ئاوڕێك له‌ ئه‌ده‌بی منداڵانی كوردمان بده‌نه‌وه‌‌
هەینی, 18 تشرینی دووەم 2011 10:09



                                               
ئه‌مڕۆ هه‌موو گه‌لان و وڵاتانی دنیا، بایه‌خێكی گرنگ به‌ په‌روه‌رده‌كردن و ئاراسته‌كردنی منداڵه‌كانیان ده‌ده‌ن و، بۆ ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر و شیاوتر ئاماده‌یان ده‌كه‌ن.. چونكه‌ منداڵان به‌شێك له‌ ئه‌مڕۆ و.. هه‌موو ئاینده‌شن‌.

هه‌ر ئه‌م منداڵانه‌ی ئه‌مڕۆمانن، ئه‌م كوردیله‌ پاك و چاوگه‌شانه‌ی ئێستان، گه‌وره‌ ده‌بن و پێده‌گه‌ن، ده‌بنه‌ ژنان و پیاوان و، ماڵ و خێزان پێكده‌هێنن.. جڵه‌وی هه‌موو كاروبارێكی كوردستانی شیرینمان ده‌گرنه‌ده‌ست..ده‌بنه‌ رابه‌ر و نوێنه‌ر و باڵیۆزی گه‌له‌كه‌مان..ده‌بنه‌ سه‌ركرده‌ و وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ر و فه‌رمانده‌ و فه‌رمانبه‌ر و په‌ڕله‌مانتار و بڕیارده‌ر و به‌رپرس و ...هتد. خه‌م و چاره‌نووسی كورد و كوردستانیان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆیان.

ئه‌گه‌ر باو باپیرانمان، هه‌ستیان به‌و راستییه‌ كردووبێت كه‌: « فێربوون له‌ منداڵیدا، وه‌كو نه‌خشی سه‌ر به‌رد وایه‌ ».. ئه‌و زانست و زانیارییانه‌ش كه‌ ئه‌مڕۆ شانازییان پێوه‌ دكه‌ین، به‌ر و به‌رهه‌می ڕه‌نج و ماندووبوونی ئه‌وانه‌.

منداڵانی ئه‌مڕۆمان، له‌ منداڵانی دوێنێمان، جیاوازتر و به‌خته‌وه‌رترن، ژیر و دانا و چاوكراوه و زۆرزانترن.. ته‌كنۆلۆژیای تازه‌ و داهێنانی بابه‌تی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌، به‌ هه‌زاران بابه‌تی گه‌شه‌كردن و خه‌یاڵ فراوانكردن و پێشكه‌وتنیان خستۆته‌ خزمه‌تی منداڵانه‌وه‌.. منداڵانی ئه‌مڕۆمان، نه‌وه‌ی ته‌له‌فزیۆن و سینه‌مای ره‌نگاوڕه‌نگ و ئینته‌رنێت و پله‌ی ستێشن و...هتد.به‌ سه‌تان كتێبی هه‌مه‌جۆره‌ی وێنه‌داری ره‌نگاوڕه‌نگی به‌رگ رازاوه‌ی سه‌رنج راكێشیان له‌ به‌رده‌ست دایه‌، چه‌ندین گۆڤاری مانگانه‌ی قه‌شه‌نگ و بابه‌تخۆشیان بۆ ده‌رده‌چێت.. له‌ قوتابخانه‌كانیشدا مامۆستایانی زانا و دانا و شاره‌زا و پسپۆر، په‌روه‌رده‌یان ده‌كه‌ن و، فێری خوێندنه‌وه‌ و زانست و زانیاری نوێیان ده‌كه‌ن.. ئه‌و په‌نده‌ كوردییه‌مان له‌ شوێنی خۆی دایه‌ : « جووچكه‌كه‌ی ئه‌مساڵ ، جووچكه‌كه‌ پار فێره‌ جووكه‌ جووك ده‌كات »

پێویسته‌ به‌ ئه‌و په‌ڕی توانامانه‌وه‌، بوار و هه‌لومه‌رجی له‌باری زیاتر و زیاتریش بۆ منداڵانی كوردمان بڕه‌خسێنین.. به‌ زانست و زنیاری و رۆشنبیری پڕچه‌كیان بكه‌ین.. چونكه‌ ئه‌مڕۆ، رۆشنبیری و زانست و دانایی و بلیمه‌تی، بوونه‌ته‌ چه‌كی ستراتیژی جیهان.. زانست و زانیاری و هۆشیاری، رۆڵێكی گرنگیان له‌ جه‌نگی سیاسی و زانستی و كۆمه‌ڵایه‌تی و، له‌ جه‌نگی به‌ ده‌ستهێنان و له‌ده‌س دان و، بردنه‌وه‌ و دۆڕاندندا هه‌یه‌.. فێربوون و په‌روه‌رده‌كردن و ئاراسته‌كردنی راست و دروستی منداڵانمان له‌ ئه‌مڕۆدا.. ده‌بنه‌ سه‌رمایه‌ و ژێرخانی گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتن و تازه‌گه‌ری و داهێنان.

