❤❤یـــانەی کوردژیـن/Kurd Zhin❤❤/ / پەرلەمانتار خەمان زرار:

.



نازناو:  وشه‌ی تێپه‌ڕبوون:  ‌  |  

ئاگاداری

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌ڕێزان : هه‌رکاتێک کێشه‌یه‌ک یان په‌یامێکی ناشیاوت به‌رچاو که‌وت له‌یانه‌دا ئه‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ :_

1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) .. ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .

2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له‌ ئه‌وروپا به‌ ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره‌ ته‌له‌فوونی( 00447754007706) .

New Page 1

    بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه‌  



#1 2008-06-04 10:12:46

chra
ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی
شوێن: رانیه‌
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2008-02-27
دواترین سه‌ردان: 2012-08-03
په‌یامه‌كان: 81

پەرلەمانتار خەمان زرار:

پەرلەمانتار خەمان زرار: خەباتی ژنان لە هەموو دونیا و بەتایبەتی لە كوردستان یەكە

http://www.pcdk.org/files/data/upimages/xaman-zrar.jpg[img][/img]



لە بەرواری (2008/5/18) ئەنجوومەنی ژنانی پارتی كۆمەڵگای دیموكراتی(دە تە پە) كۆنفرانسی ساڵانەی خۆی ئەنجام دا. لەم كۆنفرانسەدا ژنانی ئێراق و باشووری كوردستانیش وەكو میوان بانگهێشت كرابوون، بۆ ئەو مەبەستە رۆژی وڵات دیمانەیەكی لە گەڵ بەرێز پەرلەمانتار "خەمان زرار" ئەنجام داوە.
پرسیار: ئەوەی كە ئێمە لە راگەیاندنەكان گوێمان لێبوو، لە ئەنقەرە رووداوێكی مێژووی هەبوو، پارتی كۆمەڵگەی دیموكراتی توانیویەتی پازدە هەزار ژن كۆبكاتەوە و كۆنفرانسی ژنان ببەستێت، ئەمە لەكاتێكدایە كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەكو خۆشتان دەبینن ناسنامەی ژنان بەهەموو شێوەیەك رووبەڕووی نكولیكردن بۆتەوە، لەو بارەیەوە ئێوە چی دەڵێن؟
خەمان زرار: بۆ ژمارەكەی نازانم، بەڵام ئەوەندە دەزانم كە لە دەهەزار زیاتر بوو، وەڵا پێش هەموو شتێك دڵخۆشی خۆمان بەرامبەر ئەو چالاكییە دەردەبڕم، دیارە مەبەست لە چالاكییەكە ئەوەبوو كە ئەنجوومەنی ژنانی (DTP) هەڵبژێردرێت، ئەمە خۆی لەخۆیدا گرنگ بوو، چونكە ئەو ژنانەی كە بەشداربوون، جارێكی دیكە نوێنەری خۆیان راستەوخۆ هەڵدەبژێرن، لەو كۆبوونەوەیە تەنها ژنان لەوێ ئامادەبوون، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە تۆ مافێكت هەیە، دەتوانی خەڵك دەستنیشان بكەی و لەناو ئەنقەرە متمانە بەژن بدەی كە لەوێ هەڵبژاردنی خۆی بكات، ئەمەش دیاردەیەكی مەدەنیانەیە دروست بووە، شێوازێكی ئەوپەڕی دیموكراتیانە بوو. جارێكی تر دەستیان خۆش، كارێكی زۆر باش بوو، دووەمیش كۆكردنەوەی ئەوندە ژن لە ئەنقەرە نمایشێكی سیاسیانەیە، توانا و هێزی ئەو حزبە دەردەخات, كارێكی زۆر سیاسی مەدەنیانە بوو.
سەبارەت بەبەشداری ئێمەش، ئێمە بانگهێشت كرابووین، وەكو پشتگیرییەكی مەعنەوی بوو، لە هەموو شوێنێك ژنانی كورد هاتبوون، ئەمەش خۆی لە خۆیدا نزیكیەك لەنێوانماندا نیشان دەدات. ئەمە دەروازەیەك بوو كە نیشانی بدات ئێمە هەموومان یەك قسەمان هەیە، خەبات بكەین تا بگەین بە ئامانجەكانی خۆمان. بەتایبەت لە چالاكی مەدەنیانەی سڤیلی بەوشێوەیە. داوەتەكەی ئەوان بۆ ئێمە مانایەكی زۆری هەبوو ئێمە بەخۆشحالییەوە قەبووڵمان كرد، تا بزانین ئەو پێشكەوتنەی لەوێ هەیە بەچاوی خۆمان بیبینین، لە هەمانكاتدا چوونەكەی ئێمە، نوێنەری ژن لەپەرلەمانی باشووری كوردستان بەشدار بێت. پشتگیرییەك بوو. لەو چالاكییە.

