❤❤یـــانەی کوردژیـن/Kurd Zhin❤❤/ / كاتێك تاوانبار شایەنی سزاكەی نییەلەناو بەندیخانە بەچاوی پڕگریانەوە

.



نازناو:  وشه‌ی تێپه‌ڕبوون:  ‌  |  

ئاگاداری

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌ڕێزان : هه‌رکاتێک کێشه‌یه‌ک یان په‌یامێکی ناشیاوت به‌رچاو که‌وت له‌یانه‌دا ئه‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ :_

1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) .. ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .

2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له‌ ئه‌وروپا به‌ ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره‌ ته‌له‌فوونی( 00447754007706) .

New Page 1

    بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه‌  



#1 2009-04-20 05:41:33

hanw
پڕشنگی یانە
شوێن: sulaimany
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2008-08-20
دواترین سه‌ردان: 2012-12-07
په‌یامه‌كان: 1061
WindowsXPMSIE

كاتێك تاوانبار شایەنی سزاكەی نییەلەناو بەندیخانە بەچاوی پڕگریانەوە

كاتێك تاوانبار شایەنی سزاكەی نییە
لەناو بەندیخانە بەچاوی پڕگریانەوە
(بایز) گەنجێكی(20)ساڵی و تازە لاوە، ئەو ئێستاكە ژیانی خۆی لە بەندیخانە بەسەر دەبات و لەگەڵ بەندییەكانی دیكە هەندێ كاری دەستی فێربووە و كارە دەستییەكانیشی بەو كەسانە دەفرۆشێت كە هەفتەی جارێك، دووجار سەردانی كەسە بەندكراوەكانیان دەكەن.
ئەو كە رۆژانی سەردان پێشتر دایكە پیرەكەی و ئێستاكەش خوشكەكانی سەردانی دەكەن، تا ئەوان دەڕۆن و بەجێی دێڵن، كۆڵێك دەگری و خەم و مەراق ئەو ساتانەی لێداگیر دەكەن و سەد جاران لێوی پەشیمانی دەكرۆژێ... لە بەندیخانە سەردانیمان كرد و لەگەڵی ئاخاوتین و رووداوی دەستگیركردن و دواتریش حوكم دانی بەم شێوەیە بۆ گێڕاینەوە و گوتی: كە باوكم بە نەخۆشی مرد، من ژیانم هیچ بەهایەكی تێدا نەما، من تاقە كوڕی ماڵ و برای چوار خوشكان بووم، بابم زۆری بایەخ پێدەدام كە لە قوتابخانەش بووم هەمیشە چاودێری دەكردم و نەیدەهێشت بۆ یەك رۆژیش بێت لە خوێندنەكەم داببڕێم یان كەمتەرخەمی بكەم، تا گەیشتمە پۆلی دووەمی ناوەندی و كەوتمە قۆناغی هەرزەكاری، ئەو ماوەیەش باوكم دووچاری نەخۆشییەكی سەخت هات و منیش دەبوو چاودێریم بكردایە و شانبەشانی خوشكەكانم خزمەتیمان بكردایە، بەڵام كە باوكم پەكی كەوت كەس نەبوو ماڵ بەخێو بكات، ناچار دەبووم بەخۆم بچم كار بكەم هەم خێزانەكەم بەخێو بكەم و هەمیش پارە و خەرجی داو ودەرمانی باوكیشم دابین بكەم، ئەوە بوو بەڕێكەوت ئیشێكی باشم لای بەڵێندەرێك دەستكەوت و كاری ژمێریاریم دەكرد، بەم ئیشەوە توانیم خەرجی ماڵەوە