جیهانی منداڵان، جیهانێكی پاك و بێگه‌رده‌ ، جیهانی راستگۆی و بێ فڕوفێڵه‌، بێ رق و كینه‌ و بوغزه‌.. جیهانێكی ساده‌ و ساكاری پر له‌ خۆشه‌ویستی و رێزه‌، پڕ له‌ خه‌ونی وه‌نه‌وشه‌یی و هیوای سه‌وزه.. منداڵان درۆ و رق و شه‌ر نازانن‌.. هه‌موو ئه‌و شته‌ ناهه‌موارانه‌ی كه‌ فێریان ده‌بن، له‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ فێریان ده‌بن.. كورد وته‌نی : « گه‌وره‌ ئاو ده‌ڕێژێ و، منداڵ پێی تێ ده‌خشێنێ ».. بۆ نموونه‌ باوكێك ، له‌ به‌رده‌م منداڵه‌كه‌یدا مه‌ی بخواته‌وه‌ و جگه‌ره‌ بكێشی و، به‌ گژی ماڵ و منداڵه‌كانیدا بچێت و جوێنی ناشیرین بدا، ئه‌م باوكه‌ به‌ چ روویه‌كه‌وه‌، به‌ منداڵه‌كه‌ی ده‌ڵێت، مه‌ی خواردنه‌وه‌ و جگه‌ره‌كێشان خراپ و زیانبه‌خشن ، جوین دان ناشیرینه‌ ، شه‌ڕ خراپه‌ ؟

پێویسته‌ منداڵه‌كامان، له‌ سه‌ر بنه‌مای خۆشه‌ویستی و رێزگرتن و پێكه‌وه‌ ژیان و سازان و یه‌كسانی و یه‌كتری قبووڵكردن و ته‌بایی و خوشك و برایه‌تی و راستگۆیی و رووحی یارمه‌تیدان و هاوكاری و چاكه‌خوازی و ئاشتیخوازی و ره‌واناسی و نیشتمانپه‌روه‌ری و به‌زه‌یی و مرۆڤایه‌تی و...هتد. په‌روه‌رده‌ و ئاراسته‌ بكه‌ین.. نه‌ك وه‌كو ئه‌و په‌روه‌رده‌ سه‌قه‌ت و زیانبه‌خشه‌ی، كه‌ رژێمه‌كانی توركیا و ئێران و سوریا و عێراق په‌یڕه‌وییان ده‌كرد و ده‌كه‌ن.. كه‌ به‌ بیری نه‌ژادپه‌رستی و خۆبه‌زیاترزانین و تایفه‌گه‌ری و، دان نه‌نان به‌ ناسنامه‌ و كولتوور و مافی یه‌كسانی گه‌لانی تر، ئه‌وان به‌ رق و كینه‌ و دوژمنایه‌تی و شه‌ڕخوازی و دڵڕه‌قی و كوشتن و بڕین، منداڵه‌كانیان گۆشكردووه‌ و ده‌كه‌ن.. به‌و هزره‌ بۆگه‌نانه‌ دڵی منداڵه‌كانیان كرمێ و بۆگه‌ن ده‌كه‌ن.. ده‌بینین كه‌ چۆن ئه‌نجامی ئه‌و په‌روه‌رده‌ سه‌قه‌ته‌ و ئاراسته چه‌وته‌، له‌ ژیانی تاك و به‌ كۆمه‌ڵی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌دا ره‌نگیان داوه‌ته‌وه‌‌.. ئه‌مڕۆ گه‌لی كوردمان و ئه‌و گه‌لانه‌ش باجی ئه‌و په‌روه‌رده‌ و ئارسته‌ سه‌قه‌ته‌یه‌ ده‌یده‌نه‌وه‌..تاوانی ئه‌و رژیمانه‌یه‌ ئه‌م گه‌لانه‌ی كردووه‌ به‌ دوژمنی سه‌رسه‌ختی یه‌كتری و، ئارامی و خۆشی و ژیانیان لێ تاڵ كردوون.

