دیمانە، دکتۆر ڕەوا جەمال تایبەت بە کوردژین دەدوێت!!
دووشەممە, 20 ئاب 2012 08:16



سڵاو،،، وەکو ماڵپەڕی کوردژین پێمان باش بوو دیمانەیەک لەگەڵ هونەرمەندی ئازیز ڕەوا جمال عبدول ساز بکەین، تێیدا بە سوپاسەوە دکتۆر وەڵامی پرسیارەکانی کوردژینی بەم شێوەیە دایەوە.

1.سەرەتا پێناسەیەکی خۆتمان بۆ بکە!

*.سەرەتا من ناوم ڕەوا جەمالە لەدایک بوی ساڵی 1982 م لە سلێمانی و هەموو قۆناغەکانی خوێندنم بە زانکۆشەوە هەر لە سلێمانی تەواو کردوە ئێستا خاوەنی بڕوا نامەی ماجستێرم لە بواری تیشک، پزیشکیی دداندا.

2.هەمومان گوێمان لە بەرهەمەکانی تۆ بوو، وە ناوبانگێکی باشی پەیدا کرد ئایا ئەکرێت باسێکی چونە ناو دنیای هونەرمان بۆ بکەیت لەگەڵ لایەنە باش و خراپەکانی ئەم کارانەی پێشوت؟

*.وەکو کاری هونەری، لە منداڵیەوە خولیای مۆسیقا و گۆرانی کوردیم هەبوەو بەردەوام لەناو ماڵ و ژیانی ڕۆژانەو لەبەر خۆمەوە گۆرانی گۆرانیبێژەکانی کوردم حەز لێبو وە ئەموتنەوە، منیش بیرم لەوە کردەوەو بەپاڵپشتی و هاندانی بەردەوامی دایکم و ماڵەوە هەندێک لەو گۆرانیانەی خۆم حەزم لێیان بوو تۆمارم کردن بۆ خزم و کەس و کار و هاوڕێ نزیکەکانم، بەو شێوەیە دەستاو دەست بڵاو بوەوەو دەنگۆیەکی باشی لێ کەوتەوە زۆرینەی خەڵک پێیان باش بوو وە حەزیان لە دوبارە گوێ لێگرتنەوەی ئەو گۆرانیە ڕەسەنانە بو بەدەنگێکی نوێ.

3.بەڕای تۆ هونەر کە کوردستان ئازاد تر و فراوان ترە یان لە وڵاتانی دەرەوە ئایا کورد پێویستی بە چیە بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی پێویست؟

*.هونەر لەهەرشوێنێک بیت ئەتوانی کاری تیابکەیت و خۆو بەرەو پێش بەری، بەڵام لەو بڕوایەدام لە ئەوروپاو دەرەوە گرانترەو زەحمەتترە، کارو باری هونەری پێویستی بە ئامادەکردنی تێکست و ئاواز و دابەش کردنی میوزیک و ستۆدیۆ هەموو ئەم شتانەش لەدەرەوە زەحمەتن، بە بەراورد لەگەڵ لای خۆمان، کوردیش وەکو هەموو میلەتێکی دنیا پێویستی بە گۆرانکاری و تازەگەری هەیە لە میوزیک بە جۆرێک کە لەگەڵ چێژی گوێگری ئەم سەردەمە بگونجێ و بەمەرجێ ڕەسەنایەتی و کوردێتێ خۆی لەدەست نەدات.


4.چی بەو گەنجانە ئەڵێیت کە حەز بە گۆرانی وتن ئەکەن و هەستت چۆنە بەرامبەریان کە زۆرینەیان بە هۆی باری دارایی و زۆری نرخی ستۆدیۆکانەوە ناتوانن کار بکەن

*.بەڵێ بەداخەوە زۆری نرخی ستۆدیۆ مۆسیقا دابەش کردن و تەنانەت ئاوازی تێکستیش ڕێگرە لەبەردەم گەنجاندا کەناتوانن بە پێی پێویست ئەو حەز و بەهرەو خولیایانەی هەیانە بەجێی بگەیەنن، بەڵام بێگومان سور بونی مرۆڤ لەسەر بە ئەنجام دانی حەز و ئارەزوەکان لەهەموو ئاستەنگەکان گەورە ترە.

5.لە زۆرێک لە چاو پێکەوتنەکاندا باست لەوە کرد کە ئەلبومێکی نوێت بەدەستەوەیە ئەکرێت باسێکیمان بۆ بکەیت وە کەی دیتە بەر گوێمان؟

*.بەڵێ سەرقاڵی ئەلبومێکی تایبەت بە خۆمم لە دە تراک پێک هاتوە سەرجەمیان تایبەت بە خۆمن و ئاوازەکان زۆربەی هی مامۆستای بەڕێز و خۆشەویست بورهانی موفتی زادەیە، ئاوازێکی کەی هی کاک ئاکۆ عزیزە و تراکێکی پشکۆ مستەفایە و تراکێکی کەی سۆران فایەقە، هۆنراوەکانیش  هی گۆرانی نەمر و مامۆستا ساڵح بێچار و ڕێبواری دەلاک و ئەحمد محمد و محمد کەساس و ئەحمد ئیسماعیل و فەرید مەخموری و سەیوانن، لە قۆناغی کۆتایدام و بە ئومێدی ئەوەی بتوانم بەم نزیکانە تەواوی بکەم و بڵاوی بکەمەوە، هەوڵم یاوە زۆرینەی ستایڵەکان تاقی بکەمەوە بە هیوام بەدڵی هەموان بێت ئیشەڵا. 

6.ئایا جگە لە گۆرانی وتن چ هیوایەکی ترت هەیە وە ئایا تا چەند گرنیان پێ ئەدەیت؟

*.جگە لە گۆرانی وتن، مۆسیقا ئامێری پیانۆ و وەرزش بەگشتی، ئەوەی ڕاستی بێت بەهۆی سەرقاڵیم بەکاری دەوام و پزیشکیەکەمەوە ناتوانم بەپێی پێویست گرنگیان پێ بدەم، بەڵام ژێر لێویشیان نانێم و بەپێی کات و توانا بایەخیان پێ ئەدەم.

7.دوا وتەت بۆ کوردژین.

*.دوا وتەم بۆ کوردژینی خۆشەویست هیوای سەرکەوتنتان بۆ ئەخوازم و دەستی ماندوبون و هەوڵی بەردەوامتان ئەگوشم و بە هیوام بەردەوام بن لە خزمەت کردن و ئاوڕدانەوە لە هونەرمەندە گەنجەکان زۆر سوپاس.

دیمانه‌ // رێبین سه‌ربه‌ست  ....سلێمانی


12.8.2012