.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه












(نامەیەک بۆ ژیلیا) بەشی دووەم
نوسینەوەی:سەباح مەجید
2
ژیلیای ژیاندۆست، رووناکیت باش..من نامەوێ وەک عاشقە نامەنووسە لاساییکەرەوەکان لەپێشەکی نامەکەمدا چەندین دەستەواژە و رستەی سواوت بۆ بنووسم. من لەم نامەیەدا گەرەکمە گوزارشت لە بێتۆیی خۆم بکەم ئەی یار.. بەنیازم خەمناکی و تەنیایی و ئازار و ناسۆرییەکانی عەشقی ناکامی خۆم بخەمە سەر لاسکی لاپەڕەکانی ئەم نامەیە. ژیلیا من ئێستا لە گوندێک لە گوندەکانی دەڤەری بارزان بوومەتە مامۆستا.. گوندێک کە وەک تۆی بووک بووکە، من ئەمێستا لە بووکی نزارم.. تۆش دڵنیانیم.. رەنگە هێشتا هەر لە شاری مانچستەر بژیت، چوزانم، بەڵام تۆی نیان گەر لەوپەڕی دونیاش بیت هەر لە منی سەوداسەر نزیکی، ئاخر تۆ هەمیشە لەنێو دڵ و دەروون و هزر و ئەندێشەی مندا دەژیت ژیلیای خۆم. من ببڕایببڕ توانستی ئەوە نییە لەیادی خۆمت ببەمەوە. من کە ئێستا ئەو وشانەت بۆ دەنووسم شەوە و لە بووکی نزار لەبەردەم پەنجەرەی خانووی مامۆستایاندا دانیشتووم و خۆم و خامەکەم دەگریێین.. من فرمێسک و ئەویش وشەی غەریب لەچاوانمان دادەبارێت.. ئاخر من راهاتووم شەوانە دوای خەوتنی مامۆستاکانی هاوڕێم لەبەردەم پەنجەرەی ژوورەکەماندا و بەدیار لامپایەکی غەریب دابنیشم و لاپەڕەی یادەوەرییەکانم هەڵبدەمەوە. ئێستا کاتژمێر یەک و نیوی شەوە و گشت مامۆستاکان لەشیرین خەودان.. بەفر کلو کلو.. نەرم نەرم.. شەرمن شەرمن دەبارێت، لەوەدەچێت ئەمشەو بەفر هەموو شتێک دابپۆشێت. ئااای ژیلیای خۆم! ئەم بەفرە یادەوەرییەکی چەند شیرین و چەندە تاڵی بیرهێنامەوە ئەی یار.. کچەکە ئەو بەفرە ئەو ئێوارەیەی بیرهێنامەوە کە منداڵ بووین و بەیەکەوە لەنێو کوچە سپییەکەماندا شەڕەبەفرمان دەکرد و تۆپەڵە بەفرمان دەسرەواندە یەکتر، لەبیرتە ژیلیا؟ وەیش ئەو ئێوارەیە لەبەر کلوە بەفرە شەرمنەکان چەندە لە دوو پرتوقالی بێگەرد.. دوو هەرمێی خۆشبەخت..دوو لیمۆی میهرەبان دەچووین! بیرتە؟ ئەو ئێوارەیە تاکو شەکەت بووین شەڕەبەفرمان کرد.. بیرتە وەک دوو پاساری سەرمابردە هەڵدەلەرزین؟ ئێمە چەشنی دوو فریشتەی بێگوناه خۆمان لە بەفر هەڵدەسوو..لەناکاو دایکی بەسۆزت ((رەعنای رەزاسووک)) دەرگای ماڵەوەی کردەوە و شەپازللەیەکی نەرمی لە روومەتی خۆیدا و بانگی کرد: ((کچێ ژیلیا!! ئەیەڕۆ..کچێ وەرە ژوورێ وەرە..ئەتۆ بزانە بزانە ئەو دوو شێت و شوورەی!!)). تۆی دەلال بەلەنجەی جوان راتکردە ژوورەوە و منی کڵۆڵیش بێدەستی خۆم بەدواتداهاتم.. چووینە ژوورەوە و خۆمان لەبەردەم زۆپا هەڵکوڕماند.. من بێدەستی خۆم دەستێکم بۆ پرچە زەردەکەت درێژکرد و کلوە بەفرە جوانەکانم لەسەر پرچە تەڕەکەتدا لادا..