ده‌با له‌ پێناوی به‌ ده‌ستهێنای ئازادی و مافه‌ ره‌واكانمان و، له‌ پێناوی داهاتوویه‌كی گه‌شتر و شیاوتر بۆ كورد و كوردستان.. له‌ پێناوی كوردیله‌كانی ئه‌مڕۆمان كه‌ نه‌وه‌ی داتووی كوردستانن.. هه‌ریكه‌ له‌ ئێمه‌ ببینه‌ مۆمێكی داگیرساوی گه‌ش و رێی سه‌ركه‌وتن بۆ منداڵه‌كانمان رووناك بكه‌ینه‌وه‌.. چونكه‌ ئه‌مانن كه‌ خواست و هیواكانمان دێننه‌دی.. ده‌بێ به‌ ته‌وای و راستی و دروستی منداڵه‌كامان په‌روه‌رده‌ بكه‌ین، كه‌ بڕوایان به‌ خۆیان هه‌بێت و ده‌ربه‌رن و له‌ ئاستی هێنانه‌دی ئه‌ركه‌كانیان و هێنانه‌دیی ئه‌و ئامانجانه‌دا بن.

نووسین بۆ منداڵان، به‌ هه‌موو لقه‌كانییه‌وه‌، هونه‌ره‌ و پێویستی به‌ به‌هره‌ و داهێنان هه‌یه‌.. نووسه‌ریش هونه‌رمه‌نده‌، هونه‌ره‌كه‌شی پێوه‌ری ئاستی توانای هونه‌رییه‌تی.

نووسه‌ری باش و به‌ توانای منداڵان، پێویسته‌ كۆمه‌ڵێك مه‌رجی سه‌ركه‌وتنی تێدابێ.. له‌وانه : رۆشنبیرێكی ده‌وڵه‌مه‌ند بێ له‌ بواری زانستی و زانیاری هه‌مه‌چه‌شنه‌ و ‌كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆڤیه‌تیدا، شاره‌زای رێزمانی زمانی گه‌له‌كه‌ی بێت، توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێ كه‌ نووسینه‌كانی بۆ منداڵان به‌ زمانێكی ساده‌ و ساكار و بێ گرێ و گۆڵ داڕێژێ..ئه‌وه‌ش بزانێ كه‌ هه‌ر قۆناخێكی منداڵی، وشه‌ و زاراوه‌ و زمانی گونجاوی خۆی هه‌یه‌.. نووسه‌ری منداڵان پێویسته‌ له‌ بواری په‌روه‌رده‌ و ده‌روونناسی منداڵ و حه‌ز و ئاره‌زووی منداڵان نابه‌ڵه‌د نه‌بێ.. ئه‌گه‌ر هۆنراوه‌نووس بێ، پێویسته‌ هۆنراوه‌كانی بۆ منداڵان به‌ شێوه‌یه‌كی ناسك و به‌ زمانێكی ره‌وانی په‌تی و بێ گرێ و بێ گیربوون له‌سه‌ر زمان بهۆنێته‌وه‌..كێش و سه‌روای هۆنراوه‌كانی له‌نگ و لاواز نه‌بن و منداڵان چێژیان لێ وه‌ربگرن.. به‌ ئاسانیش بكرێن به‌ سروود و گۆرانی..نووسه‌ری سه‌ركه‌وتووی منداڵان ده‌بێت هه‌وڵی داهێنان و نوێخوازی بدات ، ئه‌و هۆنراوه‌ ، چیرۆك ، ڕومان ، ئۆپه‌رێت ، شانۆگه‌ری، په‌خشانانه‌ی ده‌ینووسێت، پێویسته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ و ئاست و هزر و خه‌یاڵی منداڵاندا بگونجێن.

ئه‌مڕۆ ئه‌ده‌بی منداڵان، ئه‌ده‌بێكی رێنمای و زانستی رووت و وشك نییه‌، كه‌ ته‌نها مه‌به‌ست ئه‌وه‌بێت كۆمه‌ڵێك ئامۆژگاری بپه‌ستینه‌ مێشكی منداڵانه‌وه‌.. ئه‌ده‌بی ئه‌مڕۆ ئه‌ده‌بێكی بنیاتنان و په‌روه‌رده‌یی و ئاماده‌كردنی منداڵانه بۆ داهاتووییه‌كی باشتر و ژێانێكی خۆشتر..له‌ پاڵیشیدا كۆمه‌ڵێك ئامانج و خواستی تر دێنه‌دی..ئامانجی گه‌شه‌كردنی رۆشنبیری و ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هاوده‌مبوونی شارستانی و ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی فه‌رهه‌نگی‌ زمان و بڕوابه‌خۆبوون و تونای گوزارشتكردن له‌ را و هه‌ست و سۆزیان... هتد. هه‌ر نووسینێك كه‌ بۆ منداڵان بنووسرێت، گه‌ر هه‌ست و سۆزی منداڵان نه‌جۆشێنێ، چێژی نابێت و زوو كاڵ ده‌بێته‌وه‌.

