❤❤یـــانەی کوردژیـن/Kurd Zhin❤❤/ / پێویستیم به‌ کتێبێکه‌ له‌سه‌ر ژیانی هێمن ی موکریانی

.



نازناو:  وشه‌ی تێپه‌ڕبوون:  ‌  |  

ئاگاداری

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌ڕێزان : هه‌رکاتێک کێشه‌یه‌ک یان په‌یامێکی ناشیاوت به‌رچاو که‌وت له‌یانه‌دا ئه‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ :_

1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) .. ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .

2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له‌ ئه‌وروپا به‌ ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره‌ ته‌له‌فوونی( 00447754007706) .

New Page 1

    بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه‌  

  •  » هــاوکـــاری
  •  » پێویستیم به‌ کتێبێکه‌ له‌سه‌ر ژیانی هێمن ی موکریانی


#1 2009-03-18 08:27:15

Husain.Milano
ئه‌ندامی چالاک
شوێن: Hawler
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2008-08-16
دواترین سه‌ردان: 2013-02-04
په‌یامه‌كان: 649
ویبگه‌
WindowsXPMSIE

پێویستیم به‌ کتێبێکه‌ له‌سه‌ر ژیانی هێمن ی موکریانی

زۆر پێویستیم به‌ کتێبێکه‌ له‌سه‌ر ژیانی شاعیری ناودار
هێمن ی موکریانی
له‌به‌شی ژیانی ناوداران به‌ده‌ستم که‌وت به‌ڵام ئه‌وه‌ زۆر کورت بوو
که‌ من ده‌مویست

سوپاس بۆ هاوکاری کردنتان
کاردۆ_کاکا

Kurdzhin

بێ ده نگیم نه زانین نیه ، به ڵام ئه وانه ی ده وروپشتم شایسته ی قسه نین

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


#2 2009-03-18 10:49:39

_DIDAR_
سونبولی یانه
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2007-12-07
دواترین سه‌ردان: 2013-10-16
په‌یامه‌كان: 724
WindowsXPFirefox

Re: پێویستیم به‌ کتێبێکه‌ له‌سه‌ر ژیانی هێمن ی موکریانی

به‌ڕێز بزانه‌ ئه‌مه‌یان چۆنه‌ /


http://kurdzhin.org/up//uploads/images/kurdzhin-d074eb7f45.gif
هێمن

سه‌ید موحه‌مه‌د ئه‌مینی شێخه‌لیسڵامی موکری
خه‌ڵکی : مه‌هاباد
ساڵی ماڵئاوی : 1986


کورته‌یه‌ک‌ له‌ ژیان و خه‌باتی مامۆستا هێمن له‌ پێناوی ئه‌ده‌بیاتی کوردیدا


هه‌ژیر.ب.ش
هه‌تاکوو ماوین، پۆلـــــــــین له‌ ده‌ورت
ئه‌ڵێین ئه‌ی هێمن پڕ نوور بێ، قه‌برت
شنه‌ی بۆن خۆشی سۆزی گه‌لی کورد
سێ ساڵ به‌ خۆشی ته‌مه‌نی رابـــــورد

