روخسارێكی‌ جوانتر ‌
پێنج شەممە, 12 نیسان 2012 20:19




برۆو برژانگ دووبه‌شی‌ ناسك‌و هه‌ستیاری‌ ده‌وری‌ چاون، هه‌یشه‌ به‌هۆی‌ مووه‌ لاوازه‌كانیه‌وه‌ ئه‌گه‌ری‌ هه‌ڵوه‌رینیان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌به‌رده‌وام پێویستیان به‌ده‌ست پێیاهێنان‌و رازاندنه‌وه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ برۆو برژانگێكی‌ ته‌ندروست‌و جوانت هه‌بێت، به‌پێی‌ ئه‌و رێنماییانه‌ بجوڵێره‌وه‌.

برۆ
برۆكانت به‌شێكی‌ گرنگ پێك ده‌هێنن له‌جوانكردنی‌ شێوه‌ی‌ گشتی‌ رووخسارت، بۆیه‌ باشتر وایه‌ به‌رده‌وام گرنگییان پێبده‌یت‌و فه‌رامۆشیان نه‌كه‌یت، بۆ پاراستنی‌ شێوه‌ی‌ جوانی‌ برۆكانت، لێره‌دا چه‌ند ئامۆژگاری‌‌و رێنماییه‌ك ده‌خرێته‌ روو.

برۆو شێوه‌كانی‌:
برۆ چه‌ند شێوازێكی‌ زۆری‌ هه‌یه‌و هه‌ریه‌كه‌یان یارمه‌تی‌ مرۆڤ ده‌دات له‌دیاریكردنی‌ شێوه‌ی‌ گشتی‌ رووخسار‌و دیاریكردنی‌ كه‌سایه‌تی‌، به‌هۆی‌ برۆوه‌ چـــــاو سه‌رنج راكێش‌و جوانتر ده‌نوێنێت.
وه‌ك بنه‌مایه‌كی‌ گشتی‌ پێویسته‌ شێوه‌ی‌ برۆ یه‌ك بگرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ شێوه‌ی‌ گشتی‌ ده‌موچاودا.
بۆ كێشانی‌ شێوه‌ی‌ جێگیری‌ برۆ، ده‌بێت ره‌چاوی‌ شێوه‌ی‌ رووخسار بكه‌یت، ئه‌گه‌ر ده‌موچاوت لاوازبوو ئه‌وا برۆكانت به‌پڕی‌ بهێڵه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌موچاویشت پڕ بنوێنێ‌، ئه‌گه‌ر رووخساریشت قه‌ڵه‌و بوو ئه‌وا برۆكانت باریك بكه‌ره‌وه‌.
برۆی‌ نموونه‌یی‌ ئه‌و برۆیه‌یه‌ كه‌ پڕو درێژه‌و گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ‌ شێوه‌ی‌ چاودا.

رێگاكانی‌ گرنگیدان به‌برۆ:
1. یه‌كێك له‌هه‌ره‌ سه‌ره‌كیترین رێگاكانی‌ گرنگیدان به‌برۆ ئه‌وه‌یه‌ پارێزگاری‌ له‌به‌هێزی‌ بكه‌یت‌و هه‌میشه‌ به‌پاكوخاوێنی‌ بیهێڵیته‌وه‌.
2. ئه‌گه‌ر مووی‌ برۆكانت لاوازبوون، ئه‌وا ئێواران كه‌مێك زه‌یتی‌ زه‌یتوونی‌ لێبده‌و به‌باشی‌ بیانشێله‌، باشتره‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ هه‌فتانه‌ دوو تا سێ‌ جار دووباره‌ی‌ بكه‌یته‌وه‌.

رێكخستنی‌ برۆ:
برۆكانت بگونجێنه‌ له‌گه‌ڵ‌ شێوه‌ی‌ گشتی‌ چاوو هه‌وڵبده‌ نزیك بێت له‌قه‌باره‌كه‌یه‌وه‌.
پێش هه‌موو شتێك مووه‌كانی‌ به‌شی‌ ژێره‌وه‌ی‌ برۆ لێبكه‌ره‌وه‌و زیاده‌ڕۆیی‌ مه‌كه‌ له‌باریككردنه‌وه‌یان، هه‌وڵ‌ بده‌ به‌هه‌مان ئه‌و شێوه‌یه‌ بێت كه‌ له‌بنه‌ماوه‌ خۆی‌ نه‌خشاوه‌.
شێوه‌ی‌ برۆ له‌بچوكه‌وه‌ بۆ گه‌وره‌ ده‌كێشرێت، تا قه‌باره‌ی‌ چاو به‌گه‌وره‌تر نیشان بدات.
دوای‌ كۆتایی‌ هێنان له‌لێكردنه‌وه‌ی‌ مووه‌كان فڵچه‌ی‌ تایبه‌ت به‌كاربهێنه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی.
خراپ نییه‌ گه‌ر بڕێكی‌ كه‌م زه‌یتی‌ لێبده‌یت له‌رۆژدا بۆ ئه‌وه‌ی‌ ره‌ونه‌قدار بێت.

