بە گشتى وتوێژى ژنان بە تایبەتى ..


* وکو کچێک ، کامیانت لەلا گرنگە، سیاسەت یاخود ڕاگەیاندن بۆ خزمەتکردنى ژنان وکچانى شارى خورماتوو..؟

-من هەر یەک لەو لایەنانەى کە باسى لێوە دەکەیت بە کەرەستەیەکى گرنگى دەزانم بۆ خزمەتکردنى ژنان وکچانى شارى خورماتوو ، ئەگەر چى هەندێک کەس وا تێگەیشتووە ئەو ڕۆژنامەنووسەى کە لە ناو دەسەڵاتدا بێت تەنها لە سەر ئەو هێڵانە دەڕوات کە بۆى دیایکراوە، من بۆ خۆم ئێستا وەکو کەسێکى سیاسەتمدار لە ناو یەکێک لە پارتە کوردستانییەکان کاردەکەم وبە ڕاشکاوى هەندێک جار ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرم وقسە دەکەم وبە ئازادانە دەنووسم وبە چاوێکى ڕەخنەگرانەوە لە ڕووداوو و دیاردەکان دەڕوانم کە ئەرکى سەرەکى هەموو ڕاگەیاندکارێکە کە لە ناوەوەى دەسەڵات بێت یا لە دەرەوە هەموو دیاردە ناشرینەکان بخەنە بەر چاو ودڵنیام ئەم کارەش تەنها بۆ ئەوەیە کە دەسەڵات لە لادان بپارێزێت......