.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه






پهڕهكان: 1









گۆرانیبێژی بەناوبانگی توركی سبیل كان لەدیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ (سڤیل)، باسی كاری هونەری و لایەنی تایبەتی خۆی دەكات، ئەو زۆر خۆشحاڵە لەگەڵ گۆڤارێكی كوردی چاوپێكەوتن ساز دەكات، سبیل كان (سڤیل) بە یەكەم گۆڤاری كوردی دادەنێ، كە دیمانەی ئەویان كردووە، دەڵێ «خۆشحاڵم ئەمڕۆ ناوبانگی من گەیشتووەتە دەرەوەی سنوری توركیا، جێگای كەیف و شادیە دیدار لەگەڵ گۆڤارێكی كوردی لەكوردستانی عێراق ساز دەكەم و ئێوە منتان كردووە بە میوان، چونكە ئەوە یەكەم جارە قسە بۆ گۆڤارێكی كوردی لەدەرەوەی وڵاتی توركیا بكەم».
سڤیل: كاوە شێخانی
سڤیل: سەرەتای ئاشنابوونت بە بواری گۆرانی گوتن چۆن بوو؟
سبیل جان: لەتەمەنی چواردە ساڵیمەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ سەماكەر و نمایشكەری جلوبەرگ بووم، دواتر لەساڵی 1988 دەستم بە گۆرانی گوتن كرد.
سڤیل: كێ هاندەرت بوو لەسەما و نمایشكارییەوە بچیتە بواری گۆرانی گوتن؟
سبیل جان: بە دڵ سوپاسی گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر (ئورهان گەنجبای) دەكەم، چونكە ئەو بووە پاڵپشتی من، یەكەم گۆرانیم هی ئەو هونەرمەندە بوو و پێشكەشی منی كرد، لەسەر كارەكانی ئەو بەردەوام بووم و تا ساڵی 1995 من ئاواز و گۆرانی ئەوم دەگووت.
سڤیل: لەكامە ئەلبومی خۆت سەركەوتنت بەدەستهێنا؟
سبیل جان: سڵاو و رێزی من بۆ هونەرمەند (سەردار ئورتاچ)، ئەو بەڕێزە گۆرانییەكی دایە من بە ناوی (پادی شاد)، منیش ئەلبومەكەم بە ناوی ئەو گۆرانییەوە كرد، دەتوانم بڵێم لەسەرجەم ئەلبومەكانم باشتر بوو و داهاتی باشی هەبوو، تێیدا سەركەوتوو بووم.
سڤیل: دەنگی تۆ یاخود جوانییەكەت بووە هۆكاری سەركەوتنت؟
سبیل جان: ئەو پرسیارە دەبێ لەجەماوەرەكەم بكرێ، نەك لەمن، بەڵام دەتوانم قسەیەك بكەم، دەنگی من تاڕادەیەكی باش جێی دڵخۆشی هەموو كەسانە، چونكە من دەتوانم گۆرانی بڵند و خاویش بڵێم. سەبارەت بە جوانییەكەشم دەبێ جوانییەكەم پاڵپشتییەكی گەورەی من بووبێت و منی گەیاندە ئەو رادەیە، چونكە لەو سەردەمە دەنگخۆشی بەبێ جوانی و ناسكی سەركەوتن بەدەست ناهێنێ، لەبەرئەوەی ئەو سەردەمە من ناوی دەنێم (سەردەمی كلیپ).
سڤیل: تاچەند لەگەڵ خانەوادەكەی خۆت دەگونجێی؟
سبیل جان: لەبنەماڵەیەكی دیندار گەورە بوومە و كاتەكانی خۆشم لەگەڵ دایك و باوكم دەگوزەرێنم، پەیوەندییەكی باش لەنێوان من و خانەوادەكەم هەیە و لەسەر رەوشتی رۆژهەڵاتی گەورە بوویمە، لەماڵەوەش كەسێكی نۆرماڵم و بە فیز نیم.
سڤیل: گوتت لەبنەماڵەیەكی دیندار گەورە بوومە، تۆ لەسەر كامە ئاینی؟
سبیل جان: بە بڕوای من هیچ جیاوازییەك لەنێوان هەرسێ ئایین نییە، ئێمە هەموومان خوشك و برای یەكین و دەبێ رێز لەیەكتر بگرین، من موسڵمانم و نوێژ دەكەم و زۆریش دوعا دەكەم، هەروەها من چوویمە عەمرەش لەگەڵ هاوسەرەكەی خۆم، زۆریش حەز بە مرۆڤی دیندار دەكەم و دەبێ هەموومان لەخوا بترسێین.
سڤیل: جەنابت ئاماژەت پێدا مرۆڤێكی نوێژكەری و چوویتە ماڵی خوا، بە بڕوای تۆ ئەوە لەگەڵ كاری گۆرانی گوتن دەگونجێ؟
