بانگه‌وازێکی به‌ په‌له‌ (گیانی که‌بوودوه‌ند له‌ مه‌ترسی دایه‌، ده‌بێ به‌ په‌له‌ فریای بکه‌وین(
چوار شەممە, 18 تەمموز 2012 12:08




بۆ:
سکرتیری گشتیی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، به‌ڕیز بانکی مۆن!
 شووڕای مافی مرۆڤی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و لێکۆله‌ری تایبه‌تیی ئه‌و شووڕایه‌ بۆ بارودۆخی مافی مرۆڤ له‌ ئێران، به‌ڕێز ئه‌حمه‌د شه‌هید!
رێکخراوی نێونه‌ته‌وه‌یی لێخۆشبوون!
رێکخراوی چاوه‌دێری مافی مرۆڤ له‌ رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست!
سه‌رجه‌م ناوه‌ند و دامه‌زراوه‌ و که‌سایه‌تییه‌ نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌ییه‌کانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ!
به‌ڕێزان!
 زیاتر له‌ 50 رۆژ به‌ سه‌ر مانگرتنی محه‌ممه‌د سه‌دیق که‌بوودوه‌ند، دامه‌زرێنه‌ر و سه‌رۆکی رێکخراوی داکۆکی له‌ مافی مرۆڤ له‌ کوردستان، له‌ به‌ندیخانه‌ دا رابردوه‌. ئه‌و که‌سایه‌تییه‌  مرۆڤدۆسته‌ که‌ به‌ تاوانی داکۆکی له‌ مافی مرۆڤ و پێکهێنانی رێکخراوی مه‌ده‌نی بۆ ئه‌و ئه‌رکه‌ پیرۆزه‌، زیاتر له‌ 5 ساڵه‌ له‌ به‌ندیخانه‌ دایه‌، له‌ رۆژی 6ی جۆزه‌ردان)( 26ی مای)ه‌وه‌ وه‌ک ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕین له ‌بارودۆخی خۆی له‌ به‌ندیخانه‌ دا، مانی له‌ خواردن گرتوه‌. جگه‌ له‌وه‌ی کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی  رێگای ئه‌وه‌یان پێنه‌داوه‌ بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌کانی خۆی بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ی زیندان، ته‌نانه‌ت بۆ راگه‌یشتن به‌ نه‌خۆشیی لاعیلاجی کوڕه‌که‌ی، په‌ژمان، نه‌یانهێشتوه‌ وه‌ک مه‌ره‌خه‌سی له‌ زیندان بچێته‌ ده‌ر. به‌ڕێز که‌بوودوه‌ند ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌مه‌ له‌ چاوپێکه‌وتنێک له‌ گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی له‌ به‌ندیخانه‌ی ئێویندا، رای گه‌یاندوه‌ که‌ له‌کاتژمێر 22ی شه‌وی رابردووه‌، مانی له‌ خواردنی وشکیش گرتوه‌ و جیاوازیدانان له‌ نێوان به‌ندییه‌کانی سه‌ربه‌که‌مایه‌تییه‌کان و به‌ندییه‌کانی دیکه‌ی وه‌ک هۆی مانگرتن له‌ خواردنی وشک ناوبردوه‌.
به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌کان و به‌ سه‌رنجدان به‌ مانگرتنی 50 رۆژه‌ی، باودۆخی جه‌سته‌یی و ده‌روونیی ئه‌و  به‌ندییه‌، له‌و په‌ڕی خراپی دایه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌نگاوی به‌ په‌له‌ بۆ  ده‌رهێنانی له‌م بارودۆخه‌ هه‌ڵ نه‌گیرێ،مه‌ترسیی له‌ نێوچوونی هه‌یه‌.
هه‌ر بۆیه‌ داوا له‌ ئیوه‌  رێکخراو  و که‌سایه‌تییه‌ مرۆڤدۆسته‌کان و هه‌موو ناوه‌ند  ولایه‌نێکی  خاوه‌ن نفووز ده‌که‌م هه‌نگاوی به‌ په‌له‌ هه‌ڵ بگرن و هه‌موو هه‌وڵی خۆتان بۆ گوشارهێنان بۆ سه‌رکۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ کار بێنن، بۆ ئه‌وه‌ی رێز له‌ داواکانی که‌بوودوه‌ند بگرێ و نه‌ک هه‌ر هه‌لومه‌رجێکی باشتر بۆ راگرتنی له‌ به‌ندیخانه‌ دا پێک بێنێ، به‌ڵکوو له‌ زیندان ئازادی بکا و له‌مه‌ش زیاتر چاو به‌ سه‌رجه‌م  سزا وبڕیاره‌کانی خۆی له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نیی به‌ندکراو  دا، بخشێنێته‌وه‌.
هه‌ر له‌م ده‌رفه‌ته‌ که‌لک وه‌رده‌گرم و له‌ رێگای بنه‌ماڵه‌ و هه‌ر که‌سێک پێوه‌ندیی به‌ به‌ڕێز که‌بوودوه‌نده‌وه‌ هه‌یه‌  ئه‌م په‌یامه‌ی خۆم و حیزبی دیموکراتی کوردستان به‌ به‌ڕیزیان راده‌گه‌یه‌نم که‌ بۆ ئه‌وه‌ی ویستی کۆماری ئیسلامیی ئێران نه‌یه‌ته‌ دی و بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان و ئێران ئه‌و رۆڵه‌ تێکۆشه‌ر و مرۆڤدۆسته‌ی خۆیان به‌ هاسانی له‌ ده‌ست نه‌ده‌ن، مانگرتنه‌که‌ی بشکێنێ.چونکه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌  په‌یامی مانگرتنه‌که‌ی که‌ ناره‌زایه‌تیده‌ربڕین له‌ سته‌م و بێدادی کۆماری ئیسلامییه‌، به‌ گوێی بیروڕای گشتیی گه‌یشتوه‌. ئێستا ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان و ئێران و ویژدانه‌ زیندووه‌کان  له‌ راده‌ی جیهانی دا، ئه‌رکی خۆیان له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ بارودۆخی که‌بوودوه‌ند و داوا ڕه‌واکانی دا جێبه‌جێ بکه‌ن.
من به‌ ده‌رفه‌تی ده‌زانم بۆ ئه‌وه‌ی داوا له‌ هه‌موو حیزب و رێکخراوه‌ سیاسییه‌کان و دامه‌زراوه‌ مه‌ده‌نییه‌کانی کوردستان و ئێران بکه‌م  هه‌ر چی زووتر پێکه‌وه‌ به‌ هاوده‌نگی وهاوهه‌نگاوی حه‌ره‌که‌تێکی گشتی و سه‌راسه‌ری له‌ راده‌ی کوردستان، ئێران و ده‌ره‌وه‌ی وڵات دا‌، به‌ پشتیوانی له‌ به‌ڕێز که‌بوود وه‌ند و به‌ مه‌به‌ستی گوشارهێنان بۆ سه‌رکۆماری ئیسلامی وه‌ڕێ بخه‌ین.
جارێکی دیکه‌ سه‌رنجی هه‌موو لایه‌کتان بۆ لای پێویستیی هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوی به‌ په‌له‌ به‌ مه‌به‌ستی نه‌جاتدانی گیانی به‌ڕێز که‌بوودوه‌ند راده‌کێشم.



خالید عه‌زیزی
سکرتێری گشتیی
حیزبی دیموکراتی کوردستان
دوانیوه‌ڕۆی یه‌کشه‌مه‌
25ی پووشپه‌ڕی 1391
15ی جولای 2012