.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه















د. وڵات ئیبراهیم:
ئافرەت لە پیاو زیاتر تووشی شەقە سەر دەبێت
شەقە سەر (دا الشقیقە) نەخۆشییەكە تایبەتە بە كۆ ئەندامی دەمارو مرۆڤی تووش بوو هەست بەسەر ئێشەیەكی توند و بێزاركەر دەكات و تەواو نارەحەتی دەكات. زۆر جار دەگاتە رادەی ئەوەی نەخۆش ژیانی لێ تاڵ بێت و خەووخۆراكی لێ هەڵگیرێت. یەكێك لە سیماكانی ئەم نەخۆشیەش ئەوەیە كە بە دەرمانی ژانبڕی ئاسایی چارەسەر نابێت، بەڵكو دەبێ پزیشكی پسپۆر چارەسەری تایبەتی بۆ بنووسێ. ئینجا ئایا نیشانە و خاسییەتەكانی ئەم نەخۆشییە چۆنە؟ ئاخۆ نەخۆشییەكە چارەسەری هەیە یان وەك مۆتەكەیەك وایە تا هەتایە نەخۆشی گیرۆدەی دەبێت. لەم دیمانەیەدا ئەو پرسیارانە ئاراستەی پزیشكی پسپۆر (د. وڵات ئیبراهیم) دەكەین كە پسپۆری نەخۆشی نەشتەرگەرییەكانی مێشك و بڕ بڕەی پشتە.
• شەقە سەر چییە و بە چی لە ژانەسەری ئاسایی جیا دەكرێتەوە؟
- شەقەسەر ناوەكەی بەخۆیەوەیە، واتە جۆرێكە لە ژانەسەر و زیاتریش نیوەی سەر دەگرێتەوە و ئافرەتیش پتر لە پیاو تووشی دەبێ بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان (15-45) ساڵیدانە، ژانە سەرەكەش وەك نۆرە (نوبە) دێت، وەنەبێ هەموو دەمێ، یا هەموو رۆژێ بێت. مانگانە رەنگە جارێك تووشی ئەو ژانە سەرە بێت. ژانەسەرەكەش یەكەمجار بەسەر ئێشەیەك دەست پێدەكات، پاشان نەخۆش دڵی هەڵدەچێ و هێلنجی دێتەوە و چاوی رەشكەوپێشكە دەكات و جاری واشە هەیە دەڕشێتەوە. ئینجا بەرەبەرە ژانەسەرەكە توندتر و بەهێزتر دەبێت.
نەخۆش هەیە بە رشانەوەكە ئاسوودە دەبێ و ژانە سەرەكەی سووك دەبێ، هەشە سوودی لێ نابینێ، نەخۆش بەرامبەر بە رووناكی زەق و بە شەوق هەستیار و نارەحەت دەبێ، بە هەراو دەنگە دەنگ ژانە سەرەكەی زیاتر و كاریگەرتر دەبێ. حەز دەكات لە شوێنێكی تاریك و هێمن و بێدەنگ دابنیشێ یان پاڵبداتەوە وپشوو بدات. هەتاوەكو نۆرەكە (نوبە) تەواو دەبێ، ماوەی نۆرە ژانەسەرەكەش رەنگە لەچەند كاتژمێرێك تا رۆژێك یان زیاتر بخایەنێ، دیارە هەندێ هۆ هەن وا دەكەن كە هەم نەخۆش زووتر تووشی ژانەسەرەكە بێ و هەمیش پێوەی گیرۆدە بێ و بكەوێتە ناو نۆرەكە. لەوانەش كفتی و شەكەتی گشتی، جا هی جەستەیی یان مێشك بێت، خەم و خەفەت و نارەحەت بوون و كێشە دەروونییەكانی خودی نەخۆش و كێشەی خێزانی و كۆمەڵایەتییەكانی، هەروەها گەرمای زۆر و سەرمابوونی زۆر ئەوانە وا بكات نۆرەژانە سەرییەكە دەستپێبكات.
