پرۆفیسۆر دکتۆر یەحیا حمید رەزا:. دەخوازم هەولێر ببێتە سەنتەرێکی پزیشکی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا
هەینی, 24 شوبات 2012 12:36




دیمانە تابلۆ حەسەن:. پرۆفیسۆر دکتۆر یەحیا حمید ڕەزا:. لە دایک بوی شاری کەرکوك لە کوردستان هەر لە وێش خوێندنی سەرەتایی و دوا ناوەندی تەواو کردوە لە ساڵی  ١٩٦١ لە لەلایەن پێشەوا عەبدولکەریم قاسم دەچێتە دەرەوەی ووڵات بۆ تەواو کردنی خوێندنی باڵای خٶی، لە ڕۆمانیا کۆلیژی پزیشکی تەواو دەکات هەر لە وێش پلەی دکتۆرای پێ دەبەخشرێت بۆ ماوەی ٥ ساڵ دەچێتە لیبیا و کاری پزیشکی دەکات ئێستا نیشتەجێی ئەڵمانیایەو یەکێکە لە پرۆفیسۆرە ناودارەکان لە بواری ئۆپەراسیۆنی تایبەت بە بەرزەهار لە یەکێك لە سمینارەکانی لە شاری بەرلین فرسەتێکی کورتم لیقۆستەوە ئەم دیمانەیەم ئەنجام دا.
ئایا سەردانی کوردستانتان کردوە ، ئەگەر سەردانی کوردستانت کردوە چیت کردوە لە کوردستان؟
پرۆفیسۆر:. تا ئێستا دوو جار سەفەری کوردستانم کردوە  وە دەمەوێت لەم ڕۆژانەدا سەفەری سێیەم ئەنجام بدەم بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسێونی پزیشکی بۆ ئەو  ژنە کوردانەی کە بە دەستی میز ڕانەگرتنەوە دەناڵێنن ئەم کێشەیە بە زۆری لە کوردستاندا بە دی دەکرێت بە شێکی زۆر لە ژنانی کوردستان لە کاتی کۆکین یان ڕاکردن یان پژمین یان لە دوای مناڵ بون  کۆنترۆلیان بەسەر خۆیان نامێنێت و میز ئەکەن بە خۆیاندا وە هەروەها بەشێك لەو ژنانەش خۆیان پیس دەکەن. مەبەستی چونم بۆ کوردستان بۆ ئەو ئامانجەیە و چاوم لە هیچ پۆستێك نیەو وە بە تەماش نیم پۆستی کەس زەوت کەم.
باشە ئەو جارانەی کە چویتەوە بۆ کوردستان لەم بوارانەی کە باسی دەکەیت چیت ئەنجام داوە؟
پرۆفیسۆر:. جاری یەکەم کە سەردانی کوردستانم کرد تیمێکی ئەڵمانیم لە گەڵدا بوو کە پێك هاتبو لە دکتۆرێکی ئەڵمانیو چەند ئۆبەر سستەریك هەموو ئەمانە مەسرەفی هەمویان بە خۆمەوە لە کیسەی خۆم بوو هەر لە بلیتی تەیارەوە تا هوتێل لە ماوەیەکی کورتدا لەگەل ئەو تیمە ٤٨٠ ئۆپەراسێونی پزیشکیم بە سەرکەوتوی ئەنجام دا بێگومان ئەوە بوو بە مایەی دڵخۆشیەکی گەورە بۆ خۆم و تیمەکەم  کە توانیم دەستی یارمەتی بۆ ژنانی ووڵاتەکەم درێژ بکەم.
ئایا لەو سەفەرانەدا هەر خۆتان رۆیشتنەوە یان پێداویستی تایبەتیتان بردەوە؟
پرۆفیسۆر:. بێگومان ئەو مادەیەی کە لەو ئۆپەراسیۆنانە بەکار دێت لە کوردستاندا بونی نیە ناچار بوین لە ئەڵمانیا بیکڕین و بیبەینەوە بۆ کوردستان تا ئێستا ئەو مادەیەم لە کیسەی خۆم کریوە، بەڵام لێتی ناشارمەوە ئیتر گیرفانی من توانای کڕینی ئەو مادەیەی نیە لەبەر ئەوەی زۆر گرانە بۆیە هیوادارم  دام و دەزگا بەرپرسیارەکانی کوردستان ئەو مادەیەم بۆ دابین بکەن.
ئایە ئێوە ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە کوردستاندا دەتان کرد بەرامبەر بە پارە بوو یان با خۆرایی؟
پرۆفیسۆر:. نەخێر ئەو ئۆپەراسیۆنانە  هەموی لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئەنجام دراون حکومەتی هەرێمیش هەمو کار ئاسانی لەو بوارانەدا کردوە ئەمەش زیاتر دڵی منی خۆش کرد بەڵام نەخۆشخانە ئەهلیەکان بەرامبەر بە پارە کارەکانیان ئەنجام دەدەن.
خزمەتگوزاری تەندروستی چۆن دەبینی لە کوردستان؟
پرۆفیسۆر:. وەکو دکتۆریك بە سەرکەوتوی خزمەت گوزاری لەکوردستان لە قەڵەم دەدەم ئێمە بە چاوی خۆمان ئاستی ئەو خزمەت گوزاریەمان بینی لە هەرێـمی کوردستان بێگومان ئێمە ئەو کارانەی کە ئەنجاممان دا لە نەخۆشخانەکانی کەرکوك و هەولێر کە جێگای ڕەزامەندی ئێمە بوو. من تەنها ئەوەندە دەتوانم بڵێم چونکە لەو دوو شارەدا کارم کردوە هیوا دارم ئەم جارەیان بەشێك لە ئۆپەراسیۆنەکان لە شاری سلێمانی ئەنجام بدەم.
ئیوە لە سەفەرەکانتان بۆ کوردستان چ گیرو گرفتێکتان هاتە ڕێگا، هەروەها چی بە پێویست ئەزانن بۆ کارەکانتان؟
پرۆفیسور:.  ئێمە دەخوازین لەو نەخۆشخانانەی کە کاری تێدا دەکەین هۆلێك یان بەشێك لەو ناخۆشخانەیە بخرێتە ژیر ڕکێفی ئێمە تا لەوین بۆ ئەنجام دانی کارەکانمان، وەهەروەها ئێمە دەخوازین بە شێوەیەکی تایبەت شاری هەولێر بێتە  سەنتەری ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنانە نەك تەنها بۆ کوردستان بەڵکو بۆ ووڵاتانی ناوچەکە بە گشتی بۆ ئەوەی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناویندا ئاماژە بە شاری هەولێرو کوردستان وەك سەنتەرێکی پزیشکی گرنك.
دەتەوێت شتێکی تر بڵێت؟
پروفیسۆر:. ئەمەوێت باس لەوەش بکەم کە ئەو سەفەرانەم بۆ کوردستان تا ئێستا بە هاوکاری برایە کی خۆم بوە کە هاتوە بۆ فرگەی هەولێرو ئێمەی گواستۆتەوە بۆ هوتیل و تەنسیقی کردوە لەگەل نەخۆشخانەکانی کوردستان. 
بەلام بڕیار وایە لەمەودوا لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرلین کار ئاسانیم بۆ بکەن پێش گەڕانەوەم بۆ کوردستان ئەوان لە ڕێگەی خۆیانەوە تەنسیقم بۆ بکەن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان.

 
دیمانە تابلۆ حەسەن