ئایا ئه‌ده‌بی منداڵانی كوردمان، له‌ ئاستی پێویستی و خواسته‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ماندان؟
بێگومان نه‌خێر، زۆر له‌ دواوه‌وه‌ین، به‌ جدی و پراكتیكی ئاوڕمان لێ نه‌داوه‌ته‌وه‌، به‌ ته‌واوی رۆڵی گرنگی منداڵانمان، له‌ دیاریكردنی چاره‌نووسی گه‌له‌كه‌ماندا له‌ به‌رچاو نه‌گرتووه‌..هێنده‌ی بایه‌خ به‌ بنیاتنانی كۆشك و ته‌لاری رازاوه‌ ده‌ده‌ین..زۆر كه‌متر بایه‌خ به‌ په‌روه‌رده‌كردن و رێنمایی و بنیاتنانی منداڵانی ئه‌مڕۆی نه‌وه‌ی داهاتوومان ده‌ده‌ین.. ئه‌و هه‌وڵانه‌ش تا ئێستا بۆ گه‌شه‌كردن و پێشخستنی ئه‌ده‌بی منداڵانی كوردمان دراوه‌، بێ به‌رنامه‌ و كه‌م و لاوازن..توینێتی حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی منداڵانی كوردمان ناشكێنن.. من به‌راوردی ئه‌ده‌بی منداڵانی كوردمان، له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بی منداڵانی گه‌لانی ئازادبووی خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ناكه‌م.. چونكه‌ تا ئه‌مرۆش زۆربه‌ی خاكی كوردستانی پیرۆز و شیرینمان، كۆڵۆنییه‌ی چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی ره‌گه‌زپه‌رست و سته‌مكار و خوێنڕێژن و، دان به‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییماندا نانێن و هه‌وڵی قڕكردن و له‌ ناوبردنمان ده‌ده‌ن.. بێگومان له‌ سایه‌ی رژێمه‌كانی ئه‌م وڵاته دڕنده‌ نه‌ژادپه‌رستانه‌دا، نه‌ك ته‌نها ئه‌ده‌بی منداڵان، به‌ڵكو تیغ نراوه‌ته‌ گه‌ردنی منداڵه‌كانمان و، سه‌رجه‌م رۆڵه‌كانی گه‌لی ئازادیخوازی كوردمان.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، هه‌رگیز كۆڵمان نه‌داوه‌ و كۆڵیش ناده‌ین، تا ئه‌و كاته‌ی دوابستی كوردستان له‌ داگیركه‌ران رزگار ده‌كه‌ین و ئازادی به‌ده‌ست‌‌‌ ده‌هێنین..بێوچان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك خه‌بات ده‌كه‌ین و گیانفیدای سه‌رسه‌ختی ئه‌م رێباز و هیوا و ئامانجه پیرۆزه‌ین.‌

ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمانه‌، ئه‌ده‌بی منداڵانی كوردمانه‌ له‌ باشووری كوردستاندا. له‌ دوای راپه‌ڕینه‌كه‌ی ساڵی ( ١٩٩١) كه‌وه‌، به‌ تایبه‌تیش له‌ دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق له‌ ساڵی (٢٠٠٣) دا ، وا حه‌وت ساڵ زیاتره‌.. كورد له‌ به‌شێكی ئه‌م به‌شه‌ی كوردستاندا ده‌سه‌ڵاتداره‌ و، بوودجه‌ی دیاریكراوی خۆی هه‌یه..ده‌بوایه‌ زۆر بایه‌خیان به‌ منداڵانمان و ئه‌ده‌بی مندڵان و په‌روه‌رده‌كرنی منداڵانی كوردمان بدایه‌، چونكه‌ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی هیوای بۆ ده‌خوازین كه‌ له‌ داهاتوودا بێنه‌دی، ده‌بێت له‌ شێوازی په‌روه‌رده‌یه‌كی نوێ له‌ منداڵه‌كانمانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین، به‌ ته‌نها گۆڕینی سسته‌م و پرۆگرامه‌كانی خوێندن و فێركرن به‌س نین، به‌ڵكو ده‌بێت منداڵان به‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی دروستی سه‌رده‌مییانه‌، بۆ داهاتوو رابهێنرێن و ئاماده‌بكرین..ئه‌م ئه‌ركه‌ پێویست و پیرۆز و هه‌ستیاره‌ش، پێویستی به‌ نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی په‌روه‌رده‌یی تۆكمه‌ی داڕێژراو هه‌یه‌ ، كه‌ ده‌بێت له‌ لایه‌ن شاره‌زا و پسپۆرانی بواری په‌روه‌رده‌ و ده‌روونناسی منداڵان و زمانه‌وانی و نووسه‌ران و  مامۆستایان و حكومه‌ته‌وه‌ ، به‌ هاوكاری هه‌موو لایه‌ك ئاماده‌ بكرێت.. ده‌كرێش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ سوود له‌ ئه‌زموونی گه‌لانی پێشكه‌توو وه‌ربگرین، له‌گه‌ڵ پاراستنی تایبه‌تمه‌ندی كولتوور و داب و نه‌ریته‌ جوانه‌كانی گه‌له‌كه‌مان.

