چەند دەلاقەیەکى ئیستێتیکاى دەقى چیرۆکى کوردى چیرۆکى (بۆقى ژەهراوى) بەنموونە
هەینی, 01 نیسان 2011 17:20


هێمن عومەر خۆشناو-شەقلاوە
زۆر جاران وا رێک دەکەوێ کە بەهاى دەق، بەتایبەتیش دەقى چیرۆک لەوەدا چڕ بێتەوە کە هەموو تەکنیکەکانى پێکەوە وا تێک بگیرێن کە بوارى هیچ بۆشاییەکى سادەو ساکارو زیادە نەبێتەوە، ئەمەش هەموو دیوەکانى دەق دەگرێتەوە، چونکە شیعرییەتى دەق هەر تەنیا لە زۆرى بارستەو جوانى ئیستاتیکاى رووخسارەوە ناسەنگرێتەوە، بەڵکو ئەوە زمانى دەق و ئیستاتیکاى دەربڕینە کە داپۆشەرى هەموو پێکهاتەکانى دیوى دەرەوەى دەقە، بەو واتایەى لادان و بنەما ئیستاتیکى و شیعرییەت بوونى دەق تەنیا ملکەچى هەندێ یاساو رێسا نابێ کە تیۆردانەران دایانناوە، بە جۆرێک پەیڕەوى کردنى ئەو ڕێسایانە کە بە سوودوەرگرتنە لە رەوانبێژى، هەموو بەهایەکان لەخۆناگرێ،  بەڵکو لادان لەو بنەمایانەو هەست کردن بە جوانییەکانى دەربڕین و تێوەنەگلان لەو یاسایانەء سەرنەکەوتن لەم هەموو کۆت و بەندە وادەکا پەل بۆ جەوهەرى دەق بهاوێژرێء لەو سۆنگەیەوە جیا لە خۆبەستنەوە بە هەندێک بنەماى سەرەکى، زمانەکە گرنگى پێ بدرێ.
لە نێو دەقى چیرۆک و رۆماندا، هەموو جارێ تەکنیکى ئاڵۆزى گێڕانەوە نابێتە پێوەرى هونەرمەندانەى نووسەر و نیشانەى جوانیی و دەست ڕەنگینى نییە، چونکە ئەگەر لە سەرێکیشەوە بەهاى دەق بەرز بکاتەوەو وەستاکارى نووسەر پیشان بدات، گەلێک جاران ناوەڕۆک و گەوهەرى بنەماى دەقەکە دەبێتە قوربانى ئەو تەکنیکسازییە. لەبەرئەوە رەچاونەکردنى ئەم دیدگایە زۆر جار دەبێتە چەپەرێک لەبەردەم رەخنەگر و لاقى پرۆسەى رەخنە کورت دەبیًَت، بەوەى لە گۆشەیەکى باڵەخانەى دەقەکە دەکۆڵێتەوەو وێنەى دەگرێ، بێ ئەوەى ئاگاى لێ بێت یان نایەوێ پیشانى بدات کە لە لایەکى تر و لە ناخەوە داڕماوەو تەمەنەکەشى بە ئاشکرا دیارەو لە نەمریدا زۆر دوور دەبێتەوە، لە راستیدا لە پرۆسەى رەخنەدا ئەگەر بزانرێ لە گۆشەیەکدا بەهاو باڵاى دەق لە گرێژنە چووە دەبێ تیشکى بخرێتە سەرء رەخنەگر نابێ پێى وابێ نابێ لەو کردەیەدا شتى ناکۆک بگوترێن، چونکە لە لێکۆڵینەوەیەکى وەسفیدا بونیادى دەق شیدەکرێتەوە بەلایەنە هونەرى و ناهونەرییەکەیەوە و لە هەر شوێنێ ناهونەریبوونەکە دیوارە هونەرییەکەى بەرەو رووخان پاڵ دابوو دەبێ پیشان بدرێو بخرێتە بەر باس.
لە خوێندنەوەى چیرۆکى (بۆقێکى ژەهراوى)دا، خود جگە لەوەى لە ڕووى ناوەڕۆکەوە بەرجەستەیە، لە ڕووى تەکنیکسازیى چیرۆکیشدا سەنگراوەتەوەء تایبەتمەندییەکى دیارى پێ بەخشیوە، بە رادەیەک شێوەى کورتە چیرۆکێک لەم شێوەیە سیخناخ بووە لە دواندنى خود و خستنەڕووى پێکهاتەیى خود دا، تەنانەت ئەمە لە ناوونیشانەوە بگرە تا سەرەتاو کۆتاییشى گرتۆتەوە.
