.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه






پهڕهكان: 1










رۆژگار دەمێك بوو بڕیاریدابوو هاوكاریمان بكات بۆ سازدانی دیدارێك لەگەڵ ئاڵوودەبووانی مادەی بێهۆشكەرەكان . شەوێك لە شەوەكانی ئەو پایزە، رۆژگار پێشمانكەوت بۆ ماڵی سامی، كە یەكێكە لە ئاڵودەبووانی مادەی بێهۆشكەر و دانیشتووی یەكێك لەگەڕەكەكانی سۆرانە .
بێ ئەوەی لە دەرگا بدەین وەژوور كەوتین، ماڵێكی چۆڵ و بێدەنگ بوو، چەند كورسییەك لەنێو باخچەكە داندرابوون و پشیلەیەكی سپی بەسەر یەكێك لەكورسییەكانەوە خەوتبوو، سامی فەرمووی لێكردین و بەرەو ژوورێكی بچووكی بردین لە نهۆمی دووەمی خانووەكە. دیواری ژوورەكە بە رەنگی پەمەیی بۆیە كرابوو، وێنەكانی هەر سێ هونەرمەندی فارس موعین، شەكیلا و ئێبی، زۆربەی دیواری ژوورەكەی داپۆشیبوو، لەنێو ژوورەكە جگە لە كۆمپیوتەرێكی شڕە، دەنگی موعین ئەسفەهانی كە لە تەسجیلێكی قەبارە مامناوەندی دەهاتە دەرەوە لەگەڵ بۆن و دوكەڵی نێرگەلە رەنگ سەوزەكە ژوورەكەی پڕ كردبوو. قەرەوێڵەیەك لایەكی ژوورەكەی گرتبوو.
دوای هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلول لەساڵی 1975، خێزانی سامی وەك چەندین خێزانی دیكەی كورد ئاوارەی ئێران بوو. لە ساڵی 1977 لە ئوستانی قەزوین لەدایكبوو، 3 ساڵە گەڕاونەتەوە كوردستان و ئێستا لەگەڵ خێزانەكەی لە شارۆچكەی سۆران دەیگوزەرێنن. سامی بەر لەوەی چیڕۆكی ئاڵودەبوونی بە مادەی هۆشبەر بگێڕێتەوە گوتی "لە ئێران جگە لە ئاڵودە بوون بەماددە هۆشبەرەكان، فێری هیچ شتێكی دیكە نەبووم".
ماتۆریسكیل سامی بەرەو
ئاڵودە بوون دەبات
ئەو ماتۆرسكیلەی باوكی بە بۆنەی دەرچوونی لە خوێندن بەدیاری بۆی كڕی، نەك هانی سامی نەدا بەڵكو لەخوێندن دووری دەخستەوەو بەرەو جیهانێكی دیكەی برد ئەویش ئاڵودەبوون بە مادە هۆشبەرەكانە. سامی ئێستا رقی لە ماتۆرسكیل دەبێتەوە كە ئەویان بەو رۆژە گەیاندووە"ماتۆرسكیلەكان وەكو مافیان، هەر كە خۆیان بەسەر ماتۆرەوە دیت هەموو شتێكی خراپ دەكەن".
سامی دەیگێڕێتەوە كە لە ئێران چەند گروپێكی تێكدەرانەی ماتۆرسكیل هەن، مەرجی وەرگرتنیش لەو گروپانە كێشانی پاكەتێك جگەرەیە بە بەرچاویان. ئەو كە بووەتە ئەندامی گروپەكەی رەزا ناوێك دەڵێت "ئەندامانی گروپ فێری مەشروب خواردنەوەو تریاك كێشان دەكران، هەموو خەرجییەكانیش لە ئەستۆی رەزا دا بوون، بۆیە گەنجان خۆشیان دەیویست و چی گوتبا بەگوێیان دەكرد".
سەیرانگەی ئاڵوودە بووان
سامی باس لەوە دەكات لە رۆژانی هەینی پاركەكانی ئێران جمەیان دێت لە تریاك كێشان "رۆژانی هەینی لە پاركەكان كۆدەبووینەوە، بەنهێنی تریاكمان دەكێشا دواتر دەكەوتینە بەزم و سەما، كێشەمان بۆ خەڵك دروستدەكرد".
سامی جاربەجار لووتی دەخوراند وەك ئەوەی پێویستی بەشتێك بێ و دەڵێت "پاركەكان جگە لەوەی خۆشی زۆری پێ دەبەخشین، شوێنی دەستخستنی تلیاك بوو، كڕیارو فرۆشیار لە پارك چاویان بە یەكتر دەكەوت".