یاد وبیره‌وه‌ری مامۆستا هێمن، مامۆستای گه‌وره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی کوردی و رێ نیشانده‌ری رێگه‌ی ئازادی و راسته‌قینه‌ بۆ هه‌موو که‌سێک، جا له‌ هه‌ر مه‌قام و جێگه‌ وشوێنێک دابێ و هه‌ر چه‌شنه‌ ئه‌رک و هه‌ڵسووڕانێکی هه‌بێ، ئێجگار به‌ که‌ڵک و قازانجه‌ و هیوادارم هه‌موان زۆر به‌ چاکی له‌ ژیان و تێکۆشانی ئه‌و که‌ڵه‌ پیاوه‌ حاڵی بن.
سه‌ید محه‌ممه‌د ئه‌مین شێخولئیسلامی ناسراو به‌ هێمن کوڕی سه‌ید حه‌سه‌نی موکری وله‌ بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا جامی چۆڕی بووه‌. دایکی ناوی زێنه‌ب وکچی شێخی بورهان که‌ ئێستا بنه‌ماڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ی موکریانن، هێمن به‌هاری ساڵی 1300ی کۆچی هه‌تاوی به‌ شه‌وی جێژنی به‌رات له‌ گوندی لاچینی سه‌ر به‌ شاری سابڵاغ ئه‌ستێره‌ی ژیانی تریفه‌ی دا وچاوی به‌ رووناکایی گه‌ردوون هه‌ڵێنا. به‌ بوونی هێمن شیری مه‌مکی دایکی وشک ده‌بێ و به‌ شیری ژنێکی دیکه‌ فڕچک(گۆج)ده‌کرێ و دوای بوونی ئه‌و، دایکی له‌شی ساغ به‌ خۆیه‌وه‌ نابینێ.
هێمن له‌ رۆژگارێکدا له‌ دایک ده‌بێ که‌ ره‌زاخانی چه‌کمه‌ ره‌قی که‌لله‌ وشک جڵه‌وی حکوومه‌تی پێیه‌ وشه‌پ شه‌پێن به‌ کاژه‌ڵاکی مرۆڤی زانا ورووناکبیر ده‌کا، بێوچان خه‌ریکی تاڵان وکوشت و کوشتاره‌ و ئاسمانی به‌ سه‌ره‌ نێزه‌ راگرتووه‌ و زه‌وی له‌ ژێر پێی ده‌له‌رزێ، لاسای ئاتاتورکی ره‌گه‌زپه‌ره‌ستی ده‌کرده‌وه‌، جلوبه‌رگی کورده‌واری به‌ ته‌واوی قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێ و ئه‌وه‌نده‌ی له‌ ده‌ستی هات، سووکایه‌تی به‌ خه‌ڵک کرد وشه‌پکه‌ و ته‌پڵه‌ی هێنا نێو بازاڕه‌وه‌. هێمن له‌م که‌ش و هه‌وایه‌دا گه‌وره‌ ده‌بێ، به‌ش خوراوی و کۆیله‌تی ئینسان وه‌کوو خوێن له‌ مێشک وده‌مار وئێسک و پێستی دا ده‌گه‌ڕێ و ده‌بێته‌ سه‌ربه‌ندی ژیانی.
له‌ كاتی منداڵیدا گوێچکه‌ به‌ حه‌کایه‌ته‌کانی دایه‌ مرۆت ده‌گرێ، که‌ پیرێژنێکی دنیا دیده‌ بووه‌ و زۆر شتی به‌نرخی لێ فێر بووه‌. ئه‌لف وبێ لای سه‌عیدی ناکام ده‌خوێنێ و پێش ئه‌وه‌ی ئه‌لف و بێی فێر بکا، بزنۆکێ و مه‌ڕنۆکێی حوسێنی حوزنی موکریانی بۆ ده‌خوێنێته‌وه‌ و هێمن له‌ به‌ری ده‌کا و هه‌روه‌ها شێعره‌کانی شێخ ره‌زا و زۆر شتی دیکه‌ی لێ فێر ده‌بێ و پاشان بۆ درێژه‌ دانی خوێندن، باوکی ده‌ینێرێته‌ سابڵاغ و له‌ قوتابخانه‌ی سه‌عاده‌تی ئه‌و شاره‌ ده‌ست به‌ خوێندن ده‌کا.هێمنێکی لادێی که‌ جگه‌ له‌ زمانی کوردی هیچی دیکه‌ی نه‌ده‌زانی و له‌و قوتابخانه‌یه‌ش که‌س نه‌یده‌توانی به‌ کوردی قسه‌ بکه‌، منداڵان گاڵته‌ی پێده‌که‌ن وپێی ده‌ڵێن کرمانج، چونکه‌ ئه‌و کاته‌ له‌ سابڵاغ به‌ خه‌ڵکی دێیان ده‌کوت کرمانج، هێمن ئه‌و ساڵه‌ خوێندنه‌ی به‌ سه‌رکه‌وتنێکی زۆر باشه‌وه‌ تێپه‌ڕ ده‌کا وهاوین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئاوایی و له‌ لای مه‌لای دێ و باوکی ده‌رس ده‌خوێنێ و ته‌مرینی نووسینی خه‌ت ده‌کا. باوکی که‌ ده‌زانێ خه‌تی خۆش بووه‌، ده‌ستی پێ له‌ خوێندن هه‌ڵده‌گرێ و ده‌ڵێ: بڕۆ ده‌رسی مه‌لایه‌تی بخوێنه‌. هێمن که‌ هیچ کات خۆشی له‌ مه‌لا نه‌هاتووه‌، تووشی ئه‌م تاڵییه‌ ده‌بێ و چوار ساڵ له‌ خانه‌قای شێخی بورهان ده‌خوێنێ، به‌لام ئه‌و خوێندنه‌ هیچ که‌ڵکێکی نابێ، چونکه‌ ئه‌و چوار ساڵه‌ به‌ گاڵته‌ ده‌باته‌ سه‌رێ وله‌ خانه‌قای شێخی بورهان که‌ 8-9 نه‌فه‌ر ده‌بن،جگه‌ له‌ هه‌ژار و هێمن ته‌وای خاڵۆزا و پوورزا ده‌بن، پاشان ده‌چێته لای مامۆستا فه‌وزی و رێگای ژیانی پێ نیشان ده‌دا و ساڵ و نیوێک له‌ لای ئه‌و ده‌رس ده‌خوێنێ.
هه‌ژار له‌ پێشه‌کی دیوانی سه‌یفولقوزاتدا، به‌م جۆره‌ باسی خۆی و هێمن ده‌کا:هێمن و من دوو منداڵی کرچ وکاڵی له‌ڕ و قرخن، به‌ ته‌مه‌ن ده‌ دوازده‌ ساڵ بووین، له‌ خانه‌قا گه‌یبووینه‌ یه‌ک، ناخێری گیانمان ده‌رس بخوێنین، خویندنی چی؟ دوو گێل و حۆلی په‌ڕ بڵاو، له‌ یه‌ک ده‌مدا له‌ لای دوو مامۆستا دامه‌زراین، یه‌کی ریش پان، له‌ عاڕه‌بی شاره‌زایه‌ و خه‌تی نییه‌، ئه‌وی دی گه‌رده‌ڵ، فارسی زانه‌ و خه‌تی خۆشه‌. جا وه‌ره‌ شه‌ق و دار بخۆ، خۆ جنێو هه‌ر باسی ناکرێ، سوێندی که‌سم له‌ سه‌ر نییه‌، ئه‌گه‌ر بڵێم تڵپاتی ته‌ڕیش فێر نه‌بووین، نیسکێک درۆی تێدا نییه‌، ماڵم هه‌قه‌ له‌ ترێ دزینی ناو ره‌زی، له‌ پللار ده‌داران گرتن، له‌ راوی دووپشک و ئه‌سپێ و کێچ و جوجه‌ و قوڕ شێلان و هێلکه‌ له‌ هێلان ده‌رهێنان، هیچ که‌س تۆزی نه‌ده‌شکاندین. بۆ نه‌گبه‌تی هێمن وه‌ شێعر هاتبوو، هه‌روا گاره‌ گاره‌ی ده‌هات، جار و باره‌ شێعرێکی نیوه‌ و کۆڵه‌ی خواری لاپانی داده‌نا، به‌ فیزه‌وه‌ نیشانی ده‌دام. یانی ها بم ناسه‌، من چیم، منی کڵۆڵ نه‌مده‌توانی مێعریش بکه‌م. به‌و جۆره‌ شێعر کوتنی هێمن له‌ خانه‌قاوه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌ و پێگه‌یشتووه‌. له‌ گوندی کولیجه‌ له‌ لای سه‌ید عه‌وڵای سه‌ید