پرسیار : لە ئێرق و باشووری كوردستان چەند ژن بەشدار بوون؟
خەمان زرار: پێویست بوو پێنج ژن بەشدار بێت، لە پەرلەمانی كوردستان ئێمە دوو كەس بووین من و كوردستان خان لە پەرلەمانی ئێراقیش دوو ئەندام بوون، بەڵام یەكێكیان هات، هەروەها لەباشووری كوردستان ژنێكی دیكەش بەشداربوو كە رۆژنامە نووس بوو.

پرسیار: ئەو كۆنفرانسە چالاكییەك بوو لە دەرەوەی سیستەم، خۆ نیشاندانی هێزێكی دیكە بوو لەدەرەوەی دەسەڵات ئێوە لەو بارەیەوە چی دەڵێن؟
خەمان زرار: بەڕاستی نازانم پێم وابێت لە توركیا چالاكی بەوشێوەیە چالاكی حزبەكانە، رەنگە حزبەكانی تری توركیاش چالاكی بەوشێوەیەیان كردبێت، ئەگەر مەبەستت ئەوە بێت كە ئەوە یەكەمجارە حزبێكی وەكو دەتەپە بتوانێت چالاكییەكی بەوشێوەیە بەرفراوان بكات، لەگەلتم.

پرسیار: واتە لەدەرەوەی سیستەمی دەسەڵات هێزێك هەیە دەتوانێت چالاكی مێژووی بەوشێوەیە دەربخات، راستە دەتەپە لەناو پەرلەماندایە، لە بەلەدییەكاندایە، بەڵام بەشێك نییە لە سیستەم بەڵكو بەشێكە لە ئۆپۆزسیۆن كار بۆ بچووكردنەوەی ئەو دەسەڵاتە دەكات، بۆچوونتان لەوبارەیەوە چییە؟
خەمان زرار: بۆ لەدەروەی دەوڵەت؟ خۆ دەتەپە لەناو دەوڵەتدایە، دەتەپە بەشێكە لە دەوڵەت، بەشێكە لە پەرلەمان من پێم وانییە لەدەروەی دەوڵەت بێت. خۆ سیستەمێك كە دەوڵەت بانگەشەی بۆ دەكات مەدەنیەت و دیموكراسییەتە، ئەگەر وانەبێت دەتەپەش ناتوانێت چالاكی ئەنجام بدات، دەتەپە بەشێكە لەسیستەم، بەشێكە لە دەوڵەت.

پرسیار: باشە ئەو شعاراتانە چی بوون كە لە كوَنگرە بەرزكرانەوە؟
خەمان زرار: كێشەی گەوەرە ئەوە بوو، بەداخەوە كۆنگرەكە زۆربەی بەزمانی توركی بوو، چەندە توركیا بانگەشەی مەدەنییەت دەكات، بەڵام هێشتا خەڵكەكەی ناتوانێت بەزمانی كوردی قسەبكات، بەزمانی رەسەنی خۆیان قسە بكەن، كێشەی گەورەی منیش ئەوە بوو، كە لە زمانی توركی تێنەگەیشتم. هەرچەندە بۆیان تەرجوومە دەكردین، گەورەترینی ئەو شعارانەش ئەوە بوو كە داوای مافەكانی خۆیان دەكەن، داوای مافە سیاسیەكانی خۆیان دەكەن. مافی مەدەنی خۆیان دەكەن، خۆی لەخۆیدا لە ناو سیستەمێكی دیموكراسیدا، داواكردنی ماف شتێكی سروشتییە. زۆر شعاری تر هەبوون رەنگە پەیوەندی بەحزبەكەی خۆیانەوە هەبێت، شتێك كە زۆر هەیەجانی لای ئەوان دروست دەكرد زیاتر ئەو شعارانە بوو كە پەیوەندی بە ئازادی بەڕێز ئۆجەلانەوە هەبوو.