ناوونیشان ئەگەر کردەیەکى ستراتیژیى بێت لە پێکهاتەى باڵاى دەقەوە، ئەوا ئەو کاتە بەهاکەى خۆى زیاتر دەچەسپێنێ کە ناوونیشانێکى نائاسایى بێت، واتە لە زمانى ئاساییەوە دوور بێت و دەست و پەنجەو وەستایى نوسەرى تێدا رەنگدابێـتەوە، ئەمە ئەگەرچى شیعرییەت بوونى ناوونیشان دەسەلمێنێ، بەڵام لەو سۆنگەوەش کە دەشێ دەقێکى تەواو لە دەربڕینێکدا کورت بکرێتەوە، واتە بەو مانایەى کە دەشێ تاکە ناوونیشانێک ناسنامەى دەق بوونى تێدا بەرجەستە بێت، بەڵام لە هەمووى کاریگەرتر ئەوەیە لە لایەک ناوونیشانەکە خۆى لە خودبووندا گیرسابێتەوەو بەهاى دەقى بەهێز کردبێت پاشان لە خودى نووسەرەوە بۆ ناخى خودى وەرگرەوە بگوازرێتەوە بە هەمان بەهاوەو لەوانەیە بەهایەکە لاى وەرگر زیاتریش بکات. هەتا بوارى ناوو ناولێنراو یان دال و مەدلوول و یان ناوو ئاوەڵناو و یان ناوو ناوەکە لێک دوورتر بێت جا چ لە رووى رێزمانییەوە بێت یان واتاییەوە ئەوا دەق زیندووتر دەکات و بەرەو جوڵەو بزاوتنى زیاترى دەبات.
چیرۆکى (بۆقێکى ژەهراوى) کە بەو ناوونیشانەوە خۆى پێشانى وەرگر دەدات، سەرەتا وەرگر تووشى جۆرێک لە بیرکردنەوە دەکات، ئەگەر چى لە شێوەدا تا رادەیەک سادەیى پێوە دیارە، بەو پێوەرەى کە نزیکە لە دەربڕینى (بۆقێکى گەورە، بۆقێکى سەوز، بۆقێکى مردوو.......هتد) کە ئەم دەربڕینانە لە قسەى ئاسایى نزیکن و ناوونیشانى لەو جۆرە لە ناوونیشانى هەقایەتى فۆلکلۆرى نزیک دەکەوێـتەوە، بەوەى لە دوو وشە پێک دێت، ئەگەرچى ئەم جۆرە ناوونیشانانە لە هەقایەتى فۆلکلۆرى کوردى و لە چیرۆکى هونەریشدا بە رێژەیەکى زۆر بەکارهاتوون، بۆیەش لاى خوێنەر ئاسایى بوون، بەڵام دەربڕینى (بۆقێکى ژەهراوى) لەوانى تر جیاوازە، چونکە خوێنەرى ئاسایى چاوەڕێى ئەوە ناکات کە بۆقێک ژەهراوییە، بۆ ژەهراوییە؟ چۆن زانرا کە ژەهراوییە؟ پەیوەستییەک لە نێوان خەڵکى ئاسایى و کردەى ژەهراوى بوونى بۆقدا کەمێک دوورە. هەتا ئەم دووربوونە کەمتر بێت پەیوەندى ناوونیشانەکەو قسەى ئاسایى زیاتر دەبێت و بە پێچەوانەوە کاتێک پەیوەندییەکە دوورەو لە پێشبینى خوێنەر دا نییە یان کەمە و ئەوسا دەق بەهاو تایبەتمەندى بۆ خۆى مسۆگەر دەکات و وەرگر لە هەوڵى ئەوە دابێ کە لە نهێنییەکانى بگات و بتوانێ کلیلەکانى کردنەوەى دەرگاى ئەو نهێنییانە بدۆزێتەوە.
لە لایەکى دیکەوە ژەهراوى بوون وەک کردەیەک لە ناخى بۆقەکەدا روودەدات، ئەمە ئەگەر سەرەتا وەرگر بە پێشبینیش وەریبگرێ و لەلاى جۆرێک لە تەمء مژى و ئاڵۆزى دروست بکا، ئەم تەم و مژییە لە خودى بۆقەکەو لە خودى نووسەرەو بۆ خودى وەرگر دەگوازێتەوە. کەواتە دواندنى دەق لەلایەن خودەوە و بە پێچەوانەوە چوونە نێو ناخى بۆق و بارە ژەهراوییەکەى لەلایەن وەرگرەوە (کە ئاوێتە بوونە لەگەڵ کرۆکى دەق) ناخى وەرگر دەخەنە بارێکى بیر کردنەوەوە، ئەمەش دواجار لە نێو بەهاو جوڵەى دەقدا دەسەنگرێتەوە.