دابین بكەم، بەڵام باوكم دواتر پێویستی بە نەشتەرگەری هەبوو، نەشتەرگەرییەكەش پارەیەكی زۆر دەویست، بەخاوەنی كارەكەم گوت مووچەی چەند مانگێكم بەقەرز بداتێ و هەندێ پارەی تریشم هەر بەقەرز بداتێ باوكمی پێ عەمەلیات دەكەم، بەڵام ئەو سەد شێرو رێوی بۆ هێنامەوە و گوتی: ئەو پارەیەم نییە، كەچی لە راستیشدا ئەو پارەیە و زۆریش بەزیادەوەی لەلای من هەبوو، پزیشكەكان هەمیشە دەیانگوت تازووە بە فریای كەون، بۆیە وادەی نەشتەرگەریان بۆ داناین و ئەگەر لەو رۆژەدا پارەم ئامادە نەكردایە، وادەكەی دوادەخرا و ژیانی بەتەواوەتی دەكەوتە مەترسییەوە و ئەگەری زۆر هەبوو بمرێت، منیش زۆر لە خاوەن كارەكەم پاڕامەوە و تكام لێكرد، بەڵام ئەو دەیگووت من پێویستم بە پارەیە و مەحتەل دەبم، ناتوانم بتدەمێ و داوام لێمەكە، بیرم لەوە كردەوە ئەو پارانەی كە لامە بیبەم و بیدەمە پزیشكەكان و نەشتەرگەرییەكە بۆ باوكم بكەم، ئیتر ئەویش دواتر باهەر بەگرتنم بدات... ئەوە بوو پارەكەم برد و خۆم گەیاندە نەخۆشخانە ئەهلییەكە لای پزیشكەكەی و پارەكەم دا، ئەوانیش وادەی نەشتەرگەرییەكەیان بۆ رۆژی دواتر دانا تاوەكو پشكنینەكانی بۆ تەواو دەكەن، من لە نەخۆشخانە بووم لای باوكم كاتێكم زانی خاوەن كارەكەم(بەڵێندەرەكە) و رێپێدراوێك و سێ پۆلیس بە ژوورە كەوتنە كە باوكم لێی خەوێندرابوو، رێپێدراوەكە گوتی تۆ (بایز)ی؟ گوتم: بەڵێ، گوتی: هەستە وەرە بۆ بنكەی پۆلیس، گوتم بۆ؟ گوتی كارمان پێتە، باوكم پرسی چی بووە، بۆچی(بایز) دەبەن؟ رێپێدراوەكە گوتی كوڕت دزی كردووە و هەڵاتووە، بۆیە دەیگرین، بەڵێندەرەكەش رووی لە باوكم كرد و پێی گوت: بەخوا كوڕێكی چاكت پەروەردە كردووە، من بە خێری خۆم كارم پێدا و لای خۆم گلم دایەوە و حساب و كتابی هەموو ئیشەكانی خۆم پێدا، كەچی مەبلەغی حەوت هەزار دۆلاری لێدزیم و هەڵات، ئێستاش وا لای تۆ دانیشتووە و قسەی گەورە دەكات... هەرچەند گوتم(بابە) وەڵڵا دزیم نەكردووە، من بێتاوانم باوكم رەنگی تێكچوو، چیتر نەیتوانی تەماشام بكات، ئەوكاتی كە پۆلیسەكان هاتبوونە ژوورەوە، باوكم هەڵسابۆوە دانیشتبوو، بەڵام كە دیمەنی دەستگیركردنی منی بینی یەكسەر پاڵكەوتەوە و خۆی پێنەگیرا، بەڵام دوای بردنی من لەگۆكەوتبوو بۆیە كە دایكم چووبووە لای چەندی هەوڵی لەگەڵدا قسە بكات بێ سوود بوو، ئەوەبوو دواتر كارمەندانی نەخۆشخانەكە مەسەلەكەیان بۆ دایكم باس كردبوو، دایكیشم كە رووداوەكەی بیست دەستی كردبووە گریان و لە خۆدان، بەم كارەی وەزعی باوكمی هێندەی دیكە خراپتر كردبوو، پزیشكی نەشتەرگەر و پزیشكەكانی تر بەم نەزانیبوو، نەیانزانیبوو باوكم باری تەندروستییەكەی بەتایبەتی بارە دەروونییەكەی چەند تێكچووە، بۆیە بۆ بەیانی ئەوان لەسەر بەرنامەی خۆیان بوون و دەستیان كرد بە ئامادەكردنی بۆ نەشتەرگەری، بەڵام لەناو نەشتەرگەری هەستیان كرد كە پێشتر تووشی زەبری دەروونی بووە، ئەو زەبرە دەروونییەش كاریگەرییەكی زۆر خراپی لەسەر تەندروستییەكەی بەجێ هێشتبوو، بۆیە پاش نەشتەرگەرییەكە تووشی ماكی كوشندە هاتبوو، دوای دوو رۆژ بەهۆی تووشبوون بە شۆكی دەروونییەوە گیانی لەدەستدابوو.
