چۆن منداڵه‌کانمان هۆگری خوێندنه‌وه‌ی کتێب ده‌که‌ین ؟
دووشەممە, 27 شوبات 2012 15:14


                                                 
                                                ره‌زا شوان /  نه‌رویج 
خوێندنه‌وه‌ زۆر گرنگ‌ بۆ هه‌موو که‌سێک ، یه‌کێکه‌ له‌ پێویسترین پێویستییه‌کانی ژیانی مرۆڤ له‌م سه‌رده‌مه‌دا.. له‌ دوای هه‌ڵمژینی هه‌وای پاک و خوارنه‌وه‌ و خواردن و نووستن و کارکردن ، ریزبه‌ندی دێته‌ سه‌ر خوێندنه‌وه‌.. وه‌کو چۆن پێویستیمان به‌ خواردن و ئاو خوادنه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بژین.. هه‌روه‌هاش پێویستیشمان به‌ خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی بابه‌ت هه‌مه‌ڕه‌نگه‌ هه‌یه‌ ، چونکه‌ خوێندنه‌وه‌ خۆراکی مێشکه‌ و، هۆی گه‌شه‌کرن و ده‌وڵه‌مه‌ندن کردنی هۆش و گۆش و زه‌ین و زیره‌کی و بلیمه‌تی و زانایی و دانایی و پێشکه‌وتن و داهێنانمانه‌.. بڕوا ناکه‌م تام و چێژی هیچ خۆشییه‌ک بگاته‌ خۆشی و له‌زه‌تی خوێندنه‌وه‌.

خوێندنه‌وه‌ ، له‌ بنه‌ما هه‌ره‌ سه‌رکییه‌کانی دروست کردنی که‌سایه‌تییه‌کی ته‌واو و سه‌رکه‌وتووه‌.. هه‌ر‌ له‌ منداڵییه‌وه‌ تا ئه‌و رۆژه‌ی که‌ سه‌رده‌نێینه‌وه‌ ، پێویستیمان به خوێندنه‌وه‌ی کتێب و گۆڤار و رۆژنامه‌ی بابه‌ت هه‌مه‌ره‌نگه‌ هه‌یه‌.. تا زیاتریش بخوێنینه‌وه‌ و زیاتر وه‌ربگرین.. هه‌ست به‌وه‌ ده‌که‌ین، ئه‌وانه‌ی خوێندوومانه‌ته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی وه‌رمان گرتوون و ده‌یانزانین.. دڵۆپێکن له‌ ئۆقیانووسێکدا.

کتێب باشترین هاوڕێیه‌.. کتێبخانه‌ش جوانترین و قه‌شه‌نگترین باخچه‌ و گوڵزاری پڕ گوڵ هه‌مه‌ره‌نگه‌یه‌.. کتێبخانه‌ ده‌وڵه‌مه‌نترین باخ و بێستانی خۆشترین و به‌ تامترین میوه‌یه.. کتێبخانه‌ باشترین شوێنی سوود وه‌رگرتن و خۆ رۆشنبیرکردنه‌‌‌.
کتێب ، باشترین مامۆستایه‌‌، که‌ به‌بێ چاوسوورکردنه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ و به‌بێ لێدان فێرمان ده‌کا..له‌ باره‌ی بایه‌خی کتێب و کتێبخانه‌وه‌، له‌ گۆشه‌نیگای ناودارانه‌وه‌:

تۆماس جیفه‌رسۆن ده‌ڵێ : " من به‌بێ کتێب ، ناتوانم بژیم "

مارکۆس سیکه‌رۆ ده‌ڵێ : " ئه‌گه‌ر باخچه‌یه‌ک و کتێبخانه‌یه‌کت هه‌بێ ، واته‌ له‌ هیچت که‌م نییه‌ "

دیگۆن لایلی ده‌ڵێ : " کتێبخانه‌که‌ت پڕبێ له‌ کتێب ، باشتره‌ له‌وه‌ی که‌ جزدانه‌که‌ت پڕ بێ له‌ پاره‌ "

گاندی ده‌ڵێ: " ئه‌وه‌ی رۆژانه‌ رۆژنامه‌یه‌ک نه‌خوێنێته‌وه‌، من به‌ نه‌زانی داده‌نێم "

