.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه






سامانی دونیا سێ برا لێكدی !سامانی دونیا سێ برا لێكدی دەكاو یەكێكیشیان بە كوشت دەدات
رەنگە سەیر نەبێت كە بڵێین مرۆڤی وا هەیە غەریزەی دەوڵەمەندبوون و پارە كۆكردنەوە، لای ئەو، لەسەرووی هەموو شتێكەوەیە. ئەگەر ناكۆكییەكی بۆ هاتە پێشەوە، با كەسی بەرامبەریشی برای بێت، بەڵام كە لەسەر پارە لێی بووە ململانێ لەگەڵیدا، ئەوا ئەو (پارە) لەسەرووی هەموو شتێكەوە دادەنێ، بێگومان ئاشكرایە كە هەموو كەسێك وا بیرناكاتەوەو ناكرێ ئەم جۆرە حاڵەتانە بگشتێندرێت و بەسەر هەموو خەڵكیدا بیسەپێنین، بەڵام بە هەرحاڵ كەسی واش هەیە،(پارە) یا ماڵی دنیا لە پێش هەموو كەسێكەوە دادەنێ و نزیكترین كەسی خۆشی بە قوربانی ماڵی دنیا دەكات، هەروەك لە كێشە دڵتەزێنەكەی نێوان(دڵزار)و براكانیدا روویداوە، ئەمە كێشەیەكە لە نێوان چەند برایەك روویداوە، لەسەر زەوییەكی چەند سەد مەتری كشتوكاڵی بووە، كە دواتر خۆێنڕشتنی لێكەوتەوە...
جا با بزانین ئەم كێشەیە چی بوو، چۆنیش روویداو پاشان ئاكامەكەی بەچی گەیشت...؟
پیاوێكی دەوڵەمەندو منداڵە ناكۆكەكانی
لە گوندێكی نزیك شاری هەولێر بەناوی (د)، پیاوێكی كاسبكاری دەوڵەمەند هەبوو، كە نێوی (عەلی) بوو، ئەم پیاوە خاوەنی خانوویەكی گەورەو ئۆتۆمبێلێكی پیكاب و تراكتۆرێك و پارچە زەوییەكی(800) مەتری بوو، زەوییەكەی كە لە باوكییەوە بۆی بەجێما بوو، زەوییەكی بە پیت و بەرەكەت و موڵك بوو، باوكی (عەلی) كاتی خۆی بەنرخێكی مامناوەندی لە یەكێكی كڕی بوو، تاپۆكەشی بەناوی خۆی كردبوو، لە دارەتی دنیاێش تەنها تاقە كوڕێكی هەبوو كە ئەویش (عەلی) بوو، كە ئەمری خوای بەجێهێنا، وەك میرات بۆ (عەلی) مایەوە، ئەویش نزیكەی (25) ساڵان لەو زەوییە كاری كردو گوزەرانی خۆی پێ دەستەبەر دەكرد، (عەلی) بە سایەی ئەو زەوییە هەم بووە خاوەن خێزان و ماڵ و منداڵ، هەمیش بووە خاوەن ئۆتۆمبێل و خانوو، وایلێهات ببووە یەكێ لە دەوڵەمەندەكانی گوندەكەی خۆیان، (عەلی) هەتا منداڵەكانی بە تەمەن بچووك بوون كێشەیەكی ئەوتۆی لە ناو خێزانەكەیدا نەبوو، بەڵام كە منداڵەكانی گەورەبوون، ئیدی رۆژێكی خۆشی بەچاوی خۆی نەدیت.
كوڕە گەورە (عەلی) كە ناوی (یوسف) بوو، كەسێكی بە تەماح و چاو نەتێر بوو، ببووە مایەی سەرئێشەو دەردەسەری بۆ (عەلی) و بۆ براكانی تریشی، جارێ (عەلی) نەمردبوو، ئەو میراتەكەشی بەش كردبوو، هەموو جارێ دەیگووتە براكانی تری "كە چوار برا بوون"، كەستان بۆتان نییە ئۆتۆمبێل و تراكتۆرەكە لێخوڕن، یان ئیشێك بكەن بەبێ پرسی من، (یوسف) هەم خۆی بە خاوەنی ماڵ و موڵكەكە دەزانی، هەمیش خۆی بە جێگرەوەی باوكی، ئەم رەفتارانەی(یوسف) براكانی تری بە تەواوەتی بێزارو توڕەو وەڕس كردبوو، چەند جارێك (یوسف) لەگەڵ براكانی كردیە دەمەقاڵی و پاشان تەشەنەی سەندو بووە شەڕو لێكدانیشیان براكانی (یوسف) كە یەكێكیان ناوی (ساڵح) و یەكێكی تریشیان ناوی(خدر)بوو، چەند جارێك بەرپەرچی (یوسف) یان دایەوەو هەوڵیاندا بەری تەماحی پێبگرن و بڕێك بەر زەوتی بكەن، بەڵام بێ سوود بوو..