زۆر جاران وا رێک دەکەوێ کە ناوونیشان لە سەرەتاى دەقەکە یان ناوەراست یان کۆتایى دەقەکەدا دەدۆزرێتەوەو وەکو گرێیەک دەبێتەوە، جا لەو سۆنگەیەوە ئەگەر خودى ناوونیشانەکە هێمادار بوو ئەوا لەنێو ناواخنى دەقەکەدا لاى وەرگر روونکردنەوەیەک بۆ ئەو هێمایە بەرجەستە دەبێت و دەبێتە هۆى تێگەیشتنێکى تایبەت بۆ وەرگرەکە. بەڵام ئەوەى جێگاى باس لێوەکردنە ئەوەیە هەندێ جار راستەوخۆ ناوونیشانى دەق پەیوەندى لەگەڵ دەسپێکى دەقەکەدا دەبەستێت، زۆربەى جارانیش بۆ ئەو مەبەستەیە کە مەغزاو مەدلوولەکە لەو شوێنەوە رادەستى وەرگر بکات. جا ئەو کاتە بەهاى دەق پتەو تر دەبێت کە دەسپێکەکە تەواو گرێیەکە نەکاتەوەو هێنانەوەکەى لەپێناو زیاتر تامەزرۆیى وەرگر بێت و پێداگرى لەسەر ناوونیشانەکە بکات وەک کلیل و بابەتى سەرەکى و وەک دەروازەیەک خۆى لە دەسپێکدا بناسێنێ.
لە چیرۆکى (بۆقێکى ژەهراوى)(1)ى (جەلال قادر)دا، خوێنەر کە لەناوونیشانەکە بوویەوە بە چ باران پێشبینى ئەو شتە ناکات کە لە رستەى یەکەمى دەسپێکەوە هاتووە، واتە مەزندەى هەموو شتێک دەکات کە پەیوەندى بە بۆق و ژەهراوى بوون هەبێت، بەڵام بیرى بۆ ئەوە ناچێ کە بۆقەکە لەناو ورگى مرۆڤ دابێت:
((پێش ئەوەى ورگم هەڵدرن و بۆقەکەى تیا دەربێنن،..)) هێنانەوەى ئەم رستەیەو رستەکانى دواترى نێو دەسپێک، لەو شوێنەوە بۆ ئەوە گرنگە کە لەلایەک جۆرێک لە تامەزرۆبوون لە هۆشى وەرگر درووست دەکات، بە ئەندازەى ئەوەى کە لەگەڵ چیرۆکەکە بەردەوام بێت و بە دواى ئەو پرسیارانە دابچێ کە بۆچى بۆق لەنێو ورگى مرۆڤدایە و بۆچى ئەو کەسە داوا دەکات کە نەکوژرێ و لەگەڵى بمێنێتەوە؟ لەم رووەوە تووشى سەرسووڕمان دەبێت. لەلایەکى تریش هەر بەو رووداوە دەست پێ ناکات و بەڵکو بە سەرەتاکانى پێش چوونە لاى پزیشک دەست پێ دەکات، کە ئەمە بۆ خۆى دەبێتە بەشێک لە پێکهاتەى دۆزینەوەى نهێنییەکان و روونکردنەوەى هەندێ زانیارى تر. واتە رووداوەکە دەپچرێنێ و بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە کە ئەمە بۆ خۆى سەرنج راکێشانەکە بۆ خوێنەر قووڵ تر دەکاتەوە.