فنست ستاریت ده‌ڵێ: " کاتێ که‌ کتێب کۆده‌که‌ینه‌وه‌، واتا به‌ختیاری کۆده‌که‌ینه‌وه‌"

ئۆلیڤه‌ر گۆڵدسمیس ده‌ڵێ : " که‌ بۆ یه‌که‌مین جار کتێبێک ده‌خوێنمه‌وه‌ ، واته‌ هاوڕێیه‌کی تازه‌م گرتووه‌ ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ رێکه‌وت بۆ جارێکی تر هه‌مان کتێب بخوێنمه‌وه‌ ، واته‌ بۆ جاری دووه‌م چاوم به‌ هاوڕێیه‌که‌م ده‌که‌وێته‌وه‌ "

ئه‌براهام لینکۆڵن ده‌ڵێ :" ئه‌و شتانه‌ی که‌ من حه‌زده‌که‌م بیان زانم، له‌ کتێب دان. باشترین هاوڕێشم، ئه‌و که‌سه‌یه‌ که‌ کتێبێکم پێشکه‌ش بکا، که‌ نه‌م خوێندۆته‌وه‌"

فریدریک نیتشه‌ ده‌ڵێ : " هه‌وڵده‌ن بخوێننه‌وه‌ ، وه‌ک راوچییه‌کی به‌ ده‌ست و بردیش ، بیر و بۆچوونی چاک راوبکه‌ن و ، له‌ هزره‌ بۆگه‌ن و کۆنه‌کانیش دوور بکه‌ونه‌وه‌ "

ئۆمه‌ر هانسینس ده‌ڵێ: " تا کتێب زۆرتر بێت، زانست و زانیاریش زیاتر ده‌بێت"

راسته‌ که‌ ئینته‌رنێت له‌ رۆڵی کتێب و گۆڤار و رۆژنامای که‌متر کردۆته‌وه‌ .. به‌ڵام بایه‌خ و چیژی خوێندنه‌وه‌ی کتێب و گۆڤار و رۆژنامه‌ هه‌رگیز کاڵ نابێته‌وه‌.

منداڵان به‌ هۆی خوێندنه‌وه‌وه‌ ، حه‌ز و ئاره‌زووه‌کانیان گه‌شه‌تر ده‌کا و ، ئاسۆی زانست وزانیاری و رۆشنبیریی گشتییان فراونتر ده‌بێ، فه‌رهه‌نگی وشه‌ و رسته‌ و زمانه‌وانیان ده‌وڵه‌مه‌نتر ده‌بێ ، وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌شیان ده‌ست ده‌که‌وێ که‌ که‌ له‌لایاندا بێ وه‌ڵامن . هه‌ندێ له‌و گرێیانه‌ش ده‌که‌نه‌وه‌‌ ، که‌ رامانی کردوون.. هه‌ر به‌ هۆی خوێندنه‌وه‌وه‌، منداڵان بنه‌ما پێویستییه‌کانی که‌سایه‌تییه‌کی دروست و راست فێرده‌بن، وه‌کو: کۆشش کردن و تێکۆشان، خۆڕاگرتن و کۆڵنه‌دان، راستی و راستگۆیی، هاوکاری‌ و یارمه‌تیدان، گه‌شبینی و هیواداری، یه‌کسانی و ئازادی، دادپه‌روه‌ری و ره‌واناسی ، گه‌ل و نیشتمانپه‌روه‌ری ، دڵسۆزی و خۆشه‌ویستی ، بڕوا به‌خۆبوون ، هه‌ستی مرۆڤایه‌تی و ویژدان زیندوویی ، ... هتد.

