سه‌گ وه‌ڕى و كاروان تیَپه‌ڕى
شەممە, 30 حوزەیران 2012 11:15




                                  هیَمن عومه‌ر خۆشناو(شه‌قلاَوه‌)
كارى بانگه‌وازى و هه‌ولَدان بۆ گه‌یاندنى په‌یامى به‌خته‌وه‌رى، ئه‌گه‌ر به‌ وشه‌یه‌كیش بیَت، پیَویستى به‌ پشوودریَژى و لیَبڕاوى هه‌یه‌. له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ى شمشالَى به‌خته‌وه‌رى بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌یان لیَداوه‌و ویستویانه‌ دلَى سه‌رجه‌مى مرۆڤایه‌تى له‌و ریَگایه‌وه‌ له‌گه‌لَ شنه‌ى سه‌دایان بله‌رنه‌وه‌و بىَ سىَ و دوو نه‌سیمى خواناسییان بۆ بهیَننه‌ به‌رچاو و گوىَ و دلَیان، ئه‌وا كه‌م تا زۆر ده‌كه‌ونه‌ به‌ر توانج و پلارو هه‌ستیان دنه‌یان ده‌دات و ختوكه‌ى ئه‌وه‌یان به‌دلَ دا دیَت، كه‌ ئیدى دونیا به‌شى هه‌ناسه‌یه‌كى تیَدا نه‌ماوه‌و ئه‌وجار مردن به‌ پاره‌ش بیَت ده‌یكڕن.
  میَژسالَیشه‌ ئه‌م به‌ریكانه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌و ئه‌وانه‌ى شانیان داوه‌ته‌ به‌ر ئه‌م په‌یامه‌ و چه‌شنى (مه‌ولاناى رۆمى) بانگى سه‌رجه‌مى مرۆڤایه‌تى ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌ بالَى قورسى تاوانیشه‌وه‌و به‌ دلَشكاندنى خه‌لَكانى تریشه‌وه‌ بارگاوى بووبن، لىَ ته‌نیا بۆ دۆزینه‌وه‌ى حه‌قیقه‌ت خه‌نجه‌ریان هه‌ر له‌ كالانه‌، هه‌مدیس ئه‌وانه‌ى بانگده‌رى ئه‌و په‌یامه‌نء هه‌موو كه‌س نین، به‌لَكو هه‌لَبژیَردراو و ده‌سته‌بژیَرو ده‌سته‌و تاقمیَكى ناو ئه‌م جیهانه‌ن و شان و بالَیان داوه‌ته‌ به‌رو ده‌یانه‌وىَ ببنه‌ مه‌ته‌ریَزو گولله‌ به‌رۆك و سنگیان بگرىَ، له‌ پیَناو سه‌لامه‌تى ئه‌وانیدى..
گه‌لیَك چه‌لان دلَ ته‌نگ ده‌كریَن، بریندار ده‌كریَن، ده‌ڕووشیَنریَن، ده‌یانه‌وىَ له‌ لیَدانى رۆح بكه‌ویَنریَن، له‌ لڤینى په‌یامدارانه‌ بسره‌ون، له‌و گه‌رم و گوڕییه‌ بكه‌ون كه‌ پارچه‌ دلَیَكى بچكۆلاَنه‌ ده‌توانىَ نیشتمانیَك له‌ به‌سته‌لَه‌كى ساردو سڕدا گه‌رم بكاته‌وه‌... له‌ جۆش و خرۆش بوه‌ستیَنرىَ، كه‌ دونیایه‌كى مه‌نگ ده‌شلَه‌قیَنىَ.. له‌م باره‌دا دوو راستیى هه‌ن ده‌بىَ ببنه‌ گواره‌و له‌گوىَ نه‌كریَنه‌وه‌:
یه‌كه‌م: هه‌تا راستیى هه‌بیَت و چرایه‌كانى نه‌كوژیَنه‌وه‌، شه‌مشه‌مه‌كویَره‌كانى درۆو بوختان و حه‌سوودى كه‌لیَنیَكى تاریك هه‌ر ده‌بیننه‌وه‌و ته‌مۆخیَكى ره‌ش و ناشیرین هه‌ر ده‌بىَ نیازه‌كانى تیَدا بڕه‌تیَنن.
دووه‌م: كاروانى دونیا كه‌ په‌یامى به‌خته‌وه‌رى هه‌لَگرتووه‌، نه‌ به‌كوژانه‌وه‌ى گلَۆپه‌ سپییه‌كانى راستیى و نه‌ به‌ هه‌واى بۆگه‌نى ئه‌وانى تر ناوه‌ستىَ و سرووشتى وایه‌ ئه‌م ڕه‌وڕه‌وه‌ هه‌تا خوا له‌ هه‌قى دیَت هه‌ر ده‌میَنىَ. جا كه‌وایه‌ ئه‌ى مرۆى په‌یامدارو ئه‌ى بانگه‌وازكه‌رى ریَگاى حه‌قیقه‌ت:
عاجز مه‌به‌ هه‌رگیز له‌ درۆو ئیفكى حه‌سوودان
دونیایه‌ ده‌بىَ سه‌گ بوه‌ڕىَ و شیعه‌ بكا سه‌ب
                                                        (نالى)
تیَبینى: له‌ گۆڤارى چراى رووناكى ژماره‌ 45 بلاَوبۆته‌وه‌.