پێشێلكردنێكی زه‌قی مافه‌كانی منداڵان ‌
پێنج شەممە, 03 تشرینی دووەم 2011 16:38



                                               
منداڵه‌ روحسووك و جوانكیله‌كانی ئه‌مڕۆمانن .. كه‌ ده‌بنه‌ نه‌وه‌ی داهاتوومان .. به‌پێی راده‌ی به‌ راستی و دروستی په‌روه‌رده‌كردن و رێنمایی و ئاراسته‌كردنیان ، چ وه‌كو تاك یا وه‌كو كۆمه‌ڵ، ره‌نگدانه‌وه‌ و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئاینده‌ و سه‌رجه‌م بواره‌كانی ژیانی گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌مان ده‌بێت.. كه‌واته‌ په‌رورده‌كردنی دروستی منداڵان ئه‌ركێكی پیرۆز و پێویستی ئه‌ستۆی هه‌موو لایه‌كمانه‌ ، به‌ تایبه‌تیش خێزان و قوتابخانه‌ و حكومه‌ت.

منداڵان به‌بێ جیاوای له‌ ره‌گه‌ز و پێست و ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی و باری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری.. له‌ هه‌ر شوێنێكی دنیادابن ، مافی ژیان و دابینكردنی خواردن و خواردنه‌وه‌ی ئاوی پاك و جێی حه‌وانه‌وه‌ و حه‌سانه‌وه‌ و پشوودان و یاری و پێكه‌نین و خه‌ونی خۆش و خه‌یاڵی شیرینیان هه‌یه‌ .. مافی خوێندن و ته‌ندروستی و چاره‌سه‌ركردن و پارستنیان له‌ توندوتیژی هه‌یه‌.. ناشبێت به‌ هیچ مه‌به‌ست و بیانوویه‌كه‌وه‌ ، ئازاری جه‌سته‌یی و ده‌روونی منداڵان بدرێت و ، به‌ شێوه‌یه‌كی نامرۆیانه‌ ره‌فتاریان له‌گه‌ڵدا بكرێت.
پێویسته‌ جیهانی بێگه‌رد و دڵه‌ قنجه‌ پاك و ساده‌كانیان نه‌شێوێنین و ، ری نه‌گرین له‌ نه‌شونووما و‌ گه‌شه‌كردنی حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانیان‌.. له‌ لایه‌ن خێزانه‌وه‌ بێت یا حكومه‌ت پێویسته‌ پێویستییه‌كانی ژیان و خۆشی و شادییان بۆدابین بكرێت.. ده‌بێت زۆر به‌ وردی چاودێریان بكه‌ین و ، نه‌یان ده‌ینه‌ ده‌ستی قه‌زا و قه‌ده‌ر و چاره‌نووسێكی نادیار.

ئه‌وه‌ی ئێمه‌ لێره‌دا مه‌به‌ستمانه‌.. ئه‌و منداڵه‌ ره‌شوڕووت و لاواز و ره‌نگ زه‌رد و كز و بێ نازانه‌ن.. كه‌ به‌ باوه‌شی ژنه‌ سواڵكه‌ره‌كانه‌وه‌ن..درۆزه‌كردن له‌ هه‌موو وڵاتانی دنیادا به‌ شێوه‌ی جۆراو جۆر هه‌یه .. ئه‌مڕۆش له‌ هه‌موو شار‌ و شاروچكه‌كانی باشووری كوردستاندا ، به‌ تابه‌تیش له‌ شاری كه‌ركوكی كوردستانیدا ، ژنه‌ سواڵكه‌رێكی یه‌كجار زۆر بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ ، هه‌ر سه‌ت مه‌تر ده‌ڕۆی رووبه‌رووی ده‌ست پانكردنه‌وه‌ و پاڕانه‌وه‌ی ژنه سوڵكه‌رێك ده‌بیت.‌‌. زۆربه‌ی ئه‌م ژنانه‌ له‌ ته‌مه‌نێكی مام ناوه‌ندین و له‌ش ساغن و توانای ئیش و كاركردنیان هه‌یه‌.. به‌شێكی زۆری ئه‌م ژنه‌ سواڵكه‌رانه عه‌ره‌بن و خه‌ڵكی شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقن..‌ به‌داخیشه‌ كه‌ هه‌ندی له‌م ژنه‌ سواڵكه‌ره‌ نامۆیانه دزیش ده‌كه‌ن و به‌شێكیشیان له‌شفرۆشیش ده‌كه‌ن.. هه‌ندێكیشیان سواڵكردنیان كردووه به‌ پیشه‌، مێرده‌كانیان له‌ ئوتێله‌كاندا ده‌خه‌ون و ده‌خۆن.. دووریش نییه‌ هه‌ندێ لایه‌نی تیرۆریست ، بۆ مه‌به‌ستی گڵاوی خۆیان باری ناهه‌مواری ئه‌م ژنه‌ سواڵكه‌رانه‌ بقۆزنه‌وه‌ و بیانكه‌ن به‌ ده‌سكه‌لای تاوانه‌كانیان.

