❤❤یـــانەی کوردژیـن/Kurd Zhin❤❤/ / لە چاوەڕوانی مێردەكانیان لە ئەوروپا هیلاك بوون

.



نازناو:  وشه‌ی تێپه‌ڕبوون:  ‌  |  

ئاگاداری

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌ڕێزان : هه‌رکاتێک کێشه‌یه‌ک یان په‌یامێکی ناشیاوت به‌رچاو که‌وت له‌یانه‌دا ئه‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ :_

1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) .. ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .

2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له‌ ئه‌وروپا به‌ ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره‌ ته‌له‌فوونی( 00447754007706) .

New Page 1

    بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه‌  



#1 2010-05-03 06:40:40

یاسه‌مین
کازیوەی یانە
شوێن: سلێمانی
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2008-09-27
دواترین سه‌ردان: 2012-12-23
په‌یامه‌كان: 1485
ویبگه‌
WindowsXPMSIE7

لە چاوەڕوانی مێردەكانیان لە ئەوروپا هیلاك بوون

لە چاوەڕوانی مێردەكانیان لە ئەوروپا هیلاك بوون



بەفرین چیتر نەیتوانی بەرگەی دووری مێردە هەندەرانییەكەی بگرێ  و مانگی رابردوو لە رێگەی یەكێك لە دادگاكانی شاری هەولێر مافی جیابوونەوەی لە مێردەكەی وەرگرت. بەفرین كە دوو ساڵ بوو پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ مێردە ئەوروپانشینەكەی هەبوو، تەنیا هەشت مانگ بەسەر زەماوەندی هاوسەرگیریان تێپەڕی بوو، كاتێك مێردەكەی چووە هەندەران و هەشت ساڵ بەفرین چاوەڕێی گەڕانەوەی كرد، بەڵام نەگەڕایەوە.
بەفرین، 28 ساڵ، فەرمانبەر، دەڵێت مێردەكەی بڕیاریدابوو تا مافی نیشتەجێبوون بەدەست نەهێنێت نەگەڕێتەوە كوردستان، بەڵام ئەو لەوە زیاتر بەرگەی ئەو مەرجەی مێردەكەی نەگرت و بڕیاری جیابوونەوەیدا، بەفرین بە (رووداو)ی راگەیاند" هیچ پەشیمان نیم، چەندین جار پێمگوت چیتر ناتوانم بەرگەی دووریت بگرم و بەتەنیا بژیم، ئەگەر بۆ پارە ناگەڕێیتەوە، من ئامادەم لەنێو رەشماڵێك لەگەڵتدا بژیم، بەڵام دیاربوو ئەو مەبەستی نەبوو بگەڕێتەوە، بۆیە هەر رۆژەو بیانوێكی بۆ نەگەڕانەوە دەدۆزییەوە". گوتیشی"بەداخەوە گەنجێتی خۆم، بۆ كەسێك بەفیڕۆدا، كە هیچ رێزی نەگرتم".
زۆر لە گەنجانی كورد لە دەرەوە بەهیوای بەدەستهێنانی مافی مانەوەو وەڵاتینامە وەرگرتن لەو وڵاتانە، هاوسەرە تازە مارەكراوەكانیان لە كوردستان لە چاوەڕوانیدا دەهێڵنەوە، كە بۆ زۆربەیان دیار نییە كەی مێردەكانیان ئەو مافە لەو وڵاتانە وەردەگرن، كە لەوانەیە هەر وەریشی نەگرن.
بەهۆی تێپەڕبوونی هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی نالەباری سیاسی و ئابووریدا، بەتایبەتی لە نێوەڕاستی نەوەتەكانی سەدەی رابردوودا، هەزاران گەنج بۆ رزگار بوون لەو دۆخە نالەبارەی كوردستان روویان لە وڵاتانی ئەوروپا كرد. كە بەشێكیان خێزاندار بوون یان دەستگیراندار، ئێستاش خێزان و منداڵ و دەستگیرانی هەندێكیان لە چاوەڕەوانیدان.
شیلان ئەكرەم، 29 ساڵ، خاوەنی دوو منداڵە، ماوەی 7 ساڵە لە چاوەڕوانی هاتنەوەی مێردەكەی دایە،دەڵێ "بەدرێژایی ئەم حەوت ساڵە چاوەڕێی گەڕانەوەی مێردەكەم دەكەم، ئەوە حەوت ساڵە جگە لە خەم و خەفەت هیچی دیكەم نەبینیوە". شیلان، پەشیمانە لەوەی كە رێگەی بەمێردەكەی دا سەفەری دەرەوە بكات و گوتی"تا مێردەكەم لێم دوور نەكەوتەوە نەمدەزانی ماڵ بەبێ پیاو وەك چرایەكی كوژاوەیە، ئەگەر ئەوكات هەستم بەوە بكردایە ئەگەر خۆم  و منداڵەكان لەبرسان بمردباین نەمدەهێشت مێردەكەم سەفەر بكات".
تەنیا ژنان و كچان و منداڵان لە كوردستان ئاخ بۆ دووری ئازیزانیان لە هەندەران هەڵناكێشن، ئەوانەی بە ئومێدی گەیشتن بە سەرزەمینێكی جیا سەفەریان كرد، بەهۆی دووری كەسوكاریان، ئەوروپایان لێ بووەتە زیندان.