پرسیار: باشە لەباشووری كوردستاندا هەوڵدراوە شتی وەها بكرێت؟
خەمان زرار: بێگومان، هەوڵدراوە و كراویشە رەنگە بەو عەدەدە نەكرابێت، ئەمەش كۆمەڵێك سەبەبی هەیە. یەك (بەپێكەنینەوە) ژمارەی ئێمە ئەوەندە زۆر نییە! رەنگە چوار تا پێنج ملیۆن وەكو پازدە ملیۆنێك نەبێت. لەلایەكی تر رێكخراوی ژنانی یەكێتی یان ئافرەتانی پارتی رەنگە جاروبار میتینگ بەكەن، ئەگەر پێوانە بكەی بەڕێژە رەنگە ژمارەی زۆریان داوا كردبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەباشوور حزب زۆرە، بەڵام لەباكوور یەك حزبی سیاسی هەیە. تەعبیر لەهەموو كورد دەكات، رەنگە كوردەكان هەموو لەسەری كۆك بن. رەنگە ئێمەش ئێستا لە بەغدا بیكەین، من دڵنیام كە هەموو حزبەكان پێكەوە بیكەن. ئەگەر ئێستا لەناو كوردستان حزبی جیاواز هەیە، شتەكانیان هەموو تەنیا تەنیایە، بەڵام كە بچینە بەغدا هەموو یەك دەنگن.یەك هەلوێست بن، رەنگە ئەگەر ئێمەش لە بەغدا پێمان وابێت، پێویستمان بەوە بێت، میتنگێك بكەین. هەموو لایەنەكان هەموو رێكخراوەكانی ژنان یەك دەنگە بن. هیوادارم و پێشم وایە كە وای لێدێت، بەهەرحاڵ نەبووە شتی وەها، ئەگەر بەراورد بكەین لەرووی ژمارەوە ئێمە چەندین و ئەوان چەندن پێم وایە میتنگی وا كراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا راستییەك هەیە، نكوڵی لێنەكەین، ئەویش ئەوەیە كە واقیعی خەبات لەباكوور، جۆری خەبات لێرە لەباشوور و جۆری خەبات لەوێ جیاوازە. دەبینی لەناو دەتەپە خۆی، لەناو حزبەكە لەناو ژنانی دەتەپە، مەسەلەكان روون ئاشكراترن، خۆیان یەكلاكردوَتەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كەئێمە سەدلەسەد لەگەڵ سیاسەتی ئەم حزبە بین، هەموویمان پێ باش بێت، بەڵام ئەوان خۆیان یەكلایی كردۆتەوە. ئەمە بەعەكسی واقعی حزبەكانی باشووری كوردستان كە ئێستا لەناو قەیرانێكدا دەژین. كە تائێستا نەیانتوانیوە خۆیان یەكلایی بكەنەوە. ئەوەی كە پەیوەندی بەمەسەلە مەدەنییەكانە پەیوەندی بەعیلمانییەتە پەیوەندی بەجیاكردنەوەی دەوڵەت و دینە، پەیوەندی بەبەشدای كردنی ژنانە یان هەموو ئەو پرنسیپ و كوَنیسێپتە نوێنانەی كە هەن باشتر خۆیان یەكلایی كردووەتەوە، بڕیاریان لەسەر داوە. كە ئێستا كاری لەسەر دەكەن، بەڵام لەهەرێمی كوردستان كۆمەڵێك سلۆگان و دروشم و كۆنسێبت و پرەنسیپی نوێ هاتونەتە ناو ژنان بەڵام هێشتا خوێندنەوەی تایبەتی خۆمان بۆی هەیە، هێشتا بەتەواوەتی خۆمان یەكلایی نەكردۆتەوە. هەرچەندە بەرزمان كردوَتەوە و دەعایەی بۆ دەكەین، بەڵام قەرارمان لەسەر نەداوە، تا لەهەڵوێستی رۆژانەمان لەكاركانمان رەنگ بداوەتەوە، ئەمە راستیەكە لەواقعی خەباتی ئەم دوو ناوچە جیاوازە بەروونی بەرچاو دەكەوێت.