تۆ زەردەخەنەیەکی جوان لەسەر لێوە تەنکەکانت هەڵنیشت..خودایە ئەوساتە چەندە لە بووکەشووشەیەکی جوانی بەهەشت دەچووی ئەی یار! رەعنای رەزاسووک هاتەژوورەوە و بەبزەوە گوتی: (( بزانە بزانە ئەو نەدیتکانە چییان لەخۆیان کردیە؟!)) دواتر لێمان نزیک بۆوە و ئاگری زۆپاکەی خۆشترکرد.. ئێمە لەبەردەم زۆپاکەدا هێدی هێدی خاودەبووینەوە و وەنەوز دەیبردینەوە.. چەند سەرینێک لەسووچی ژوورەکەدا لەسەر یەکتر دانرابوون.. بەگرانی هەڵسام و سەرینێکم هێنا و بەیەکەوە سەرمان خستەسەر سەرینەکە.. زۆری نەخایاند وەک دوو کەروێشکی دڵساف لەبەردەم زۆپاکەدا خەومان لێکەوت. من لەبەردەم زۆپاکەدا خەوێکی وەک هەنگوین شیرینم بینی ژیلیا..لەو خەوەدا گەورەببووین ژیلیا، گەورەببووین و لەئێوارەیەکی زستاندا لەژێر کلوە بەفری سپی و جوان و شەرمندا دەستلەملانێی یەکترببووین و یەکتریمان رادەمووسی..وەیش خودایە لەو خەوە رۆمانسییە! چەندە خۆش بوو خودایە! لەپڕ لەسۆنگەی پێلەقەیەکی قادر قەسابی باوکت هاوارم لێهەڵسا و تۆش لەشیرین خەودا راپەڕیت ((ئەوە لێرە چ دەکەی هەی زۆڵ..هەی خوێڕی..تووتکەسە...)) ئیدی باوکی بێمیهری تۆ بەر شەق و پێلەقەی دام و تاکو دەرەوە راوینام. ئااای خودایە چەند غەریبانە لەماڵەکەتان دەکرام ژیلیای خۆم! من لەدەرەوە مامەوە و لەبەر بەفرەکەدا هۆن هۆن گریام.. ئاخر ئەوکات هەرچەندە منداڵ بووین، بەڵام من، تۆ و ماڵی ئێوەم بە هی خۆم دەزانی کچەکە.. نەمدەزانی هاوڕێیەتی کردنی کچێک چ گوناهێکی گەورەیە.. ئاخر من بچووک بووم و هەموو شتەکانیشم بە بچووکی دەبینی..خودایە لەبەردەم کلوە بەفرە شەرمنەکاندا چەند غەریب دەگریام! ئیدی لەوساتەوە جارێکی دیکە نەوێرام بێمەوە ماڵە خۆشەکەتان.. لەوساتەوە زانیم کە دواجار بێتۆیی دەمکوژێ.. زانیم کە ئێوارەیەک دەمرم و زستانێکی دیکە بەلامدا رانابوورێ و قاچێکم هەڵناگرێتەوە بۆ نەرمە پیاسەیەکی دیکە..زانیم ئیدی بەهارێکی دیکە نایەت و لێوێکم پێنابەخشی بۆ ماچکردنی خونچەیەکی دیکە.. بڕیارمدا کە نەچمەوە ماڵ و لەبەر بەفرەکەدا بمرم.. من بڕیارمدا بمرم تا تۆڵەی خۆم لەباوکت بکەمەوە و بێت و لەسەر تەرمەکەم ئەنگوستی پەشیمانی بگەزێت و تاکو شەکەت دەبێت بۆم بگریێ! پڕبەدڵ حەزم دەکرد لەبەر بەفرەکە رەق ببمەوە و بەمەش تۆڵەی خۆم لەباوکە دڵڕەقەکەت بکەمەوە، بەڵام تا دەهات سەرما زۆری بۆ دەهێنام، بۆیە هەر زوو لەبڕیارەکەم پەشیمان بوومەوە و چوومەوە ماڵ و وەک پەپوولەیەکی دڵشکاو خۆم کرد بە باوەشی ئەختەری دایکم و تێر تێر گریام. ژیلیا من ئەو شەوە بەبێدەنگی دەگریام و ئەسرینم هەڵدەڕشت و بیرم لەتۆی نازەنین دەکردەوە، لەوساتەوە من بەردەوام شەوان لەتەک یادەکاندا خەو دەمباتەوە..