❤❤یـــانەی کوردژیـن/Kurd Zhin❤❤/ / قه‌یره‌بوون، ئه‌نجامی غه‌درێكی هه‌میشه‌یی نێرسالارییه‌

.



نازناو:  وشه‌ی تێپه‌ڕبوون:  ‌  |  

ئاگاداری

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌ڕێزان : هه‌رکاتێک کێشه‌یه‌ک یان په‌یامێکی ناشیاوت به‌رچاو که‌وت له‌یانه‌دا ئه‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ :_

1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) .. ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .

2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له‌ ئه‌وروپا به‌ ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره‌ ته‌له‌فوونی( 00447754007706) .

New Page 1

    بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه‌  



#1 2009-11-17 14:59:44

((namo))
:: دڵسۆزی یانه::
شوێن: ســـــلێمانـــی
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2009-10-04
دواترین سه‌ردان: 2010-12-18
په‌یامه‌كان: 1509
WindowsXPFirefox

قه‌یره‌بوون، ئه‌نجامی غه‌درێكی هه‌میشه‌یی نێرسالارییه‌

http://kurdzhin.org/up//uploads/images/kurdzhin-4677af9539.jpg
من نازانم وشه‌ی قه‌یره‌ له‌زمانی ئێمه‌دا چۆن په‌یدابووه‌و به‌پێی چ ڕێككه‌وتنێك و له‌نێوان كێ و كێدا ئه‌م وشه‌یه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌

، به‌ڵام له‌ئێستای به‌كارهێنانی ئێمه‌دا بۆ ئه‌م وشه‌یه‌، مێیینه‌یه‌كمان بیر ده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ له‌كاتی خۆیدا شووی نه‌كردووه‌و تا ئه‌ندازه‌یه‌ك هه‌لی شووكردنی له‌ده‌ستداوه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ناوه‌ڕۆك و مانای ئه‌م وشه‌یه‌ بێت، ئه‌وه‌ سێ‌ شت هه‌یه‌ ده‌بێت ئاگاداریان بین و خۆمانیان لێ ڕزگار بكه‌ین.

یه‌كه‌م: وشه‌كه‌ داهێنراوێكی نێرانه‌یه‌. خودی قسه‌كه‌ر له‌به‌كارهێنانی وشه‌ی قه‌یره‌دا خودێكی نێرانه‌یه‌و به‌هۆی ئه‌م وشه‌یه‌وه‌ ده‌یه‌وێت هه‌م ده‌سه‌ڵاتی خۆی بۆ ناونان و چوارچێوه‌ داتاشین بۆ ئه‌وانیتر، ئاشكرا بكات و هه‌م هاوڕه‌گه‌زه‌كانی خۆیشی بشارێته‌وه‌، كه‌ له‌كاتی خۆیدا هاوسه‌ریان نه‌گرتووه‌و تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر ئه‌وانیش هه‌لی هاوسه‌رگیرییان له‌ده‌ستداوه‌.

دووه‌م: ئه‌م ناونانه‌(كاتێكی تایبه‌ت)ی بۆ شووكردنی مێیینه‌ ته‌رخان و دیاریكردووه‌، كه‌ ته‌نانه‌ت له‌وڵاتی ئێمه‌شداو له‌ناوچه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ناوچه‌یه‌كی تر، هیچ هاوكۆیی و هاوده‌نگییه‌كی له‌سه‌ر نییه‌. هیچ ڕێككه‌وتنێكی ستاندارد له‌سه‌ر ئه‌و كاته‌ نییه‌ كه‌ پێویسته‌ مێیینه‌ تیایدا شوو بكات. له‌هه‌ندێ‌ ناوچه‌دا، به‌تایبه‌تی ناوچه‌ ده‌شتایی و گردۆڵكه‌ییه‌كان، له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان تیایدا پێویستی به‌هێزی كاری فره‌یه‌، كه‌چی زۆرجار به‌شوودانی مێیینه‌ دوا ده‌كه‌وێت. له‌هه‌ندێ‌ ناوچه‌شدا كه‌ پتر شاخاوین و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان پێویستی به‌ئاستی ناوه‌ندی هێزی كار هه‌یه‌و ته‌نیا له‌وه‌رزی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌م و میوه‌دا ئه‌م ئاسته‌ به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌، كه‌چی به‌شوودان زووتر ئه‌نجام ده‌درێت. بۆی هه‌یه‌ له‌هه‌ردوو ناوچه‌شدا كه‌م تا زۆر ئه‌م كاته‌ دوا بكه‌وێت، كه‌ باوكسالاریی كوردستان به‌(كاتی گونجاو)ی داناوه‌ بۆ شووكردن.