مینه‌ که‌ پیاوێکی نه‌خوێنده‌وار بووه‌، به‌ڵام زۆر زانا وتێگه‌یشتوو ده‌بێ ،ماوه‌یه‌ک ده‌رس ده‌خوێنێ و به‌ گه‌وره‌ترین مامۆستای، مامۆستا هێمن حیساب ده‌کرێ. ته‌مه‌نی هیمن ده‌چێته‌ سه‌ر و بۆ ئه‌وه‌ڵین و دوایین جار له‌ گوندی کولیجه‌ ئاشق ده‌بێ، ئێشقێکی پاک و خاوێن و ئاسمانی ،به‌ڵام ئه‌م ئاشق بوونه‌ زۆر ناخایه‌نێ و لێک جیا ده‌بنه‌وه‌ و هه‌ر له‌و گونده‌ فێری سواری وته‌قڵه‌ وراوه‌ که‌و و که‌روێشک ده‌بێ. ساڵی 1317ی کۆچی هه‌تاوی که‌ ته‌مه‌نی 17 ساڵانه‌ ده‌بێ، مامۆستاکه‌ی گوندی کولیجه‌ به‌ جێ دێڵێ و ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گوندی خۆیان واته‌ شیلاناوێ که‌ ماڵیان چبووه‌ ئه‌وێ و مل له‌ کار وکاسبی هه‌ڵده‌کێشێ و به‌ رۆژ خه‌ریکی کاری کشت و کاڵى ده‌بێ و شه‌وانه‌ خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ و شێعردانان، باوکی پێی ده‌زانێ و ده‌فته‌ری شێعره‌کانی ده‌سووتێنێ.
ناوی هێمن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و زه‌مانه‌ که‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌ی ژ-کاف وکۆماری کوردستاندا وه‌کوو پێشمه‌رگه‌یه‌ک خزمه‌تی به‌ نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌کرد و له‌ نێو تێکۆشه‌رانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ که‌ هه‌ر یه‌که‌ی ناوی نهێنیان هه‌بوو، به‌ هێمن ناسرا و هه‌ر وه‌کوو بۆخۆی ده‌ڵێ:من هیچم له‌ پێشمه‌رگایه‌تی لێ حاڵی نه‌بوو و هیچ که‌ڵکێکم لێ وه‌رنه‌گرت، ته‌نیا ئه‌و خێره‌ی بۆ من هه‌بووه‌، ئه‌ویش که‌ ئه‌و ناوه‌ دوورودرێژه‌ی له‌ کۆڵ خستم. له‌ 25ی گه‌لاوێژی ساڵی 1321ی کۆچی هه‌تاوی له‌ شاری سابڵاغ کۆمه‌ڵه‌ی ژ-کاف به‌ ده‌ستی ره‌حمانی زه‌بیحی وچه‌ند که‌سی دیکه‌ داده‌مه‌زرێ.هێمن ده‌بێته‌ ئه‌ندامی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌ و شه‌و ورۆژ له‌ بیری ئه‌وه‌ داده‌بێ که‌ چی بۆ ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌ بکا که‌ کاری رزگاری کوردستانه‌، هێمن له‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌دا ده‌بێته‌ ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاری نیشتمان ودوایه‌ش گۆڤاری ئاوات. له‌ ساڵی 1324ی کۆچی هه‌تاوی که‌ له‌ سه‌ر بناغه‌ی ژ-کاف، حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به‌ رێبه‌رایه‌تی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د داده‌مه‌زرێ،هێمن بۆ یه‌که‌م جار له‌ مزگه‌وتی سووری مه‌هاباد له‌ به‌رابه‌ر خه‌ڵک دا شێعر ده‌خوێنێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ سکرتێری هه‌یئه‌ت ره‌ئیسه‌ی میللی دێموکڕات و دوایه‌ له‌ کۆمیسیۆنی ته‌بلیغاتی حیزبدا ده‌ست به‌کار ده‌کا.له‌و کۆماره‌دا بۆ دانانی کتێبی کوردی بۆ فێرگه‌کانی کوردستان کاری کردووه‌، له‌ گۆڤاره‌کانی ئه‌وده‌می حیزب وه‌ک کوردستان، هاواری کورد، هاواری نیشتمان، گڕوگاڵی منداڵان وهه‌ڵاڵه‌دا شێعر و وتاری بڵاو کردۆته‌وه‌. له‌ کۆماری کوردستاندا پێشه‌وا شانازی پێوه‌ کردووه‌ و رایگه‌یاندووه‌ که‌ شێعره‌کانی پڕ مانان وده‌بێ ته‌واوی ئه‌ندامانی حیزب له‌ به‌ری بکه‌ن و بیکه‌نه‌ پڕۆگڕامی تێکۆشینی خۆیان.
هێمن هه‌ر له‌ پله‌ی یه‌که‌می تێکۆشانیدا وه‌ک شاعرێکی نه‌ته‌وایه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تی بیر و باوه‌ڕی خه‌ڵکی بۆ لای خۆی راکێشابوو،چونکه هه‌ڵبه‌سته‌کانی له‌ راسته‌قینه‌دا ببوونه‌ ئاوێنه‌ی دڵی کۆمه‌ڵانی گه‌ل و ده‌ربڕی بیر و ئاواتیان. هێمن هه‌ر له‌ رۆژی یه‌که‌می تێکۆشانی هونه‌ری خۆیه‌وه‌ بۆ خاوێن کردنه‌وه‌ و په‌ره‌ پێدانی زمانی زگماکی قۆلی ‌هه‌‌ڵماڵی. هه‌ڵبه‌سته‌کانی به‌ زمانێکی ساکار ده‌هۆنییه‌وه‌ و به‌زمانی گه‌ل ده‌دوا، جا به‌و بۆنه‌وه‌ پێشه‌وا پێی ئه‌سپاردبوو، که‌ بۆ گه‌لێک وشه‌ی فارسی و عه‌ڕه‌بی که‌ له‌ رێڕه‌وی خه‌باتی سیاسیدا به‌ کار ده‌هێندرێن، وشه‌ی کوردی په‌تی بدۆزنه‌وه‌ و به‌کاری بێنن، هێمن به‌ سه‌رۆکی کۆمیسیۆنێک که‌ بۆ ئه‌و کاره‌ دیاری کرابوو، دانرا، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌کی کورت به‌ داخێکی زۆر گرانه‌وه‌ کۆمار ده‌ڕووخێ و هێمن ده‌ڵێ: ئه‌و رووداوه‌ دڵته‌زێنه‌ و ئه‌و کاره‌ساته‌ جه‌رگ بڕه‌ هه‌موو کوردێکی به‌ شه‌ڕه‌فی خه‌مناک و تازیه‌بار کرد.
ساڵی‌ 1325ی کۆچی هه‌تاوی دایکی پێ له‌ که‌وشان ده‌کا و پێی ده‌ڵێ: ده‌بێ ژن بێنی، به‌ڵام هێمن نایه‌وێ ژن بێنێ و به‌هه‌ر جۆرێک بێ، دایکی، هێمن رازی ده‌کا و داوای برازایه‌کی خۆی بۆ ده‌کا و هێمن قه‌تی نه‌دیوه‌، به‌م جۆره‌ له‌25ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ئه‌و ساڵه‌دا بووکی بۆ داده‌به‌زێنن و هه‌ژار له‌ زه‌ماوه‌نده‌که‌یدا هه‌ڵده‌په‌ڕێ و به‌رهه‌می ئه‌م ژن هێنانه ش کوڕێک به‌ ناوی سه‌لاح ده‌بێ. ساڵی 1327ی کۆچی هه‌تاوی وشکه‌ ساڵی پێش دێ و ئه‌ویش وه‌ک خه‌ڵکی دیکه‌ ده‌که‌وێته‌ چه‌رمه‌سه‌ری و ناڕه‌حه‌تییه‌وه‌ و گرانییه‌کی به‌ ته‌و‌ژم ئێران داده‌گرێ، زۆر که‌س له‌ برسان ده‌مرن وخه‌ڵک له‌و ساڵه‌دا کوللێره‌ی جۆ و هه‌رزن ده‌خۆن.