(عەلی) باوكیان دادو بێدادی بوو لە دەست تەماحەكانی (یوسف) و گێچەڵكردنی بە براكانی، چەندیشی هەوڵ لەگەڵدا بێ ئاكام بوو،(عەلی) لە بیری ئەوەدا بوو، (یوسف) بەوە رازی بكات بەشە میراتی خۆی پێبدات و ژنێكیشی بۆ بێنێت و بەڕێی بكات، بۆ ئەوەی لەسەرێكەوە تەماحی كەم بێتەوە، لەسەرێكی تریشەوە لە براكانی دوور بكەوێتەوە، بەڵام رێكەوت وابوو، ئێوارەیەك دوای ئەوەی دیسان (یوسف) دەستی بە ئاژاوەنانەوە كردەوە، (عەلی) باوكیان هەرچەندی كردو كۆشا نەیتوانی ئەو برایانە ئاشت بكاتەوە، لە حەژمەتان ژانە سینگ گرتی و دەستی بە رشانەوە كردو هەتا گەیاندیانە نەخۆشخانە نۆرە دڵی (جلطە) لێیداو كوشتی، باوك بەو كۆستەوە مرد كەچی (یوسف) هەر لە بیری ماڵ و موڵكدا بوو.
كوژرانی(یوسف)ی تەماحكار
باوك مردو نێژرا، چەند رۆژێك دوای تازییە، (ساڵح) و (خدر) تەگبیریان كرد تا لەگەڵ براكانی تریان دانیشن و چارەسەری كێشەی(یوسف)بكەن پێش ئەوەی (یوسف) دەسپێبكاتەوەو ئاژاوە بنێتەوەو دەست بەسەر هەموو موڵك و ماڵەكەدا بگرێ و هەوڵی دەركردنی ئەوانیتریش بدات. ئەوە بوو گەیشتنە ئەو بڕوایەی كە بەشە میراتی خۆی بە زیادەوە بدەنێ و، جا چ بە پارە بیقرسێنن، یا موڵكی بدەنێ و ئەوانیش بۆ خۆیان برایانە پێكەوە بژین و لەسەر ئەو بەشە میراتەی كە بۆیان دەمێنێتەوە، بە هاوبەشی خەریكی كاروكاسبی جارانی سەردەمی باوكیان بن، ئەوان بڕیاریاندا كە بۆ بەیانی ئێوارەكەی باسەكە لەگەڵ (یوسف) بكەنەوە، ئەگەر بەمەش رازی نەبوو ئەوا پێكەوە برایانە سوود لە ماڵ و موڵكەكە ببینن، ئەوان خەریكی ئەو باسە بوون، كە بۆ بەیانی (یوسف) دوو سێ كەسی لەگەڵ خۆی هێنابووە گوند، كە ئۆتۆمبێلەكەو تراكتۆرەكە بفرۆشێ، (ساڵح) گوتی: یوسف ئەوە خەریكی چی؟ (یوسف)یش گوتی خەریكم ئۆتۆمبێل و تراكتۆرەكە دەفرۆشم و خانووەكەو زەوییەكەش دەفرۆشم و بەشی خۆم هەڵدەگرم و ئەویدیكەتان دەدەمێ، ئینجا كەیفی خۆتانە چ لە بەشی خۆتان دەكەن، دەیخۆن، فڕێیدەدەن، ئەوە كێشەی خۆتانە، (ساڵح) و براكانی گوتیان، ئێمە زەوییەكەو خانووەكەش نافرۆشین، بەشی خۆت چەندە دەتدەینێ و بڕۆ لە كۆڵمان ببەوە ئێمە نە زەوی و نە گوندی باوكمان بەجێ ناهێڵین.
خەریك بوو دەبووە كێشەیان و دەستەو یەخەی یەك بگرن، بەڵام خەڵكی خێرخوازو كڕیارەكان كەوتنە نێوانیان و نەیانهێشت كێشە تەشەنە بكات و بگاتە رادەی لە یەكدان.. كە كڕیارەكان ئەم ناكۆكییەی براكانیان دیت، عوزرخوازیان هێنایەوەو لە كڕینی موڵك و ماڵەكە پەشیمان بوونەوەو رۆیشتن، (یوسف) كە ئەوەی دیت پەلاماری(ساڵح)یداو بووە شەڕیان، براكانی تر لێكیان كردنەوەو (ساڵح)یان لەبن دەستی (یوسف) دەرهێناو (یوسف)یشیان بردە یەكێ لە ژوورەكانی ماڵەكەیان،(یوسف) لەكاتی خۆ راپسكاند، رایكردە ژووری مەتبەخەكەو دەستیدایە كێردێك و تاوی دایە (ساڵح)، خەریك بوو كێردێك لەملی (ساڵح) رابكات و بیكوژێ، بەڵام ساتمەیەكی گەورە دەكات كێرد لە سینگی رادەچێ و دەگاتە سەر دڵی و دەیكوژێت..
گوڵان...

لهسهر هێڵ نییه