راپۆرتی وه‌رزانه‌ی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ له‌ کوردستان به‌ هۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه‌
شەممە, 30 حوزەیران 2012 11:04



کوژران، برینداربوون و گیران و خرانه‌ به‌ندیخانه‌ی 132 که‌ له‌ ماوه‌ی سێ
مانگی به‌هاری ئه‌و ساڵدا

کوردستان و کورد نیوز: سه‌رکوت و کوشتوبڕی خه‌ڵكی بێتاوانی کورد و، گرتن و
راوه‌دوونانی چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نی و کپکردنی ده‌نگی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ
له‌ کوردستان به‌ هۆی ده‌زگا ئه‌منیه‌تی و نیزامییه‌کانی کۆماری ئیسلامی
هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه‌.

ده‌زگا ئه‌منیه‌تی و هێزه‌ نیزامییه‌کانی کۆماری ئیسلامی له‌ کوردستان به‌
هاوکاریی یه‌کتر و وێڕای ده‌زگای قه‌زایی ئه‌و رێژێمه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌و
ساڵه‌وه ‌تا ئێستا بوونه‌ته‌ هۆی گیان له‌ ده‌ستدان و برینداربوونی 35 که‌س
له‌ کوردستان و هه‌روه‌ها خرانه‌ زیندان و سزادانی 95 که‌س و؛ له‌ سه‌پاندن و
جێبه‌جێ کردنی حوکمی ئێعدامی چالاکانی سیاسیی کورد له‌ کوردستان به‌رده‌وام
بوون.

له‌ ماوه‌ی سێ مانگی به‌هاری ئه‌و ساڵدا لانیکه‌م 22 که‌س له‌ کوردستان به‌
ده‌ستی هێزه‌ ئه‌منیه‌تی و ئینتیزامییه‌کانی کۆماری ئیسلامی که‌ 9 که‌سیان
کۆڵبه‌ران و کاسبکارانی ناوچه‌ سنوورییه‌کانی کوردستان بوون و به‌ ته‌قه‌ی
راسته‌وخۆی هێزه‌ نیزامییه‌کانی کۆماری ئیسلامی کوژراون. ده‌زگای قه‌زایی
کۆماری ئیسلامی له‌و ماوه‌یه‌دا دوو چالاکی سیاسیی کوردی له‌ژێر ناو و به‌
پاساوی قاچاغچی بوونی ئه‌و دوو که‌سه‌ له‌ دار داوه‌ و  شه‌ش زیندانیی سیاسیش
له‌ ماوه‌ی سێ مانگی به‌هاری ئه‌وساڵدا به‌هۆی پێڕانه‌گه‌یشتنی پزیشکی و
خراپبوونی باری سڵامه‌تی و ته‌ندروستییان له‌ زیندانه‌کاندا گیانیان له‌ ده‌ست
داوه‌.

هه‌ر له‌ ئاکامی که‌مین نانه‌وه‌ و ته‌قه‌ کردن له‌ کاسبکاران و کۆڵبه‌رانی
ناوچه‌ سنورییه‌کانی کوردستان که‌ به‌ هۆ بێکاری و بێ ده‌ره‌تانی به‌ کاری
کۆلکێشی نان و بژیوی رۆژانه‌ی خۆیان په‌یدا ده‌که‌ن، 13 که‌س بریندار بوون.
ته‌قینه‌وه‌ی مین له‌ کوردستان دیسانه‌که‌ش رووداوی دڵته‌زێنی لێ که‌وته‌وه‌ و
له‌ یه‌که‌م نابگی به‌هاردا دوو منداڵی 7 ساڵه‌  و 8 ساڵه‌ به‌ هۆی
ته‌قینه‌وه‌ی مین به‌ توندی بریندار بوون و ده‌ست و لاقیان له‌ ده‌ست دا.

 ناوه‌نده‌ ئه‌منیه‌تییه‌کانی کۆماری ئیسلامی له‌ کوردستان له‌ ماوه‌ی ئه‌و سێ
مانگه‌ی سه‌ره‌تای ساڵدا لانیکه‌م 51 که‌س له‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و چالاکان و
لاوانی هه‌ڵسووڕی کوردیان به‌ تۆمه‌تی چالاکیی سیاسی و ئه‌منیه‌تی دژی کۆماری
ئیسلامی قۆڵبه‌ست کردوه‌. به‌شێک له‌و که‌سانه‌ دوای لێپیچینه‌وه‌ و دادگایی
کرانیان به‌ شێوه‌ی کاتی و به‌ بارمته‌ ئازاد کراون و ده‌زگای قه‌زاییش له‌و
سێ مانگه‌دا لانیکه‌م  44 که‌س له‌ گیراوان و چالاکانی سیاسیی کوردی دادگایی
کردوه‌ و سزای  له‌ 5 مانگ و یه‌ک ساڵ و دوو ساڵ را بگره‌ تا 30 ساڵ زیندانی
به‌ سه‌ریاندا سه‌پاندوه و 3 که‌س له‌وانی مه‌حکووم به‌ ئێعدام کردوه‌.

شایانی باسه‌ که‌ ئه‌و ئاماره‌ به‌پێی ئه‌و هه‌واڵ و زانیارییانه‌ بڵاو
بوونه‌ته‌وه‌ که‌ به‌ هه‌واڵده‌ریی کوردستان و کورد گه‌یشتوون یان له‌ میدیا و
له‌لایه‌ن رێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤه‌وه‌ بڵاو بوونه‌ته‌وه‌و؛ به‌و پێیه‌ش که‌
کۆماری ئیسلامی که‌شی سه‌رکوت و بێده‌نگه‌ کردنی به‌ سه‌ر کوردستاندا
سه‌پاندوه‌، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئاماری پێشێل کردنی مافی مرۆڤ له‌ کوردستان زۆر
له‌وه‌ زیاتره‌ که‌ له‌و راپۆرته‌دا و له‌و خشته‌یه‌ی خواره‌وه‌دا هاتوه‌.


نێره‌ر // سمایل  شه‌ریفی