ئااای لە تۆ ژیلیای من! کچێ تۆ لەکوێت بوو ئەو هەموو بێگەردییە؟ لەکوێت بوو ئەو هەموو گەورەییە ئەی یار؟ ئەو شەوە بیرم لە هەڵوێستی قێزەونی باوکت دەکردەوە و رۆندک لە چاوەکانمەوە دەڕژا..ئەو شەوە لەناخەوە دەمگوت: (( بەیانی لە قوتابخانە ژیلیای خۆم دەبینمەوە و ئەو خەونە شیرینەی بەردەم زۆپاکەی ماڵەوەیانی بۆ باس دەکەم.. پێیدەڵێم کە لەتاو شەق و پێلەقەکانی باوکی بێسۆزی چەند ئازارم چەشتووە و گریاوم..پێیدەڵێم ئەمشەو گەر تۆ هاتبای بۆ ماڵەکەمان ئەوسا گریانی من و گریانی تاڤگە دڵشکاوەکانت لێک جیانەدەکردەوە.. گەر هاتبای بۆ ماڵمان دەتبینی کە چۆن لەتاو گریان چاوەکانم وەک روومەتە جوانەکانی تۆ سوور هەڵگەڕابوو.. دەتبینی کەوا چۆن لەترسی باوکە بێدڵەکەت وەک پرچی تۆ زەرد هەڵگەڕابووم.
کچێ ژیلیا لەوە ناچێت ئەمشەو شیوەنی من و بەفر کۆتایی بێت، کچێ بووکەشووشە.. ئەمشەو لێوڕێژم لە یادگارییە مێخۆشەکان..ئەمشەو بێدەستی خۆم تا ئەژنۆ کەوتوومەتە نێو رووباری بیرەوەرییە تاڵ و شیرینەکان.. ئەمشەو شنەبای غەریبی لەگەڵ خۆیدا راپێچی کردووم و لەنێو رەزی یادەوەرییەکان گیرساومەتەوە و نازانم پەل بۆ کام لیمۆی یاد بەرم ئەی یار! نازانم پرتەقاڵی کامە بیرەوەری لێبکەمەوە! کچێ بیرتە بەیانی کە هاتمە قوتابخانە لەخەتای پێلەقە بەهێزەکانی باوکت نەمدەتوانی لەسەر کورسییە تێکشکاوەکانی پۆل دابیشم؟ لەبیرتە کە تۆ کتێبی کوردییت بەدەستەوە بوو و من خەونی بەردەم زۆپاکەم بۆ گێڕایتەوە تۆ چەندە جوان لەبەردەم منا پێدەکەنی؟ بیرتە ئەو رۆژە پێمگوتی: ((کچێ پێکەنیی تۆ چەند جوانە ژیلیا! دەک یەک ملیۆن جار بەقوربانی ئەو پێکەنینە جوانەت بم ئەی یار)). تۆش بەنازەوە بەکتێبەکە لەسەرمت دا و گوتت: (( بەسە زمان درێژ..بە باوکم بڵێم دەزانی لەسەر ئەو قسانە چیت لێدەکا؟!)) منیش پێمگوتی: (( کچێ شتی وا چۆن دەکەی؟ بەقوربانی ئەو چاوە جوانانەت بم پێی مەڵێ ژیلیا...)) بیرتە کە گوتم بەقوربانی ئەو چاوە جوانانەت بم تۆ چۆن بەکتێبەکە دوام کەوتی؟ کچێ هەزار خۆزگەم بەو رۆژانە ژیلیا..بەس تۆ بگەڕێوە رازیم هەموو رۆژێک باوکت بەر شەق و پێلەقەم بدات ئەی یار..بەس تۆ بگەڕێوە قیڕوسیا با باوکت هەموو رۆژێک تێر شەقم بکات. ئەفسوس بۆ ئەو رۆژانە ژیلیا! دەبێ رۆژێک بێیتەوە؟ کچێ دەبێ رۆژێک بێیتەوە و دڵم پڕ لە نوور بێتەوە؟ نووری ئومێد.. نووری هیوا.. نووری ژیانەوە...
*** *** ***
sarchawa:sabah majid
لهسهر هێڵ نییه