پرسیار: باشە تاكەی ئەم روشەی ئێوە باستان كرد لەباشوور بەردەوام دەكات، واتە خۆ یەكلایی كردنەوە پێشناكەوێت؟
كەی ژن دەگەڕێتەوە بۆ گەوهەری راستەقینەی خۆی و چالاكی وەكو ئەوەی باكوور پێشدەخات؟
خەمان زرار: من پێم وانییە ئەوە چالاكی ژنان بێت، ئەوە چالاكی حزبەكە بۆ خۆیەتی، حزبەكە بۆ خۆی بڕیاری لەسەر داوە. حزبی دەتەپە خۆی بڕیاری داوە خۆی باسی بەشداری ژنان دەكات، كە زەروورە ژنان بێنە خەباتەوە، ناكرێ حزبەكە یەكلانە بێت. ئەمە دەتەپە بۆخۆی بڕیاری لەسەر داوە. كێشە ئەوە نییە كە ژن ناتوانێت بەشداری بكات. ئەگەر لەباشووری كوردستانیش حزبەكان بڕیاری خۆیان بدەن و خۆیان یەكلایی بكەنەوە و ئیدراك بكەن بەزەروورەتی بەشداری كردنی ژنان لە خەبات، زەروورەتی جۆری خەبات، چونكە ئێستا لەباشووری كوردستانیش خەبات گۆڕاوە. خەباتی ئێمە خەباتی پێشمەرگایەتی و چەكداری نییە. خەباتێكە بۆ ئەوەی تۆ بتوانی مەدەنی بیت. چەند دیموكراسی بیت، چەند پێداویستی و داخوازییەكانی خەڵك بەجێ بێنی. بەڵام حزبەكانی ئێمە ئیدراكیان بەزەروورەتی گۆڕینی ئەو واقیعەی خۆیان كردووە. ئەمەیە بۆیە دەڵێم حزبەكانی ئێمە لەقەیرندانە. لەیەكێتی و پارتی تا بچووكترین حزبەكان لەقەیراندانە چونكە تائێستا قەناعەتمان نییە ئیدراك ناكەین بەزەروورەتی ئەم گۆڕانە. كەچی زەختێك و فشارێك هەیە هەم لە ناوخۆ هەم فشاری دەرەكی لەلایەن ئەو دەوڵەتانەی كە رۆژانە پشتیوانی ئێمە دەكەن، ئێستاش مەرجی ئەوان بۆ پشتیوانی ئێمە مەدەنییەت و دیموكراتییە. لەلایەكی تر فشارێك لەناوەوە هەیە خەڵكێك داوا دەكات. ئەم حزبانە دەبێت جۆری خەبات بگۆڕن، بەڵام من ئێستاش پێم وایە حزبەكان خۆیان یەكلایی نەكردۆتەوە. من بەش بەحاڵی خۆم گەشبینییەك بۆخۆم دەهێڵمەوە كە ئەم حزبانە هەردەبێت خۆیان بگۆڕن. من پێم وایە ئەو فشارەی دەروە هەم ئەو فەوزایەی ناخۆ ناچاریان دەكات كە خۆیان بگۆڕن.