راسته‌ له‌ ماوه‌ی حه‌وت ساڵی رابردوودا، كۆمه‌ڵێك كتێبی كوردی ی بابه‌ت هه‌مه‌جۆره‌ی ره‌نگاوره‌نگ بۆ منداڵان چاپكراون، چه‌ند گۆڤارێكی ره‌نگین و قه‌شه‌نگی ئاست باشی مانگانه‌ و وه‌رزیش  بۆ منداڵان ده‌رده‌چن .. به‌ڵام ژماره‌یان زۆر كه‌من و، ئه‌وانه‌شی ده‌رده‌كرێن له‌به‌ر كه‌می ژماره‌ی چاپكردنیان یا له‌به‌ر نرخ گرانییان، به‌ ده‌ستی به‌شێكی كه‌می منداڵانی كوردمان ده‌گه‌ن.

له‌ مانگی رابردوودا، سه‌ردانی به‌شی منداڵانم كرد، له‌ كتێبخانه‌ی گشتی شاری كه‌ركوك و سلێمانی و هه‌ولێر..له‌ هه‌رسێ كتێبخانه‌كه‌دا، به‌شی منداڵانم زۆر به‌ هه‌ژاری و بێ ناز هاتنه‌ به‌رچاو.. به‌ تایبه‌تیش به‌شی منداڵان له‌ كتێبخانه‌ی شاری كه‌ركوكی كوردستانیدا، كه‌ سووچێكی ته‌سكی كتێبخانه‌كه‌، به‌شی منداڵانیان لێناوه‌، ژماره‌ی كتێبه‌ كوردییه‌كانی ئه‌م به‌شه‌ بۆ منداڵان، له‌ ژماره‌ی په‌نجه‌كانی ده‌ستمان كه‌مترن، هیچ سیمایه‌كی سه‌رنج راكێشیش بۆ منداڵان به‌و به‌شه‌وه‌ به‌رچاوناكه‌وێت.. به‌ڕێوه‌به‌ری كتێبخانه‌ی گشتی شاری كه‌ركوك  خاتوو ( شادیه‌ به‌كر محه‌مه‌د) گله‌یی له‌وه‌ بوو كه‌ كتێبی منداڵانیان بۆ ناكڕن و، وه‌كو پێویست ئاوڕ له‌ كتێبخانه‌كه‌یان نه‌دراوه‌ته‌وه‌. به‌شی منداڵان له‌ كتێبخانه‌ی هه‌و‌لێر و سلێمانی تا راده‌یه‌ك باشترن.. به‌ تایبه‌تیش به‌شی منداڵان له‌ كتێبخانه‌ی گشتی سلێمانیدا،  كه‌ له‌ هۆڵێكی گه‌وره‌ی تایبه‌تیدایه‌، ئه‌گه‌رچی ژماره‌ی كتێبه‌كانیان كه‌مه‌، به‌ڵام زۆر جوان رازاندوویانه‌ته‌وه‌، كه‌ جێی ده‌ست و په‌نجه‌ و خۆماندووكردنی به‌رپرسی ئه‌م به‌شه‌ خاتوو (گوڵستان سه‌عید محه‌مه‌د)ی پێوه‌ دیاره‌، به‌ڕێزیشیان ئه‌وه‌ی وت ، هێشتا به‌شه‌كه‌یان له‌ ئاستی تمووحاتی ئه‌واندا نییه‌، داواشی له‌ نووسه‌ران و هه‌موو خه‌مخۆرانی منداڵانی كوردمان كرد، له‌ كوردستان بن یا له‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ كتێبی هه‌مه‌جۆره‌ی منداڵان، به‌ كوردی یا هه‌ر زمانێكی بیانی بێت، كتێب و گۆڤاری منداڵان پێشكه‌ش به‌ به‌شه‌كه‌یان بكه‌ن.