له‌م روانگه‌یه‌وه‌ ، ئه‌مڕۆ له‌ وڵاتانی‌ پێشکه‌وتوودا ، له‌ شار و شارووچکه‌ و له‌ گه‌ره‌ک و دێهاته‌کان و له‌ هه‌موو قوتابخانه‌ و پۆلێکی خوێندندا ، به‌ڵکو له‌ هه‌موو ماڵێک و هه‌موو ژوورێکی نووستنی منداڵانیشدا ، کتێبخانه‌ی گه‌وره‌ و بچووکیان تیدا هه‌یه‌ و، به‌ هه‌زاران کتێب و گۆڤار و سه‌رچاوه‌ی هه‌مه‌ڕه‌نگه‌یان بۆ هه‌موو قۆناخ و ته‌مه‌نێک تێدایه‌.. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش چه‌ندین کتێبخانه‌ی گه‌ڕۆکیان هه‌یه‌، که‌ دێهات و گه‌ڕه‌ک و شوێنانی تر به‌سه‌ر ده‌که‌نه‌وه و.. تازه‌ترین کتێب و گۆڤار ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌ستی شه‌یدایانی خوێندنه‌وه‌ .. ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ی رۆژانه‌ نه‌خوێنێته‌وه‌ که‌سێکی دابڕا و بێ ئاگایه‌ و ، ئه‌و رۆژه‌ به‌ نرخانه‌شی به‌فیڕۆ ده‌دات.. هه‌ر ماڵێکیش کتێبخانه‌ی تێدا نه‌بێت ، وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ که‌ چێشتخانه‌ی تێدا نییه‌ .. با کتێب و کتێبخانه‌شمان ، ته‌نها بۆ دیکۆر و رازانه‌وه‌ی ماڵ و قوتابخانه‌کانمان و کتێبخانه‌ گشتییه‌کانمان نه‌بێت ، شووره‌ییه‌ ئه‌گه‌ر کتێبه‌کان نه‌کرابێتنه‌وه‌ و تۆزیان لێ نیشتووبێ .

من هه‌ر کاتێک ماوه‌م‌ هه‌بێت زۆرترین کاتی په‌رژان و پشووی خۆم له‌ کتێبخانه‌ی گشتی ( بێرگن ) له‌ نه‌رویج ـ ئه‌و شاره‌ی لێی ده‌ژیم ـ به‌ خوێندنه‌وه‌ به‌سه‌رده‌به‌م. ژماره‌یه‌کی باشی کتێب و گۆڤاری کوردی له‌م کتێبخانه‌یه‌دا له‌ به‌شی کوردیدا هه‌یه‌ ، که‌ به‌شێکیان بۆ منداڵانن.. کتێبی تازه‌شیان تێدایه‌. ‏ساڵی پار له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری کتێبخانه‌که‌دا قسه‌م کرد و گله‌یی ئه‌وه‌م کرد، که‌ له‌ چاو ژماره‌ی کورد و به‌شه‌کانی زمانه‌کانی تر ، زۆر که‌متر کتێبی تازه‌ بۆ به‌شی کوردی ده‌کڕن .. بۆچی ؟ وه‌ڵامی به‌ڕیوه‌به‌ری کتێبخانه‌ی بێرگن ئه‌وه‌ بوو..وتی‌ ئێمه‌ به‌پێی خوێنه‌ران و خوازیارانی کتێبه‌کانی هه‌ر به‌شێک کتێبی تازه‌ ده‌کڕین . له‌ راستیدا قسه‌که‌شی راستن..  به‌  داخه‌وه‌ وه‌کو وتم که‌س به‌ قه‌ی من هاتووچۆی ئه‌و کتێبخانه‌یه‌ ناکات ، مه‌گه‌ر به‌ ده‌گمه‌ن کوردێک ، یا منداڵێکی کوردمان ببینم ، که‌ کتێب بخوێنێته‌وه‌ یان کتێبێک بخوازێ و بیباته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ .. که‌چی رۆژی به‌ سه‌تان منداڵ و لاو و ژن و پیاوانی نه‌ته‌وه‌کانی ترم به‌رچاو ده‌که‌ون ، مه‌گه‌ر له‌کاتی ته‌وابوونی ده‌وام به‌جێی بهێڵن، که‌ به‌جێشی ده‌هێڵن،هه‌ر یه‌که‌ چه‌ند کتێبێکی خوازراو ده‌باته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌.  
تا ئیستا به‌ ته‌واوی نه‌زانراوه‌ ، له‌ که‌یه‌وه‌ منداڵ هۆگری کتێب و خوێندنه‌وه‌ ده‌بێت.. ئه‌مانه‌ هه‌ندێ پرسیارن یارمه‌تی دایکان و باوکان ده‌ده‌ن ، بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بزانن و بۆیان ئاشکرا بێت ، که‌ منداڵه‌کانیان حه‌زیان له‌ کتێب خوێندنه‌وه‌ هه‌یه‌:

