.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه






پهڕهكان: 1










دیاردەی جگەرەكێشان دیاردەیەكی جیهانییەو لە سەرتاپای كۆمەڵگاكانی دونیادا هەیەو وەك دێوەزمەیەك بەرۆكی كۆمەڵگاكانی گرتووەو كاریگەری خراپی كردۆتە سەر باری تەندروستی و ئابوری تاك و كۆمەڵ، ساڵانە دەیان هەزار كەس بەهۆیەوە دەمرن، یان تووشی نەخۆشی ترسناك دەبن،خێزانی هەژار زیاتر بە دەست گرفتی جگەرەكێشانەوە دەناڵێنێ بەهۆی خەرجكردنی پارەو پوولێكی زۆر بۆ چارەسەركردنی ئەو نەخۆشیانەی كە هۆكارەكەی جگەرەكێشانە،لەم رۆژگارەی ئەمڕۆماندا ئەم دیاردەیە زیاتر لە نێو منداڵان و مێرد منداڵان و هەرزەكاراندا بڵاوەو لە قوتابخانەكانیشدا بەڕادەیەكی بەرچاو قوتابیان پەنای بۆ دەبەن كە پێویستی بە لێكۆڵینەوەی زانستی هەیەو دام و دەزگا كۆمەڵایەتی و پەروەردەییەكان تیایدا بەشدار بن بە ئامانجی كەمكردنەوەی و وشیاركردنەوی قوتابیان لەبارەی ئایندەی دیاردەكەوە.
یەكەم : هۆكارە دەرونییەكان
ئەو هۆكارانەی كە پەیوەندن بەلایەنی سایكۆلۆژی تاكەوە هەر لەسەرەتای مێرد منداڵی و هەندێ جاریش زووتر سەرهەڵدەدەن بێ ئەوەی خێزان ئاگاداری بێ، یان هەندێ جار خودی كەسەكەش بەخۆی نازانێ چۆن فێری بووە لەوانەش :
1- لاساییكردنەوەی دەوروبەری جگەرەكێش لە دایك و باوك و برای گەورەتر، یان كەس و كارو خزم و میوان و ئەوانەی هاتووچۆی ئەو ماڵە دەكەن، هەندێ جاریش لاساییكردنەوەی مامۆستا چونكە قوتابی كەسێتی مامۆستای زۆر لەلا گرنگە بە هۆی ئەو دەسەڵاتەی كە مامۆستا هەیەتی لە ناو پۆل و قوتابخانەدا ئەویش ئارەزووی ئەو دەسەڵاتە دەكات، كە لەواقیعدا بۆی نایەتەدی، بۆیە بەچاك و خراپەوە لاسایی مامۆستاكەی دەكاتەوە وەك تێركردنی ئەو ئارەزووە بەدی نەهاتووەی، بەهەمان شێوە لاساییكردنەوەی كەسانی دیكەش، كە ئەم دەیەوێ ئەو رۆڵەی هەبێ كە ئەو كەسانە هەیانە وەكو لاساییكردنەوەی ئەستێرەكانی سینەما و وەرزش و هونەر و سیاسەت، یان هەر كەسێكی دیكەی گرنگ لە ژیانی ئەو منداڵەدا....تد.
2- خۆ بەپیاو زانین،لەبەرئەوەی زیاتر تەمەنی گەورەتر لەو جگەرە دەكێشێ، ئەم منداڵە وادەزانێ بەو جگەرەكێشانە وەكو ئەو پیاوەی لێدێت و لەمەودوا بەپیاو لە قەڵەم دەدرێ، هەركە مژی لێدا دێوەزمەی نیكۆتین و قەتران دەچێتە گیانییەوە و ئیدی بەرۆكی بەرنادات و داوای تێربوونی لێدەكات و بەو شێوەیە فێری دەبێت.
3- خۆبەكەم زانیین وا لەو منداڵە دەكات بۆ پڕكردنەوەی پەنا بۆ جگەرەكێشان ببات.
4- جگەرەكێشان بەهێمای خەم خواردن دەزانرێ، بۆیە كاتێ ئەو كەسە خەمێكی دەبێ بۆ گوزارشت كردن لەو خەمەی پەنا بۆ جگەرە كێشان دەبات و وردە وردە فێری دەبێت.
5- هەست كردن بە سەربەخۆیی و سەلماندنی بۆ دەور وبەر كە ئەو گەورەو سەربەخۆیە.
