گله‌یی
هەینی, 13 تەمموز 2012 11:36
 
که‌ژال ئیبراهیم خدر  1 ورە من و تۆ جاران یەک کەس بووین ئەمشەو دوانین دووهەناسەو دووگیانى لە یەک جیاواز تۆتۆیت و منیش خۆمم.  2 کە تۆدڵەکەت پەڕەسێلکەیەک بێ بە ئارەزووى خۆى گەرمیان وکوێستان بکات چۆن دەتوانێ هێلانەکەى لە سەر سینەى نەرمى ئافرەتێ دروست بکات.  3 من ئێستاکە نامەوێ بزانم تۆ بۆمن کێ بوویت وکێیت ؟ هێندە بەسە بۆ ناسینت بۆگەیشتن بە خونچەیەک هەرچى گوڵە ناتە ژێر پێت !  4 هەرگیز هەرگیز جارێکى تر بیر لە تۆ ناکەمەوە لەگەڵ ژان وئازارەکانتا ناژیم لەناو بیرەوەریەکانتا ناتوێمەوە چونکە تۆهەست بە ئازارى عەشقانە ناکەیت.  5 من وئەوانى دى دوو دژى ناو کوانویەکین ئەوەى بیکەم ئەوەى بیڵێم نیوەى ئەوانى دى نابێ.  6 ئەمشەو چاوەکانت کامێرایەکى فۆتۆگرافە و بە دواى نیگاى مندا وێڵە وێنەى بگرى تا بەدیوارى تەمەنتا هەڵیواسى لێم ببورە من نامەوێ تابلۆیەکى ،ژوورە داخراوە کەى تۆبم دوا هەناسەى خۆشەویستى و حەزى تیا بدەم.  7 دەڵێ ى دەڕۆمتا دێمەوەتا دێمەوە تۆپیاوى ماڵکەم بە منیش دەڵێم بە سەرچاو من دەتوانم پیاوى ماڵەکەى تۆ بم بەڵام کە سبەینێ گەڕایتەوە تۆناتوانى دان بەو ڕاستى یەدابنێ ى نیوەى پیاوى تەواویش بم.  8 بە هیواوە بڕۆو بارگەى بیرەوەریەکان بۆمن جێ بهێڵە خونچەى پێکەنینەکان لەگەڵ خۆت بەرەو درەختى خەونە قورسەکان لێرە بنێژە چاو بە ئاوێنەى ئاسمان و مانگ و ئەستێرەکاندا مەگێڕە ڕوخسارى منى تیادا نادۆزیتەوە ئەم ئەشقەى من تروسکاى لە چاوى هیچیاندا نەهێشتۆتەوە ؟  9 شەوێکى پڕگەواڵە هەورە لافاوى خەم کەشتى توڕەییم ڕاو دەنێ چ ئازارێکى ناوەختە ئائەم دڵەکوکوختى یەم نامۆ دەکا.  10 ئەمشەو دوا دیرى ئەو ووشانەم لەفەرهەنگى بیرەوەرىیەکانما کوژاندەوە کە ناوى تۆى لێ پێک هاتبوو