مێشك بەچی ماندوو دەبێت
• گوتت ماندووبوون و شەكەتی مێشك وا دەكات نەخۆشەكە تووشی ژانەسەرەكە ببێ، باشە مێشك بە چی زۆر ماندوو دەبێ؟
- زۆر بیركردنەوە و خۆخواردنەوە، زۆر خوێندنەوەی بێ پشوودان، كەم خەوتن، خۆت دەزانی مێشك وا دروستبووە كە لە نێوان (6-8) كاتژمێر دەبێ بخەوێ. ئەو نووستنەش زیاتر بۆ پشوودانی مێشكە، لەو ماندووبوونەی كە دووچاری هاتووە رزگاری دەبێ، مرۆڤ كە دەخەوێت هەموو ئەندامەكانی لەشی ئیش دەكات، دڵ، هەناسەدان، جگەری و گورچیلەكان و ریخۆلە بەگشتی ئیش دەكەن، هەموو ئەندامەكانی ئیش دەكەن تەنیا مێشك ئیش ناكات. كەواتە خودا مێشكی وا دروستكردوە كە ناتوانێ بیست و چوار كاتژمێر بە بەردەوامی كار بكات. بەڵكو دەبێ ماوەی (6-8) كاتژمێر پشوو بدات، ئەویش بە خەوتن دەبێت. دیارە مرۆڤ تەمەنی چەند بچووكتر بێت كاتژمێری خەوتنی زیاتر دەبێ. دەبینی منداڵ تا (12) كاتژمێریش دەخەوێت. بەڵام مرۆڤی گەورەتر كەمتر پێویستی پێیەتی. هەروەها مرۆڤ كە بە ساڵدا دەچێت ئەویش پشووی زیاتر پێویستە. منداڵ بۆیە پێویستی بەكاتژمێری زیاتر و خەوتنی زیاتر هەیە چونكە مێشكی پێویستی پێیەتی و بۆ گەشەكردنیش پێویستی پێیەتی. كەواتە كە مێشكی خۆت زیاتر ماندوو كرد، كەمتر نووستیت، ئەوە دەبێتە یەكێك لەو هۆیانەی كە تووشی ئەو نۆرەیە بیت.
• ئەوە پەیوەندی بەكاتژمێری بایۆلۆجی جەستەوە هەیە؟
- بەڵێ، پەیوەندی پێوە هەیە. جەستەی مرۆڤ، بارستەیەكە وەك سیستەمێكی زۆر ئاڵۆز و زۆر باش رێكخراوە و كار دەكات هەر تێكچوونێك لە بەشێكی ئەو سیستەمە كار لە بەشەكانی تری دەكات.
چۆن دەزانی شەقە سەرت هەیە
• باشە میكانیزمی تووش بوون بە شەقە سەر چییە؟ یا بابڵێین كرداری ژانەسەرەكە چییە و چۆنە، بۆچی مرۆڤێك شەقەسەری هەیە و ئەویتر نییەتی، ئەو هۆیە چییە كە شەقەسەری پێ لێكبدرێتەوە؟
- تا ئێستاش زانستی پزیشكی نەیتوانیوە بگاتە دۆزینەوەی میكانیزمی نەخۆشییەكە و چۆنییەتی پەیدابوونی و لە چییەوە دروست دەبێ، بۆ دروست دەبێ، هۆیەكەی چییە.. هتد؟ زانستی پزشكی بەواوەتی نەیتوانیوە وەڵامیان بداتەوە. بەڵام مانای واش نییە كە ئیتر هیچ زانیارییەكیان نییە. ئێمە هەندێ تیۆرمان هەیە كە تەفسیری هۆ چۆنییەتی دروستبوونی شەقەسەر دەكەن، بەڵام تیۆری یەكلاكەرەوە نین، چونكە تیۆر تاوەكو بەبەڵگە نەسەلمێندرێ، ئیتر وەكو تەفسیر و لێكدانەوە دەمێنێتەوە. بەڵام دیارە هەر ئەو تیۆرەش رۆڵی خۆی هەیە بە گەیشتن بە جۆرە چارەسەرێك. ئیدی ئەو تیۆرەی كە لە هەموویان زیاتر ئەمڕۆ جێگەی بڕوایە ئەوەیە كە بۆرییە خوێنەكان دووچاری گرژبوون و خاوبوونەوە دەبن. ئەم كردارە كە هەردوو جۆرە بۆرییە خوێنەكان، خوێنبەر و خوێنهێنەرەكان دەگرێتەوە و فشار دەخاتەسەر كۆتایی دەمار و خانەكان و ژان دروست دەكەن. بێگومان بارستەی مێشك (كتلە دەماغ) بۆخۆی هیچ جۆرە هەستێكی تێدا نییە واتە مێشك هەستی ژان كردن و گەرما و سەرما و هەرچی هەستی تر هەیە تێیدا نییە. بۆ؟ چونكە مێشك خۆی بەرپرسیارە لە كرداری دروستكردنی ئەو هەستانە. ئینجا كاتێك كرداری گرژبوون و خاوبوونەوەكەی بۆرییە خوێنییەكان فشار دەخاتە سەر كۆتایی دەمارخانەكان، ئەم دەمارخانانەش یەكسەر ئەو فشارە بۆ مێشك دەنێرن. لەوێش دەچێتە ئەو شوێنەی كە هەستی كردن بە گەرما و سەرما و ژان و..تد لێكنەداتەوە، ئەو فشارە تەفسیر دەكات و هەستی ژان كردن دەدات كەللەسەر و كەسە كە هەست بە ژانەسەرێكی بەهێز دەكات. ئەمە تائێستا بە هێزترین تیۆرە لەمەڕ لێكدانەوەی چۆنییەتی پەیدابوونی شەقەسەر.
• بەڵام ئەم میكانیزمە چ پەیوەندییەكی بەهۆكاری كیمیاوی و هۆرمۆنییەوە نییە؟
- پەیوەندی هەیە بەڵام ئەوەش هەر لە چوارچێوەی تیۆردا ماوەتەوە. مادام هەر لە چوارچێوەی تیۆردایە واتە هێشتا بەڵگەی یەكلاكەرەوەمان لەبەردەست دانییە، چونكە ئەگەر بەڵگەی یەكلاكەرەوەمان لەبەردەست دابووە، ئەو كات نابێتە تیۆر بەڵكو دەبێتە هۆی راستەقینە و بنبڕی سەرەكی.
• گۆڕانی كەش و هەوا پەیدابوونی شەقەسەر، یان هەر تووشبوونی بەشەقەسەر زێتر و توندتر ناكات؟ كەسێك لە پڕ لە ژینگەیەكی گەرمەوە دەچێتە ژینگەیەكی سارد، یان بە پێچەوانەوە بە كورتی ئاڵۆوگۆڕكردنی شوێنی نیشتەجێبوون و..هتد. پلەی گەرما و رادەی شێ و باران و توز و خۆڵ و. ئەوانە پەیوەندیان بە دەركەوتنی ئەو نەخۆشییە هەیە؟
- پرسیارەكە زۆر باشە، مرۆڤ خاسییەتێكی هەیە پێی دەگوترێ خۆگونجاندن و خۆراهێنان و سازاندن واتە (التاقلم).