(*) ئایه‌ تێبینی ئه‌وه‌ ده‌که‌ی که‌ ، مناڵه‌که‌ت حه‌ز ده‌کا سه‌یری کتێب و گۆڤار بکا؟
(*) که‌ منداڵه‌که‌ت به‌ ته‌نها بێ ، حه‌ز ده‌کات جار و بار کتێب به‌ ده‌سته‌وه‌ بگرێ؟
(*) که‌ کتێبی له‌ به‌رده‌ستدا بێ، لاپه‌ڕه‌کانی هه‌ڵده‌داته‌وه‌.. سه‌یری وێنه‌کانی ده‌کا؟
(*) هه‌ندێ جار، وا خۆی ده‌رده‌خا ، که‌ ئه‌و کتێبه‌ی له‌ به‌ردستییه‌ ده‌یخوێنێته‌وه‌؟
(*) ئایه‌ منداڵه‌که‌ت حه‌ز به‌وه‌ ده‌کا، که‌ یاری وشه‌سازی( ریزبه‌ندی وشه‌ ) بکا؟
(*) ئایا بایه‌خ و سه‌رنجی ئه‌و رسته‌ نووسراوانه‌ ده‌دا ، ئه‌گه‌ر پێشانیانی بده‌ێ؟
(*) هه‌ندی له‌و وشه‌ و رستانه‌ی که‌ له‌و چیرۆکانه‌ی بۆت خوێندۆته‌وه‌ ، له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ دووباره‌یان ده‌کاته‌وه‌ ؟
(*) مانای وشه‌کانت لێ ده‌پرسێ ؟
(*) که‌ خوشک و برای له‌ خوی گه‌وره‌تر ، کتێبیان له‌ به‌رده‌ستدا بێ ، ده‌چێت به‌ لایانه‌وه‌ و،  سه‌رنجیان ده‌دا ؟

ئه‌گه‌ر زۆربه‌ی وه‌ڵامه‌کانی ئه‌و پرسیارانه‌ به‌ ( به‌ڵێ ) بێ..واته‌ منداڵه‌که‌ت حه‌زی له‌ خوێندنه‌وه‌ هه‌یه‌ و ، پێویسته‌ ئه‌م حه‌زه‌ بقۆزیته‌وه‌ و ، به‌پێی ته‌مه‌نی کتێب و گۆڤاره‌ کوردییه‌کانی بۆ بکڕیت .. له‌ سه‌ره‌تاوه‌ کتێبی وێنه‌داری ره‌نگاوڕه‌نگی ئاسانی بۆ دابین بکه‌ ..  هه‌ر کتیب و گۆڤارێکیشی خوێنده‌وه‌ ، ستایشی بکه‌ و ، خه‌ڵاتێکی پێشکه‌ش بکه‌.. خه‌لاته‌که‌ت هه‌رزان به‌هاش بێ .. دڵخۆشی ده‌کا.
جا بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌کانتان ، هۆگری خوێندنه‌وه‌ بکه‌ن و، بیان که‌ن به‌ هاوڕێی  کتێب.. پێویسته ره‌چاوی کۆمه‌ڵێک زانست و رێنمایی پێویست بکه‌ن‌ ، وه‌ک:

(*) پێویسته‌ ئێوه‌ی دایکان و باوکان، ببنه‌ نموونه‌ و له‌ به‌رچاوی منداڵه‌کانتاندا کتێب و گۆڤار و رۆژنامه‌ بخوێننه‌وه‌ ، تا منداڵه‌کانشیتان چاو له‌ ئێوه‌ بکه‌ن.
(*) به‌ ده‌نگێکی مامناوه‌ندی و به‌ ره‌وانی و به‌ شێوه‌یه‌کی هونه‌ری خۆش و سه‌رنج راكێش.. کتێبی چیرۆک و هۆنراوه‌ و سه‌رگوزشته‌ و سه‌رکيشی بۆ منداڵه‌کانتان بخوێننه‌وه‌..به‌ تایبه‌تیش ئێواران پێش نووستن..کۆمه‌ڵێک پرسیاریش بوروژێنن بۆئه‌وه‌ی منداڵه‌کانت له‌ مه‌به‌ستی چیرۆک و هۆنراوه‌کان تێ بگه‌ن.
(*) له‌ ماڵه‌کانتاندا ، ئه‌که‌ر کرا له‌ ژووری منداڵه‌کانتان کتێبخانه‌ دابنێن و به‌ كتیب و گۆڤاری منداڵان بیان ڕازێننه‌وه‌.
(*) پێویسته‌ کتێبخانه‌کانی قوتابخانه‌کان‌، به‌ کتێب و گۆڤاری هه‌مه‌ره‌نگه‌ی منداڵان ده‌وڵه‌مه‌ند بکرێن و، کتێب بدرێت به‌ منداڵان بیبه‌نه‌وه‌ و له‌ ماڵه‌وه‌ بیان خوێننه‌وه‌. (*) پێویسته‌ مامۆستایانی زمانی کوردیمان ، رۆڵێکی کاریگه‌ریان هه‌بێت له‌ هاندان و رێنمایی کردنی قوتابیان ، بۆ خوودانه‌ خویندنه‌وه‌ی کتێب و گۆڤار.
(*) پێویسته‌ مامۆستایانی زمانی کوردیمان، فێری منداڵان بکه‌ن که‌ چۆن هاومانی ئه‌و وشانه‌ی ماناکانیان نازانن ، له‌ فه‌رهه‌نگه‌کانی زمانی کوردی بیان دۆزنه‌وه‌.
(*) پێویسته‌ منداڵان به‌ خوێندنه‌وه‌ی بێ ده‌نگ رابهێنن .
(*) ئه‌و منداڵانه‌ی شه‌رمنن ، پێویسته‌ رایان بهێنن و، له‌به‌رده‌م هاوڕێکانیاندا به‌ ده‌نگه‌وه‌ کتێب یا هه‌ر بابه‌تێکی تر بێت بخوێننه‌وه‌ .. تا شه‌رمیان بشکێ .
(*) بێگومان خوێندنه‌وه‌ ، منداڵان زیره‌کتر وبلیمه‌تر ده‌کات. هه‌ندێ له‌ منداڵان حه‌زی خۆده‌رخستنیان هه‌یه‌ له‌ به‌رده‌م هاوڕێکانیاندا.. نابێ سه‌رکوتیان بکه‌ن و، رێیان لێ مه‌گرن .. با ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت په‌نگ نه‌خواته‌وه‌ و ده‌ری ببڕن.
(*) منداڵه‌کانتان له‌سه‌ر خێرایی خوێندنه‌وه‌ رابهێنن.