سبیل جان: كەسی خواناس نە بە سەر و سیمایە و نە بە جلوبەرگە، بەڵكو دڵ و دەروونی مرۆڤ پێوەرە، تاچەند لەگەڵ خوای خۆی راست و دروستە و بێ فەرمانی ئەو كار نەكات.
ئایین جیهانێكی فراوانە و دەبێ مرۆڤ هێدی هێدی بە ناویدا بڕوات، زۆر جار ئەو پرسیارە رووبەڕووم دەبێتەوە، بەڵام من بە كورتی وەڵامی هەموویان دەدەمەوە، زۆر جار لەناو خانەوادەكەی خۆشم داوای ئەوەم لێ دەكەن، واز لەگۆرانی بهێنم و حیجاب بكەم، راستە كەس بێ كەموكوڕی نییە، راستە نوێژ دەكەم و چوومەتە ماڵی خوا، بەڵام دیارە هێشتا باوەڕ بۆ من تەواو نەبووە، ئەوەش دەبێ خوای گەورە هیدایەتم بدات، من رێزم هەیە بۆ ئەو ئافرەتانەی حیجابن و دەبێ رێزیان لێ بگرین، دیارە ئەوان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە ئافرەت حیجاب بپۆشێ، هیوادارم رۆژێك دابێ، منیش بگەمە ئەو باوەڕەی حیجاب بكەم.
سڤیل: ژیانی هاوسەریت پێكهێناوە؟
سبیل جان: ئێستا تەمەنی من 39 ساڵەو لە 20 ساڵیدا شووم كرد بە كەسێك بە ناوی (هاكان ئورال)، بۆ ماوەی حەوت ساڵ بەیەكەوە بووین، بەڵام بەیەكەوە نەگونجاین و بڕیاری جیابوونەوەمان دا، دوای ماوەیەك شووم بە كەسێك بە ناوی (سولهی ئاكسون) كرد، ئەو حەوت ساڵ لەمن گەورەترە، بەڵام زۆر بە بەختەوەری لەگەڵ یەك دەژین.
سڤیل: زۆر جار ئافرەتە گۆرانیبێژەكان تەمەنی خۆیان بچووك دەكەنەوە، ئەوە بۆچی دەگەڕێنیەوە؟
سبیل جان: راستی ئەوەی تەمەنی خۆی ئاشكرا ناكات، هەڵە دەكا. ئەوەشی تەمەنی خۆی بچووك دەكاتەوە، لەپیری دەترسێ.
سڤیل: زمانی كوردی دەزانی، لەبەرنامەتدا نییە بە كوردی گۆرانییەك بڵێی؟
سبیل جان: جگە لەزمانی توركی و ئینگلیزی هیچ زمانێكی دی نازانم، خۆشە مرۆڤ هەموو زمانێك بزانێ، دەربارەی گۆرانی كوردیش تا ئێستا لەبەرنامەمدا نییە، ئەگەر كارێكی باش هەبێت، ئەوا بە خۆشحاڵییەوە ئامادەم. هەروەها حەزیش دەكەم بێمە كوردستان و لەنزیكەوە جەماوەرەكەم ببینم، بەڵام تا ئێستا كەس پێشنیاری ئەوەی بۆ من نەكردووە.
سڤیل: رات لەسەر موزیك و گۆرانی كوردی چییە؟
سبیل جان: وەك باسم كرد لەكوردی تێناگەم، بەڵام وەك موزیك و كلیپ كە لەكەناڵە كوردییەكان دەیبینم، ئەوەم بۆ دەركەوتووە، كە كورد میللەتێكە خاوەن هونەرێكی رەسەنن، شایەنی پێشكەوتنن لەژیان، موزیكی كوردی و توركی رەنگە زۆر لەیەك نزیك بن و چ جیاوازییەكیان لەنێواندا نییە.
سڤیل: دیارە سەیری كەناڵە كوردییەكان دەكەی؟
سبیل جان: بەڵێ، هەر كەناڵێك گۆرانی و موزیك پەخش بكات، من سەیری دەكەم، چونكە موزیك زمانێكی جیهانییە، دەستخۆشی لەكەناڵە كوردییەكان دەكەم، گوێ لەزۆر گۆرانیبێژانی كورد دەگرم، بەڵام ناوی هەموویان نازانم، وەك مراد بەگتاش، عزت بلدز خان، ئەحمەد كایا، شڤان پەروەر، زەكەریا عەبدوڵڵا، لەیلا فەریقی).
سڤیل: چ بە جەماوەرەكەت دەڵێی لەكوردستان؟
سبیل جان: دەڵێم (چەوانی. باشی؟؟)، چونكە هەر ئەوەندە لەزاراوەی كرمانجی دەزانم، هیوای خۆشی و شادی بۆ هەموو گەلی كورد دەخوازم، دەڵێم هەموومان خوشك و برای یەكین.
svil

لهسهر هێڵ نییه
پهڕهكان: 1