• مەبەستت (تكییف)ە؟
- بەڵێ (تكیف) یان (تاقلم). خودا مرۆڤی وا دروست كردووە كە لەگەڵ هەموو بارودۆخێك بتوانێ خۆی بگونجێنێ، خۆگونجاندنەكەش نەك هەر بەشتێكی دەرەكی دەبێ، بەڵكو لە ناوەوەش خۆی دەگونجێنێت. بۆ نموونە كە دەچێتە شوێنی بەرز و رادەی ئوكسیجینی كەم ئەولەشە خۆی لەگەڵ ئەو بڕە كەمەی ئوكسجین رادێنێ. لەناوەوە هەڵدەستێ بڕی هۆرمۆنەكانی ئەنزیمەكانی سیستەمی كیمیاوی لەشی دووبارە بەپێی بارودۆخەكە رێكدەخاتەوە. لەشی مرۆڤ لەشێكی زۆر ئاڵۆزە، توانایەكی لەرادەبەدەری هەیە. بەڵام كە تۆ كەسێك لە شوێنێكی بۆ نموونە زۆر سارد ببیە بۆ شوێنێكی زۆر گەرم، ئەوە وەختی دەوێ هەتا دەتوانێ خۆی لەگەڵ ئەو گەرمایە رابێنی. بە رۆژێك و دوان یان دەمودەست ناتوانێ، جا ئەوانەی بۆ نموونە لە شوێنی زۆر گەرم یان ئەوانەی لە بەستەڵەكی باكووری زەوی دەژین، گەر دانیشتووی ئەوێ بێ و ماوەیەكی زۆر بێ لەوێ ژیابن، بێگومان سەبارەت بەوان ژیانی ئەوێ بۆیان ئاساییە، بەڵام تۆ كتوپڕ دانیشتووی شوێنێكی زۆر سارد ببیە شوێنێكی زۆر گەرم، بێگومان لەوانەیە تووشی ئەو ژانە سەرە بێ.
• باشە سەرمابوون دەبێتە هۆی تووشبوون بە شەقەسەر؟
- كەسێك كە چەند كاتژمێرێك لەبەردەم رۆژدا دەوەستێ، خۆ ئەوە مانای ئەوە نییە گەرمایەكە راستەوخۆ لەمێشكی دەدات. شتی وا نییە، بەڵكو ئەوە ماسوولكەكان و پێستەی سەرەكە گرژ و خاو دەبنەوە و فشار دەخەنە سەر، كۆتایی دەمارخانەكان و ژانەسەر دروست دەكەن. مرۆڤ كە لەبەردەم هەتاو دابێ زۆر ئارەق دەكاتەوە و ئاو و خوێی كانزایی زۆر دەردەدات. ئەوەیە كە وایلێدەكات تووشی ژانەسەر بێت. هی ئەوە نییە كە رۆژ لە تەپڵی سەری داوە. چونكە مێشك بە كۆمەڵێك بەربەست و (موانع) دەورە دراوە و پارێزراوە. هەر فشار و زەبرێكی دەرەكی هەبێ سەرەتا لەبەر ئەو بەربەستانە دەكەوێ و ئەوانیش مێشك دەپارێزن.
• پێشتر گوتت ژن زیاتر تووشی شەقەسەر دەبێ، ئەوە مانای وا نییە كە شەقەسەر هۆكاری كیمیاوی و هۆرمۆنی هەیە؟
- دیارە هەندێ هۆكاری كیمیاوی دەور دەبینێ. بەڵام باشە ئەگەر لە خێزانێك یەكێك شەقە سەری هەبێ، دەبینی زیاتر ئافرەتەكانی ئەو خێزانە تووشی دەبن، هۆرمۆنەكان دەوریان هەیە، بەڵام لەوانەیە هۆكاری بۆماوەیەش رۆڵی هەیە، رەنگە جینێك هەبێ لە لەشی مرۆڤ بەرپرسیار بێت لە پەیدابوونی شەقەسەر ئەمە بۆچوون و كۆششی توێژینەوەكان و توێژرەوەكان وای بۆ دەچن.