لەدادگا
ئینجا(بایز) بەسەرهاتی خۆیمان لەدادگادا بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێ: كە دەستگیركرام بردمیانە بنكەی پۆلیس و لەوێ لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كردم، رووداوەكە چۆن بوو ئەوهام گێڕایەوە، ئەوانیش بەتاوانی دزی لەقەڵەمیان داو رەوانەی دادگای لێكۆڵینەوەیان كردم و لەوێش هەمان قەسەم كردەوە، ئیتر رەوانەی بەندیخانەیان كردم و ئەوێ بووە نشینگەی هەمیشەییم.
من تەنیا خەفەتی دایكم و باوكم و خوشكەكانم بوو، باوكم دەبێ ئێستا وەزعی چۆ بێ، دایكم و خوشكەكانم چۆن خۆیان بەڕێوە دەبەن، چوار پێنج رۆژ بوو لە بەندیخانە بووم لە ناسیاوێكی خۆمانەوە هەواڵی مردنی باوكم زانی، دایكم و خوشكەكانم لەوێ كردبوویانە شین و شەپۆڕ، منیش لە بەندیخانە كردبوومە تازیە.
پاش دوو هەفتە دایكم و خوشكەكانم هاتنە سەردانم و، دایكم پێی گوتم: كوڕم بۆچی دزیت كرد، سەری ئێمەش و خۆشت لەقوڕنا، كە دایكم ئەو قسەیەی پێگوتم كزە لە جەرگم هەستا و چاوم پڕگریان بوو، پێم گوت: دایە چما تۆش لەو بڕوایەی كە من دزیم كردبێ، دایكم گوتی: كوڕم باوكیشت بەو كەسەرە سەری نایەوە، ئەگەر تۆ ئەو شتەت نەكردبایە ئەویش بە خەفەتان نەدەمرد، كە دایكم ئەو قسەیەی كرد لەداخا سەری خۆم لە دیواری شیشبەندەكەی بەندیخانەدا كە نێوان بەندییەكان و ئەوانەی سەردانیان دەكەن جیا دەكاتەوە، خوێن لەسەر برۆم فیچقەی كرد ئەوانەی ئەوێندەر هەموو ئاوڕیان بۆلای من دایەوە و سەیری منیان كرد، دایكم زۆر شڵەژا و چارۆگەكەی لەملی كردەوە و لەسەر برینەكەی دانام، هەم لەبەر ئێشی شكانی سەر برۆم و هەمیش لەداخی ئەو قسەیەی دایكم دەستم بەگریانێكی بێدەنگ و بەهەنسك كرد، خوشكەكانم هاتنە پێشەوە و دایكمیان لادا، ئەوسا لەمەوە زانیم باوكیشم هەروای زانیبوو كە من بەڕاستی دزیم كردووە، ئەوسا كەسەری دڵم زۆرتر و گەورەتر بوو.
بەهەرحاڵ وردودرشتی مەسەلەكەم بۆ دایكم و خوشكەكانم باس كرد، ناسیاوێك بەدایكمی گوتبوو كە پارێزەرێكم بۆ بگرێت، ئەوەبوو ئەوانیش چووبوونە لای پارێزەرێك و ئەویش لە راهی خوا بەبێ پارە ئامادە ببوو بەرگریم لێبكات، دوایی زانیبووی كە بەڕاستی دزیم نەكردووە و كەسێكی دز نیم، لە دادگا زۆری هەوڵی بۆدام، بەڵام دادگاییكردنم نزیكەی سێ مانگ و نیوی خایاند تاوەكو بەدووساڵ حوكم درام.