ده‌بوایه‌ له‌ ماوه‌ی حه‌وت ساڵی رابردوودا، به‌ سه‌تان كتێبی بابه‌ت هه‌مه‌ڕه‌نگه‌ی كوردیمان، بۆ هه‌موو قۆناخه‌كانی منداڵی چاپ بكردایه‌، له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌دا كۆمه‌ڵێكی به‌ توانا و به‌رهه‌م ره‌نگینی نووسه‌ری منداڵامان (هۆنراوه‌نووس، چیرۆكنووس، ئۆپه‌رێت و شاۆنووس، ڕۆماننوس، په‌خشاننووس)مان لێ هه‌ڵبكه‌وتایه‌ و ببوونایه‌ته‌ پسپۆری بواری ئه‌ده‌بی منداڵانی كوردمان.. هه‌ندێكیش له‌ نووسه‌ران، ئه‌گه‌ر تواناشیان له‌ باره‌ی نووسین بۆ منداڵان هه‌بێت.. ره‌نگه‌ لێكدانه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یان هه‌بێت ، گوایه‌ بواری نووسین بۆ منداڵان، ده‌ركه‌وتن و ناوبانگیان پێ نابه‌خشێت.. به‌ڵام بۆ نموونه‌ كه‌ڵه‌ نووسه‌ری جێهانی (هانس ئه‌نده‌رسن كریستیان)ی دانماركی ، به‌ هۆی نووسینه‌كانی بۆ منداڵان ناوبانگی له‌ هه‌موو جیهاندا ده‌ركرد.. ئه‌و چیرۆكانه‌ی كه‌ (١٧٦) ساڵ به‌ر له‌ ئێستا له‌ ئه‌فسانه‌كانه‌وه‌ بۆ منداڵان وه‌ری گرتوون ، به‌ زۆری كراون به‌ فیلم و فیلمی كارتون ، گۆڕیویانن بۆ   زۆربه‌ی زمانه‌كانی جیهان و، بوونه‌ به‌ مایه‌ی رێز و شانازی بۆ هانس و بۆ دانمارك.

بۆ ئاوڕدانه‌وه‌ و بره‌ودان به‌ ئه‌ده‌بی منداڵانی كوردمان، سه‌ر‌نج و را و پێشنیاره‌كانم له‌م (ده‌) خاڵه‌دا چڕده‌كه‌مه‌وه ، هیوادارم لایه‌نه په‌یوه‌ندی داره‌كان ره‌چاویان بكه‌ن‌‌:

یه‌كه‌م/ به‌ پاره‌ یارمه‌تی نووسه‌ری منداڵان بدرێت، بۆ چاپكردنی كتێبه‌كانیان..چونكه‌ كتێبی منداڵان پێویستی به‌ وێنه و تابلۆی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و دیزایینی قه‌شه‌نگی به‌رگی یه‌كه‌م هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش پاره‌ی ده‌وێت‌.. ده‌بێت نرخێ فرۆشتنی كتێبه‌كانیش گران نه‌بن.

دووه‌م/ پێویسته‌ حكومه‌ت ده‌زگایه‌كی چاپكردنی تایبه‌تی بۆ كتێب و گۆڤاره‌كانی منداڵان دابنێت.. وه‌زاره‌تی رۆشنبیری كوردستان، خه‌می دامه‌زرندنی ئه‌م ده‌زگایه‌ بخوات.

سێیه‌م/ چالاكردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رۆشنبیری منداڵان، كه سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری كوردستانه.. چونكه‌ چالاكییه‌كانیان له‌ ئاستی پێویستییه‌كانی منداڵانی كوردستاندا نین.

چواره‌م/ دانانی لیژنه‌یه‌كی باڵای پسپۆر به‌ ئه‌ده‌بی منداڵان، رێ به‌ چاپكردنی ئه‌و كتێب و گۆڤارانه‌ نه‌ده‌ن ، كه‌ كاڵوكرچن و هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانیان تێدایه‌ و‌ بیرۆكه‌كانیان زیانبه‌خشن.‌

پێنجه‌م/ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رۆشنبیری پارێزگاكانی كوردستان، به‌ كه‌ركوك و خانه‌قین و شوێنه‌ داگیركراوه‌كانی تریشمانه‌وه‌..بودجه‌یه‌ك بۆ كڕینی كتێبی منداڵان دابنێن و، ساڵانه كتێبی تازه‌ی منداڵان بكرن و، به‌سه‌ر كتێبخانه‌ گشتییه‌كانی شار و شاروچكه‌كان و،‌ كتێبخانه‌كانی قوتابخانه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كاندا دابه‌شیان بكه‌ن.