سەنگەر عەزیز، 30 ساڵ، یەكێكە لەو گەنجانەی دوای فرۆشتنی زەوی و زێڕی ژنەكەی  و چەندین كەلوپەلی نێو ماڵەكەی، سنووری 7 وڵاتی بە نایاسایی بڕی و خۆی گەیاندە بەریتانیا. بەڵام ئەوە 8 ساڵە چاوەڕێی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی دەكات، كەچی هەموو جارێك داواكەی رەتدەكرێتەوە. سەنگەر كە لە ئەوروپاوە قسەی بۆ (رووداو)كرد گوتی "بەهۆی دووری منداڵ و خێزانەكەم و رەتكردنەوەی بەردەوامی مافی مانەوەم تووشی خەمۆكی بوومە، جگە لەو كاتانەی دەچمە سەركار، بەردەوام لەنێو ژورەكەم، ژیان بەتەنیاییەكی ناخۆش بەسەر دەبەم".
سەنگەر، كە دوو منداڵی هەیە، یەكێكیانی تەنیا بە وێنە بینیوە دەڵێ "هەر كاتێك تەلەفۆن بۆ ماڵەوە دەكەم، كوڕە بچووكەكەم دەڵێت بگەڕێوە جەرگم ژان دەكات، بەڵام لەبەر ئەوەی پارەیەكی زۆرم لەو رێگەیەدا خەرجكردووە، حەز ناكەم لەبەر لۆمەی خەڵك بە دەست بەتاڵی بگەرێمەوە".
بەپێی ئاماری دادگای هەولێر، تەنیا لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 545 حاڵەتی لێك جیابوونەوە و تەڵاق لە دادگای باری كەسی تۆمار كراوە. دادوەر، عەبدولباست فەرهادی، وتەبێژی ئەنجوومەنی دادوەری كوردستان رایگەیاند "هەر پیاوێك بۆ ماوەی 2 ساڵ ژنەكەی بەجێ بهێلێت یان لێی دوور بكەوێتەوە و خەرجی ژیانی نەدات، ئەوا ئەو ژنە بەپێی یاسا بۆی هەیە لە رێگەی دادگا داوای جیابوونەوە لە مێردەكەی بكات".
لەبارەی رێژەی ئەو ژنانەی لەم ماوەیەدا بەهۆی نەگەڕانەوەی مێردەكانیان داوای جیابوونەوەیان كردووە، فەرهادی دەڵێت "لەبەر ئەوەی دادگا ئامارێكی تایبەت و جیاكراوەی نییە، بۆ ئەو جۆرە حاڵەتانە، بۆیە ناتوانین بڵێین رێژەكە زۆرە یان كەم، بەڵام ئەو حاڵەتانە لەدادگای باری كەسی بوونیان هەیە".
دەشتی جەمال، سكرتێری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق، كە بنكەكەی لە بەریتانیایە، لە لێدوانێكدا بۆ (رووداو) گوتی بە هەزاران پەنابەر بەهۆی رەتكردنەوەی مافی مانەوە لەبارودۆخێكی خراپدا دەژین، كە بەشێكی زۆریان ژن و منداڵیان هەیە، گوتیشی "هیچ ئامارێكی دروستمان نییە، بەڵام دەتوانم بڵێم بە سەتان حاڵەتمان هەیە، كە چاوەڕێی وەرگرتنی مافی پەنابەری دەكەن، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە لای خێزانەكانیان، یان ژن و منداڵەكانیان بێننە ئەوروپا".
توێژەرانی كۆمەڵایەتی دەڵێن زۆربەی ئەو ژنانەی پیاوەكانیان لە دەرەوەیە لەبارێكی دەروونی خراپدا دەژین و لە ژیانی خۆیان رازی نین، بەڵام لەبەر تێڕوانینی كۆمەڵگە، ناتوانن داوای جیابوونەوە بكەن، بۆیە بە ناچاری دان بەخۆیاندا دەگرن.
ئەڤین ئیبراهیم فەتاح، توێژەری كۆمەڵایەتی، پێیوایە گەورەترین گرفتی ئەو ژنانەی لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی مێردەكانیانن لەدەرەوە، دابڕانی ئەو ژنانەیە بۆ ماوەیەكی زۆر لە چێژی ژن  و مێردایەتی، قورسی بەخێوكردنی منداڵ و تانەی خەڵكە، گوتیشی "گرفتەكە لێرەدایە بەشێك لەو پیاوانەی لەدەرەوەن وا هەستدەكەن بەناردنەوەی پارە بۆ خێزانیان كۆتایی بەگرفتی خێزان و منداڵەكانیان دێت، بەڵام بێ ئاگان لەوەی گرفتی نازكێشان و بەخێوكردنی منداڵ و دووركەوتنەوەی ژن لەچێژی ژن و مێردایەتی كۆمەڵە گرفتێكن هەرگیز پارە قەرەبووی هیچیان ناكاتەوە".
هەرچەندە بەشێك لەو ژنانەی مێردەكانیان لەدەرەوەیە، لەگەڵ ماڵە خەزورانیان یان دایك و باوكیان دەژین، بەڵام بەبروای ئەڤین، هیچ یەك لەوانە ناتوانن شوێنی مێرد پڕبكەنەوە"بوونی پیاو لە ماڵ گڕو تینێك دەبەخشێتە ماڵ، هەرگیز نە بەكەس پڕدەكرێتەوەو نە بەراوردیش دەكرێت لەگەڵ ئەو ماڵەی بێ پیاوە". گوتیشی "جیاوازی ئەو ژنانەی مێردیان لەدەرەوەیە لەگەڵ بێوەژنان ئەوەیە كە لە پێناسی باری كەسییەكەیان نەنووسراوە بێوەژن و هیوایەكیان هەیە بۆ گەڕانەوەی مێردەكانیان".




رووداو - هەولێر

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


خوارووی مه‌كۆ

Your IP Address : 216.73.216.104
Powered by PunBB 1.2.15
© Copyright 2007 – 2011
Translated By : Webchin.Org
Design And Style By : Kurdzhin.net