ناوونیشان و دواتر هاتنى دەسپێک بۆتە پردێکى پەیوەندى تا ناوەڕۆک و کۆتایى چیرۆک بە ناوونیشانەوە ببەستێتەوە، لە حاڵیکیشدایە ئەمە بۆ ئەم چیرۆکە ئەگەر ئەم دوو دێرەى دەسپێکەکە نەبوایە دەقەکە (بەدەر لە بەرگە رەمزییەکەى) دەبوو بە گێڕانەوەیەکى ئاسایى کە لە گێڕانەوەى هەقایەتێکى فۆلکلۆرى دەچوو و بە سادەیى خۆى رادەستى وەرگر دەکرد. بەلام ئەم دەسپێکە وەک ئەوە وایە چیرۆکنووس یان گێڕەڕەوەکە لەلایەکى تر (پاڵەوان)ەکە دەستى بە خوێندنەوەى چیرۆکەکە کردبێ و لەو شوێنەى کە یەکەم رستەى دەقەکەیە لێرەدا، وەرگرێک بێتە ژوورەوە دەقەکە بچڕێنێ و داوا لە گێڕەرەوە بکات کە سەربردەى چیرۆکەکەى بۆ بگێڕێتەوە، ئەویش هەقایەتبێژانە چیرۆکى بۆقەکەو خۆی بۆ بگێرێتەوە و لەو شوێنەى کە پچڕاندبووى لە دواى ئەم دەربڕینە کە سەرەتاى دەقەکەیە ((پێش ئەوەى ورگم هەڵدرن و بۆقەکەى تیا دەربێنن، پزیشکەکان دەیان وەرەقەیان پێ ئیمزاکردم. بەلامَ من یەک مەرجم هەبوو کە بۆقەکە نەکوژرێء لەگەڵ مندا بمێنێتەوە. پزیشکەکان ڕازیبوون ء بەنجیان کردم بەرەو ژوورى نەشتەرگەری بردمیان.). لە دواى ئەم رستەیەوە کە ئیمە بە دەسپێکمان داناوە، زۆر بە سادەیى چیرۆکنووس وەک ئەوە وایە رووبەڕووى ئەو وەرگرە هاتبێتەوە کە پچڕاندبووى راستەوخۆ دەڵێ:(چیرۆکى ئەم بۆقەش: چەند هەفتەیەک لەمەو پێش .......)
چیرۆکى (بۆقێکى ژەهراوى) خاوەنى زمانێکى ئاڵۆز نییە کە خوێنەر تووشى پەشۆکان و ڕامانى قووڵ بکات، بەو مانایەى ئەوە زمانى ئاڵۆزى چیرۆکەکە نییە کە خوێنەر تامەزرۆ دەکات، بەڵکو قورسایى و بەهاى زمانەکە گوازراوەتەوە بۆ ناوەڕۆک، واتە ناوەرۆکەکە بە زمانێکى نائاسایى ناوەڕۆکەوە نووسراوە، کە خوێنەر پێشبینى ناکات. کۆى چیرۆکەکە بۆقێک لە سکى کەسێک دەردێنن و گفتوگۆى کەسەکەو بۆقەکە دەست پێدەکات و دواتر لێک جیادەبنەوە. ئەمە زمانێکى ئاساییە، بەڵام خودى پرۆسەى بوونى بۆقەکە لەنێو سکى مرۆڤەکەداو قسەلەگەڵ کردنى زمانى پتەو دروست دەکات، کە شێوەیەکە لە لادان، لادان لە واتا، بەڵام لە فۆرم نا، واتە نزیک دەبێتەوە لە ریالیزمێک، بەڵام ئەم ریالیزمە جۆرێک سیحرى بوونى تێدایە، ئەم سیحرى بوونەش هەندێ جار لە هەقایەتى فۆلکلۆرى و ئەفسانەى کوردیدا دەبینرێ.
چیرۆکى نوێى کوردى بە زۆرى بەوە سیخناخ بووە کە رووداوەکان تێکەڵى یەکترن و خوێنەر بە سەختى دەتوانێ لێکیان جیا بکاتەوە، لە لایەک ئاڵۆزى لە رووداوەکان و لەلایەکى تر ئاڵۆزى لە زمان و پێکهاتەى وایان کردووە جۆرێک ناروونى بە دەق دیاربێت، ئەمەش ماناى وا نییە هەموو ناروونییەک بەهاى دەق و شیعرییەتەکەى نیشان بدات و بە لادان حیساب بکرێت. چونکە ئەگەر خەیاڵ کۆڵەگەى سەرەکى لادان و شیعرییەتەکە بێت، ئەوا دروست کردن و سازاندنى خەیاڵیش دەبێ بە دروستى بگاتە خوێنەر، چونکە خوێنەر بەشێک لە پرۆسەى بەهاو قورسایى دەق پێکدەهێنێت.