سێیه‌م: له‌مانای به‌كارهێنانی وشه‌كه‌دا، (هه‌لی شووكردن) وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك خۆی ده‌نوێنێ‌، تا به‌هۆیه‌وه‌ مێینه‌ له‌و چانسه‌ گه‌وره‌یه‌ی مێردسالاری ده‌یخاته‌ به‌رده‌ستی، سوودمه‌ند بێت. بوون به‌قه‌یره‌ له‌ڕوانگه‌ی ئه‌م ئایدیۆلۆژیا نێرسه‌نته‌رانه‌یه‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه‌ بۆ سه‌ر ئه‌و مێیینانه‌ی له‌وكاته‌دا كه‌ چاوی نێرسالارییان له‌سه‌ره‌، شوو ناكه‌ن و به‌مه‌ش فرسه‌تێكی ته‌مه‌ن كه‌ ئه‌وان ده‌توانن تیایدا ببنه‌ كه‌لوپه‌لی هێنان و بردن و گۆڕینه‌وه‌و سه‌وداو مامه‌ڵه‌، له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.

به‌مجۆره‌ش له‌ڕوانگه‌ی نێرباوه‌ڕییه‌وه‌، قه‌یره‌بوون ئه‌و دۆخه‌ی ژیانه‌ كه‌ تیایدا مێیینه‌ ته‌مه‌نی سه‌ركه‌وتووه‌و له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ بۆ ئه‌و، كه‌وتۆته‌ په‌راوێزه‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ كاتێ‌ ئێمه‌ش دێیین و به‌چه‌مكه‌ نێرسالارییه‌كان ده‌ڕوانینه‌وه‌ ئه‌و گرووپه‌ له‌مێیینه‌كانمان، كه‌ خۆیان كراون و بوونه‌ته‌ قوربانی هه‌مان ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ی له‌جیاتی ڕێزگرتن لێیان، ناو و ناتۆره‌یان بۆ ده‌دۆزێته‌وه‌، ناتوانین له‌سنووری هه‌مان ئایدیۆلۆژیاو زمانی ده‌ربڕین، ده‌ربچین و له‌به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یدا به‌شدارییه‌كی نائاگایانه‌ ده‌كه‌ین.

به‌بڕوای من كه‌س قه‌یره‌ نییه‌و كه‌س نابێته‌ قه‌یره‌و قه‌یره‌یی زیاتر له‌وه‌ی ته‌عبیر بێت له‌دۆخی ئینسانیی مێیینه‌، ده‌ربڕی هه‌لومه‌رجێكی كۆمه‌ڵایه‌تی نایه‌كسانه‌، كه‌ تیایدا پیاو بۆی هه‌یه‌ چوارچێوه‌ بۆبوونی مرۆیی مێیینه‌ دابتاشێت و ناوناتۆره‌ی بۆ بدۆزێته‌وه‌. ئه‌م بارودۆخه‌ نایه‌كسانه‌، هیچ نرخێك بۆ هه‌ڵبژاردنی تاكه‌كه‌س دانانێت، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌و تاكه‌كه‌سه‌ مێیینه‌ش بێت. لێره‌شه‌وه‌ ئاسانه‌ له‌وه‌ تێبگه‌ین، ئه‌و دۆخه‌ی زه‌یینیه‌تی نێرسالار بۆ مێیینه‌ سازی ده‌كات، ناوی قه‌یره‌یی لێبنرێت، له‌كاتێكدا ئه‌و دۆخه‌ یه‌كێ‌ بێت له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی مێیینه‌ خۆی. له‌هه‌لومه‌رجێكدا كه‌ نایه‌كسانی حاكم بێت و بیرو ده‌سه‌ڵاتی نێرینه‌ بڕیارده‌ر بێت، مێیینه‌ ناتوانێ‌ هه‌ڵبژێرێت و ئازادی هه‌ڵبژاردنی بۆ له‌ده‌ستدانی ئه‌و هه‌له‌ی په‌یوه‌ندییه‌ باوكسالارییه‌كان ده‌یخه‌نه‌ به‌رده‌می، نییه‌.
لێره‌وه‌، له‌و كاته‌(گونجاو)ه‌دا كه‌ ئایدیۆلۆژیاو سیسته‌می نێرسالاری بۆ شووكردنی مێیینه‌ ده‌ستنیشانی كردووه‌، ئه‌گه‌ری یاخی بوونی مێیینه‌ له‌ئارادا هه‌یه‌و ئه‌مه‌ش به‌هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك بۆ سه‌ر كۆی ئه‌و سیسته‌مه‌ لێكده‌درێته‌وه‌، كه‌