شه‌شه‌م/ هاندانی نووسینی منداڵان خۆیان، ساڵانه‌ چه‌ندین منداڵی نووسه‌ری به‌هره‌مه‌ند له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چالاكی قوتابخانه‌كانه‌وه‌، خه‌ڵاتی شایسته‌یان پێشكه‌ش بكه‌ن.

حه‌وته‌م/ ساڵانه‌، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری كوردستان‌، چه‌ند نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندێكی بواری ئه‌ده‌ب و هونه‌ری منداڵان و ده‌رهێنه‌ری شانۆی منداڵان و ئاماده‌كه‌ر و پێشكه‌شكه‌ری به‌رنامه‌ و ماوه‌ی منداڵان له‌ ته‌له‌فزۆن و رادیۆكانی كوردستان، خه‌ڵاتی شایسته‌یان پێ ببه‌خشن.. من بزانم ، تا ئیستا ( خه‌ڵاتی ساڵانه‌ی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د) پێشكه‌ش به‌ دوو كه‌ڵه‌نووسه‌ری بواری ئه‌ده‌بی منداڵانی كوردمان كراوه‌، ئه‌وانیش مامۆستا ( ع ع شه‌ونم ـ عه‌لی عه‌بدوڵڵا شه‌ونم ) و ( له‌تیف هه‌ڵمه‌ت )ـه‌.. ده‌ستخۆشی له‌ لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتی ئه‌و خه‌ڵاته‌ ده‌كه‌ین.

هه‌شته‌م/ بایه‌خێكی زیاتر به‌ نووسینی ڕۆمان و شانۆگه‌ری و ئۆپه‌رێتی منداڵان بدرێت.

نۆیه‌م/ پێویسته كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆنه‌كانی كوردستان،‌ كۆمه‌ڵێك فیلمی تازه‌ی كارتۆن و فیلمی تازه‌ی سینه‌مایی سوودبه‌خش بۆ منداڵان، به‌ كوردی دۆبلاجیان بكه‌ن.

ده‌یه‌م/ پێویسته‌ له‌ لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی شاره‌زای زمانه‌وان و ئه‌ده‌بی منداڵان، سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری كوردستان. ساڵانه كۆمه‌ڵێك كتێبی چاپكراوی كوری بۆمنداڵان، بگۆڕن بۆ زمانه‌كانی گه‌لانی تر.. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك كتێبی منداڵان له‌ زمانه‌كانی گه‌لانی تره‌وه‌ بگۆڕن بۆ زمانی كوردیمان.


                                                      ره‌زا شـوان /  نه‌رویج





 

