كۆمه‌ڵه‌ی منداڵانی كورد ـ له‌ نه‌رویج -یادی( شه‌ست و شه‌شه‌مین ) ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان پیرۆزده‌كه‌ن
شەممە, 21 کانونی دووەم 2012 17:19



  

له‌ یادی شه‌ست و شه‌شه‌مین ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان دا.. جوانترین پیرۆبایی له‌ رۆڵه‌كانی گه‌لی كوردمان ده‌كه‌ین له‌ كوردستاندا بن یا له‌ هه‌نده‌ران بن.. به‌ ئه‌وپه‌ڕی رێزیشه‌وه‌ ، سه‌ری رێز و نوازشت بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كورد و كوردستان داده‌نه‌وێنین، به‌تایبه‌تیش بۆ پێشه‌وای نه‌مرمان، قازی قازییان قازی محه‌مه‌دی قاره‌مان. به‌ هه‌زاران تاجه‌گوڵێنه‌ی ره‌نگین و گه‌شیش بۆ سه‌ر مه‌زاری پیرۆزیان ده‌نێرین.

دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان ، له‌و كات و بارودۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا ، وه‌رچه‌رخانێكی  گرنگ بوو له‌ مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردمان .. ئه‌وه‌بوو بۆ یه‌كه‌مین جار خه‌بات و تێكۆشانی گه‌له‌كه‌مان ، به‌ری گرت و به‌شێك له‌ خاكی پیرۆزی داگیركراوی كوردستانمان ، له‌ ده‌ست داگیركه‌رانی دڕنده‌ و ره‌گه‌زپه‌رست رزگاری بوو. بۆ یه‌كه‌مین جاریش حكومه‌تێكی نیشتمانی كوردستانی دامه‌زرا و ، كه‌ڵه‌ تێكۆشه‌ری گه‌له‌كه‌مان قازی محه‌مه‌د به‌ پێشه‌وا و به‌ سه‌رۆكی كۆماری كوردستان هه‌ڵبژێرا ، هه‌ر بۆ یه‌كه‌مین جاریش ئاڵای پیرۆز و ره‌نگینی كوردستان له‌ گۆڕه‌پانی « چوارچرا»دا ، له‌ شاری « مه‌هاباد »ی پاڵه‌وان و قه‌شه‌نگ و جوانی پایته‌ختی كۆماری كوردستاندا ، به‌ ئاماده‌بوونی هه‌زاران له‌ رۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌مان و له‌ سه‌ركرده‌ نه‌مره‌كانمان ، له‌گه‌ڵ وتنی سروودی نیشتمانی و ، چه‌پڵه‌ رێزان و ، هه‌ڵهه‌ڵه‌  لێدان و ، پێكه‌نین و شه‌كره‌ گریاندا ،  ئاڵای كوردستان به‌رزكرایه‌وه‌ و، له‌ ئاسماندا ده‌شه‌كایه‌وه‌.. تا ئه‌مڕۆش ئاڵاكه‌مان بۆته‌ دڕكێكی تیژی ناو چاوه‌كانی داگیركه‌ران و نا حه‌زانی كورد و كوردستان .. وا ئه‌مڕۆش ئاڵاكه‌مان به‌ كوێرایی چاوی ناحه‌زان ، له‌ باشووری كوردستاندا ده‌شه‌كێته‌وه‌.

ئه‌گه‌رچی ته‌مه‌نی كۆماری كوردستان له‌ ساڵێ كه‌متر بوو ، ئه‌وه‌بوو به‌ پیلانێكی ئێرانی و رێكه‌وتنێكی ناوچه‌یی و ده‌مچه‌وركردنی رووسیا جوانه‌مه‌رگ كرا..به‌ڵام هیوا و ئامانج و ده‌ست كه‌وته‌كانی كۆماری كوردستان ، تا ئه‌مڕۆش بوونه‌ته‌ هه‌زاران چرای هه‌میشه‌ گه‌ش و، به‌ هه‌زاران چوارچرا رووناك ده‌كه‌نه‌وه‌..بوون به‌ تۆو و به‌ هه‌وێنی كوردایه‌تی و تێكۆشانێكی بێووچان و به‌ خۆڕاگری و كۆڵه‌نه‌دان ، بوون به‌ سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشێكی نه‌كوژاوه‌ ، بوون به‌ ڕێباز و وزه‌ و تین و ، به‌ردی بناغه‌ی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نوێی گه‌له‌كه‌مان له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستاندا.. (شه‌ست و شه‌ش) ساڵه‌ .. به‌ هه‌زاران ساڵی تریش ، نه‌وه‌ له‌ دوای نه‌وه‌مان .. زیاتر و زیاتر شانازی به‌ كۆماری كوردستانه‌وه‌ ده‌كه‌ین ، هه‌موو ساڵێكیش ئه‌م بیره‌وه‌رییه‌ به‌رزتر و پیرۆزتر راده‌گرین.. بیر و هزری پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و ، ده‌ستكه‌وته‌كانی كۆماری كوردستان ، تابێت ره‌نگدانه‌وه ‌و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌ست و سۆزی كورد و كوردستانپه‌روه‌ران زیاتر و زیاتر ده‌بن و ، زیاتر ده‌مان خروشێنن و به‌ په‌رۆشترمان ده‌كه‌ن .

پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د یش ، سومبولێكی هه‌میشه‌ نه‌مری گه‌له‌كه‌مانه‌.. قازی محه‌مه‌د یه‌كێكه‌ له‌ كه‌ڵه‌ تێكۆشه‌ره‌ نه‌مره‌ كه‌م وێنه‌كانی جیهان .. كام له‌ سه‌ركرده‌ ناوداره‌كانی جیهان ، هێنده‌ی قازی محه‌مه‌د دلێر و جوامێر و چاونه‌ترس بووه‌ ؟..هێنده‌ی ئه‌و له‌ گیان به‌خشین و مردن سڵی نه‌كردۆته‌وه‌ ؟.. وه‌كو ئه‌و پێكه‌نینی به‌ په‌ت و سێداره‌ هاتووه‌ ؟ وه‌كو ئه‌و له‌ دوا ساته‌كانی مه‌رگیشدا بوێر بووه‌ و دوژمنی رسوا كردووه‌ ؟
تا ئه‌مڕۆش ناحه‌زانی گه‌له‌كه‌مان، پێش دۆسته‌كانمان، سه‌رسامن به‌ خۆڕاگری و دلێری و بێ باكی قازی محه‌مه‌د له‌ په‌ت و له‌ سێداره‌دان .. ته‌نانه‌ت له‌ دوا هه‌ناسه‌كانی دوا ساتی ژیانیشیدا ، داگیركه‌رانی كوردستانی بێ منه‌ت كرد و نه‌فره‌تی لێكردن و رسوای كردن .. به‌ نوێنه‌ری شای گۆڕبه‌گوڕی ئێران و گه‌وره‌ ئه‌فسه‌ره‌كان و جه‌لاده‌كانی وت : « تاوانبار ئێوه‌ن ، نه‌ك ئێمه‌ ، ئێوه‌ وڵاتان لێ داگیركردووین .. » پێشی وتن : « ئێوه‌ قازی محه‌مه‌دێك ده‌كوژن ، به‌ڵام ئه‌وه‌ بزانن ، كه‌ له‌ هه‌ر تنۆكه‌ خوێنێكی مندا ، قازی محه‌مه‌دێك شین ده‌بێته‌وه‌ . داوا له‌ گه‌لی كورد ده‌كه‌م خه‌باتی خۆی له‌ پێناوی رزگاری كوردستاندا یه‌ك بخات ، باوه‌ڕ به‌ ده‌وڵه‌تی خۆفرۆشی تاران مه‌كه‌ن .. بژی كورد ـ بژی كوردستان » . وتیشی : « ئێره‌ ماڵی منه‌ ، خاكی كوردستان ، خاكی باب و باپیران و ئه‌جدادی منه‌، چۆن ده‌توانم ده‌ستی لێ هه‌ڵگرم » كه‌ جه‌لاده‌كانی شاه به‌ره‌و سێداره‌یان برد ، نه‌یهێشت چاوی ببه‌ستنه‌وه‌ و پێی وتن : « هیچ شتێك نییه‌ كه‌ شه‌رمی لێ بكه‌م ، تا له‌ به‌رده‌م گه‌له‌كه‌م و نیشتمانه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌مدا ، چاوم ببه‌ستنه‌وه‌ .. حه‌زده‌م له‌ دوا سات و له‌ دوا چركه‌ی ژیانمدا ، به‌ ئه‌وپه‌ڕی سه‌ربه‌رزی و ، به‌ چاوی كراوه‌وه‌ ، له‌ نیشتمانه‌ جوان و خۆشه‌ویسته‌كه‌م كوردستان بڕوانم .. » ‌دوا وته‌شی به‌بێ ترس و چه‌كه‌ره‌كردن پێی وتن: « له‌ سێداره‌دان ناترسم.. به‌ هه‌ڵواسراویش پێڵاوه‌كانم له‌ ئاستی سه‌ری ئێوه‌ به‌رزترن »