لەم چیرۆکەدا خەیاڵ نابێتە کۆڵەگەى زمان و فۆڕمى دەق، بەڵکو خەیاڵ لە رووداوەکە دایە، کە ئەمە سرووشتى سیحرى بوونى دەق پێکدەهێنێ، چونکە بەرەو ئەفسانەچوون و سیحرى چوونى دەق، یان بە واتا ئاینییەکەى بەرەو پەرجۆچوون، لە فۆرم و تەکنیکى زمانەکەدا نییە، ئەوەندەى لە رووداوء کارو کردەوەى کارەکتەرەکاندایە، بۆیە لەمەدا ئەگەر زمانەکە ئاسایى بێت و رووداوەکە سادەش بێت، لە پڕێکدا دیمەنێکى سیحرى و نائاسایى خەیاڵ دەهێنێتە کایەوە، ئەم خەیاڵە بەردەوام دەبێت و تەواوى دەق دادەپۆشێت. لەبەرئەوە لەم چیرۆکەدا خەیاڵە سیحرییەکە لە هێنانە دەرەوەى بۆقەکەیە لە نێو زگى پاڵەوانى چیرۆکەکە، کە تا دەق کۆتایى پێ دێ، خوێنەر تامەزرۆ دەکات و لە کۆتاییشدا خوێنەر پێشبینى ئەوە ناکا چیرۆکەکە کۆتایى پێ بێت، بەڵام لە حاڵێکدا تەواو دەبێت، کە خەیاڵ بۆتە پێکهێنەرى رەمزێکى گەورە کە دواجار ئەم خەیاڵە هەوڵى دۆزینەوەى نهێنى ئەو رەمزە دەدات، رەمزەکەش بە ئاسانى خۆى بەدەستەوە نادات، هەموو پێشبینى و راڤەکان بۆ دۆزینەوەو ئاشکراکردنى نهێنى دەق و ناساندنى بۆق و کاراکتەرەکە، خۆى لەنێو بۆتەى خەیاڵێکى چڕدا دەبینێتەوە، وێڕاى سادەیى دەربڕین و کورتبڕى دەقەکەش، ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت.
کورتبڕى دەربڕین لە زۆر کاتدا شیعرییەت لەخۆیدا هەڵدەگرێت، ئەگەر چى لە کورتبڕیدا کەمتر بەریەککەوتن لەگەڵ لادان هەیە، بەتایبەتى لادانى دەربڕین و شیعرییەتى دەربڕین، چونکە بۆ ئەوەى زۆرترین لادانى فۆڕمى و دەربڕین هەبێ، دەبێ زۆرترین رووبەرى وشە هەبێ تا بوارى ئەوە هەبێ ساناتر و دیارتر وەستاکارى و هونەرکارییانەى دەق ئاشکرابێت، ئەمەش هەمووى بەندیوار دەبێت بە خاڵێکى گرنگ کە بریتییە لە وەسف. لە وەسفدا زیادەرەوى و هووشەکارى هەیە، کە دواجار سەردەکێشێ بۆ لادان و یاریکردن بە وشە، لە نێو ئەم پرۆسەى یاریکردن بە وشەدا بەهاى دەق بەرەو سۆزو خەیاڵ بەرز دەبێتەوە، کە تیایدا رووداو کەم دەبێت و خەیاڵ زۆر دەبێت، ئەمە هەموو جارێ بە بەهاو قورسایى دەق حسێب ناکرێ، چونکە دەشێ دەقەکە لە خەیاڵى نووسینەوە بگوازرێتەوە بۆ خەیاڵى وەرگر، کە خۆى لە بەرجەستەبوونى بیرکردنەوەو خەیاڵ دەبینێتەوە لاى وەرگر، واتە زۆرترین خەیاڵ لاى وەرگر ئامادەیى دەبێت.