 
کۆمه‌ڵایه‌تی
وێنە
باوک و دایکیان ده‌یانسوتێنن
یه‌کێک له‌ سه‌رنجترین و دڵته‌زێنترین روداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ ئه‌وه‌بوو له‌ 11-5-2012...
وێنە
200 $ بۆ دیئاکتیڤ کردنی فه‌یسبوک
بری 200$ بۆ دیئاکتیڤه‌یتی فه‌یسبوک له‌ ویلایه‌تی بۆستن له‌ ئه‌مریکا ، باوکێک هه‌ڵده‌ستێت...
وێنە
هاوسه‌ره‌که‌ی کوشت بۆ ئه‌وه‌ی نیازی تاوان و خیانه‌تی هه‌بوو!!
ژنێکی پاکستانی‌ هاوسه‌ره‌که‌ی خۆی ئه‌کوژێت له‌ کاتێکدا ویستی ده‌سترێژی هه‌بووه‌ بۆ...
وێنە
كاتێك زه‌نگی موبایله‌كه‌ت لێیدا چی ده‌كه‌یت
       پشكۆخاڵدانی/كه‌ركوك ئایه‌ ســــــــــــــۆمابه‌چی قه‌پاته‌...
وێنە
چه‌ند رێنماییه‌كی به‌سوود بۆ دایكان و باوكان ‌
منداڵ له‌ باوه‌شی دایكیدا چاو هه‌ڵدێنێ، به شیری دایكی گۆش ده‌كرێ و، له‌ سایه‌ی ناز و...
وێنە
چه‌ند ڕێگه‌یه‌ک بۆ ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی بۆ هاوسه‌ره‌که‌ت.
بۆ ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی زۆر ڕێگه‌ی جیاواز هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی سۆز و خۆشه‌ویستی خۆت بۆ...
وێنە
کوڕێک باوکی خۆی کوشت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێگری بوو یاری به‌ پله‌یسته‌یشن بکات
له‌ له‌ باشوری شاری فیلادیفیا ڕووداوێکی تاک و دڵته‌زێن روویدا که‌ گه‌نجێکی هه‌رزه‌کار با ...
وێنە
ئه‌و قسانه‌ی پیاوان ده‌یکه‌ن و ئافره‌تان له‌ بیری ناکه‌ن!
چه‌ند شتێک هه‌یه‌ ئافره‌ت بێزار ده‌کات به‌تایبه‌ت ژنان،هه‌ندێ جار به‌ شێوه‌یه‌ک...
وێنە
كچان و ژنان كام ڕه‌نگی چاویان لاجوانه‌
ژنێك: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چاوی خۆم سه‌وزه‌، چاوی سه‌وزم لاجوانه‌ هه‌رچه‌نده‌...
وێنە
ئه‌گه‌ر ژنكه‌ت سه‌رۆكی كارت بێت چ به‌ڵایه‌ك ڕووت تێده‌كات؟؟
ئایا تا ئێسته‌ له‌لای خۆتانه‌وه‌ بیرتان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌له‌جێگای...
وێنە
رێگاکانی خۆشەویستی راستەقینە لە نێوان هاوسەرەکاندا...
کاتێک رۆیشت و ویستی دوور بکەوێتەوە لە تۆ بە هۆی توورە بوونەوە ( لێ دوور مەکەرەوە و بە شوێنیا برۆ) کاتێک بینیت...
وێنە
سه‌روه‌ت و سامانی خێزان هی ژنـه‌ یاخوود پـیاو ؟
یوسف خه‌لیل یه‌كێك له‌و كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی هه‌مه‌جۆر...
وێنە
ئافره‌تان زیاتر له‌ پیاوان ئینکاترن..
ئافره‌تان زیاتر ئینکارن له‌ پیاوان، توێژینه‌وه‌یه‌کی به‌رازیلی ڕوونی کرده‌وه‌ که‌...
وێنە
چه‌ند نیشانه‌یه‌کی ترسناک نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ هاوسه‌ره‌که‌ت خیانه‌تت لێ ده‌کات..
ئایا به‌رده‌وام له‌ کار دوا ئه‌که‌وێت؟ئایا که‌م قسه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌کات که‌ له‌...
وێنە
هاوڕێی سه‌ر کاری پیاوان وا له‌ هاوسه‌ره‌کانیان ده‌که‌ن که‌ دڵ پیس بکه‌ن.
دڵپیسی زاڵه‌ به‌سه‌ر هه‌ندێ له‌ ئافره‌تان و  وا له‌ هاوسه‌ره‌کانیان ده‌که‌ن له‌...
وێنە
بنەما بۆ نەھێلانی کێشەی نێوان ژن و مێرد
زۆر جار گفتۆگۆیەک لە نێوان ژن مێرد روودەدا کە ھەندێک جار دەگاتە رادەیەک بەرەنگاری لە نێوانیان دەبێت بە بێ...
وێنە
راگەیاندن و حەیاجونی ناوداران بەدەستدرێژی جنسی
جیاوازن ڕێگای وەرگرتن و مامەڵەکردنی ڕاگەیاندنەکان ، لەسەر بابەتە حەساسەکانی وەکو دەست درێژی جنسی...
وێنە
یارمه‌تی هاوسه‌ره‌که‌ت بده‌ بۆ سه‌رکه‌وتن پله‌ به‌ پله‌..
خانمان ئه‌توانن یارمه‌تی هاوسه‌ره‌کانیان بده‌ن له‌ سه‌رکه‌وتن به‌ ئاسانی،پاشان وازی لێ...
وێنە
سه‌د ڕێگا بۆ گه‌یشـــتن به‌ شادی و خۆشی ژیان!!
ئایا له‌ ژیان بێزار بوویت ،؟ ئیتر ژیان به‌ره‌و ڕوی تۆ نیه؟‌ ، بێتاقه‌ت مه‌به‌، چونکه‌...

ناردنی بابه‌ت

sirwan@kurdzhin.net
یان
sozi@kurdzhin.net

میوان له‌سه‌رهێڵ

کوردژین میوان له‌سه‌رهێڵه