ئه‌وه‌ی كه‌ جێی داخ و نیگه‌رانیی ئێمه‌یه‌.. زوڵمكردنه‌ له‌و منداڵانه‌ی كه‌ به‌ باوه‌شی ئه‌م ژنه‌ سواڵكه‌رانه‌وه‌ن .. كه‌ زۆربه‌یان ‌كۆرپه‌ و ساوان.. به‌ ره‌شوڕووتی و چڵكنی له‌سه‌ر سۆشه‌ی شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌  جه‌نجاڵه‌كاندا ، له‌سه‌ر‌ ئه‌و عه‌رده‌ سارد و ره‌ق و ته‌قه‌دا، یا له‌به‌رده‌م ده‌رگای مزگه‌وته‌كاندا ، بۆ راكێشانی سۆز و به‌زه‌یی خه‌ڵكی رایان ده‌كێشن.. ئه‌و منداڵه‌ بێ ده‌ره‌تان و بێ تاوان و بێ ناز و به‌دبه‌ختانه‌ ، له‌ تاو ئازاری گیانیان و له‌ تاو برسێتیدا و، له‌ گوڕوهۆڕی ئۆتۆمبیل و ده‌نگی خه‌ڵكی و تۆزه‌دا، زۆر ناڕه‌حه‌تن و ده‌گرین و ده‌كڕووزێنه‌وه‌ ، له‌ڕ و لاوازن و ره‌نگ زه‌ردی و نه‌خۆشییان پێوه‌ دیاره‌.
بێگومان ئه‌مه‌ پێشێلكردنێكی زه‌ق و ناڕه‌وای مافه‌كانی منداڵانه‌ .. په‌ڵه‌یه‌كی قێزه‌وه‌ن و شه‌رمه‌زاریشه‌ به‌ نێوچه‌وانی حكومه‌تی كوردستان و حكومه‌تی عێراقیشه‌وه‌..عێراق و كوردستانێك له‌سه‌ر ده‌ریایه‌كی نه‌وت و گازدا بێت.. كه‌چی شاره‌كانی پڕن له‌ سواڵكه‌ر.
ئه‌مه‌و كۆمه‌ڵێكی منداڵی ناسك و جوانیش به‌ به‌رچاوی كاربه‌ده‌ستانه‌وه‌ رۆژ تا ئێواره‌ ، خه‌ریكی درۆزنه‌كردنن.. تووشی گه‌لی قسه‌ی ناخۆش و سووكایه‌تی پێكردن ده‌بن.. هه‌ندێ له‌م منداڵه‌ سواڵكه‌رانه‌ ، له‌به‌ر نه‌بوونی و هه‌ژاری و به‌ ناچاری وازیان له‌ قوتابخانه‌ هێناوه‌ و، له‌ هه‌موو مافه‌ ساده‌ و سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیان و خۆشی بێ به‌شن.

سواڵكردن ، دیارده‌یه‌كی ناشارستانی و ناشێرینه ، ئۆباڵ و به‌رپرسێتی سواڵكردنیش به‌ پله‌ی یه‌كه‌م له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌ت دایه‌.. ئه‌وانیش رۆڵه‌ی كوردستانن و بێ جیاوازی
وه‌ك هه‌ركه‌سێك به‌شیان له‌ سامان و خێروبێری كوردستاندا هه‌یه‌..پێویسته‌ حكومه‌ت و په‌ڕله‌مانی كوردستان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندی داره‌كان به‌ جدی به‌ دواداچوون بۆ ئه‌م دیارده‌ زه‌قه‌ بكه‌ن ، چاره‌سه‌رێكی ره‌وا بۆ ئه‌م كشه‌یه‌ دابنین . به‌دابین كردنی بژێوی ژیان بۆ خێزانه‌ هه‌ژار و نه‌بووه‌نه‌كان..به‌ بڕینه‌وه‌ی مانگانه‌ی پێویست بۆ ژیان و گوزه‌رانیان..
له‌ په‌رله‌مانی كوردستانیشدا بۆ ( بنبڕكردنی سواڵكردن ) پرۆژه‌ یاسایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بخرێته‌ به‌ر باس و لێكۆڵێنه‌وه‌ و بڕیاردان.. بواری ئه‌وه‌ش نه‌ده‌ن كه‌ سواڵكردن بێته‌ پیشه‌.. ئه‌و سواڵكه‌رنه‌ش كه‌ خه‌ڵكی شاره‌كانی كوردستان نین ، بیان نێرنه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ لێوه‌ی هاتوون.

وه‌كو وتمان ته‌نها به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی سواڵكردن و گرتنی سواڵكه‌ره‌كان ، چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌ ناكرێت.. به‌ڵكو به‌ بنبڕكردنی هۆی سواڵكردن.. به‌ نه‌هێشتنی هه‌ژاری و دابینكردنی پێویستییه‌كانی ژیان بۆ هه‌ژاران و بێ ده‌ره‌تانان چاره‌سه‌رده‌كرێت.. ده‌با تێریش ئاگای له‌ برسی بێت .. جوانی و قه‌شه‌نگی كۆشك و ته‌لار له‌ چیدان ، ئه‌گه‌ر له‌ پاڵیاندا كه‌سانێكی تر هه‌بن له‌ كه‌لاوه‌دا ، به‌ برسێتی و له‌ گه‌رما و له‌ سه‌رما به‌ بێداری شه‌و به‌سه‌ر به‌رن..چه‌ند ناره‌وا و ناپه‌سه‌نده‌ له‌شه‌قامه‌كانی شاره‌كاندا تازه‌ترین مۆدێلی ئۆتۆمبیل ببینی و له‌ هه‌مان شه‌قامیشدا ، مندالانی جل دراو و پێ په‌تی و بێ ناز ببینیت.
هیوادارین كه‌ حكومه‌تی كوردستان ، به‌ زووترین كات چاره‌سه‌ری سواڵكردن بكات.

ره‌زا شوان / سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی منداڵانی كورد / نه‌رویچ :  ١/١١/ ٢٠١١