6- رێكلامەكانی قەدەغەكردنی جگەرەكێشان بە شێوەیەكە ئەنجامی پێچەوانەی لێ دەكەوێتەوە، چونكە كاتێ داوا دەكرێ لە منداڵ جگەرە نەكێشێ، یان كاتێك داوا لە دایك و باوك دەكرێ ئامۆژگاری منداڵەكەیان بكەن دوور بكەوێتەوە لە جگەرەكێشان، منداڵ ئەوە دەقۆزێتەوە، چ وەك نازبەكارهێنان، چ وەك یاخیبونێك لەو كاتەی كە پێویستی پێیەتی یاخی ببێ،یان وەك تۆڵە سەندنەوە، واتە رێكلامەكانی تایبەت بە جگەرە ئارەزووی منداڵ دەوروژێنێ، چونكە جگەرە دەخاتە خەیاڵییەوە، كە دوور یان نزیك پەیوەندی بە منداڵەوە هەیە و لە ژینگەكەیدا بوونی دەبێت، كە شتێك هەیە ناوی جگەرەیە و وەرەقەیەكی گرنگی ژیانە لە كاتی پێویستدا بەكاری دێنێ، ئەم میكانیزمە دەروونیە كە مەرجی فێربونی تێدایە هەمان ئەو میكانیزمەیە كە زانای رووسیا (بافلوف) لە بیردۆزەكەیدا روونی كردۆتەوە، كاتێ زەنگەكەی لێ دەدا بۆ سەگەكەی، بەهۆی ئەو زەنگەوە خواردنەكەی وەبیر دەهاتەوە و لیكاوی دەڕژا بەبێ ئەوەی خواردنیشی نیشان بدات، چونكە پێشتر لەگەڵ پێشكەشكردنی خواردندا زەنگیشی بۆ لێ دەدا و چەندین جاریش ئەوەی دووبارە دەكردەوە تا وای لێهات هەر بە بیبستنی دەنگی زەنگەكە خواردنەكەی وەبیر بێتەوە و لیكاوی بڕژێ، كاتێك منداڵ دەبیستێ كە جگەرە نەكێشێ، وەبیری دێتەوە كە جگەرە هی ئەویشە.
8- حەزی بەدواداچوون: جگەرە، یان پاكەتی جگەرە كە لە هەموو شوێنێك هەیە وەك هەر شتێكی دیكەی جوان سەرنجی منداڵ رادەكێشێ و لە خەیاڵیدا دەمێنی گەرای خۆی بۆ ئایندە دادەنێ، منداڵیش خۆڕسكانە ئارەزوی ئەوە دەكات بزانێ لە پشت پەردەوە چی هەیە، ئەو پاكەتە بۆ وا جوان دروست كراوە؟
9- خۆبەدیهێنان و گەڕان بەدوای ناسنامەدا، منداڵ واهەست دەكات بە جگەرەكێشان خۆی دەدۆزێتەوە و بوونی دەبێ، كاتێكیش منداڵ لە یەكێك لەم حاڵەتانەی ئاماژەمان پێدا جگەرە دەكێشێ بڕێك نیكۆتین دەچێتە خوێنییەوە، بۆیە دوای ئەوەش ئەگەر بیەوێ وازی لێ بێنێ ناتوانێ، چونكە جەستەی پێویستی بەو نیكۆتینە دەبێت.
10- هەستكردنی مناڵ بە ئازادی و كرانەوە و رەهایی بەهۆی میدیای ئازادو بچووكبوونەوەی جیهان بۆ گوندێك و سەرسوڕمانی بەو جیهانە، كە تووشی دڵەراوكێی دەكات و نازانێ لە هەمبەریدا چی بكات .
11- لاوازبوونی بەها رۆحییەكان و زاڵبوونی بەها مادییەكان، بەو پێیەش منداڵ كەمتر پابەندی یاسای خێزان و قوتابخانە دەبێت .....هتد.
دووەم : هۆكارە كۆمەڵایەتیەكان
1- بوونی دیاردەی جگەركێشان لە ناو كۆمەڵگەی كوردەواری و بە ئاسایی سەیركردنی وەك كولتوورێكی باو.
2- كولتووری رێگەدان بەپیاو و نەدانی بەمێ، ئەو هەستە بەمناڵی نێر دەبەخشێ كە جگەرە كێشان كارێكی ئاسانە بۆ ئەوان، چونكە وەك دەزانین نێر زیاتر پەنای بۆ دەبات.
3- سەرپەرشتینەكردنی منداڵ و بەدوادانەچوون و بەرەڵابوونی، یان نازپێدانی زۆرو هاوڕێیەتیكردنی منداڵی بەرەڵاو تێكەڵبوون لەگەڵ كەسانی جگەرەكێش.