نه‌قیبی سه‌ربازی ، پارێزه‌ر( سه‌روان شه‌ریفی ) كه‌ حكومه‌تی تاران هه‌ر به‌ ناو داینابوو بۆ داكۆكیكردن له‌ قازی محه‌مه‌د و هاوڕێكانی . ده‌ڵێ : « قازی محه‌مه‌د پیاوێكی مه‌زن و دانابوو ، به‌ ئه‌وپه‌ڕی ئازایه‌تییه‌وه‌ ده‌رباره‌ی دۆزی گه‌لی كورد قسه‌ی كرد ، زۆر به‌ بوێری و جه‌ساره‌ته‌وه‌ داكۆكی له‌ مافه‌كانی كورد ده‌كرد ، له‌ خوودموختاری و مافی چاره‌ی خۆنووسین..» هه‌ر شه‌ریفی ده‌ڵێ: « له‌ راستیدا، قازی محه‌مه‌د دادگایی رژێمی ده‌كرد ، كه‌ به‌ نامه‌ردی و به‌ قێزه‌وه‌نییه‌وه‌ ، هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌ مه‌ڕ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی گه‌لی كورد ده‌كرد .. »

هه‌ر له‌ باره‌ی قاره‌مانێتی قازی محه‌مه‌د له‌ كاتی دادگایی كردنیدا.. « سه‌روان كیومه‌س ساڵحی» كه‌ هه‌واڵنێرێكی سه‌ربازی سوپای ئێران بوو، له‌ ناو هۆڵی دادگایی كرندا ئاماده‌ بوو ، ده‌ڵێ : « من له‌ زۆربه‌ی داگایی كردنه‌كانی مه‌یدانی و سه‌ربازییه‌كاندا ، وه‌كو هه‌واڵنێرێك ئاماده‌ بوومه‌ ، به‌ڵام هه‌رگیز هیچ كه‌سێكم نه‌دیوه‌ ، كه‌ به‌ راده‌ی قازی محه‌مه‌د به‌جه‌رگ و ئازا و دلێر بێت.. له‌ كاتی دادگایی كردندا نه‌یده‌زانی كه‌ ترس چییه‌. زۆر بێ باكانه‌ قسه‌ی ده‌كرد و ، وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ده‌دایه‌وه‌.. » سه‌روانی په‌یامنێر ئه‌وه‌ش ده‌گێڕێته‌وه‌ ، كه‌ قازی محه‌مه‌د به‌ دادگای وت : « من له‌ زووه‌كه‌وه‌ خۆم بۆ ئه‌وه‌ ئاماده‌ كردووه‌، كه‌ به‌ باوه‌شكی كراوه‌وه‌ ، پێشوازی له‌م مردنه‌ سه‌ربه‌رزییه‌ بكه‌م، كه‌ له‌ رێگای ئازادی ی میلله‌ته‌كه‌مدا ده‌كوژرێم ، ئه‌وه‌ به‌ڵێنێكه‌ كه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌م داوه‌ ، له‌گه‌ڵیاندا بژیم و له‌ پێناوی ئه‌وانیشدا بمرم ، تازه‌ چۆن ئاماده‌م به‌ڵێنی خۆم بشكێنم »

قازی محه‌مه‌د و هاوڕێكانی ئه‌وه‌یان به‌ داگیركه‌رانی كوردستان سه‌لماند ، كه‌ كورد هه‌رده‌م له‌ مردنیش به‌هێزتره‌ .. خه‌یاڵیان خاوه‌ و مه‌حاڵه‌ ، كه‌ بتوانن به‌ گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌دان و، به‌ له‌ سێداره‌دان و كۆمه‌ڵكوژی ، گه‌لی كوردی دلێر و قاره‌مانمان ، چاوشكێن بكه‌ن و چوكمان پێ داده‌ن .. ئێمه‌ی كورد هه‌رگیز كڕنۆش بۆ داگیركه‌ران نابه‌ین .. تا ئێستا مێژوومان چه‌ند زووحاك و ماری خستۆته‌ چاڵ .