چیرۆکى (بۆقێکى ژەهراوى) لە هەموو رووەکانەوە بە کورتە چیرۆک حسێب دەکرێ، سەرەراى ئەمە ئەم دەقە کەمترین وەسفى تێدا ئاخنراوە، کە بۆتە هۆى ئەوەى کەمترین چەقبەستووى لە دەقەکەدا ببینرێت، چونکە وەسف زۆرترین ئاوەڵناو لەخۆ دەگرێت، لە بەرامبەردا کەمتر بوارى کار دەدات، بەو پێیە کە سەرنج دەدەین هێنانەوەى زۆرترین (کار) وەک سرووشتەکەى وایە سێ رەگەز لە خۆى دەگرێت، یەکەمیان کەس (کارەکتەر) و دووەم (کات) و سێیەم (رووداو)، لە بەرامبەردا ئاوەڵناو هیچ رەگەزێک لەم سێ رەگەزە لەخۆناگرێت، کەوابوو ئەم سێ ڕەگەزە رۆڵ لە جوڵان و بزواندنى دەق دەبینن، بەوەى بەهۆى کاتەوە ئەوەى دەباردا دەبێ کە دەق لە هەمەجۆرى کاتەوە بخولێتەوەو یارى بە کات بکات، لە رابردووەوە بۆ داهاتوو لە داهاتوو بۆ رابردوو و لە ئیستاوە بۆ داهاتوو رابردوو دەق بهەژێنێ و بیهێنێ وبیبات، ئەمەش بە هەموو شێوەیەک دەق لە چەقبەستوویى و خۆخواردنەوە دوور دەخاتەوە. کەس و کارەکتەرەکانیش بە هۆى کارەوە خۆیان دەدۆزنەوەو هەمەجۆرى لە کارەکتەرکانیش جۆرێک لە پڕ قەلەبالغى دەق نیشان دەدات و لە سادەیى و سانایى دوورى دەخاتەوە. هەرچى رووداویشە کە بە بربڕەى پشتى دەق دادەنرێت و بەو هۆیەوە بەهاو ناوەڕۆکى دەق دەدۆزرێتەوە، ئەمانە هەموویان دەق دەخەنە بارێکى جوڵاوەوە، کە دواجار خۆیان لەنێو شیعرییەت دەبیننەوە.
لە چیرۆکى (بۆقێکى ژەهراوى) کەمترین بوارى ئەوە دراوە ئاوەڵناو دووبارە بێتەوە، واتە چیرۆکنووس نەیویستووە دەق بە نێو وەسف و ئاوەڵناودا نقوم بکات، ئەوەندەى گەرەکى بووە زۆرترین کار تێیدا بەرجەستە بێت، بەو مانایەى ئەگەر بە شێوازگەرى ئامارییەوە رەفتار لەگەڵ ئەم دەقە بکەین ئەوا دەتوانین بڵێن لەم کورتە چیرۆکەدا زیاتر لە 178 کار هەیە، کە ئەمە رێژەیەکى زۆرە بۆ ئەم دەقە کورتە، لە بەرامبەردا رێژەى ئاوەڵناوەکان نەگەیشتۆتە 15 ئاوەڵناو ئەمە ئەگەر بە تیۆرى (بوزیمان) لێکى بدەینەوە، رێژەکە گەلێک زۆرە، کە نیشانەى ئەوەیە جوڵەى کار لەنێو چیرۆکەکەدا هەموو جەمسەرەکانى گرتۆتەوە، هەروەها کورتیى رستەکان وایکردووە کە زۆرترین کارو کەمترین کەرەستەکانى ترى تێدا بەرجەستە بێت.
ئەگەر بە شێوەى نزیکەیى تیۆرەکەى (بوزیمان)ى بەسەردا بچەسپێنین ئەوا بەم شێوەیەى خوارەوە دەتوانین هەلسوکەوتى لەگەڵ بکەین.
ریژەى کار بۆ ئاوەڵناو= ریژەى کار/ رێژەى ئاوەڵناو
178/ 15= 11.866 کە ئەمە رێژەیەکى بەرچاوە(2).
ئەوەى ئیستاتیکاى ئەم دەقەى بەرجەستەتر کردووە، جیا لە فۆرم و لایەنە تەکنیکییەکەى، ناوەڕۆکێکى بە رەمز داپۆشراوە، کە دواجار ئەگەر دەربڕینەکان سادەش بن خۆیان لە بۆتەى ناوەڕۆک دەبیننەوەو ناوەڕۆک و ئیستاتیکایەکەى بە دیوى دەرەوەى دەق دەبەستنەوەو دەق دەخەنە بارێکى تایبەتمەندتر و بەهاى شیعرییەتى تێدا بەرز دەکەنەوە، هەروەک بۆ خوێنەریش سادە دەبێتەوە بەڵام چۆنیەتى تێگەیشتنەکەى لە نێو چوارچێوەى خەیاڵێکى زۆر و فرە رەهەندا دەسەنگرێتەوە. دەشێ لێرەدا هەر وەرگرێک و بە تێگەیشتنى خۆى چیرۆکەکە لێک بداتەوە، بەوەى کە ئەم بۆقە لە سکى کەسێکى ترەوە هێنراوەتە دەر و دواتر بەرەنگارى کەسەکە دەبێتەوە، ئەمە رێک یەکانگیرە لەگەڵ نموونەى جیابوونەوەى ماڵێکى نوێ لە ماڵێکى کۆن یان دابڕینى خاکێکى نوێ لە چوارچێوەى خاکێکى کۆنینەوە، یان بە  مانایەکى تر ماڵ کردنە و وەفا نەنواندنە بەرامبەر ماڵى یەکەمین و بێ نمەک بوونە لە بەرامبەر زێد و رەوینەوەیە لە رەسەنایەتى و یاخیبوونە لە باوک و لە دایک و لە زێد.......هتد. ئەمانە مشتێکن و دەشێ دەیان تەئویلى بۆ بکرێ، کە دواجار ئەم خوێندنەوە فرە رەهەندە، دەق بەرەو کراوەیى تر دەبات و وێڕاى سادەیى زمانەکەى ئاڵۆزییەک لە تێگەیشتنى مانا سەرەکییەکە بەرجەستە دەکات، ئەمەش تایبەتمەندییەکى دیکەى چیرۆکى هونەرى ئەمرۆى کوردییە بە چوارچێوە خۆماڵیى و رەسەنێتییەکەوە ئیستاتیکاو شیعرییەتى ناوەڕۆک بە رووخسارەوە دەبەستێتەوە.