له‌ 25ی گه‌لاوێژی ساڵی 1332ی کۆچی هه‌تاوی کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له‌ مه‌یدانی شاری سابڵاغ پێک دی وهێمن شێعری " ده‌بڕۆ ئه‌ی شاهی خائین، به‌غدا نیوه‌ی رێت بێ" ده‌خوێنێته‌وه‌. له‌ کوده‌تای 28ی گه‌لاوێژی ئه‌و ساڵه‌ هێمن به‌ ته‌واوی قاچاغ ده‌بێ و ماوه‌یه‌کی زۆر به‌ کێوانه‌وه‌ ده‌بێ و ساڵی 1344ی کۆچی هه‌تاوی باوکی ده‌مرێ و هێمن ده‌ڵێ: ده‌ردی باب مردن، ده‌ردێکی زۆر گرانه‌ وپیاو له‌ هه‌ر ته‌مه‌نێکدا بابی بمرێ، هه‌ست به‌ هه‌تیوی ده‌کا و دوو ساڵ دوای باوکی، دایکیشی ده‌مرێ و ئه‌م رووداوانه‌ به‌ ته‌واوی پیری ده‌کا.
بۆ جاریکی دیکه‌ هه‌وای نووسینی گۆڤار به‌ مێشکی دادێ و به‌هاری ساڵی1364ی کۆچی هه‌تاوی به‌ردی بناغه‌ی گۆڤاری سروه‌ له‌ شاری ورمێ داده‌مه‌زرێنێ و یه‌که‌م ژوماره‌ی گۆڤاره‌که‌ له‌ سه‌ره‌تای هاوین گه‌یشته‌ ده‌ستی خه‌ڵک و هێمن ئه‌مه‌ ده‌ڵێ:‌ "ئومیده‌وارم ئه‌م سروه‌یه‌ هه‌ر بێ و هه‌ر دڵان ببووژێنێته‌وه‌ و هه‌ر گوڵان بگه‌شێنێته‌وه‌و هه‌ر دڵی کوردان خۆش بکا ".
هێمن له‌و که‌سانه‌ بوو که‌ ته‌مه‌نی مێرمنداڵی و لاوی و پیری خۆی له‌ سه‌نگه‌ری فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌ب وفۆلکلۆر و شۆڕش دا به‌خت کرد و وه‌ک مۆم سووتا و رێگای پاشه‌ رۆژی بۆ رووناک کردین. پاش ده‌رچوونی چوار ژماره‌ له‌ سروه‌ی ره‌نگینی کوردستان، مۆمی ژیانی هێمن دوایین فرمێسکی هه‌ڵوه‌راند و له‌29 ی خاکه‌لێوه‌ی ساڵی 1365ی کۆچی هه‌تاوی بۆ هه‌میشه‌ ماڵاوایی لێکردین و له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له‌ گۆڕستانی بوداق سوڵتانی شاری سابڵاغ به‌ خاکیان سپارد.
دیاره‌ هێمن مردووه‌ و له‌ نێومان دا نه‌ماوه‌، به‌ڵام ئاسه‌واره‌کانی و یادگاره‌که‌ی کاتی پیری هه‌ر ماون و به‌ دیتنی ئه‌وان هیچ کاتێک هێمنیش له‌ بیر ناچێته‌وه‌.
هێمن شاعێرو زانای فه‌رهه‌نگ دۆست و تێکۆشه‌ری رێگای بووژاندنه‌وه‌ی کورد و فه‌رهه‌نگه‌که‌ی بوو، خاوه‌ن بیر و تێفکرین و بیر کردنه‌وه‌ بوو. هێمن ده‌نگی به‌رزی ئازادی، ئاشتی و دێموکڕاسی خوازی کورد بوو. خوازیاری یه‌کیه‌تی گه‌لان بوو. کوردایه‌تی هێمن، مرۆڤایه‌تی بوو. شاعێری جوان په‌ره‌ست، شاعێری بابرده‌ڵه، که‌ بێبه‌ش له‌ ئاو وخاک و وڵاتی خۆی، په‌ڕیوه‌ی سنوورو مفته‌لای ده‌ستی رۆژگار، پیری هه‌ناسه‌ سوار، ده‌رکراوی به‌ زۆر دابڕاوی یار و ئازیزانی، بولبولی بێبه‌ش له‌ گوڵزار و چه‌مه‌ن، بێ ئه‌نیس و هاوده‌م، ئاشقی دڵ پڕ له‌ ئه‌وین وخۆشه‌ویستی وڵاته‌که‌ی، هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو خه‌م به‌ دوای مامۆستای ئازیزه‌وه‌بوو، وه‌کوو سێبه‌ری خۆی رۆژێک لێی جیا نه‌بۆته‌وه‌ و رۆژی شادی رووی له‌ دڵه‌ خه‌مباره‌که‌ی نه‌کرد، ئه‌و مرۆڤه‌ بێ نازه‌ خۆ له‌ ئاسن و پۆڵا دروست نه‌کراوه‌،به‌ڵکوو له‌ خوێن و گۆشته‌، بۆیه‌ پڕ به‌ دڵی خۆی ئه‌ناڵێنێ و به‌ ئاوازێکی به‌ سۆزه‌وه‌ ئه‌ڵێت:
پارچه‌ گۆشتێکه‌، دڵی من روو نییه‌
ناڵه‌ ناڵی من دره‌نگه‌ زوو نییه‌
له‌ شێعرێکی دیکه‌دا ده‌ڵێ:
شینم زۆر گێڕاوه‌، شادیم که‌م دیوه
ئه‌ڵێن هه‌یه‌، به‌لام نه‌مدیــــــــوه‌‌
شاعێر، شینی یه‌کجار زۆر دیوه‌، به‌ڵام شادی و کامه‌رانی به‌ ده‌گمه‌نیش نه‌دیوه‌ و ئه‌زانێ شادی هه‌یه‌، زۆر که‌س له‌ گه‌ڵیا راز و نیاز ده‌که‌ن، به‌ڵام هێمنی خه‌مبار هه‌ر نه‌یدیوه‌، له‌ لای هه‌ر وه‌کوو نامۆیه‌که‌، وه‌کوو دوژمنێکه‌، بۆ ماوه‌یه‌کی که‌میش روو له‌و ناکات. مامۆستای به‌ڕێزمان شێعره‌ ته‌ڕ وناسکه‌ جوانه‌کانی، زۆربه‌ی زۆری به‌ خه‌م زاخاوه‌ ،خه‌م کاری زۆری تێکردووه‌، بۆیه‌ به‌ هیچ جۆرێ ناتوانێ خۆی له‌ شه‌پۆل لابدات. هێمن شاعێری گه‌ل ، شاعێری ئێشق و ئازادی ،دڵه‌ گه‌وره‌که‌ی هه‌تا ئه‌و رۆژه‌ی له‌ لێدان که‌وت، بۆ گه‌له‌که‌ی و ئازادی نیشتمان لێی دا.
به‌ فه‌رمووده‌ی خۆی:
هه‌تاکوو دوا پشـــــوو رێبواری رێگه‌ی ئێشق و ئازادیـــــم
ئه‌گه‌ر بێجگه‌ له‌ ناکامیـــــش نه‌بینـــــم، به‌رهه‌مێـــــکی تـــر
هێمن که‌ یه‌کێک بوو له‌ گه‌وره‌ترین شاعێران و نووسه‌رانی کورد له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، له‌ باری پاراستن و بووژاندنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌ب، گه‌ره‌ترین هه‌قی خستۆته‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌که‌ی، چونکه‌ له‌ تاریک وروونی به‌یانی ژیانی را، بۆ خڕ کردنه‌وه‌ی کۆماکانی ئه‌ده‌بی کورده‌واری و ورد بوونه‌وه‌ له‌ وشه‌کانی، به‌ که‌و کردن و هه‌ڵاواردنی غه‌واره‌کانی و سوورکردنی خرمانی زمان وزاراوه‌ی کوردی، که‌وته‌ کار وته‌نانه‌ت گوڵ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ و پاشه‌رۆکیشی بۆ خه‌ڵکی دیکه‌ نه‌هێشته‌وه‌.