چه‌ند تێبینییه‌كی‌ گرنگ پێش ئه‌وه‌ی‌ برۆكانت رێكبخه‌یت
له‌رێی‌ قه‌ڵه‌مێكی‌ باریكه‌وه‌ ئه‌و شێوه‌یه‌ بكێشه‌ كه‌ ده‌ته‌وێت پاش رێكخستنی‌ برۆت پێی‌ بگه‌یت‌و له‌سه‌ری‌ بڕۆ.
ماوه‌ی‌ كه‌وانه‌یی‌ برۆ دیاریی‌ بكه‌ كه‌ له‌بنه‌مادا خۆی‌ سێ‌ شێوه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ هه‌یه‌ (هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ی‌ برۆ به‌قه‌د یه‌ك بن، به‌شی‌ پێشه‌وه‌ زیاتر بێت له‌به‌شی‌ پشته‌وه‌، به‌شی‌ پشته‌وه‌ درێژتر بێت له‌به‌شی‌ پێشه‌وه‌).
زۆر گرنگه‌ ده‌ستت‌و موكێشه‌كه‌ به‌پاكی‌ رابگریت.
پێش ئه‌وه‌ی‌ ده‌ست بده‌یته‌ هه‌ڵكێشانی‌ مووه‌ زیاده‌كانی‌ ده‌وری‌ برۆ، بۆ ماوه‌ی‌ دوو تا سێ‌ خوله‌ك رووخسارت بخه‌ره‌ به‌ر هه‌ڵم، چونكه‌ هه‌ڵم یارمه‌تی‌ كرانه‌وه‌ی‌ كونیله‌كانی‌ پێستی‌ ده‌مووچاو ده‌دات‌و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ ئازاری‌ موو هه‌ڵكێشان كه‌متر ده‌بێته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر چاوت گه‌وره‌ بوو، به‌ئه‌ندازه‌ی‌ یه‌ك هێڵی‌ زۆر باریك له‌به‌شی‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ برۆ لێبكه‌ره‌وه‌.
ئه‌گه‌ر چاوت بچووك بوو به‌ئه‌ندازه‌ی‌ یه‌ك هێڵی‌ باریك له‌به‌شی‌ خواره‌وه‌ی‌ برۆ لێبكه‌ره‌وه‌و تا چاوت گه‌وره‌تر بنوێنێت.

برژانگ
به‌هه‌مان شێوه‌ برژانگه‌كانت رۆڵێكی‌ زۆریان هه‌یه‌ له‌ده‌رخستن‌و سه‌رنج راكێشی‌ چاوه‌كانت، بۆیه‌ گرنگیان پێبداو بیان پارێزه‌، ئه‌وه‌ش بزانه‌ ته‌مه‌نی‌ هه‌ر تاڵێكی‌ مووی‌ ده‌مووچاو له‌نێوان سێ‌ بۆ پێنج مانگدایه‌و پاش ئه‌وه‌ هه‌ڵده‌وه‌رێت. باشتره‌پابه‌ندبیت به‌م رێنماییانه‌وه‌:

گرنگیدان به‌برژانگ:
بۆ گرنگیدان به‌برژانه‌كانت كارێكی‌ باش ده‌كه‌یت ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام ئه‌و خۆراكانه‌ بخۆیت كه‌ ڤیتامینه‌ جۆربه‌جۆره‌كانیان تێدایه‌، هه‌مان كات خۆت به‌دوور بگره‌ له‌به‌كارهێنانی‌ به‌رده‌وامی‌ ماسكارا، هه‌رگیز پێت وانه‌بێت بڕینی‌ به‌شێكی‌ مووی‌ برژانگ یارمه‌تی‌ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی‌ گه‌شه‌ی‌ زیاتر بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ته‌واوی‌ لاوازی‌ ده‌كات.

چاره‌سه‌ر بۆ رێگه‌گرتن له‌هه‌ڵوه‌رینی‌ مووی‌ برژانگ:
شه‌وانه‌ به‌زه‌یتی‌ باده‌م برژانگه‌كانت چه‌ور بكه‌و بۆ خواره‌وه‌و سه‌ره‌وه‌ به‌فڵچه‌یه‌ك بیانجوڵێنه‌.
ئه‌و ماسكارایه‌ هه‌ڵبژێره‌ كه‌ ماده‌ی‌ ڤیتامینی‌ تێدایه‌‌و برژانگ به‌ته‌ڕی‌ ده‌هێڵێته‌وه‌.
چاویلكه‌ی‌ دژه‌ خۆر به‌كاربهێنه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ تیشكی‌ هه‌تاو كاریگه‌ری‌ نه‌خاته‌ سه‌ر برژانگه‌كانت.
كه‌ ماسكارات به‌كارهێنا سێ‌ تا چوار چین له‌برۆكانتی‌ بده‌، با لێدانی‌ هه‌رجارێك بۆ جارێكی‌ تر ماوه‌ی‌ له‌نێواندا هه‌بێت تا تاڵه‌كانی‌ برژانگت وشك ببنه‌وه‌و پێكه‌وه‌ نه‌نوسێن، پاشان به‌فڵچه‌یه‌كی‌ بچووكی‌ تایبه‌ت دایبهێنه‌.
پاش ته‌واوبوونی‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی‌ پێشوو، قه‌ڵه‌مێكی‌ چاو به‌هێواشی‌ به‌سه‌ر به‌شی‌ بنچینه‌ی‌ برژانگدا بهێنه‌و له‌گۆشه‌ی‌ نزیك لوته‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ بۆ به‌شی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ چاو، ئه‌م هه‌نگاوه‌ برژانگه‌كانت رێك‌و جوانتر ده‌كات.

ئاماده‌کردنی // لێوژه‌