کچە گەڵا مەعشوقەکەم.
هەینی, 25 ئایار 2012 11:14




من زوو وتم لە گەڵای وەریوی پاییز دەچم!
من ساڵ نیە لەژێر پێیی نەهامەتیدا لەت لەت نەبم
عیلەتی سەفەر ڕەنگی ڕوخسارم زەرد زەرد نەکات .. لەقەدم جیانەکاتەوە،
کاتێک پێش سەفەر دەکەوم دڵم هەرلای کچەگەڵا مەعشوقەکەی دەزگیرانمە و
دەڵێم تۆبڵێیی ئەمشەو تیشکێک لە تریفەی مانگی پێ ببڕابێت
ئاخۆ بڵێییت ئاوەنگی حەزێک ڕژابێتە سەر جەستەی وشک هەڵاتوی
تۆ بڵێییت پەنا بەردێک سوکنایی دابێت بۆ ڕاموسان لەگەڵ گەڵایەکی تردا
یاخود وەکو کچە گەڵا ئاشقەقانی تر هەر تەنهایە و بەدەم ژانی
گەیشتن بە مەعشوقەکەی و گیرسانەوە لە تەک ئەودا هەر تل دەخۆات؟
چاوم لێبوو لەدوورەوە بەدەم بورتە و بۆڵەی باوە گەڵایەکی خێرلەخۆ نەدیوی کۆنە دارێک کە شەوێک بەر لە سەفەرم لەگەڵ گەڵا زیتەڵەی دەزگیرانمدا منیدیبوو،
بە تلە تل بەرەو ڕوم هات .. بەرە و ڕوم هات و لێم پرسی
ئەرێ هاوڕێ دەنگوباسی مەعشوقە زیتەڵەکەی من نازانیت؟
بەڵام گەڵا، چون هێندە با ماندوی کردبو و تلی دابوو
دەنگی تەواو داگیرابو .. هەر بە ئەستەم گوێم لێدەبوو
دەستێکی بە ڕویدا هێنا و تەپ و تۆزی سەر ڕوە زەردەکەی سڕی،
هەناسەیەکی هەڵکێشا و بەکۆڵێ داخەوە وتی..
من دوێنێ شەو چاوم لێبو کچە گەڵا زیتەڵەی دەزگیرانت بەدەم ڕێوە دەگەشتە هەر دڵۆپە ئاوێک دەستی دەکرد بەڕاموسان لەگڵیدا
هەتاوەکو ڕوحی بەبەردا بێتەوە تا پێت بگا، چی هەوڵیدا ئەوەندەی پێییکرا کردی بەڵام دواجار، لافاوێکی دڵڕەقی نێرینە کەلە پیاوە دڵ ڕەقەکانی ئەمڕۆ نەبێت
لە هیچ بونەوەرێکی تری نەدەکرد لەگەڵ خۆیدا کچەگاڵا زیتەڵەی مەعشوقتی دوور دوور برد و سەفەری دواجاری پێیی کرد،
درێژەی بە وتەکانیدا .. کچە گەڵا  هیندەی نەهامەتی دیبو باسکە زەرد و تەنکەکانی تەواو تەواو لاواز بوبو، بۆیا هەر زوو هەنجن هەنجن لەت و پەتبوو، خۆمەگەر هەر (دوعا) بزانێت چەند بە زەحمەت .. چەند بە ئازار گیانی دەرچوو.
لەو ڕۆژەوە هەتا ئێستا من هەر ڕۆژەی گڕیی خەیاڵێک تێمبەردەبێت
بەدەم یادگارێکەوە دەتلێمەوە، تازە ئیتر تائەبەد ناگیرسێمەوە
تازە چیتر نە لەوێم و نەلێرەم و نەدەڕۆم و نەدێمەوە زەمینیش نامگرێتە خۆی لەهەوای خەیاڵی کۆچی ئەودا، لەبۆشایی ئەم گەردوونە بەد پۆشەد،ا تائەبەد ناحەسێمەوە!.

باکۆ جەلال
١٥/٥/٢٠١٢ - ئەمریکا
ئەم پۆستە ئەلیکترۆنیە لەلایەن ئامێرئ سپامەوەیە. جاڤاسکریپت دەبێت چلاک بکەی بۆ بینینی, you need JavaScript enabled to view it

تێبینی: دوعا مەبەست لەو کچە عاشقەبوو کە لە کوردستان بە دەستی پیاوە دڕندە و ناپاکەکان لەسەر ئیشق بەردباران کرا تا گیانی بەخودای ئیشق بەخشی.