قه‌مبه‌ر به‌یاتی سه‌رۆكی عه‌شایه‌ری توركمانی عێراق: ئێمه‌ی توركمان له‌ گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 و گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك وناوچه‌ دابڕێندراوه‌كانین بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان..
شەممە, 12 شوبات 2011 18:04


له‌م دیداره‌ تایبه‌ته‌ی كوردژین له‌ گه‌ڵ قه‌مبه‌ر ڕه‌شید به‌یاتی سه‌رۆكی عه‌شایه‌ری توركمانی عێراق تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ره‌ی توركمانی هیچ مافێكی به‌ سه‌ر توركمانه‌وه‌ نییه‌ وبۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی نه‌بێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی توركمان كار ناكات، ئه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراقه‌وه‌ وبه‌ هۆی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن به‌ پاڵپشتێی ده‌ره‌كی، توركمانی تووشی زه‌ره‌ر كردووه‌ وداواش له‌ جكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات هاوكارییان بكات تاكو له‌و قه‌یرانه‌ سیاسیه‌ ده‌ربچن كه‌ له‌ ئێستادا وه‌كو توركمان تووشی بوونه‌.

* ئێوه‌ وه‌كو عه‌شایه‌ری توركمانی عێراق تا چه‌ند رازین له‌و كرده‌وانه‌ی كه‌ هه‌ندێك لایه‌نی توركمانی به‌ ناوی به‌رژه‌وه‌ندی توركمانه‌وه‌ له‌ كه‌ركوك وده‌وروبه‌ری ده‌یكه‌ن؟
- ئێمه‌ وه‌كو عه‌شایه‌ری توركمانی عێراق ، هه‌میشه‌ ناڕه‌زایی خۆمانمان به‌رامبه‌ر به‌و ڕه‌فتارانه‌ ده‌ربڕریووه‌ كه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ به‌ ناو خزموتكردنی توركمانه‌وه‌ پێی هه‌ڵده‌ستێت، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ره‌ی توركمانی خزبه‌، لایه‌نی عه‌شایه‌ری نییه‌ ، تاكو بتوانێت كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی توركمان بكات، ئاشكراشه‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ سه‌ر بنه‌مای عه‌شایه‌ری دروست بووه‌، نه‌ك له‌ سه‌ر بنه‌مای حزبایه‌تی ، هه‌ر له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام حزب بۆ خۆی به‌رنامه‌و پیلانی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ كه‌ ناگونجێت له‌ گه‌ڵ دۆخی عه‌شایه‌رێتی، ئێمه‌ وه‌كو عه‌شایه‌ری توركمانی عێراق پێمان خۆشه‌ نه‌ك له‌ گه‌ڵ به‌ره‌ی توركمانی، هه‌ر پارت وخزبێك هه‌بێت یارمه‌تی هاوڵاتی بدات، له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتییان كار بكات،نه‌ك له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆی،ئێمه‌ له‌وه‌ ناڕازین كه‌ به‌ره‌ی توركمانی توانای ئه‌وه‌یان نییه‌ یارمه‌تی هاوڵاتییانی توركمان بده‌ن، یاخود هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ بده‌ن كه‌ توركمان بگه‌یننه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی خۆی، كاری ئێمه‌ وه‌كو عه‌شایه‌ری توركمان عێراق كاری عه‌شایه‌رییه‌، نه‌ك كاری حیزبایه‌تی، ئێمه‌ بۆمان هه‌یه‌ كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی توركمان بكه‌ین وله‌ خۆشه‌ی وناخۆشییه‌كانیاندا به‌شدار بین، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ سه‌رچاوه‌ی گه‌یشتنی توركمانین به‌ ئامانجه‌كانیان ، نه‌ك به‌ره‌ی توركمانی، كه‌ له‌ هه‌ندێ‌ بۆنه‌دا خۆی به‌ وارسی شه‌رعی توركمان داده‌نێت، چونكه‌ ئه‌و حیزبانه‌ی كه‌ له‌ ژێر چه‌تری به‌ره‌ی توركمانیدا كارده‌كه‌ن هه‌موویان ته‌مه‌ڵ وخه‌واڵین وتوانای هیچ كاریكیان نییه‌.

*كێ‌ نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی توركمانی عێراقه‌؟
- ئاشكراو ڕوونه‌، كه‌ له‌ هیچ كات وساتێكدا نه‌بووه‌ حیزبێك  خۆی بكاته‌ نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌ك، نوێنه‌رایه‌تی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ بنه‌چه‌دا عه‌شایه‌ریتییه‌، نه‌ك حیزبایه‌تی، بۆ نمونه‌ بێنه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ئه‌م هه‌موو حیزبه‌ی كه‌ ئێستا له‌ كوردستاندا هه‌یه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ك دروستبوون، گه‌ر عه‌شایه‌رێتی نه‌بووایه‌ وپشتی شۆرشی كوردی نه‌گردایه‌، شۆرش نه‌ده‌گه‌یشته‌ ئامانجی خۆی، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی عه‌شایه‌رێتی سه‌رچاوه‌ی دروسبوونی نه‌ته‌وه‌یه‌..