ئەم پۆستە ئەلیکترۆنیە لەلایەن ئامێرئ سپامەوەیە. جاڤاسکریپت دەبێت چلاک بکەی بۆ بینینی, you need JavaScript enabled to view it

----------------------------------------------

(1) چیرۆکى بۆقێکى ژەهراوى، جەلال قادر، گۆڤارى ئایندە ژمارە،94، لاپەرە 201
(2) ئێمە لەگەڵ ئەوە نین کە تیۆرە بێگانەکان کت و مت بەسەر دەقە کوردییەکاندا بسەپێنین، بەڵام هەندێ تیۆر هەن کە لەبارن بۆ ئەوەى بەسەریدا پراکتیک بکرێ و دەبێ دەق بۆ خۆى تیۆر دروست بکات، واتە لە روانگەى دەقەوە تیۆر بەرهەم بهێنرێ، ئەم تیۆرەى بوزیمان لە ئەلمانیا بەسەر دەقى چیرۆکى ئەلمانى پراکتیک کراوە، لە نێو رەخنەى کوردیدا بەسەر شیعریشدا پراکتیک کراوەو سەرکەوتنى پێوە دیارە، ئیمە بۆ یەکەم جار لە سەر چیرۆکى کوردیمان جێبەجێ کرد و لەوەدا گەیشتینە ئەو ئەنجامەى کە زۆرترین رێژەى کار بۆ سەر ئاوەڵناو نیشانەى جوڵەو بزاوتنى دەقەو بەهاى شیعرییەتى تێدا بەرز دەبێتەوە و دەقى کوردیش دەتوانرێ ئەم تیۆرەى بەسەردا جێبەجێ بکرێ. بروانە کتێبى (شیعرییەتى دەقى چیرۆکى کوردى، هێمن عومەر خۆشناو، بلاوکراوەکانى وەزارەتى رۆشنبیرى- هەولێر 2010)

 
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر
وێنە
زانیاری ده‌رباره‌ی ئۆسکاری ئه‌مساڵ
ئه‌مساڵ یادی 85 ساڵه‌ی خه‌ڵاتی ئۆسکاره‌، که‌ خه‌ڵاتێکی جیهانیه‌ و هه‌موو ئه‌ستێره‌کان...
وێنە
ئه‌مشه‌و ئارگۆ خه‌ڵاتکرا
ئارگۆ Argo به‌رده‌وامه‌ له‌ بردنی خه‌ڵاته‌ جیهانیه‌کان، شه‌وی رابردوو به‌رواری 10...
وێنە
هونەرمەندی لاو شاکار ستار لە بەرهەمێکی نوێدا
  شاکار ستار گەنجێکی تازە پشکوتوی ناو باخچەی هونەری کوردیە، و ساڵی ١٩٩١ لەشاری سلێمانی لەدایک بوە، ساڵی...
وێنە
ژن بابه‌ته‌ یان ده‌قی شیعری؟!
  ژن بابه‌ته‌ یان ده‌قی شیعری؟! هێمن عومه‌ر خۆشناو به‌ درێژایی مێژووی ئه‌ده‌بیات و له‌...
وێنە
کورتەیەک لە ژیانی فرانسیس هۆدگس نوسەری باخچە نهێنیەکە
فرانسس هۆدگس بێرنێت لەساڵی 1849 لە مانشستەری ئینگلتەرا لەدایک بوە، لەتەمەنی چوار ساڵیدا باوکی مردوە، لەساڵی...