Kurdzhin
وقتی کسی رو دوست داري. حاضری جون فداش کنی.     
حاضری دنيا رو بدی فقط يک بار نگاهش کنی.
قيد تموم دنيا رو به خاطر اون ميزنی.                                   
خيلی چيزا رو می شکنی تا دل اون رو نشکنی.

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


#3 2009-03-18 10:54:17

_DIDAR_
سونبولی یانه
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2007-12-07
دواترین سه‌ردان: 2013-10-16
په‌یامه‌كان: 724
WindowsXPFirefox

Re: پێویستیم به‌ کتێبێکه‌ له‌سه‌ر ژیانی هێمن ی موکریانی

ئاسه‌واره‌کانی مامۆستا هێمن بریتین له‌:
1- تاریک و روون(شێعر و په‌خشان).
2- پاشه‌رۆک(شێعر و په‌خشان).
3-توحفه‌ی موزه‌ففه‌رییه‌(فۆلکلۆری کوردی، که‌ کاری ئۆسکارمانه‌ وهێمن وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی کوردی).
4- شازاده‌ وگه‌دا .
5- قه‌ڵای دمدم .
6- هه‌واری خاڵی .
7- چه‌پکێ گوڵ، چه‌پکێ نێرگز.
8- ئه‌فسانه‌ کوردییه‌کان (کاری قه‌نات کۆردۆ که‌ هێمن وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی فارسی).
9- ناڵه‌ی جودایی .
به‌ ئاوا‌ره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری توانی کتێبی ناڵه‌ی جودایی بنووسێ،ئه‌گه‌ر به‌ جوانی لێی ورد بینه‌وه‌، ده‌بینین که‌ ناڵه‌ و هاوار و فیغانی دڵه‌، ناسۆرییه‌، خول دانه‌وه‌ و نزا و هاوار وئازاری ناخ و ماندوویه‌تی هزر و نائارامی رۆح و بێ تاقه‌تی جه‌سته‌یه‌ به‌رامبه‌ر جودایی،جودایی له‌ خێزان، له‌ خانوو،ماڵ و گوند و گه‌ڕه‌ک ،شاخ وده‌شت و دراوسێ و که‌س و کار و یادگاره‌کانی سه‌رده‌می منداڵی و لانه‌ی گه‌وره‌بوون و گه‌لێ شتی به‌ نرخی دیکه‌ که‌ له‌ یاد ناکرێن وله‌ ده‌روون دوور ناکه‌ونه‌وه‌.
رۆحی شاد ورێگای پڕ رێبوار