پرسیار: ئەو توندوتیژیانەی كە لەبەرامبەر ژنان بەڕیوە دەچێت، وێرای فشارەكانی دەروە، داب و نەریتەكانی كۆمەڵگاش فشارێكی دیكەیە لەبەرمبەر ژنان، رۆژانە ژن دەكوژرێت و دەسووتێت، ئایا لەم بوارەوە وەكو تاك و وەكو ئەندام پەرلەمانێك هەڵوێستان چییە؟
خەمان زرار: بێگومان، هەوڵدان هەیە. ئەو توندوتیژییەی كە لەبەرامبەر ژنان دەكرێت تەعبیر لە واقعی سیتەمی سیاسی و قانوونی دەكات لەباشووری كوردستان. سیستەمی سیاسی ئێستا لەباشووری كوردستان لە قەیراندایە. سیستەمێكە خۆی یەكلایی نەكردۆتەوە، ئیدعای مەدەنییەت و دیموكراتییەت دەكات بەڵام خوێندنەوەیەكی تایبەتی هەیە بۆ مەدەنیەت. نەمانتوانیوە دیموكراتیەت و مەدەنییەت لەكار و كردەوە و هەڵوێستە رۆژانەییەكانماندا بەدەربخەین، ئێمە لەساڵی 1991وە بڕیارمان داوە بەڵام لەكردارماندا رەنگی نەداوەتەوە. سیستەمی باشووری كوردستان و ئێراقیش لەسەر ئەوە دارێژراوە كە پێگەی كوَمەڵگا خێزانە نەك تاك، لەقانوونی ئێمە تاك هیچ وجوودی نییە، ئیعتباری بۆ تاك دانەناوە ئیعتیباری بۆ خێزان داناوە. پەیوەندی و رێكخستنی خێزان لەسەر بنەمای مەدەنیانە نەبووە. لەسەر بنەمای ئایینی و تایفی بووە، بۆ نموونە بۆ ئیسلامەكان قانوونی ئەحوالی شەخسی بووە، ئمووری پەیوەندی شەخسی یان هی خێزانیان، بۆ ئایینەكانی تر مەسیحی و یەزیدی قانوونی ئەحوالی مەدەنی هەیە، كە هەریەكە بەپێی ئایینەكەی خۆی پەیوەندییە خێزانییەكەی بۆ رێكخراوە. ئەم خۆ یەكلایی نەكردنەوەی سیستەمە سیاسە وای كردووە كە سیستەمە قانوونییەكە نەگۆڕێت، هەتا سیستەمە قانوونیەكە نەگۆڕێت كە ئامانج بەختەوەری تاك بێت، ئامانج داخوازی تاك بێت، ئەم حەقیقەتە واتە كوژرانی ژنان نەك هەر كوژرانی ژنان بگرە كوژرانی پیاوەكانی ئێمەش، قیمەتی كوشتنی ئەو خەڵكە نازانرێت. لەشەڕی ناوخۆ و تەنانەت رووداوی سەیارەوە زۆر كەس دەكوژرێت، چەند لەئەنجامدەرانی ئەو رووداوە دەستگیر كراون، هەموو لەرێی سولحی عەشایرییەوە چارەسەركراون، ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە سیستەمەكەی ئێمە تا ئێستا ئیعتیباری بۆ تاك دانەناوە. مافی تاك لەوڵاتی ئێمەدا نییە. ئەگەر خۆمان یەكلایی نەكەینەوە خۆمان نەكەینە سیستەمێكی سیاسی و مەدەنی ناتوانین سیستەمە قانوونییەكەی خۆمان بگۆڕین، سیستەمە قانوونییەكەی خۆشمان نەگۆڕین بەردەوام تاك وەها بێقیمەت دەبێت و دامودەزاگاكانی تر بەشەلەلی و بەبێ بەرنامەیی بەرامبەر ئەم واقیعە دەمێننەوە، ئەگەر خۆت یەكلایی كردەوە ئەو كات پێویستە بەرنامەیەكەی سیاسی، نیشتمانی و ستراتیژیت هەبێت بۆ گۆڕانی هەمووی، ئەو كاتە ئەم بڕیارەی كە تۆ دەیدەی لە حزبەكەت لە حكومەت لە دامودەزاگاكان لەپەرلەمان لەدادوەری رەنگ بداتەوە، تا ئێستا ئێمە لەقەیرانداین نەمانتوانییوە خۆمان لەم قەیرانە دەربخەین.
پرسیار: باشە بەڕای جەنابتان ئەو رەوشە تاكەی بەردەوام دەبێت؟ كەی گۆڕانگاری بەسەر ئەو رەوشەدا دێت؟