وێنە
سه‌گ وه‌ڕى و كاروان تیَپه‌ڕى
                                 ...
وێنە
ئەنجلینا جولی سەد هەزاردۆلاربە پەنابەرە سوراییەکان دەبەخشێت
ئەستێرەی هۆلیوود ئەنجلینا جولی بری سەد هەزار دۆلاری وەک یارمەتی بە پەنابەرە سوریاییەکان بەخشی بەپێی...
وێنە
بۆ کوردستان ئامادە نیە باوەش بۆ هونەر بکاتەوە؟!
جێگەی باسە کوردستان وەکو وڵاتێکی سەر بە ئێراق هەرچەندە کە لە بواری سیاسی و بوارەکانی تردا دواکەوتوە، هۆکاری...
وێنە
گەوهەری میوزیک یانی
گەوهەر و داهێنەر و ئاوازدانەر و خاوەن بەناوبانگ ترین گروپی میوزیک یانی لەدایک بوی چواردەی نۆڤێمبەری ١٩٥٤ لە...
وێنە
نوێترین کلیپی هونه‌رمه‌ند " که‌ژال ئاده‌می "
  له‌‌سه‌‌ر لێوی گوڵی ژین بزه‌‌ی سوبحی ئومێده وه‌‌ره ئه‌‌ی موتریبی دڵ...
وێنە
تیشكیَك له‌سه‌رئه‌لبومه‌كه‌ى خالید ڕه‌شیدو قسه‌یه‌كیش له‌باره‌ى ئه‌نفالى هونه‌رى كوردی
گۆران دوكانى جاریَكیتر ده‌نگیَكى خۆش, وه‌ك ده‌نگى پروشه‌ى باران و ده‌گیَكى جوان وه‌ك دیمه‌نى...
وێنە
شه‌و لاى (مه‌حوى) روانینیَكى ئیستیَتیكیانه‌ به‌شى دووه‌م و كۆتایى
هیَمن عومه‌ر خۆشناو (شه‌قلاَوه‌) گه‌ر فیراق ئاگر هه‌موو رۆژىَ له‌ جه‌رگى به‌رنه‌دا بۆ...
وێنە
ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی جه‌سته‌ی ئافره‌ت ده‌کاته‌ تابلۆ ..
گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندی ئه‌مریکی "كريج تريسی " ته‌مه‌ن 44 ساڵ فلچه‌که‌ی هه‌میشه‌ ...
وێنە
ئەنجیلینا جولی غیرە دەکات
رۆژنامەی " كلوزير" لە کۆپیە فەرنسیەکەیدا ئاشکرای کرد کە ئەستێرەی هۆلیود " ئەنجیلینا جولی " هەستی بە...
وێنە
شه‌و لاى (مه‌حوى) روانینیَكى ئیستیَتیكیانه‌ به‌شى یه‌كه‌م
هیَمن عومه‌ر خۆشناو (شه‌قلاَوه‌) سه‌ره‌تا ئیستیَتیك و شیعر له‌ زۆر لاوه‌ سه‌رچاوه‌كانیان...
وێنە
راغب علامه‌ مۆبایله‌که‌ی لێدزرا
دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ل براکه‌ی له‌ یه‌کێک له‌ چێشتخانه‌کانی شاری پاریسی پایته‌ختی ولاتی...
وێنە
ئه‌و وێنانه‌ی دنیای هونه‌ری وێنه‌گرتنیان هێنایه‌ پرسیار
وێنه‌گری به‌ناوبانگی جیهانی "مارك ماوسون " که‌ پسپۆره‌ له‌ وێنه‌گرتن له‌ ژێر ده‌ریا...
وێنە
ئه‌لیسا له‌ ریزی به‌هێزترین 100 ئافره‌ته‌کانی عه‌ره‌به‌
گۆرانیبێژی لوبنانی "ئه‌لیسا " دلخۆشه‌ به‌وه‌ی که‌ ناوی له‌و که‌سانه‌دا هه‌یه‌...
وێنە
فضل شاکر له‌ ترسی کوشتن راده‌کات
گۆرانیبێژی لوبنانی "فضل شاکر " ولاتی لوبنان جێده‌هێلێت و رووده‌کاته‌ ولاتی قه‌ته‌ر به‌پێی...

ناردنی بابه‌ت

sirwan@kurdzhin.net
یان
sozi@kurdzhin.net

میوان له‌سه‌رهێڵ

کوردژین میوان له‌سه‌رهێڵه