(*) منداڵه‌کانتان رابهێنن ، که‌ له‌ کاتی خوێندنه‌وه‌دا ، ره‌چاوی خاڵبه‌ندییه‌کانی رێزمان بکه‌ن بۆ نموونه‌ : که‌ گه‌یشتنه‌ بۆر(،) که‌می بشوو یا هه‌ناسه‌یه‌ک بده‌ن، له‌ خاڵی کۆتایی رسته‌شدا (.) ، پشوویه‌کی زیاتر یا هه‌ڵوه‌سته‌یه‌کی لێ بکه‌ن .
(*) ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ خوێندنه‌وه‌دا لاوازن ، نابێت په‌راوێز بکرێن.. پێویسته‌ چاره‌سه‌ر هۆی لاوازیان بکه‌ن و ، هۆیه‌کانی پێشکه‌وتنیان بۆ دابین بکه‌ن.
(*) پێویسته‌ ره‌چاوی ئه‌وه‌ش بکه‌ن ، له‌ رووی توانا و بیر و زه‌ین و به‌هره‌ و زیره‌کییه‌وه‌ ، جیاوازی له‌ نێوان منداڵاندا هه‌یه‌ .
(*)‌ منداڵان رابهێنن، له‌ مانا و مه‌به‌ستی ئه‌و بابه‌تانه‌ی ده‌یان خوێننه‌و تێ بگه‌ن.
(*) پێویسته‌ منداله‌کانتان به‌رن ، بۆ به‌شی کتێب و گۆڤاری منداڵان له‌ کتێبخانه‌ی گشتی شاره‌کانتان.. هیواداریشین به‌شی منداڵان زیاتر گرنگی پێ بده‌ن و به‌ کتێب و گۆڤاری تازه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندیان بکه‌ن.
پێنج مانگ به‌ر له‌ ئێستا سه‌ردانی کتێبخانه‌ی گشتی شاری که‌رکوکی خۆشه‌ویستم کرد ، داوام له‌ خاتوو (شادیه‌ به‌کر محه‌مه‌د) ی به‌ڕێوه‌به‌ری کتێبخانه‌که‌ی گشتی که‌رکوک کرد که‌ به‌شی منداڵانم پێشان بدات .. به‌داخه‌وه‌ به‌شی منداڵانیان ته‌نها به‌ ناو به‌شه‌.. له‌ سووچێکی هۆڵێکی بچووکی تاریکدا ، له‌ سه‌ر ره‌فتێکی به‌رزدا ، چه‌ند کتێبێكی منداڵان دانرابوون ، که‌ ژماره‌یان له‌ ژماره‌ی په‌نجه‌کانی ده‌ستم که‌متر بوون .. ناویان لێ نابوون به‌شی منداڵان .. بڕوا ناکه‌م له‌ مانگێکدا چوار منداڵی کوردمان  روو له‌م به‌شه‌ بکه‌ن .. بێن چی بخوێننه‌وه‌ ؟ نیگه‌ران و دڵگران بووم.. خاتوو شادیه‌ ش .. له‌ به‌شی منداڵانیان رازی نه‌بوو .. گله‌یی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که‌ وه‌کو پێویست ئاوڕ له‌ کتێبخانه‌که‌یان نه‌دراوه‌ته‌وه‌ و هاوکاری نه‌کراون.
داوا له وه‌زاره‌تی رۆشنبیری کوردستان ده‌که‌م ، که‌ کۆمه‌ڵێک کتێب و گۆڤاری کوردی بۆمنداڵان ، پێشکه‌ش به کتێبخانه‌ی گشتی شاری که‌رکوک بکه‌ن‌ .