تریاك كێشان غیرەتیان نامێنێ
سامی باس لە حاڵەتەكانی ئاڵودەبوون دەكات و دەڵێت "تریاك كێشان لە كاتی نەشئەبوونیان حەز بە خۆ خوراندن دەكەن، دەم و چاویان رەش هەڵدەگرێ و لێوەكانیان قاوەیی دەبن و چاوەكانیان جوان و پڕ ئاو دەبن، بەڵام بەگشتی مرۆڤی ترسنۆك و بێ هێز دەردەكەون و غیرەتیان لە لەشدا نامێنێ".
ئەو باسی لە هاوڕێیەكی تریاك كێشی خۆی كرد، كە لەگەڵ چەند كەسێك چووەتە دەرەوەی شار، دوای ئەوەی تریاكیان داوەتێ و بێهۆشبووە بە چوار كەس سێكسیان لەگەڵ كردووەو بە ڤیدیۆش وێنەیان گرتووە. سامی گوتی "هاوڕێكەم بڕیاریدا چیتر توخنی تریاك نەكەوێ، بەڵام هەڕەشەیان لێكرد ئەگەر وازلە تریاك بێنێ، وێنە ڤیدیۆییەكەی بڵاو دەكەنەوە".
تریاك كچان و كوڕان لە یەكتر نزیك دەكاتەوە
سامی مژێكی توند لە نێرگەلە سەوزەكە دەدات و ئاخێك هەڵدەكێشێ وەك ئەوەی یادگارییەكی تاڵی بیر كەوتبێتەوە. سامی باس لەوە دەكات تریاك رێگەیەك بوو بۆ نزیكبوونەوە لە كچان. سامی گوتی "ژمارەی كچانی تریاك كێش، ئەگەر لە كوڕان پتر نەبێ كەمتر نییە، تریاك زۆربەی كچ و كوڕانی كردبووە خۆشەویستی یەكتر، بەڵام زۆر نەیاندەوێرا لە كوڕان نزیك ببنەوە، دەترسان بەڵایەكیان بەسەردا بێ". گوتیشی "هەندێك لە كچانیش دەچوونە ماڵی خۆشەویستەكانیان و لەوێ تریاكیان دەكێشا، لە باوەشی یەكتریش كاتێكی خۆشیان بەسەر دەبرد".
تەقەتەقی دەرگا سامی بێدەنگ كرد، زۆری نەبرد گەنجێكی رەش ئەسمەر وەژوور كەوت و بە پێكەنینەوە گوتی "چییە یادی ئێران دەكەنەوە، چیتان لایە بیكێشین"، سامی ئەوی بە كازم بە ئێمە ناساند و گوتی"لەگەڵ كازم بە یەكەوە لەتەمەنی 24 ساڵی دەستمان بەتریاك كێشان كرد، ئێستاش ئەگەر دەستمان بكەوێت پێكەوە كاتێكی خۆشی لەگەڵ بەسەر دەبەین".
كازم، تریاكی لەسەرجەم مادە هۆشبەرەكانی دیكە پێخۆشترە، تەنیا لەبەر ئەوەی چاوەكانی جوان دەكات و نەشئەی زۆری پێدەبەخشێ، كازم گوتیشی "ئەگەر تا ئێستا لە ئێران مابامەوە، تووشی زۆر كاری خراپتر دەبووم، لەوانەیە بووبامە لەشفرۆشیش".
زۆریان تووشی لەشفرۆشی هاتبوون
كازم نموونەی چەندین كەسی لایە لە برادەرە نزیكەكانی كە لەلایەن بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان فێری لەشفرۆشیكراون "چەندین برادەری نزیكی خۆم لە لایەن فرۆشیارانی ماددە بێهۆشكەرەكان كاری سێكسیان لەگەڵ كراوە، لەبەرامبەر پێدانی بڕێك تریاك"، كازم نەیشاردەوە كە فرۆشیارانی ماددە هۆشبەرەكان ویستوویانە كاری سێكسی لەگەڵ ئەویشدا بكەن، "ئەو كاتەی دەستم بەتریاك كێشان كرد، گەنجێكی ناسك و جوان بووم، چەندینجار فرۆشیارانی ماددە هۆشبەرەكان داوای كاری سێكسیان لێدەكردم لەبەرامبەر پێدانی تریاك، بەڵام من رازی نەبووم".
ئێران وڵاتی مەلاو ئاڵوودە بووانە
بەپێی ئامارە نا فەرمییەكانی ئێران لەساڵی 2002 زیاتر لە 10%ی هاووڵاتیانی ئێران ئاڵودەی ماددە هۆشبەرەكان بوونەو بەردەوام بەكاری دەهێنن. كازم بە پێكەنینەوە دەڵێت "ئـێران وڵاتی مەلا و ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەكانە".