پێشبینی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ ده‌كا، كه‌ بۆیان هه‌یه‌ له‌ساته‌وه‌ختی ئازادبوونی مێیینه‌دا، ڕووبه‌ڕوویان ببێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موو ئازادبوونێكی مێیینه‌ له‌و كۆت و به‌ندانه‌ی نێرسالاری بۆیان هه‌ڵپه‌ساردووه‌، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. شوونه‌كردن له‌و كاته‌دا كه‌ سیسته‌می باوكسالاری به‌گونجاوی ده‌زانێت، بۆی هه‌یه‌ كاتێكی گونجاو نه‌بێت بۆ كه‌سایه‌تی مێیینه‌و ئه‌و هه‌له‌ زێڕینه‌كه‌ ڕه‌تبكاته‌وه‌.

به‌مجۆره‌ش كاتێ‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ته‌قلیدی ته‌ماشای دۆخی ئه‌و خانمانه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیرییان دواخستووه‌، تێده‌گه‌ین، كه‌ ئه‌م دواخستنه‌ له‌قوڵاییه‌كانی خۆیدا په‌یوه‌ندیی به‌هه‌وڵدانه‌كانی خودی مێیینه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ڕزگاربوون له‌و(هه‌لانه‌ی) سیسته‌می ناوبراو ده‌یانخاته‌ به‌رده‌می. به‌م مانایه‌ش قه‌یره‌بوون له‌لایه‌ن تاكه‌كه‌سی مێیینه‌وه‌، دۆخێكی ئیختیارییه‌ تا ئه‌و كاته‌ی ئیختیاری ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ده‌كات، به‌ڵام له‌ڕوانگه‌ی سیسته‌می نێرسالارییه‌وه‌، بریتیه‌ له‌چوارچێوه‌یه‌كی سزایی و ڕووشكاندن و دابه‌زاندن له‌كه‌سایه‌تی مێیینه‌، به‌هه‌ردوو ڕه‌هه‌ندی ڕۆحی و جه‌سته‌ییه‌وه‌.

له‌ڕوانگه‌ی مێیینه‌ خۆیه‌وه‌و وه‌ك دۆخێكی ئیختیاری، ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگاكاندا ده‌بینرێته‌وه‌. بگره‌ ئه‌مه‌ دیارده‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ زیاتره‌، كه‌ ئه‌گه‌ری دروستبوونی كه‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆی مێیینه‌ له‌ئارادا هه‌یه‌و خودیی مێیینه‌یی ده‌یه‌وێ‌ خۆی له‌باڵاده‌ستی باوكسالاری و وێنه‌كانی ڕزگار بكات. له‌م بارودۆخه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕیزپه‌ڕ دروستده‌بن و كه‌سایه‌تی تاك عه‌وداڵی به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی حورمه‌تی داگیركراوی خۆیه‌تی، شتێك نییه‌ ناوی(هه‌لی شووكردن) بێت له‌كاتی (گونجاو)دا، چونكه‌ كاتی گونجاو ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ ئه‌و بۆخۆی(هه‌ڵیده‌بژێرێت)، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ته‌مه‌نه‌وه‌ هه‌بێت، یان ئه‌گه‌ر شووی نه‌كرد ڕووبه‌ڕووی ڕووشكاندن ببێته‌وه‌.