..........................
شاعیری گه‌ل
ئه‌وڕۆکه‌ هه‌رکه‌س له‌ ئه‌ده‌بی کوردی شاره‌زا بێ ناوی هێمنی بیستووه‌. شێعره‌کانی خوێندۆته‌وه ‌و بێ گومان ده‌زانێ که‌ هێمن یه‌کێک له‌ شاعیره‌ هه‌ره‌ به‌رزه‌کانی کوردی سه‌رده‌می ئێمه‌یه‌. به‌ڵام شێعری هێمن هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌ده‌یب و نووسه‌ران ده‌رچووه‌، له‌ ناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستاندا بڵاوبۆته‌وه‌ و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاشه‌وه‌ له‌ دڵی هه‌موو کوردێکی دڵسۆزو نیشتمانپه‌روه‌ر کاریگه‌ر بووه‌ و ئه‌وانی به‌روه‌ خه‌بات له‌ پێناوی رزگاری گه‌لی کورددا هان داوه‌. هێمن له‌ سه‌ره‌تاوه‌ شاعیری گه‌له‌ و هه‌ر شاعیری گه‌لیش ماوه‌ته‌وه‌. سی ساڵ زیاتره‌ هه‌زاران خه‌باتکه‌ری کورد پێکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێمنی شاعیر هاوار ده‌که‌ن:
گه‌رچی تووشی ڕه‌نجه‌ڕۆیی و حه‌سره‌ت و ده‌ردم ئه‌من
قه‌ت له‌به‌ر ئه‌و چه‌رخه‌ سپڵه‌ نابه‌زم مه‌ردم ئه‌من
من له‌ زنجیرو ته‌ناف و دارو به‌ند باکم نییه‌
له‌ت له‌تم که‌ن، بمکوژن، هێشتا ده‌ڵێم کوردم ئه‌من
هێمن عاشقی کێوو ته‌لان و به‌نده‌ن و به‌ردی کوردستانه‌، نیشتمانی، سروشتی وڵاته‌که‌ی باش ده‌ناسێ و له‌گه‌ڵی په‌روه‌رده‌ بووه‌. له "به‌هاری لادێ"،‌ " به‌هاری کوردستان"، " شه‌نگه‌بێری"، " فه‌ر‌یشته‌ی په‌ڕیوه‌" و زۆر شێعری تریش دا نیشان ده‌دا که‌ له‌ ناسین و ناساندنی سروشتی کوردستان و جوانییه‌کانی دا چه‌نده‌ شاره‌زا‌ و مامۆستایه‌. جێگای سه‌رسوڕمانیش نییه‌، هێمن له‌گه‌ڵ سروشت گه‌وره‌ بووه‌ و له‌ سروشت ئیلهامی وه‌رگرتووه‌. که‌سێک سروشتی کوردستانی دیبێ و نه‌ک هه‌ر دیبێ به‌ڵکوو له‌گه‌ڵی تێکه‌ڵاو بووبێ، هێمن به‌ ناهه‌ق نازانێ که‌ ده‌ڵی:
به‌هه‌شته‌ کورده‌واری من به‌هه‌شته‌...
هێمن له‌ شێعری خۆیدا زۆرجار باسی زۆرلێکراوی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌کا، له‌ مافی خوراوی گه‌ل دیفاع ده‌کا، ئاره‌زووی ئه‌وه‌یه‌ کورد هه‌رجی زووتر له‌ سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی ڕزگاری بێ، بوونی ئه‌و سته‌مه‌ به‌ سه‌رچاوه‌ی زۆر به‌دبه‌ختی و کوێره‌وه‌ری و بێ به‌شی ده‌زانێ. له‌ "دوا ڕۆژی رووناک" دا ده‌ڵی:
له‌ مێژ بوو هه‌ققی کورد ده‌خورا به‌فیرۆ
له‌ مێژ بوو کورد بوو ده‌یکرد شین و ڕۆڕۆ
له‌ مه‌یدانی شه‌قێنی دووژمی دا
سه‌ری سه‌رداری کوردی بوو وه‌کوو گۆ
هێمن به‌ تایبه‌تی زۆر په‌رۆشی ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ کوردستانی ئێران زمانه‌که‌ی ئازادی په‌ره‌ئه‌ستاندنی نییه‌، ئه‌ده‌به‌که‌ی بڵاو ناکرێته‌وه‌، فه‌رهه‌نگه‌که‌ی پێشێل ده‌کرێ، له‌ " ڕۆژگاری ڕه‌ش" دا ده‌ڵێ:
داخرا ده‌رکی ڕۆژنامه شکاون نووکی خامه‌
کوردی نووسین حه‌رامه دوژمن ده‌ڵی بێ تامه‌
.........
دڕان کاغه‌ز و ده‌فته‌ر گیران شاعیر و نووسه‌ر
هێمن نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی خۆش ده‌وێ. له‌وه‌ش زیاتر نه‌ته‌وه‌ی خۆی ده‌په‌رستێ. به‌ڵام ڕقیشی له‌ هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر نییه‌. له‌ هه‌موو دیوانی هێمن دا شێعرێک که‌ باسی نه‌ته‌وه‌کی تر به‌ خه‌راپه‌ بکا، یا کورد له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر به‌ به‌رزتر دابنێ به‌دی ناکرێ، دیارده‌یه‌ک که‌ به‌ داخه‌وه‌ له‌ دیوانی زۆر له‌ شاعیری کورددا به‌رچاو ده‌که‌وێ، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵکوو به‌شه‌ردۆستی یه‌کێک له‌ سروشته‌ تایبه‌تییه‌کانی شێعری هێمنه‌.
هێمن زۆر جار باسی پێشه‌وا قازی ده‌کا، له‌ شێعره‌کانی ڕا دیاره‌ که‌ چه‌نده‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ به‌نرخ و هه‌ڵکه‌وتوه‌ی گه‌لی کوردی خۆش ویستووه‌. پێشه‌وای خۆشده‌وێ چونکه‌:
زانابوو، کوردپه‌روه‌ر بوو پێشه‌وا بوو، ڕابه‌ر بوو
به‌ڵام بۆیه‌ش پێشه‌وا به‌ مه‌زن ده‌زانێ چونکه‌:
هه‌ر کورد نه‌بوو به‌شه‌ر بوو خه‌می خه‌ڵکی له‌به‌ر بوو
هێمن گه‌لانی تری ئێران به‌ دۆستی گه‌لی کورد ده‌زانێ و له‌ خه‌بات و تێکۆشان دا به‌ برا و هاواڵیان داده‌نێ. له‌ " کورد و ئازه‌ربایجانی" دا ده‌ڵێ:
کورد و ئازه‌ربایجانی هه‌ردوو داوایان ڕه‌وایه‌
هه‌ر بژین و پایه‌دار بێ یه‌که‌تی ئه‌م دوو برایه‌
هێمن دیسان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌ ناو نه‌ته‌وه‌ی خۆشیدا هه‌موو چین و توێژێکی به‌ یه‌ک چاو ته‌ماشا نه‌کردووه‌ و ناکا. له‌ شێعری به‌ ناوبانگی خۆیدا " ده‌یڵێم و بێ باکم" ده‌ڵێ:
ئه‌وی ئاغا بێ بێکاره‌
جه‌بوون و قه‌ڵس و لاساره‌
دزی و ڕێ گرتنی کاره‌
ئه‌من ده‌یڵێم و بێ باکم
.....
له‌ شه‌رم و شووره‌یی مردم
به‌ خۆم من چۆن بڵێم کوردم
که‌ ئاغا ئابڕووی بردم
ئه‌من ده‌یڵێم و بێ باکم
له‌ "ئاره‌ق و تین" دا زۆر به‌ جوانی و به‌ زمانی ساده‌ی جوتیاران باسی نرخی کاری خوتیار بۆ کۆمه‌ڵ و چه‌وسانه‌وه‌ی جووتیار نیشان ده‌دا و ده‌ری ده‌برێ که‌ ئینسانی زه‌حمه‌تکێش له‌ لای زۆر خۆشه‌ویسته‌:
من جوتیارم، من جوتیارم
من له‌گه‌ڵ هه‌تاو هاوکارم
من به‌ ئاره‌ق و ئه‌و به‌تین
دامان ڕشتووه‌ بناغه‌ی ژین
باسکی من و تیشکی ئه‌وی
بژیو ده‌ستێنن له‌ زه‌وی
گه‌ر جوتیار ئاره‌ق نه‌ڕێژێ
گه‌ر هه‌تاو تیشک ناوێژێ
دانیشتووی ناو کۆشک و قه‌ڵا
ده‌خۆن نانی گه‌ڵا گه‌ڵا
له‌ شێعره‌کانی را به‌هاسانی ده‌رده‌که‌وێ که‌ هێمن له‌ ژیانی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان به‌تایبه‌تی جووتیاران له‌ نیزیکه‌وه‌ شاره‌زایه‌. له‌ وه‌ش زیاتر خۆی تا راده‌یه‌ک له‌م ژیانه‌دا به‌شداره‌. خۆی ده‌ڵی: "چاک خه‌ریکی کاسپی بووم و زوو فێری کشت و کاڵ بووم"
فه‌لسه‌فه‌ی ژیانی هێمن ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ دانیشێ و له‌ دووره‌وه ته‌ماشای ژیان و خه‌باتی گه‌ل بکا و بۆ خۆی و یان بۆ گه‌ل شێعر بڵێ. هێمن ئه‌و ئه‌سڵه‌ی قبووڵ کردووه‌ که‌ ئه‌رکی شێعری شاعیری گه‌لێکی زۆرڵێکراو ته‌نیا لێکدانه‌وه و‌ خستنه‌ ناو هۆنراوه‌ی سروشت و جوانی نییه‌. شعیر له‌ پێشدا ئینسانه‌، ئینسانێکه‌ که‌ هه‌ستی ناسکه‌ و زوو ده‌جووڵێته‌وه‌. چون شاعێر، به‌ مانای ڕاستی ئه‌و وشه‌یه‌، ده‌توانێ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ژاری و کوێره‌وه‌ری و بێ به‌شی گه‌له‌که‌ی بێ لایه‌ن بێ؟ له‌ نێوان راستی و درۆدا، له‌ نێوان ئاهورموزدا و ئه‌هریمه‌ن دا، له‌ نێوان هه‌ق و ناهه‌قدا ڕاستی هه‌ڵنه‌بژێرێ، به‌گژ ئه‌هریمه‌ندا نه‌چێ و دیفاع له‌ هه‌ق نه‌کا؟ بۆیه‌ هێمن ته‌ماشاچی نییه‌ و ناتوانێ ته‌ماشاچێ بمێنێته‌وه‌. به‌ هه‌موو هێزی خۆیه‌وه‌، به‌ شێعر و به‌ نووسین هه‌نگاوی ناوه‌ته‌ ناو مه‌یدانی خه‌بات و تاسه‌ر به‌ره‌و ئاسۆی روون، تا تڕوپکی رزگار بوون یاریده‌ی گه‌لی خۆی ده‌دا. هێمنی شاعیر له‌ هێمنی خه‌باتکه‌ر جیا ناکرێته‌وه‌.
رۆڵه‌ی کوردم فێری هه‌وارزو لێژم
تا زۆر بڕۆم، زیاتر ئاره‌ق بڕێژم
کورت تر ده‌بێ ڕێگای دوور و درێژم
دهڕۆم به‌ره‌و ئاسۆ، به‌ره‌و ئاسۆی ڕوون