خەمان زرار: من راشكاوانە دەڵیم كە لەباشوور حزبە سیاسیەكان لە قەیراندان. لەدەروەش فشارێكی زۆرمان لەسەرە، مەترسییەكی گەورە هەیە كە پشتیوانی نێودەوڵەتی لەدەستبدەین، لەناوەوەش لە ئەنجامی ئەو هەموو كێشە زۆرانەوە فشارمان لەسەرە. ئەوەش بڵێم ئەم حزبە سیاسیانە خۆ هەر خەڵك دروستی كردوون. لە كۆتاییدا هەر ئامانجیان ئەوە دەبێت كە خزمەتی خەڵك بكەن. رازیكردنیش بەچالاكی حزبی نییە، بەڵكو بەرازی كردنی خەڵكە. ئیعتراف كردن بەوەی كە لەقەیراندای بۆ خۆی پاڵپشتێكە بۆ ئەو كەسانەی كە داخوازیان هەیە لەقەیران دەرباز بن.
پرسیار: باشە بۆ گۆڕان پێویستی بەبەرنامە هەیە، ئێوە بەرنامەتان چییە؟
خەمان زرار: باشە تۆ چوَن باسی گۆڕان دەكەی كە زۆربەی خەڵك لەگەڵ گۆڕاندا نییە، ئەمە نەك هەر لەكوردستان بەگشتیش وەهایە. جا نەك هەر لەپەرلەمان بەڵكو لە حزبەكانیشدا وەهایە. ئەوانەی گۆڕانیان دەوێت كەمینەن، ئەگەر نەبی بەزۆرینە گۆڕان دروست ناكرێت.
پرسیار: باشە پاڵنەر چییە تاببی بەزۆرینە؟
خەمان زرار: پاڵنەر ئەو قسانەیە كە دەكرێت، ئەو چالاكیانەیە كە دەكرێت. فشاری ناوە و دەروەیە كە پێویستە زیاتر ببێت. ئێمە دەزانین خەڵكێك هەن تا سەر ئێسقان لەدژی گۆراِنن، خەڵكێكیش هەیە تاسەر ئێسقان لەگەڵ گۆڕاندایە. زۆرینەی خەڵك هێشتا خۆیان یەكلایی نەكردۆتەوە. ئەوانەی لەگەڵ گۆڕان نین ئەوانە مەسلەحەتی خۆیان دەپارێزن. ئەمە شەڕێكە بەرەیەك لە دژی بەرەیەكی تر دەیكات. ئەو مەوقفانەی كە نیشان دەدرێت ئەوانە هەموو شەڕن. پاڵپشت بۆ خۆت كۆدەكەیتەوە. بەڵام واقعێك هەیە ئەوەی كەلەدژی گۆڕانە زۆر بەهێزە. ئەو هەموو داب و نەریت و كولتوور و ئایینە و سیستەمە قانوونییەی كە لەم كۆمەڵگایەدا هەیە لەپشتە. ئەمانە هەموو لەدژی گۆڕانن. ئەوەش كە حەزی لەگۆڕانە، لە ناوخۆ خەڵكی نوخبەی لەگەڵە لەدەروەش پشتیوانی نێو دەوڵەتی لەگەڵە. لەراستیدا لە كوردستاندا شەڕێكی گەورە هەیە. لە نێوان گۆڕان و نەگۆڕندا.
پرسیار: ئێمە نامانەوێت لەوە زیاتر كاتت لێبگرین، ئەگەر ئێوە لەكوَتاییدا شتێك بڵێن؟
خەمان زرار: من دەستخۆشی لە ژنانی دەتەپە دەكەم، خۆشحاڵبووم بۆ ئەو داوەتە، ئێمە هەمیشە پێویستیمان بە پشتیوانی یەكدی هەیە. خەباتی ژنان لە هەموو دونیا و بەتایبەتی لە كوردستان یەكە، هیوادارم كاری باشتر و چاكتر و بەهێز تربكەن.

خەمان زرار
لەدایك بووی هەولێر 1974
دەرچووی كوَلێژی یاسا لەهەولێر، ماجستێری لەفەرنسا تەواوكردووە.
ئەندام پەرلەمانە لەسەر لیستی كەسك.
ئەندامە لە لیژنەی پەیوەندییەكان و كاروباری دەرەوە

دواترین جار ده‌ستكاری كراوه‌ له‌لایه‌ن chra (2008-06-04 10:16:14)

Kurdzhin
--------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
هه‌موو  شتێك له‌ ژیانی مندا ، پێشکه‌ش به‌ ئازادی کوردستان بیت  .......

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


خوارووی مه‌كۆ

Your IP Address : 216.73.216.104
Powered by PunBB 1.2.15
© Copyright 2007 – 2011
Translated By : Webchin.Org
Design And Style By : Kurdzhin.net