ده‌كرێ‌ له‌مجۆره‌ كۆمه‌ڵگایانه‌ی وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆشماندا، قه‌یره‌بوون ئه‌نجامی غه‌درێكی هه‌میشه‌یی نێرسالاریی بێت له‌كچه‌كانی خۆی. ئه‌مه‌ش چ له‌ڕێگه‌ی جه‌نگه‌كانیه‌وه‌و كاریگه‌رییان بۆسه‌ر دۆخی مێیینه‌، چ له‌ڕێگه‌ی ده‌ستدرێژییه‌كانی تری نێرسالارییه‌وه‌ بێت. هیچ جه‌نگێك له‌مێژووی نوێی سیاسی ئێمه‌دا نه‌بووه‌، نێرینه‌ ده‌ستپێشخه‌ری نه‌بووبێت و مێیینه‌و منداڵان قوربانیانی یه‌كه‌می نه‌بووبن. هه‌روه‌ها ئێمه‌ ده‌زانین ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ده‌ستدرێژیی سێكسی، ئه‌تككردن و بێ‌ په‌رده‌كردنی مێیینه‌ له‌مجۆره‌ كۆمه‌ڵگایانه‌دا له‌لایه‌ن كه‌سه‌ نزیكه‌كانه‌وه‌، ڕوویداوه‌. هه‌روه‌ها ده‌شزانین به‌شێكی زۆری ئه‌و خانمانه‌ی له‌ژیانی جنسی و هاوسه‌رداریدا سه‌ركه‌وتوو نین و چ ئه‌وانه‌شیان كه‌ شووكردنی خۆیان دواده‌خه‌ن، له‌مجۆره‌ په‌یوه‌ندیانه‌ تۆراون و نایانه‌وێت بچنه‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌وه‌ كه‌ پێشتر وێنه‌یه‌كی توندوتیژانه‌یان له‌باره‌یه‌وه‌، بۆ دروستبووه‌.

خه‌ته‌نه‌كردن و لایه‌نی ته‌ندروستیش ده‌كرێ‌ له‌و هۆكارانه‌ بژمێردرێن كه‌ وا له‌مێیینه‌ ده‌كه‌ن، بیر له‌ژیانی هاوسه‌رداری نه‌كاته‌وه‌. پێدانی ده‌رمانی به‌هه‌ڵه‌، نه‌شته‌رگه‌ری سه‌رنه‌كه‌وتوو و زۆر كه‌مته‌رخه‌میی تری پزیشكی، له‌تۆراندن و ناچاركردنی مێیینه‌ی ئێمه‌ له‌شووكردن، كاریگه‌رییان هه‌بووه‌. له‌ده‌ستدانی په‌رده‌ی كچێنی به‌هۆی ڕووداوی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌، خزینی سه‌ر به‌فرو ڕووداوی ئۆتۆمبیل و چه‌ندین هۆكاری تر، بۆی هه‌یه‌ بچنه‌ ڕیزی هۆكاره‌ شاراوه‌و قسه‌ له‌سه‌ر نه‌كراوه‌كانه‌وه‌. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی به‌هۆی ئاماده‌یی و چاوه‌ڕوانیی زۆری كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ له‌قوربانیدان له‌پێناوی ئه‌وانیتردا، زۆرێك له‌كچانمان به‌دیار ئه‌و شته‌ی، یان ئه‌و كه‌سه‌ی ناچاریان ده‌كات، داده‌نیشن، یان له‌و بارودۆخه‌ی كه‌ تیایدان، ده‌مێننه‌وه‌و خۆیان ده‌كه‌نه‌ قوربانیی ئه‌و هه‌لومه‌رج و په‌یوه‌ندییه‌ نه‌سه‌بیانه‌ی له‌ئێستادا ده‌یانبه‌ستێته‌وه‌ به‌ئه‌وانیتره‌وه‌و دواڕۆژیشیان لێده‌ستێنێته‌وه‌. بۆ نموونه‌ بوونی به‌ساڵاچووان له‌ماڵدا، بوونی په‌ككه‌وته‌، كۆستكه‌وتن، كۆچ و دووركه‌وتنه‌وه‌كان، دانیشتن به‌دیار خووشك و برای بچووكترو سه‌رپه‌رشتیكردنیان، هه‌موویان هۆكاری پشته‌وه‌ی ئه‌و به‌(قه‌یره‌بوونه‌)ن كه‌ نێرسالاری به‌هۆیه‌وه‌ ڕووشكێنی مێیینه‌ ده‌كات، به‌ڵام له‌بیری ده‌چێته‌وه‌ كه‌ بۆخۆی خوڵقێنه‌ری ئه‌و بارودۆخه‌یه‌.
پێكهاته‌ی ده‌روونیی تاكه‌كه‌سیش له‌مه‌دا بێكاریگه‌ر نییه‌. زۆرجاران چاوه‌ڕوانییه‌كانی مێیینه‌ له‌هاوسه‌رگیری، له‌گه‌ڵا ئه‌و فرسه‌ت و كه‌سانه‌ی دێنه‌ به‌رده‌می كۆك نایه‌نه‌وه‌و ئه‌مه‌ش هانیده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار نه‌دات. له‌ئه‌نجامی

دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته‌ش، كه‌ بۆی هه‌یه‌ هۆكاری ڕه‌تكرددنه‌وه‌كان ته‌نیا شتی ماته‌ریاڵی بن، جۆرێك له‌ترس دروستبكات و وا بكات كه‌س بوێری خۆنزیكخستنه‌وه‌ی لێی نه‌بێت. لوتبه‌رزی هه‌رزه‌كارانه‌، له‌خۆڕازیبوونی زۆر له‌به‌ر(جوانی، ده‌وڵه‌مه‌ندی و پله‌ی خوێنده‌واری و وه‌زیفه‌)، به‌دگومانی و دڵه‌ڕاوكێ‌، هه‌موویان له‌و هۆكارانه‌ ده‌ژمێردرێن، كه‌ كه‌متر قسانیان له‌باره‌وه‌ ده‌كه‌ین.

له‌پاڵا هه‌موو ئه‌مانه‌شدا نابێت، چه‌مكی په‌یمان و ئه‌ڤینداریمان له‌نێوان تاكه‌كه‌سه‌كاندا، له‌بیر بچێت. په‌یمانبه‌ستنی ڕادیكاڵا، له‌بابه‌ت ئه‌وه‌ی(یان بۆ یه‌ك بین، یان بۆ گڵا) قوربانی و باجی قورسی ده‌وێت. زۆرێك له‌خانمانی ئێمه‌ له‌چاوه‌ڕوانییه‌كدا، كه‌ به‌شێكه‌ له‌پێكهاته‌ی په‌یمانێكی سۆزداریانه‌و ئه‌خلاقیانه‌، خۆیان له‌شووكردن به‌هه‌ر كه‌سێك به‌دوور ده‌گرن. به‌مجۆره‌ش ئه‌و باجه‌ی ده‌یده‌ن، به‌شێكه‌ له‌وه‌فاداری و سووربوون له‌سه‌ر په‌یمانێك، كه‌ ئه‌وان له‌پێناویدا چاوه‌ڕوانن.

با به‌ردێكیش له‌سه‌ر دڵی نێرسالاری دابنێم: ئه‌گه‌ر قه‌یره‌بوون به‌تێگه‌یشتنه‌ كوردییه‌كه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌هه‌ڵچوونی ته‌مه‌نی مێیینه‌وه‌ هه‌بێت و ئه‌گه‌ر قه‌یره‌یی ناوێك بێت بۆ ئه‌و خانمانه‌ی له‌شووكردن و ژیانی هاوسه‌رداری دواكه‌وتوون، بۆیه‌ كۆمه‌ڵگا له‌په‌راوێزیان داده‌نێ‌ و سزایان ده‌دات به‌مه‌حروومكردنیان له‌چێژه‌كانی ژیان، له‌وانه‌ش چێژی سێكسی، ئه‌وه‌ زۆرینه‌ی ئه‌زموونه‌كان و توێژینه‌وه‌كان ئه‌وه‌یان ئاشكرا كردووه‌، كه‌ مێیینه‌ ته‌نیا له‌هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ندایه‌ خۆگونجاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌برو به‌رگه‌گرتنی ده‌گاته‌ ئه‌وپه‌ڕی و  به‌لوتكه‌ی پێگه‌یشتوویی ئیرۆتیكیانه‌و سێكسیانه‌ی خۆی ده‌گات.

له‌كۆتاییدا ده‌مه‌وێت بڵێم: ئه‌م دیارده‌یه‌ یه‌ك هۆكاری نییه‌، ناوناكه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌كه‌لتووری نێرسالاری و زه‌یینیه‌تی مێردایه‌تییه‌وه‌، لایه‌نی دروستبوونه‌كه‌ی له‌ئاستی ده‌روونیدا تاكه‌كه‌سی مێینه‌یه‌، به‌ڵام له‌ئاستی مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا، ئه‌م دیارده‌یه‌ دروستبووی ناو مێژوویه‌ك و به‌رئه‌نجامی كۆمه‌ڵێ‌ هه‌لومه‌رجی نایه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌رێتی كه‌لتوورییه‌.


                                                                                                                                سه‌رچاوه‌ shafaaq

Kurdzhin

بــه‌ گه‌نجــــی مه‌ستی به‌ پیری سستـــی
ئه‌ی کـــه‌ی خــودا ئه‌پرستـــی


http://kurdzhin.org/uploads/ea3485faeb.jpg

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


خوارووی مه‌كۆ

Your IP Address : 216.73.216.104
Powered by PunBB 1.2.15
© Copyright 2007 – 2011
Translated By : Webchin.Org
Design And Style By : Kurdzhin.net