هیوادارم که‌ ببینه‌ هانده‌ری باشی کوردیله‌کانمان ، بۆئه‌وه‌ی خوو بده‌نه‌ خوێندنه‌وه‌ و ببنه‌ ئاشنای کتێبخانه‌ و ، ببنه‌ هاوڕێی هه‌میشه‌ی کتێب .
وه‌کو ده‌ڵێن : " فێربوون به‌ منداڵی ، وه‌ک نه‌خشی سه‌ر به‌رده‌ "







 
کۆمه‌ڵایه‌تی
وێنە
باوک و دایکیان ده‌یانسوتێنن
یه‌کێک له‌ سه‌رنجترین و دڵته‌زێنترین روداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ ئه‌وه‌بوو له‌ 11-5-2012...
وێنە
200 $ بۆ دیئاکتیڤ کردنی فه‌یسبوک
بری 200$ بۆ دیئاکتیڤه‌یتی فه‌یسبوک له‌ ویلایه‌تی بۆستن له‌ ئه‌مریکا ، باوکێک هه‌ڵده‌ستێت...
وێنە
هاوسه‌ره‌که‌ی کوشت بۆ ئه‌وه‌ی نیازی تاوان و خیانه‌تی هه‌بوو!!
ژنێکی پاکستانی‌ هاوسه‌ره‌که‌ی خۆی ئه‌کوژێت له‌ کاتێکدا ویستی ده‌سترێژی هه‌بووه‌ بۆ...
وێنە
كاتێك زه‌نگی موبایله‌كه‌ت لێیدا چی ده‌كه‌یت
       پشكۆخاڵدانی/كه‌ركوك ئایه‌ ســــــــــــــۆمابه‌چی قه‌پاته‌...
وێنە
چه‌ند رێنماییه‌كی به‌سوود بۆ دایكان و باوكان ‌
منداڵ له‌ باوه‌شی دایكیدا چاو هه‌ڵدێنێ، به شیری دایكی گۆش ده‌كرێ و، له‌ سایه‌ی ناز و...
وێنە
چه‌ند ڕێگه‌یه‌ک بۆ ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی بۆ هاوسه‌ره‌که‌ت.
بۆ ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی زۆر ڕێگه‌ی جیاواز هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی سۆز و خۆشه‌ویستی خۆت بۆ...
وێنە
کوڕێک باوکی خۆی کوشت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕێگری بوو یاری به‌ پله‌یسته‌یشن بکات
له‌ له‌ باشوری شاری فیلادیفیا ڕووداوێکی تاک و دڵته‌زێن روویدا که‌ گه‌نجێکی هه‌رزه‌کار با ...
وێنە
ئه‌و قسانه‌ی پیاوان ده‌یکه‌ن و ئافره‌تان له‌ بیری ناکه‌ن!
چه‌ند شتێک هه‌یه‌ ئافره‌ت بێزار ده‌کات به‌تایبه‌ت ژنان،هه‌ندێ جار به‌ شێوه‌یه‌ک...
وێنە
كچان و ژنان كام ڕه‌نگی چاویان لاجوانه‌
ژنێك: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چاوی خۆم سه‌وزه‌، چاوی سه‌وزم لاجوانه‌ هه‌رچه‌نده‌...
وێنە
ئه‌گه‌ر ژنكه‌ت سه‌رۆكی كارت بێت چ به‌ڵایه‌ك ڕووت تێده‌كات؟؟
ئایا تا ئێسته‌ له‌لای خۆتانه‌وه‌ بیرتان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌له‌جێگای...
وێنە
رێگاکانی خۆشەویستی راستەقینە لە نێوان هاوسەرەکاندا...
کاتێک رۆیشت و ویستی دوور بکەوێتەوە لە تۆ بە هۆی توورە بوونەوە ( لێ دوور مەکەرەوە و بە شوێنیا برۆ) کاتێک بینیت...
وێنە
سه‌روه‌ت و سامانی خێزان هی ژنـه‌ یاخوود پـیاو ؟
یوسف خه‌لیل یه‌كێك له‌و كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی هه‌مه‌جۆر...
وێنە
ئافره‌تان زیاتر له‌ پیاوان ئینکاترن..
ئافره‌تان زیاتر ئینکارن له‌ پیاوان، توێژینه‌وه‌یه‌کی به‌رازیلی ڕوونی کرده‌وه‌ که‌...
وێنە
چه‌ند نیشانه‌یه‌کی ترسناک نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ هاوسه‌ره‌که‌ت خیانه‌تت لێ ده‌کات..
ئایا به‌رده‌وام له‌ کار دوا ئه‌که‌وێت؟ئایا که‌م قسه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌کات که‌ له‌...
وێنە
هاوڕێی سه‌ر کاری پیاوان وا له‌ هاوسه‌ره‌کانیان ده‌که‌ن که‌ دڵ پیس بکه‌ن.
دڵپیسی زاڵه‌ به‌سه‌ر هه‌ندێ له‌ ئافره‌تان و  وا له‌ هاوسه‌ره‌کانیان ده‌که‌ن له‌...
وێنە
بنەما بۆ نەھێلانی کێشەی نێوان ژن و مێرد
زۆر جار گفتۆگۆیەک لە نێوان ژن مێرد روودەدا کە ھەندێک جار دەگاتە رادەیەک بەرەنگاری لە نێوانیان دەبێت بە بێ...
وێنە
راگەیاندن و حەیاجونی ناوداران بەدەستدرێژی جنسی
جیاوازن ڕێگای وەرگرتن و مامەڵەکردنی ڕاگەیاندنەکان ، لەسەر بابەتە حەساسەکانی وەکو دەست درێژی جنسی...
وێنە
یارمه‌تی هاوسه‌ره‌که‌ت بده‌ بۆ سه‌رکه‌وتن پله‌ به‌ پله‌..
خانمان ئه‌توانن یارمه‌تی هاوسه‌ره‌کانیان بده‌ن له‌ سه‌رکه‌وتن به‌ ئاسانی،پاشان وازی لێ...
وێنە
سه‌د ڕێگا بۆ گه‌یشـــتن به‌ شادی و خۆشی ژیان!!
ئایا له‌ ژیان بێزار بوویت ،؟ ئیتر ژیان به‌ره‌و ڕوی تۆ نیه؟‌ ، بێتاقه‌ت مه‌به‌، چونکه‌...

ناردنی بابه‌ت

sirwan@kurdzhin.net
یان
sozi@kurdzhin.net

میوان له‌سه‌رهێڵ

کوردژین میوان له‌سه‌رهێڵه