ده‌ڕۆم ده‌ڕۆم، تا تروپکی ڕزگار بوون
تاقی کردنه‌وه‌ی ساڵانی درێژی خه‌بات به‌ هێمنی سه‌لماندووه‌ که‌ خه‌بات دوور و دریژه‌، هه‌وراز نشیوی هه‌یه‌، سه‌رکوتن و شکستی تێدایه‌. به‌ڵام هێمن کۆڵنه‌ده‌ره‌.
من په‌روه‌رده‌ی بن سێبه‌ری ئه‌شکه‌وتم
گه‌لێک جاران له‌ چاڵاوی ڕه‌ش که‌وتم
هاتمه‌ ده‌رێ، هه‌دام نه‌دا، نه‌سره‌وتم
ده‌ڕۆم به‌ره‌و ئاسۆ، به‌ره‌و ئاسۆی ڕوون
ده‌ڕۆم ده‌ڕۆم، تا تروپکی ڕزگار بوون
هه‌ورازو نشیوی ژیان و خه‌باتی گه‌ل له‌ شێعره‌کانی هێمن دا زۆر جوان دیاره‌. له‌و کاته‌وه‌ ده‌ستی به‌ شێعر گوتن کردووه‌ هه‌تا ئه‌مرۆ، شێعری هێمن ئاوێنه‌ی قۆناخه‌کانی خه‌باتی گه‌لی کورده‌. له‌ ساڵی 1324(1945) ڕا هێمن به‌ پێشوازی پێکهاتنی حیزبی دێمۆکراته‌وه‌ ده‌چی و ده‌ڵێ:
له‌ سایه‌ی حیزبی دێمۆکراتی خۆمان
له‌ باڵدار تێپه‌ڕی ئه‌ڕۆکه‌ پێڕۆ
نه‌ما داخ و په‌ژاره‌ و ماته‌م و خه‌م
زه‌مانی هه‌ڵپه‌ڕین و به‌زمه‌ ئیمڕۆ
له‌ رێبه‌ندانی 1945 دا که‌ کۆماری مه‌هاباد دامه‌زرا هێمن گوتی " ئه‌وساڵ به‌هاره‌ بۆ ئێمه‌ زستاتن" یا له‌ "ڕۆژی خۆشی" دا ده‌ڵێ:
گه‌رچی زستانه‌ به‌فر دای پۆشی ئه‌وڕۆ گشت وڵات
خاکی پاکی ئێمه‌ خه‌مڵیوه‌ وه‌کوو باخی ئیره‌م
به‌ڵام کۆماری مه‌هاباد ته‌مه‌نی که‌متر له‌ ساڵێک بوو. جووڵانه‌وه‌ی گه‌لی کورد له‌ ئێران هه‌روه‌ک جوڵانه‌وه‌ی سه‌رانسه‌ری ئێران توشی شکست بوو. هێمن له‌ " ڕۆژگاری ڕه‌ش" دا تووشی نائومێدی ده‌بێ، وه‌ک کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان که‌ توشی نائومێدی ببوون:
به‌ فیڕۆ چوو خه‌باتمان
داگیر کراوه‌ وڵاتمان
تێپه‌ڕی ڕۆژی هاتمان
ڕووخا کۆشکی ئاواتمان
له‌ پیاوی ئازاو سه‌رکه‌ش
له‌ زه‌حمه‌تکێشی بێ به‌ش
ئاخنراوه‌ کونه‌ ڕه‌ش
نابینی که‌س ڕووگه‌ش
به‌ تایبه‌تی شه‌هیدبوونی پێشه‌وا قازی هێمنی داخدار کردووه‌. هه‌م دۆست و مامۆستای له‌ ده‌ست داوه‌ و هه‌م پێشه‌وا و سه‌رکۆمار:
له‌ چوارچرای مه‌هاباد
له‌ کانگای بیری ئازاد
ده‌ستی ڕه‌شی ئیستیبداد
چه‌قاندی داری بێداد
له‌ کاتی نیوه‌ شه‌وا
له‌ جه‌نگه‌ی شیرین خه‌وا
کرا کاری ناڕوا
له‌ دار درا پێشه‌وا
هه‌ر له‌و ساڵه‌دا هێمن له‌ به‌ر خه‌باتی رابردووی خۆی تووشی ده‌رده‌ سه‌ری ده‌بێ و بۆ ماوه‌یه‌ک وڵات به‌ جێ دێڵێ. دیاره‌ وه‌زعی سیاسی ته‌ئسیری کردۆته‌ سه‌ر شێعری هێمن. له‌ "بابرده‌ڵه‌" دا ده‌ڵێ:
بزانه‌ تۆ، ئه‌وی ئه‌هلی هونه‌ر بێ
ده‌بێ یا ده‌س به‌سه‌ر، یا ده‌ربه‌ده‌ر بێ
هونه‌رمه‌ند و ژیانی خۆش مه‌حاڵه‌
هونه‌رمه‌ند ڕه‌نجه‌ڕۆیه‌ ژینی تاڵه‌
منیش بابرده‌ڵه‌ی به‌ر گێژه‌ڵووکه‌م
ده‌مێک له‌و قوڵکه‌ تاوێک له‌و چڵووکه‌م
منیش زۆرداری پرزه‌ی لێ بڕیوم
منیش به‌دکاری بواری لێ ته‌نیوم
یا له‌ "فرمێسکی گه‌ش" دا که‌ به‌ قسه‌ی خۆی له‌وپه‌ڕی ته‌نگانه‌ و لێ قه‌وان دا گوتوویه‌، ده‌ڵێ:
کوشتمی و شه‌ش خانی ئوممێدی له‌ من گرتووه‌ حه‌ریف
مۆره‌ هه‌ڵداوێم و بێهوده به‌ هیوای دوو شه‌شم
هێندێ شێعری تریش وه‌ک " گریانی نیوه‌ شه‌و" و " ئاره‌زووی فڕین" هه‌ر نیشانه‌ی نائومێدی شاعیرو ڕاکردنی له‌ ڕاست ژیانی تاڵه‌. له‌ ساڵی 1946وه‌ هه‌تا ساڵی 1951 سه‌رده‌می پاشه‌کشه‌ی جووڵانه‌وه‌ی گه‌لی کورد و هه‌موو گه‌لانی ئێرانه‌. له‌ سداڵی 1953 دا ئاسۆی خه‌بات ڕوونتر بووه‌، هێمن له‌ "ئاواتی به‌رز" دا جارێکیتر دێته‌وه‌ مه‌یدانی خه‌بات. هیوای به‌ خه‌باتی گه‌ل زیاتر ده‌بی و ده‌یهه‌وێ به‌ شێعری خۆی له‌م خه‌باته‌دا به‌شدار بێ:
فێری زۆر ده‌رسی به‌ که‌ڵک و باشی کردین تێ شکان
جا ببینه‌ ڕاپه‌ڕین و شۆڕشی ئه‌مجاری کورد
واگزینگی دا به‌یانی جوانی ئازادی به‌شه‌ر
ڕۆژی ڕووناکه‌ نه‌ماوه‌ زوڵمه‌تی شه‌وگاری کورد
ئه‌و زمانه‌ شیرینه‌ی ئێمه‌ په‌ره‌ی ده‌گرته‌وه‌
نادڕێ چیدی کتێب و ده‌فته‌ری ئه‌شعاری کورد
قۆناخێکی نوێ له‌ ژیانی گه‌ل و شاعیردا ده‌ست پی ده‌کاته‌وه‌. ماوه‌ی پاشه‌کشه‌ دوایی دێ و گه‌لی کورد خۆی بۆ خه‌باتی دواڕۆژ ئاماده‌ ده‌کا. نفوزی حیزبی دێموکراتی کوردستان که‌ به‌ نه‌ هێنی تێده‌کۆشی، ڕۆژ به‌ ڕۆژ له‌ ناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان دا زیاتر ده‌بێ. به‌ره‌وه‌ هه‌وراز رۆیشتنی جووڵانه‌وه‌ هه‌تا رۆژه‌کانی گه‌لاوێژی 1953 درێژه‌ی هه‌یه‌. له‌ 25ی گه‌لاوێژه‌وه‌ هه‌تا ڕۆژی شوومی کودیتای 28ی گه‌لاوێژ خه‌ڵک له‌ شاری مه‌هاباد حوکمداری ده‌کا. له‌ رۆژی 25ی گه‌لاوێژدا خه‌ڵکی مه‌هاباد به‌ درشت و ورده‌وه‌ هه‌موو ده‌گه‌ڵ هێمن که‌ بۆ یه‌که‌مجار پاش چه‌ند ساڵ له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی چه‌ندهه‌زار که‌سی دا شێعر ده‌خوێنێته‌وه‌، هاوار ده‌که‌ن:
برۆ ئه‌ی شاهی خاین به‌غدا نیوه‌ی ڕێ یه‌ت بێ
ئه‌و سه‌رده‌مه‌، سه‌رده‌می نیوه‌ دێمۆکراسیش زۆر ناخایه‌نێ. ده‌ورانی ڕه‌شی پاش کودیتا ده‌ست پێ ده‌کا و هێمنی شاعیر جارێکیتر تووشی نائومێدی ده‌بێ و له‌ " تووڕه‌یی" دا ده‌ڵێ:
له‌و وڵاته‌ که‌سێک له‌ خه‌و ڕابێ به‌شی چاره‌ڕه‌شی و خه‌م و شینه‌
تێگه‌یشتم عیلاجی ده‌ردی من مه‌ستی و شێتی و نه‌زانینه‌
یا له‌ " چاره‌نوسی شاعیر"دا:
ده‌زانی بۆچی من هێنده‌ په‌رێشان و خه‌فه‌تبارم
له‌ بازاڕی ژیان غه‌یری هه‌به‌ر نیمه‌ چ سه‌رمایه‌
له‌گه‌ڵ چاره‌ڕه‌شی و دووره‌به‌شی و نه‌گبه‌ت ده‌بێ هه‌ڵکه‌م
له‌ مێژه‌ چاره‌نووسی شاعیرانی کوردی ئاوایه‌
ئه‌و تووڕه‌یی یه‌ و ڕه‌شی چاره‌نووسی شاعیر له‌ شێعره‌کانی تریشیدا هه‌ر به‌رچاو ده‌که‌وێ و هه‌تا ساڵی 1959 هه‌ر به‌رده‌وامه‌. له‌ "گڵێنه‌ی شاعیر" دا ده‌ڵێ:
ئه‌گه‌ر خه‌رمانی عومرم ئێسته‌کانه‌ پاکی با بی با
به‌ مه‌رگی تۆ مچورکیشم به‌ دڵدا نایه‌، با بی با
هه‌موو عومری ئه‌به‌د تێیدا نییه‌ خۆشی ده‌مێک مه‌ستی
خدر ئاوی حه‌یاتی بۆ چیبوو؟ فێری شه‌رابی با
له‌ " ناسۆری ته‌ماشا´دا ڕاکردن له‌ ژیانی واقیعی. له‌و حه‌قیقه‌ته‌ تاڵه‌ی که‌ شاعیر تووشی بووه‌ و نایه‌وێ قبووڵی بکا، به‌ ته‌واوی دیاره‌. هێزی ئه‌وه‌ی نییه‌ ژیان بگۆڕێ، ڕێگای نییه‌ خۆی دووربخاته‌وه‌، ده‌یه‌وێ ڕابکا و به‌ یارمه‌تی مه‌ی ڕوو له‌ دنیایه‌کی خه‌یاڵی ده‌کا:
چۆن نه‌به‌م بۆ مه‌ی و مه‌یخانه‌ په‌نا‌، تێگه‌یوم
له‌و وڵاته‌ هه‌موو شت زۆره‌ بنی ئاده‌م که‌م
شه‌ڕه‌بایه‌ له‌ چیاکان و هه‌وا تووشه‌ ده‌با
وه‌کوو شێتان ده‌مه‌ویست ڕوو له‌ چیای ئه‌سته‌م که‌م
ساڵه‌کانی1967-1968 که‌ ڕاپه‌رینی چه‌کدار له‌ کوردستانی ئێران به‌رپا ده‌بێ، هێمن هه‌رچه‌ند خۆی تێیدا به‌شدار نییه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ ده‌ژی. هیوای به‌ خه‌باتی گه‌ل زۆره‌، باوه‌ری به‌ هێزتره‌. بۆ شه‌هیدانی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ ده‌گری، به‌ڵام شێعره‌کانی پڕی له‌ هیوا و ئاوات بۆ سه‌رکه‌وتن و نیشتمانپه‌روه‌ران بۆ تێکۆشان هان ده‌دا. هێمن بیه‌وێ و نه‌یه‌وێ، دیسان و ئه‌و‌جاره‌ بۆ هه‌میشه‌ له‌ ناو مه‌یدانی خه‌بات دایه‌:
بۆ شه‌هیدێکی که‌ گه‌وزیوه‌ له‌ نێو خوێن ده‌گریم
بۆ هه‌ڤاڵێکیکی که‌ چوو بێ سه‌رو بێ شوێن ده‌گریم
تا به‌ ده‌ستی په‌ری ئازادی له‌ سه‌ر گۆڕی شه‌هید
گوڵه‌ شللێره‌ له‌ گشت لایه‌کی نه‌ڕوێن ده‌گریم

