.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه












رۆمانی ( نامەیەک بۆ ژیلیا )
نووسینی: سهباح مهجید
1
خوێنەری خۆشەویست.. ئەم کاتەت شاد، دەمەوێ سەرەتا خۆمت پێبناسێنم، من ناوم ((دڵگەشی دڵدار))ە.. نۆ ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار وەک مامۆستا لە گوندێکی جوانی ناوچەی نزار لە دەڤەری بارزان دامەزرام..ئەو گوندە جوانە ناوی دەربوتکێ بوو، گوندێکی تا بڵێی خنجیلانە و جوان بوو، هەربۆیە خەڵکی دەڤەرەکە ناویان نابوو ((بووکی نزار)). ئەو گوندە جوانە لەنێوان شاخی شیرین و زنجیرە شاخی پێرس و لە کەناری زێی گەورە هەڵکوڕماوە. من لەوێ لە بووکی نزار شەوێک کە بەفر کلو کلو دەباری نامەیەکی درێژم بۆ خۆشەویستەکەم نووسی، کە ناوی ژیلیای ژیاندۆست بوو. ژیلیای ژیاندۆست شتڵە کچێکی شاری هەولێر بوو.. ئێمە لە هەولێر هاوسێی یەکتری بووین.. تافی مناڵی ئێمە لەو شارە مەستەدا رابووری.. من و ژیلیا دوو ئەوینداری راستەقینەی یەکتر بووین و تا سەر ئێسقان یەکتریمان خۆشدەویست.. لەو نامە درێژەی کە لە بووکی نزار بۆ ژیلیا نووسی بووم باسی عەشقی بێگەردی خۆمانم بەدرێژی کردبوو، من ئەو کات بڕیارمدابوو کە ئەو نامەیە لەڕێگەی پۆستەوە رەوانەی وڵاتی بەریتانیا بکەم.. رەنگە بپرسی بۆ بەریتانیا؟ ئاخر خانەوادەکەی ژیلیا وەک بەهار هەرزوو لە سۆنگەی جەنگی ناوخۆ سەفەریان بەرەو وڵاتی بەریتانیا کرد، بەڵێ ئەوان هەرزوو خۆیان لە مەینەتی و ناسۆرییەکانی نیشتمان دزییەوە و بەرەو شاری مانچستەر بەڕێکەوتن، من دڵنیابووم لەوەی کەوا ژیلیای خۆم هەرگیز نەیدەویست سەفەر بکات، بەڵام لێرە لەم نیشتمانە سۆزیدەیەی ئێمە چارەنووسی کوڕ و کچەکان پەیوەستە بە چارەنووسی باوکەکانیانەوە.
من سەرەتا کە لە بووکی نزار ئەو نامەیەم دەنووسی بەدڵنیاییەوە بڕیارمدابوو کە بۆ ژیلیای خۆمی پۆست دەکەم، بەڵام دوای ئەوەی کە کۆتاییم بە نامەکە هێنا لەپڕ لەو بڕیارەی خۆم پەشیمان بوومەوە، من دەترسام تەنانەت لەوێش لە مانچستەریش.. هاوکات لەگەڵ هەموو پێشکەوتنەکانی ئەوێشدا قادر قەسابی باوکی خەنجەری دەبانی کاڵفامی بۆ لە هەسوان بدا و چەشنی کاریلەیەکی زەبوون ملی باریکی بقرچێنتەوە و جەللادانە سەری ژیلیای خۆم لە جەستەی جیابکاتەوە، ئاخر من دوای سەفەریش لە رەوشتمەندی و شکۆ و مەزناتی ژیلیای خۆم دەترسام، بۆیە لە بڕیاری پۆستکردنی نامەکە پەشیمان بوومەوە.