لەوانەیە لە ئایندەدا ئەو چینە بدۆزینەوە كە بەرپرسیارە لە پەیدابوونی ئەم نەخۆشییە. لەوانەشە توێژەرەوەكان هەر بەراستیش گەیشتینە ئەم دۆزینەوەیە من نەمزانی بێ، بەڵام لە تەفسیركردنی نەخۆشییەكەدا بەم تیۆرانە جۆرێك لە نزیكبوونەوەمان لەسەرچاوەی نەخۆشییەكە بۆ دروست دەبێت. ئەوەش مانای وایە لە هەندێ لایەنی نهێنی نەخۆشییەكە و میكانیزمی سەرهەڵدانی تێدەگەین و یارمەتیمان دەدات كە وەختێك تۆ دەرمان بۆ نەخۆش دەنووسی ئەگەر ئەو نەخۆشە سوودی لێنەبینێ، رەنگە بۆ نەخۆشێكی تر كە ئەویش هەر شەقەسەری هەیە سوودمەند بێ و پێی چاك بێتەوە. بۆ ئەم نەخۆشە رەنگە دەرمانێكی تر سوودمەند بێ كە دروستكردنی دەرمانەكە لە بنەڕەتدا پشتی بەتیۆرێكی دیكە بەستووە. ئیتر وەك دەبینین تا ئێستاش هۆی راستەقینە و یەكلاكەرەوە نازانین.
ژانەسەر و شەقەسەر چۆن لێك جیادەكرێنەوە؟
• دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە و جیاكردنەوەی لەگەڵ جۆرەكانی دیكەی ژانەسەر چۆنە و چۆن دەكرێ؟
- دیارە زۆر نەخۆش هەن كە یەكێ لە نیشانەكانی بریتییە لە ژانەسەر. لیستێكی دوورودرێژی نەخۆشیمان هەیە كە ژانەسەر یەكێ لە نیشانەكانیەتی. بەڵام جیاكردنەوەی شەقەسەر لەگەڵ ژانەسەرەكانی تر ئاسانە، چونكە نیشانەكانی كە لەسەر كەسی تووشبوو بەشەقەسەر وەكو ئەوانیتر نین، ژانەسەرەكانی تر نیشانەن بۆ نەخۆشییەكی تر، بەڵام شەقەسەر خۆی نەخۆشییەكە و نیشانەی خۆی هەیە. جا بۆیە ئێمە پشت بە مێژووی نەخۆشییەكە دەبەستین. مەبەستمان ئەوەیە دەپرسین كەی دەستپێدەكات، چەند دەخایەنێ نەخۆشەكە چی لێدێت و هەست بە چی دەكات. لەم نیشانانەی دەكۆڵینەوە و دوای ئەوەی پشكنینی خوێنی بۆ دەكەین و كۆمەڵێك پشكنینی دیكەش بۆ نەخۆش ئەنجام دەدەین. ئینجا دەگەینە ئەو بڕوایەی كە داخۆ نەخۆش شەقەسەری هەیە یان نەخۆشییەكی دیكە.
• دیارە كە شەقەسەر چارەسەریشی هەیە؟
- بێگومان چارەسەری هەیە، دوای پشكنین و دەستنیشانكردن ئەگەر بۆمان دەركەوت كە نەخۆش شەقەسەری هەیە، ئەوسا دەرمانی تایبەتی بۆ دەنووسین. بێگومان سەرەتا نەخۆش دڵنیا دەكەینەوە كە نەخۆشییەكەی ترسناك نییە و بە دەرمانی تایبەت كە بەشێوەیەكی رێكوپێك دەبێ وەریبگرێت چاك دەبێتەوە. جگە لەوەش شەقەسەر پێویستی بەكاری نەشتەرگەری و كردنەوەی جامی سەر و هیچ جۆرە كارێكی نەشتەرگەری نییە. دیارە نەخۆشیش ئاگادار دەكەینەوە كەوا خۆی بەدوور بگرێت لە هەر هۆكارێك كە دەبنە هۆی پەیدابوونی نەخۆشییەكەو تووش بوونی بەژانەسەر. هۆكارەكانیشمان لە وەڵامی پرسیارەكانی پێشووتر گوت، كە كفتی و ماندووبونی لە رادەبەدەری مێشك و خوێندنەوەی بێ پشوودان و خەم و خەفەت خواردن و زۆر هۆی تر كە دەبنە یارمەتیدەری دەستپێكردنی ژانەسەرەكە.
كولان


لهسهر هێڵ نییه