وا ئێستا ساڵێك و نیوم بەسەربردووە و لەو ماوەیەش دایكیشم بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد، ئێستا من وا راهاتووم لەناو بەندیخانە، بەڵام خەمی خوشكە جاحێڵەكانمە، نازانم چۆن بەڕێوە دەچن و هەمووشیان لە قوتابخانەن، كێ بەخێویان دەكات و چۆن خەرجی رۆژانە دەستەبەر دەكەن.
من لێرە هەندێك كار دەكەم و پارەكەیان بۆ رەوانە دەكەم، بەڵام نازانم چۆن دەتوانن پێی بژین.
هەرچەندە دڵنیام كە خوشكەكانم بەحەیا و حورمەتن، بەڵام پیاوی خراپ و كەسانی نەفس نزمیش زۆرن، زۆر ترسم هەیە، كەسانێك ئەو بارە نالەبارەیان بقۆزێتەوە و زیانیان پێبگەیەنێ، هەموو رۆژێ دوعا دەكەم تووشی هیچ شتێك نەیەن تا لەبەندیخانە دێمە دەرەوە، ئەوسا دڵم ئاسوودە دەبێ كەخۆم بەخێویان دەكەم، خوا بكات ئەو رۆژە زوو بێت، هەر چەندیشە خوشكەكانم دەناسم كە چاوتێر و رووسپین و لەگوڵ گوڵترن، بەڵام ئیتر ئەوە دنیایە، ئەوێ رۆژێ لە خوشكێكم زانیوە كە خوشكە گەورەكەم مەكینەیەكی دوورمانی بەقەرز كڕیوە و كاری دوورمانی دەكات، بریا زوو دەهاتمە دەرەوە، قەرەبووی ئەو زوڵمەم بكردایەتەوە كە لێمكرا.
قسەیەكی پێویست
(بایز) وەك زۆرانی تر قوربانی جەبری ئەو كۆمەڵگەیەیە و ئەو پێویستییەكی زۆر وایلێكرد بڕیاری ئەوە بدات كە ئەو پارەیەی لە حساباتی خاوەن كارەكەی لایە، لە چارەسەركردن و خەرجی نەشتەرگەری باوكی سەرف بكات، راستییەكەی ئوباڵی بەشێكی زۆری ئەو ئێش و ئازارەی كە(بایز) دووچاری بوو، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پزیشكانەی كە لە نەخۆشخانە حكومییەكان نەشتەرگەری ناكەن و لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان بە پارەیەكی خەیاڵی ئەو نەشتەرگەریانە دەكەن... لەو نەخۆشخانە ئەهلیانە پزیشك هەمان پزیشك و ئامێر و نەخۆشخانەش هیچی لەوەی حكومەت جیاوازتر نییە، بەڵام چونكە قازانجێكی مادی لەوەدا هەیە بۆیە بازرگانی بە ئێش و نەخۆشی خەڵكانێك دەكەن كە پێویستییەكی زۆریان بە چارەسەری نەشتەرگەرییە، ئەگەر ئەو پزیشكانە لە نەخۆشخانە حكومییەكان ئەو نەشتەرگەریانە بكەن، دیارە كەسێكی وەك(بایز)یش ناچار نەدەبوو بۆ رزگاركردنی ژیانی باوكی، كە باوكێكی دڵسۆز و زۆر بە بەزەیی بووە بۆی، ئەوكارەی بكردایە.
بە هەرحاڵ هەندێ جار یاساش یاسایەكی كوێر و دڵڕەقە و حوكمی تووند و سزای قورس بەسەر كەسانێكدا دەسەپێنێ كە شایەنی ئەو سزا قورسە نین.

gulan

Kurdzhin
به‌های سه‌ربه‌خۆی مرۆڤ له مێشكی سه‌ربه‌خۆدایه

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


خوارووی مه‌كۆ

Your IP Address : 216.73.216.104
Powered by PunBB 1.2.15
© Copyright 2007 – 2011
Translated By : Webchin.Org
Design And Style By : Kurdzhin.net