ئێوارەیەک لە بووکی نزار خۆم لە مامۆستاکانی هاوەڵم دزییەوە و چوومە کەناری رووباری مەزن و نامەکەم دڕاند و خستمە نێو رووبارە جوانەکەوە..لەبیرمە لەو کاتەی کە لاپەڕە دڕاوەکانی نامەکەم دەخستە ئامێزی رووبارەکە فرمێسک سێڕێز سێڕێز لە چاوەکانما دەڕژا و تێکەڵ بە ئاوی رووبارەکە دەبوو. من مێژووی دڕاندنی نامە خۆشەویستییەکەم وەک ناوی خۆم لەیادە و هەرگیزاو هەرگیز لەیادم ناچێتەوە، بەڵێ لەبیرمە ئێوارەی 19/3/1995 بوو. ئەو رۆژە دە ساڵ بەسەر سەفەری ژیلیای ژیاندۆستدا تێپەڕیبوو..لەبیرمە کە لە دڕاندنی نامەکە بوومەوە، سەرم بەرزکردەوە و بینیم ئامێزی رووبارە جوانەکە لێوانلێوبووە لە پارچە کاغەزی سپیی نامە رۆمانسییەکە! بەخامۆشی لە لەنجەی جوانی پارچە کاغەزی دڕاوی ئامێزی رووبارەکەم دەڕوانی.. تا دەهات لاپەڕە دڕاوەکانی نامەکە دوورتر دەکەوتنەوە و منیش خەمگینتر دەبووم، لەناکاو بینیم لاپەڕە دڕاوەکان لەیەکتری نزیک دەبنەوە و دەستلەملانێی یەکتر دەبن! لەماوەیەکی کورتدا تەواوی لاپەڕە دڕاوەکانی نامە خۆشەویستییەکە دەستلەملانێی یەکتر بوون! من مەندەهۆش ببوم و باوەڕم نەدەکرد.. چاوەکانم هەڵگلۆڤی، کەچی دەمبینی هەر بەڕاستی هەموویان ئاوێزانی یەکتربوون و تابلۆیەکیان دروستکردووە.. تابلۆیەکی سپی سپی.. لەناوەڕاستی تابلۆیەکەدا بەڕەنگێکی رەش نووسرابوو ((جەنگ شیرازەی هەموو شتەکان تێکدەدات)). من بێدەستی خۆم لەپرمەی گریانم دا.. پڕبەدەنگ هاوارم کرد: ((ژیلیااااااااااا)).لەسۆنگەی هاواری من بەسەدان شالووری سپی هەترەشیان چوو و هەموویان بەیەکجار لەنێو دارچنارەکانی کەناری رووبارەکە هەڵفڕین.
دوای هەشت ساڵ لەدڕاندنی نامە خۆشەویستییەکە، لە 19/3/2003 جارێکی دیکە گەڕامەوە بۆ ئاوایی بووکی نزار و لەژێر دارچنارێکی باڵابەرزی کەنار رووباری مەزن بەخەمناکی دانیشتم. هێزێک لەناخمدا چەکەرەی دەکرد و هەستمدەکرد کە لەدڕاندنی نامەکە پەشیمانم دەکاتەوە، هەموو جارێک کە سەیری رووبارە جوانەکەم دەکرد، رووخساری جوانی ژیلیای ژیاندۆستم بەدی دەکرد و بەچرپەیەک بەگوێیدا دەچرپاندم: ((دڵداری دڵگەش سەرلەنوێ نامەکە بنووسەوە، واهەستدەکەم رۆژێک بگاتە دەستم، دڵگەشی خۆم، تکاکارم نامەکەم بۆ بنووسەوە...)) ئااای خودایە ئەوە چ هێزێک بووم پەشیمانی دەکردمەوە؟ ئەمڕۆ ژیلیای خۆم بۆچ وەک ماسییەکی وردی رووبارەکە بەردەوام سەرەتاتکێم لەگەڵدا دەکات و داوام لێدەکات جارێکی دیکە نامەکە بنووسمەوە؟ ئەمڕۆ چی روویداوە ئیلاهی؟)). بۆ من ئەستەم بوو جارێکی دیکە نامەیەکی خۆشەویستی بنووسم، ئاخر سەخت بوو بتوانم هەموو شتەکان وەک جاری پێشوو بنووسمەوە، وەلێ لەکۆتاییدا خۆشبەختانە بیرم کەوتەوە کە دانەیەکی کۆپیکراوی دیکەم هەیە، بۆیە بڕیارمدا نامەکە لەژێر ناونیشانی ((نامەیەک بۆ ژیلیا)) بۆ ژیلیای خۆم پۆست بکەم. خوێنەری خۆشەویست فەرموو.. ئەمە تۆ و نامە خۆشەویستییەکە، پڕبەدڵ هێڤیخوازم چێژ لە خوێندنەوەی وەربگریت.
*** *** ***
چاوەڕوان بن بۆ بەشەکانی تر
سەرچاوە:سەباح مەجید
لهسهر هێڵ نییه