*به‌ره‌ی توركمانی پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌وا كورد مافی توركمان پێشێل ده‌كات، ئێوه‌ تا چه‌ند ئه‌مه‌ به‌راست ده‌زانن؟
- ئه‌م پڕوپاگه‌ندانه‌ی به‌ره‌ی توركمانی دووره‌ له‌ ڕاستییه‌وه‌، ئێمه‌ی توركمان هه‌ر له‌ مێژه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ كورد وه‌كو برا ژیاوین، له‌ گه‌ڵیاندا مێژوویه‌كی تایبه‌تیمان هه‌یه‌، بۆ نمونه‌ خێزانی كورد هه‌یه‌ ژنیان له‌ توركمان خواستووه‌ ، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ توركمانیش توركمانیش هه‌یه‌ ژنی له‌ كورد خواستووه‌، ئه‌و ره‌فتارانه‌ی كه‌ به‌ره‌ی توركمانی به‌ ناو توركمانه‌وه‌ ده‌یكات ته‌نها له‌ زه‌ره‌ر زیاتر هیچ سودێك به‌ توركمان ناگه‌ینێت، ئێمه‌ دژی ئه‌و ره‌فتارانه‌ی به‌ره‌ی توركمانین،له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌ره‌یه‌ به‌ فیت وكونترۆڵی توركیا كار ده‌كات،كه‌ ئه‌و وڵاته‌شته‌نها له‌ به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆی نه‌بێت ، نابێته‌ دڵسۆزو هاوكاری به‌ره‌ی توركمانی.

* ئێوه‌ وه‌كو عه‌شایه‌ری توركمانی عێراق پێتان باشه‌ كه‌ركوك وباقی ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كانی دیكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ، یاخود له‌ سه‌ر عێراق بمێنێت؟
- ئێمه‌ی توركمان له‌ گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140وگه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك وناوچه‌ دابڕێندراوه‌كانین بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ، له‌ سه‌روی هه‌موویانه‌وه‌ ناوچه‌ توركمان نشینه‌كان، به‌راستی ئێمه‌ی توركمان ئه‌گه‌ر له‌ گه‌ڵ كوردا بین زیاتر مافه‌كانمان ده‌پارێزرێت.من وه‌كو توركمانێك مافه‌كه‌م له‌ گه‌ڵ كورد وه‌ربگرم باشتره‌.ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بین به‌ دووه‌م نه‌ته‌وه‌ ده‌ژمێردرێن،ئه‌گه‌ریش له‌ سه‌ر حكومه‌تی عێراقی بین ئه‌وا به‌ سێیه‌م نه‌ته‌وه‌ ده‌ژمێردرێین ، له‌و كاته‌ كێ‌ له‌ من ده‌پرسێت وپشتگیری له‌ مافه‌كانم ده‌كات،بۆ چی من وه‌كو توركمان له‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان نه‌بم،له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێم كورد بێت ئه‌وا ده‌بێت یه‌كێك له‌ جێگره‌كانی توركمان بن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ لای هه‌ندێك له‌ برا توركمانه‌كان نا هۆشیارییه‌ك ده‌بینین به‌رامبه‌ر به‌ به‌رژه‌وه‌ندی راسته‌قینه‌ی خۆیان، ئه‌مه‌ش هۆكاره‌ بۆ به‌ره‌ی توركمانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ مێشكی ئه‌و توركمانانه‌ی شۆردۆته‌وه‌ وزه‌ره‌ر ده‌دات له‌ به‌رژه‌وه‌ندیان،كه‌ ئه‌ویش به‌ پاڵه‌پشتێی توركیا ئه‌و ڕه‌فتارانه‌ ده‌كات ، وه‌ك ئاماژه‌م پێدا توركیاش ته‌نها له‌ به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی به‌ره‌ی توركمانی خۆش ده‌وێت، گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك وناوچه‌كانی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان چه‌ندێ‌ سوودی بۆ كورد هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ش سوودی بۆ توركمانیش هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی توركمان شان به‌ شانی برایانی كورد كار بكه‌ین ئه‌وا ده‌توانین به‌ كورتترین ڕێگا بگه‌ینه‌ ئامانجه‌كانمان، به‌ڵام له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقیدا زۆر ده‌خایه‌نێت،له‌ چه‌رله‌مانی عێراقی ڕابردوو ئێمه‌ی توركمان نوێنه‌رمان هه‌بوو ، به‌ڵام به‌ پێی پێویست كاریان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی توركمان نه‌كرد،له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ ناوی حیزب ومه‌رجه‌عییته‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی توركمانیان كرد،نه‌ك له‌ ڕووی نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه‌ ،ئێمه‌ پێمان خۆشه‌ هه‌رچی بۆ توركمان ده‌كرێت له‌ ژێر چه‌تری نه‌ته‌وایه‌تیدا بێت،نه‌ك له‌ ژێر چه‌تری حیزبایه‌تی وهه‌موومان كار بۆ سه‌رخستنی ده‌نگی توركمان له‌ ناوچه‌كه‌دا بكه‌ین له‌ هه‌رێمی كوردستاندا..



دیداری عومه‌ر ئاواره‌- كه‌ركوك