بەپێی قسەی كازم گەنجان بە تایبەتیش ئەوانەی بێكارن زۆرترین رێژەی بەكارهێنەرانی مادە هۆشبەرەكان پێكدەهێنن "ئەوانە گەنجانی بێكارن و بەنێو شاردا دەسوڕێنەوە لەچایخانەكان پاڵ دەكەون".
كازم زۆر بە باشی بەكارهێنەرانی مادە هۆشبەرەكان دەناسێتەوەو دەڵێت "كە سەیری خەڵكی ئێران دەكەم بە زەحمەت كەسێك دەبینمەوە تریاك نەكێشێ". كازم باس لەوەش دەكات كە ئێران سیاسەت بە ماددە هۆشبەرەكان دەكات و دەڵێ"زۆربەی كوڕ و كچە گەنجەكانی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئاڵوودەن، بەوانەش كە ئاوارەیی ئێران بوونەو ئێستا گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان". سامی گوتیشی "بەشێك لەو گەنجانەی پێشتر لەئێران ژیاون و ئێستا گەراونەتەوە سۆران ئاڵودەی ماددە هۆشبەرەكان بوون، بەڵام لێرە ئازادییەكی ئەوتۆ نییە بۆیە زۆر لەو گەنجانە لە ترسی ئاسایش، یان لەبەر دەستنەكەوتنی مادەی هۆشبەر وازیان هێناوە".
لە تریاكەوە بۆ حەب و دەرمان
بەهۆی ئەو چاودێرە توندەی لەسەر بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادەهۆشبەرەكان لە هەرێمی كوردستان هەیە، سامی و كازم زۆر بە زەحمەت تریاكیان دەستدەكەوێ، بۆیە زۆرجار بە ناچاری روو لە دەرمانخانەكان دەكەن و ئەو جۆرە حەب و دەرمانانە دەكڕن كە بڕێك مادەی هۆشبەریان تێدایە. سامی گوتی "جۆرە دەرمانێك دەكڕم لەسەر نێرگەلەی دادەنێم هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ تریاك، نەشئەی لێوەردەگرم". كازمیش گوتی "زۆرجار بە بیانووی پشت ئێشە و سەر ئێشەو كۆكین، لە دەرمانخانەكان ئەو حەب و دەرمانانە دەكڕم كە ماددەی هۆشبەریان تێدایە".
خاوەن دەرمانخانەیەك قسەكانی سامی و كازمی پشتڕاستكردەوەو گوتی "بەشێك لەدەرمانخانەكان لەپێناو دەستكەوتنی پارەی زیاتر، حەب و دەرمانی هۆشبەر بە گەنجان دەفرۆشن". ئەو خاوەن دەرمانخانەیە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت گوتیشی "هەندێك حەب و دەرمان كە مادەی هۆشبەریان تێدایە بەبێ رەچێتەی پزیشك دەدرێتە هاووڵاتیان".
سهرچاوه rudaw

بــه گهنجــــی مهستی به پیری سستـــی
ئهی کـــهی خــودا ئهپرستـــی
لهسهر هێڵ نییه
بەراستی روداوێکی ناخۆشە خوا بیخاتە رێگای راستە ... بەراستی شتێکی سەیرە کەبەھۆی ماتۆر سکیلەوە توشی وەھا روداوێک بوە سەرکەوتوبیت بەھیوای بەردەوامیت لە بابەتە جوانەکانت

زۆربـەی کـات وا خـۆمـان دەرئـەخەیـن..!
گـوێ بـەو روداوە ناخـۆشانە نـایەین کـە لە ژیـانمان بەسـەرمان هاتـووە
بـەلام لە راسـتییا هەمو کاتێـک لە ناخـەوە ئەمان کـوژێت.!
لهسهر هێڵ نییه








زۆر سوپاس بۆ ئێوهی گــــــــوڵ دهستی ئێوهش خۆش بهختهوهر بن ئهزیزان هیوای لهش ساخیتان بۆ ئهخوازم،،
لهسهر هێڵ نییه
پهڕهكان: 1