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


#4 2009-03-18 10:59:07

_DIDAR_
سونبولی یانه
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2007-12-07
دواترین سه‌ردان: 2013-10-16
په‌یامه‌كان: 724
WindowsXPFirefox

Re: پێویستیم به‌ کتێبێکه‌ له‌سه‌ر ژیانی هێمن ی موکریانی

شێعره‌کانی هێمن ئیتر بۆنی ناهومێدی لێ نایه‌. چه‌ند ساڵه‌ قۆناخێکی تر له‌ خه‌باتی گه‌لی کورد له‌ کوردستانی ئێران ده‌ستی پێ کردووه‌، قۆناخێک که‌ جێی هیوای گه‌لی کورده‌. هێمنیش شاعیری وه‌فاداری کورد، هه‌م له‌ پێکهێنانی هه‌م له‌ ده‌ربڕینی ئه‌م هیوایه‌دا به‌شداره‌. له‌ " مه‌ته‌رێزی شه‌ڕه‌ف"، " شه‌نگه‌ بێری"، " ئامێزی ژن"، " ترۆپکی ڕزگاری"، " شه‌پۆلی تۆڵه‌"،" شه‌و شه‌یتان"،" گاو و گه‌ردوون"، " کاروانی خه‌بات" و له‌ " ده‌سکه‌وتی خه‌بات" دا شێعری کۆمه‌ڵایه‌تی و شۆڕشگێڕی چ له‌ باری ناوه‌رۆک و چ له‌ باری شێوه‌وه‌، گه‌یاندۆته‌ پله‌یه‌کی به‌رزی ئه‌وتۆ که‌ که‌متر شاعیری کورد گه‌یشتوویه‌تێ. هێمن ئاماده‌یه‌ بۆ به‌جێ گه‌یاندنی ئه‌م هێوایه‌ خۆشی به‌خت بکا:
خۆم ده‌سووتێنم هه‌تا به‌زمی خه‌ڵک ڕۆشن بکه‌م
کێ له‌ ڕێی خه‌ڵکا وه‌کوو شاعیر ده‌سووتێ شه‌م نه‌بێ؟
له‌ سه‌ره‌تادا شێعره‌کانی هێمن له‌ ژێر ته‌ئسیری دوو ره‌وتی ئه‌دبی دایه‌. وه‌ک هه‌موو شێعری شاعرانی کوردی سه‌رده‌می سی چل ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ته‌ئسیری ئه‌ده‌بی له‌م شێعرانه‌دا دیاره‌. زۆربه‌ی شێعره‌کانی شێعری عه‌رووزین، وه‌زن و قافیه‌یان له‌ گه‌ل ده‌ستووری شیعری فارسی رێک ده‌که‌وێ. له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ شێعری شاعیره‌ کورده‌کانی به‌ ناوبانگ وه‌ک ناڵی که‌ خۆی له‌ ژێر ته‌ئسیری شێعڕی کلاسیکی فارسی دا بووه‌، ته‌ئسیری کردۆته‌ سه‌ر شێعره‌کانی هێمن. بۆیه‌ له‌ سه‌ره‌تادا هێمن شێعره‌کانی شێوه‌ی غه‌زه‌ل و قه‌سیده‌ و جارجاریش مه‌سنه‌وی دوو به‌یتی و هیتریانه هه‌یه‌. ئێستاش هه‌ر جارجار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و شێوه‌ کلاسیکی یه‌ و هێندێ له‌ شێعره‌ تازه‌کانی هه‌ر به‌م چه‌شنه‌ گوتراون. وه‌ک ئاواتی به‌رز". " گلێنه‌ی شاعیر"، " ده‌سکه‌وتی خه‌بات" و هتد. له‌م شێوه‌ شێعر گوتنه‌دا هێمن ده‌ستێکی باڵای هه‌یه‌. شێعره‌کانی ڕه‌وانن، به‌ زمان جوان و به‌ مانا ده‌وڵه‌مه‌ندن.
پاش ما‌وه‌یه‌کی سه‌ره‌تایی شێعر گوتن هێمن به‌ره‌به‌ره‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ سه‌ر شیوه‌ی ئه‌ده‌بی ئه‌سیلی کوردی، خۆی له‌ قافیه‌ و وه‌زنی شێعری کلاسیکی ڕزگار ده‌کا و شێعره‌کانی له‌ به‌سته‌ی کوردی ده‌چن. له‌و‌ به‌سته‌یه‌ی که‌ شاعیر هه‌موو ڕۆژێ له‌ لادێ ده‌یبیسێ، به‌سته‌یه‌ک که‌ چوارچێوه‌ی بۆ داڕشتنی شێعری کوردی له‌ بارتره‌ و زمانی کوردی له‌ ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ ڕزگار ده‌کا و وه‌ک چۆمێکی خرۆشانی لێ داکا که‌ بۆ لای ده‌ریای بێ سنوور ده‌ڕوا. جارجار که‌ ئینسان شێعری هێمن ده‌خوێنێته‌وه‌، گۆرانی وه‌بیر دێته‌وه‌. وادیاره‌ که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌م شێوه‌ شێعر گوتنه‌دا گۆران له‌ سه‌ر هێمن بێ ته‌ئسیر نه‌بووه‌. له‌م شێعرانه‌ دایه‌ که‌ هێمن ده‌گاته‌ ترۆپکی ئه‌ده‌بی کوردی و به‌ڕاستی ئه‌ده‌بی کوردی پێش ده‌خا.
هێمن شاعیرێکی ریئالیسته‌، ریئالیزمی ره‌خنه‌گه‌رانه‌ له‌ ناوه‌رۆکی شێعره‌کانی هێمن دا به‌ته‌وای به‌رچاو ده‌که‌وێ. هێمن باره‌ هه‌ره‌ گرینگ و ئه‌ساسییه‌کانی‌ ته‌بیعه‌ت و ژیان و ئاده‌میزاد به‌ چاوێکی ره‌خنه‌گرانه‌ی شاعیرانه‌ باس ده‌کا و کۆماڵ بۆ به‌ره‌وپێش جوون هان ده‌دا. هێمن زۆرجار له‌ هێندێ شێعری خۆیدا له‌ ناتورالیزم نیزیک ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی که‌ ده‌یبینێ باسی ده‌کا و به‌ چاوی ره‌خنه‌ سه‌یری ته‌بیعه‌ت یان کۆمه‌ڵ ناکا. هه‌ر وابزانه‌ ده‌یه‌وێ تابڵۆیه‌کی ته‌بێعه‌ت بکێشێ و بخاته‌ به‌رچاوان. به‌ڵام شێعری وای که‌مه‌، وادیاره‌ خۆشی ئاگای لێیه‌ که‌ له‌ ریالیزم دوور که‌وتووه‌، زوو ناتورالیزم به‌رده‌دا و ده‌گه‌رێته‌وه‌ سه‌ر ریئالیزم که‌ سه‌بکی بنه‌ره‌تی ناوه‌رۆکی شێعره‌کانیه‌تی. ئه‌و ناتورالیزمه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ " به‌هاری کوردستان" و له‌ بیرم مه‌که‌" و چه‌ند شێعری تردا خۆی ده‌نوێنێ.
ژن له‌ شێعره‌کانی هێمن دا رۆڵێکی زۆر گرینگی هه‌یه‌. جوانی ژن ئیلهام ده‌ری شاعیره‌. سه‌رانسه‌ری دیوانی هێمن ئه‌و‌ راستیه‌یه‌ ده‌رده‌خا که‌ وێڕای ته‌بیعه‌ت و ژیان و خه‌باتی گه‌ل، ژنه‌ که‌ هێمن بۆ سێعر گوتن هان ده‌دا. شێعره‌کانی هێمن له‌ سه‌ر ژن نموونه‌ی شێعری به‌رزی کوردین. له‌ " کیژی لادێ" دا به‌ کچی کورد هه‌ڵده‌ڵێ:
لاجانگت وه‌کوو گزینگی تاوێ
هه‌ر بۆ خۆی جوانه‌ تیف تیفه‌ی ناوێ
کوڵمه‌که‌ت وه‌کوو گوڵاڵه‌ی گه‌شه‌
بێ سوورمه‌ش چاوه‌ مه‌سته‌که‌ت ڕه‌شه‌
وه‌کوو فرمێسکی عاشق رووناکی
وه‌کوو ئاونگی به‌یان پاکی
ئه‌و تابڵۆیه‌ی که‌ له‌ " له‌ بیرم مه‌که‌" دا له‌ ژن ده‌کێشێ، به‌ راستی جوان و نایابه‌. هه‌ره‌ها له‌ " په‌ری شێعر" و له‌ " شه‌نگه‌ بێری" و زۆر شێعری تردا هێمن مامۆستایی خۆی له‌ هۆنراوه‌دانان بۆ ژن دا ده‌سه‌لمێنێ.
به‌ڵام ژن بۆ هێمن ته‌نیا سه‌رچاوه‌ی ئیلهام نییه‌. هێمن بۆ ڕزگاری ژنی کوردی خه‌بات ده‌کا. له‌ " یادگاری شیرین" دا ده‌ڵێ:
لاده‌ چارشێوی ڕه‌شت با ده‌رکه‌وێ کوڵمه‌ی گه‌شت
چون له‌ قه‌ڕنی بیسته‌ما زۆر عه‌یبه‌ ئه‌و ڕووگرتنه‌
هێمن ده‌یه‌وێ ژن به‌ر له‌ هه‌موو شتێک خاوه‌نی مافی ئینسانی خۆی بێ و زۆر جار دژی زۆرداری و بێ حورمه‌تی نیسبه‌ت به‌ ژن ده‌نگی خۆی هه‌ڵدێنێ.
هێمن ژنی خۆش ده‌وێ، ده‌یپه‌رستێ و نرخی هه‌موو جوانیه‌کانی ئه‌و ده‌ستکرده‌ نایابه‌ی ته‌بیعه‌ت ده‌زانێ، به‌ڵام له‌ لای هێمن خه‌بات بۆ ڕزگاری گه‌ل، بۆ ئازادی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له‌ ژن خۆشه‌ویست تره‌. له‌ " ئامێزی ژن" دا ده‌ڵێ:
به‌ڵێ سه‌خته‌، یه‌جار سه‌خته‌ دووری له‌ ژن، نامرادی
به‌ڵام له‌ ژن خۆشه‌ویست تر له‌ لای من ئه‌تۆی ئازادی
زمانی هێمن زمانی کوردی په‌تی و جوانه‌. نه‌ پڕو له‌ وشه‌ی بێگانه‌ و نه‌ وشه‌ی ده‌ستکردی تێدایه‌. زمانه‌که‌ی زمانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستانه‌، به‌وڵام هێمن که‌ خۆی خه‌ڵکی موکریانه‌، ته‌عسوبی به‌ کار نه‌ هێناوه‌، به‌ زاراوه‌ی موکریانی شێعر ناڵێ. به‌ تایبه‌تی له‌م چه‌ند ساڵی دوایی دا زمانی هێمن نموونه‌ی به‌رزی زمانی ئه‌ده‌بی کوردی‌یه و بێگومان له‌ پێکهێنانی زمانی په‌سه‌ندکراو (ستاندارد)ی کوردی دا ته‌ئسیری هه‌بووه‌.
زمانی هێمن ساده‌ و په‌تی و ڕه‌وایه‌، هه‌م ئه‌دیب نووسه‌ری کورد پێی خۆشه‌ و هه‌م


كۆماری كوردستان

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


#5 2009-03-18 18:06:43

Husain.Milano
ئه‌ندامی چالاک
شوێن: Hawler
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2008-08-16
دواترین سه‌ردان: 2013-02-04
په‌یامه‌كان: 649
ویبگه‌
WindowsXPMSIE

Re: پێویستیم به‌ کتێبێکه‌ له‌سه‌ر ژیانی هێمن ی موکریانی

نازانم چۆن سوپاست بکه‌م
قوربانی ده‌ست و په‌نجه‌کانت بم
زۆۆۆۆۆۆۆۆۆر سوپاس

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 
  •  » هــاوکـــاری
  •  » پێویستیم به‌ کتێبێکه‌ له‌سه‌ر ژیانی هێمن ی موکریانی


خوارووی مه‌كۆ

Your IP Address : 216.73.216.104
Powered by PunBB 1.2.15
© Copyright 2007 – 2011
Translated By : Webchin.Org
Design And Style By : Kurdzhin.net