ئه‌ی پێشه‌وای شه‌هیدی نه‌مرمان ، مژده‌ت ده‌ده‌ینێ ، وا تنۆكه‌ خوێنه‌كانت شین بوون.. ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ كاتی دامه‌زراندی كۆماری كوردستاندا،گڕوگاڵیان ده‌كرد و،به‌ هه‌ست و سۆزی كورد و كوردستانپه‌روه‌ری گۆش كران..ئه‌مڕۆ ئه‌وانن كه‌ بوونه‌ته‌ شۆڕه‌سواری مه‌یدانی كوردایه‌تی و مه‌ردایه‌تی، ئه‌وانن بوونه‌ته‌ رابه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد .. ئه‌وانن هه‌ڵكه‌ر و هه‌ڵگری ئاڵای پیرۆزی كوردستان ، ئه‌وانن به‌ هزر و بیر و باوه‌ڕێ تۆ ، بیر و هۆشیان زاخاوداوه‌.. ئه‌مڕۆ هه‌موومان درێژه‌ به‌ رێبازه‌ پیرۆزه‌كه‌ی تۆ ده‌ده‌ین ، هه‌موومان پێشمه‌رگه‌ی كۆڵنه‌ده‌ر و نه‌سره‌وتین.. دڵنیاشبه‌ ، ئه‌مڕۆ بێت یا سبه‌ی هه‌موو ئه‌و هیوا و ئاواتانه‌ی ئێوه‌ ده‌هێنینه‌ دی، كه‌ له‌ پێناویاندا گیانتان به‌خشی.

ئه‌وه‌تا نه‌ڕه‌ شێره‌ژنی قاره‌مانمان ، خوشكی ئازا و چاونه‌ترسمان، په‌ڕله‌مانتاری دلێر و بوێرمان خاتوو « گوڵتان كشاناك » هاوسه‌رۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراتی له‌ باكووری كوردستاندا ، له‌ ناو په‌ڕله‌مانی توركیادا ، له‌ مه‌ڵبه‌ندی سته‌مكاری و ره‌گه‌زپه‌رستیدا ، له‌ به‌رده‌م هاوگۆشكراوه‌كانی بیری ره‌گه‌په‌رستی ئه‌تاتوركدا. به‌بێ ترس و چه‌كه‌ره‌كردن‌ ده‌نه‌ڕێنێ و پیان ده‌ڵێت : « ده‌متان داخه‌ن .. ده‌متان داخه‌ن .. شه‌رم بكه‌ن له‌ خۆتان .. ده‌بێ رۆژێك بێت باجی ئه‌مه‌ بده‌نه‌وه‌..تورك چی له‌ كورد زیاتره‌..ئێمه‌ هه‌زار ساڵه‌ له‌م خاكه‌ داین و... ».. به‌ داگیركه‌رانی دڕنده‌ و خوێنڕێژ ده‌لێین ، نه‌ك‌ به‌ كوشتنی «٣٥» لاوی بئ تاوانی كوردمان، به‌ڵكو به‌ هه‌زارانی تریشمان لێ شه‌هید بكه‌ن.. به‌ هه‌زارانی تریشمان لێ بگرن .. ناتوانن كۆڵمان پێ بده‌ن .. به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ، زیاتر به‌نزین به‌سه‌ر ئاگردا ده‌كه‌ن .. هیچ هێزێكیش ناتوانێت ملكه‌چمان بكات.. تا دوابستی كوردستانمان له‌ داگیركه‌ران رزگار ده‌كه‌ین..تا ده‌ست له‌ مل ئازادی و هیوا ده‌كه‌ین.. پێشمه‌رگه‌ی چه‌ك و پێنووس به‌ده‌ست ده‌بین و خه‌باتكه‌ر و تێكۆشه‌ری سه‌رسه‌خت ده‌بین .. هه‌ر مافێكیش خاوه‌ن ماف دوای بكه‌وێت و وازنه‌هێنێت.. بێگومان ئه‌مڕۆبێت یا سبه‌ی وه‌ری ده‌گرێت.
شاعێری كوردستانپه‌روه‌ری‌ گه‌له‌كه‌مان ، خوالێخۆشبوو « كامه‌ران موكری » ده‌ڵێ :

كاروانی ئێمه‌ كه‌وتۆته‌ رێگا
به‌ ئامانجی كورد هه‌ر ئه‌بێ بگا
ئه‌گه‌رچی شه‌وی خه‌باتی ژیان
گیانی زۆر لاوی وه‌ك گوڵ هه‌ڵ وه‌ران
به‌ڵام هه‌ر ئه‌بێ شه‌فه‌ق ده‌ركه‌وێ
كورد له‌م هه‌ورازه‌ سه‌خته‌ سه‌ركه‌وێ

چۆن ئه‌و رۆژه‌ ئه‌بینم هه‌ڵات
ئاواش دڵنیام ئه‌گه‌ین به‌ ئاوات

دووباره‌ پیرۆزبێت رۆژی«٢ی رێبه‌ندان ».. یادی دامه‌زراندنی« كۆماری كوردستان»

شكۆداری و سه‌روه‌ری و نه‌مری.. بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان
رسوایی و شه‌رمه‌زاری و مردن .. بۆ داگیركه‌ران و ناحه‌زانی كورد و كوردستان

ره‌زاشوان / سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی منداڵانی كورد ـ له‌ نه‌رویج :  ٢٠/ ١/ ٢٠١٢