3- نەبوونی رۆشنبیری تەندرووستی لە قوتابخانەكان بە شێوەی بەردەوام.
4- جگەرەكێشانی ناراستەوخۆ، واتە كاتێك كەسانی دیكەی خێزان جگەرەدەكێشن بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ منداڵ بەشێك لەو دووكەڵە هەڵدەمژێ و نیكۆتین دزە دەكاتە لەشییەوە و لە دوارۆژدا ئارەزووی كێشانی دەكات، تەنانەت هەندێك جار ئەو منداڵە كە لەناو سكی دایكێتی و ئەو دایكەی لە كەش و هەوایەكی دوكەڵاویدا دەژی كار لە منداڵەكشی دەكات، چونكە بڕی نیكۆتین كە چۆتە خوێنی دایكەكەوە لە رێگەی ئەوەوە دەچێتە خوێنی منداڵەكەشەوە و بۆ دوارۆژ كە گەورە بوو ئارەزووی كێشانی دەكات.
5- هەژاری و نەداری كە پاڵ بەخێزانەوە دەنێت بەلایەوە ئاسایی بێت منداڵەكەی جگەرە فرۆشیی بكات و هانی فێربوونی بدات، چ بەهۆی بۆنی جگەرەوە بێ، یان بەكارهێنانی راستەخۆی، یان داگیرساندنی بۆ كەسانی دیكە، یان هەر جۆرە مامەڵەیەكی دیكە لەگەڵ جگەرەدا.
6- سەیركردنی ئەو فیلمانەی كە بۆ گەورەكانە و بەهۆی ئەكتەرەكانیەوە كە جگەرە دەكێشن سەرنجی منداڵ رادەكێشێ بۆ جگەرەكێشان....تد.
خۆپارستن لە جگەرەكێشان
هەمیشە ئەوە راستە كە خۆپاراستن لە چارەسەركردن باشترە، بۆیە ئەركی خێزان و قوتابخانەو دەوڵەتە كە دیاردەی جگەرە كێشان ریسوا بكەن و هەوڵ بدرێ دایك و باوك و مامۆستا خۆیان جگەرە نەكێشن و كارێك بكرێت هەروەكو چۆن ئەم دیاردەیە ناو رەگەزی مێ كەمترە بەهۆی ئەو كولتوورە باوەی هەیە، ئاوەهاش دیاردەكە لای مرۆڤ بەگشتی بە كەم تەماشا بكرێت،بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە لەسەر دایك و باوك هەروەكو چۆن دیاردەی دزێوی وەكو درۆكردن و دزی ریسوا دەكەن، بەو شێوەیش دیاردەی جگەرە كێشان بەكەم تەماشا بكەن و بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بێ ئەوەی منداڵ بزانێ مەبەستیان ئەوە لە بەهاو نرخی دیاردەكە كەم بكەنەوە، تا پێیان بكرێ شوێنەواری جگەرەكێشان لە ماڵیاندا نەبێت و ژینگەیەكی بێ جگەرە لە ماڵ دروست بكەن و پەیوەندی نێوان خێزان و قوتابخانە بەردەوام بێت لە بەدواداچوونی منداڵ، هەروەها لە قوتابخانەكانیش پێویستە سزای توند لە سەر بوونی جگەرە لای قوتابی دابنرێ و خودی مامۆستاش نابێ لە پێش چاوی قوتابیاندا جگەرە بكێشێ، چونكە بەو شێوەیە مامۆستا ناتوانێ ئامۆژگاری قوتابیانی بكات، لە هەفتەیەك رۆژێك یان وانەیەك بۆ رۆشنبیری گشتی دابنرێ، كە ناڕاستەوخۆش باسی جگەرەكێشان بە فیلمەوە بكرێت كە كاریگەری جگەرەكێشان لەسەر سییەكان و دڵ و لەش پیشان بدرێت و ئامارەكانی مردن و نەخۆشیەكان رابگەیەنرێ و وەزارەتی بازرگانی باجی قورس لەسەر نرخی جگەرە دابنێ و رێگە نەدات ئەو جۆرە شیرینەمەنیانە بێنە ناو وڵاتەوە، كەلەشێوەی جگەرە دروستكراون، رۆژێكی نیشتمانیش تەرخانبكرێت بۆ لەناوبردنی جگەرە وتوتن.
*پسپۆری دەروونزانی
كؤفارى تاو


لهسهر هێڵ نییه
پهڕهكان: 1
