.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه










كورته چیرۆك: تاکسیی پێنج ڕیاڵـی
عهزیز نهسین
وهرگێڕانی: كهریم تاقانه (سوید)
تا شۆفێرەکە گوتی:(( کورتولـوش))، بە پەلە ڕام کردو دەسکەی ماشێنەکەم گرت سوار بم.. بەڵام هەرچیم کرد، نەمتوانی دەرگای ماشێنەکە بکەمەوە. دەسکەکە سووڕی نەدەخوارد.
شۆفێرەکە لەنێو ماشێنەکەوە هاواری لێ هەڵسا:
- بە لای چەپدا سووڕی بدە.
بە لای چەپیشدا سووڕیم دا، سوودی نەبوو. شۆفێرەکە هاواری کرد:
- هێی کابرا! چ دەکەی؟. دەسکەکەت شکاند، کردنەوەی دەرگای ماشێن ئەوەی ناوێ..
لە پشتی تاکسییە پێنج ڕیاڵییەکەوە، سێ، چوار پاسو ماشێنی باری کۆ ببوونەوەو هۆڕنیان لـێدەدا. پۆلیسی هاتوچۆش هەر فیکە فیکی بوو.
ئارەق بە جەستەمدا چۆڕەی دەهاتو هێشتا دەگەڵ دەسکەکە خەریکی زۆرانبازی بووم.
شۆفێرەکە دوو، سێ جوێنی تەڕی پێشکێش کردمو لە حاڵێکدا دەستی ڕادەکێشا تا دەرگاکە بکاتەوە، گوتی:
- ڕووی هەموو دێهاتییەکانت سپی کردەوە!!.. کابرا هێشتا ڕاستو چەپی خۆی لێک جیا ناکاتەوە، دەیەوێ سواری ماشێن بێ..
شۆفێرەکە دەرگاکەی کردەوەو سوار بووم. تاکسییەکە، کە جگە لە من چەند مسافیرێکی دیکەی تێدا بوو، کەوتە ڕێ. بەڵام شۆفێرەکە وێڵکەری مامەڵە نەبوو، دەیگوت:
- بە قوربانی ئەو خوایە بم بۆ ئەم هەموو مەخلووقاتەی!. ئاخر ئێوە چۆن چۆنین دەژین؟. تـف!.. حەیفە ئێوە نانی گەنم دەخۆن!.
ئەمن خوویەکم هەیە... کاتێک کە لە کارێکدا تاوانبار بم، کەسی بەرانبەر هەرچی بڵێ، وەڵامی نادەمەوە. شۆفێرەکە، کە دیار بوو یەکێکی دیکە دڵگیری کردووە، داخی دڵی خۆی بە مندا دەڕێشتو.. مسافیرەکانی دیکەش قاقا پێدەکەنین.
- مرۆڤێك نەتوانێ دەرگای ماشێن بکاتەوە، بۆ بنی گڵ چاکە!.
ئەمنیش لەشەرمدا سوورو سپی دەبوومەوەو لەبەرخۆمەوە دەمگوت:
- هەرچــی بڵێ حەقیەتی..
مسافیرەکانیش حەقیان بە شۆفێرەکە دەدا. ئەو پیاوە قەڵەوەی لە دوامەوە دانیشتبوو، گوتی:
- هۆکەی ئەوەیە لە کار ورد نابنەوە.
خانمێکی پیرو قسەزلیش شاهیدیی دا:
- بهڵێ عەزیزم، ئەم کارانە بە گەورەء بچووکی نییە. هێندآ کەس شعووری بڕ ناکا.
شۆفێرەکە سەرێکی باداو گوتی:
- کەسێ شعووری نەبێ، فلسێك ناهێنێ..
نەمدەزانی چ وەڵامێکیان بدەمەوە. دەترسام ئەگەر قسە بکەم، تێرو پڕیشم بکوتن. پیاوە قەڵەوەکە دەیویست لە شەقامی ((ئەمین ئونو)) دابەزێ، بەڵام هەرچییەکی دەکرد، دەرگای ماشێنەکە نەدەکرایەوە. شۆفێرەکە ئەمجارەیان بە سەر ئەودا هاواری کرد:
- براکەی باوکم.. دیارە تۆش وەکوو ئەوی.. دەسکەکە بە لای ڕاستدا سووڕ بدە!.
- کاکە سووڕ ناخوا!!..
شۆفێرەکە بۆڵاندی:
- ئەتۆ خەریکی بە لای چەپدا سووڕی دەدەی.. بە لای ڕاستدا سووڕی بدە.
پیاوە قەڵەوەکە وەکوو ترومپا دەستی بۆ چەپو ڕاست دەبرد؛ بەڵام دەرگاکە نەدەکرایەوە.
شۆفێرەکە خەریک بوو لە داخدا بتەقێ، گوتی:
- کاکە.. گووی سەگت تێ کرد..! ئاخر ئەوەی ناوێ. لە دەرەوە بۆ چەپو لە نێوەوەش دەبێ بۆ ڕاستی سووڕ بدەی.
بەڵام دەرگاکە لە شوێنی خۆیدا جووڵەی نەدەکرد، هەردەتگوت دوعای لـێکراوە. شۆفێرەکە خۆی درێژ کردەوەو دەرگاکەی کردەوە..
کابرای قەڵەو خۆی هاویشتە دەرەوە. ئەمنیش هەرچەند دەمویست بۆ ((کورتولوش)) بڕۆم، لە ترسی ئەوەی نەوەک لەگەڵ شۆفێرەکە دەنگم دەر بێ، وام بە چاک زانی تا دەرگا وازە، دابەزم.
هەمیسان ماوەیەک لە سەر شەقامەکە چاوەڕوان مامەوە. کاتێ کە ماشێنێك گەیشتە لامو پرسیی: ((کورتولوش؟))، خێرا بازم داو دەسکەکەم گرتو وەک ماشێنەکەی پێشوو بە لای چەپدا سووڕیم دا، بەڵام نەکرایەوە، بە لای ڕاستیشدا سووڕیم دا، هەر نەکرایەوە.. جاری دووەم ئەوەندە توند زۆرم لـێ کرد زۆری نەمابوو دەمارەکانی دەستم لەبەر یەک بچن!.
شۆفێرەکە هاواری لـێهەڵسا:
- کابرا.. چمـا تازە لە دێهاتەوە هاتـووی؟!. دەسکەکە بۆ سەرەوە ڕاکێشە.
دەرگاکەم کردەوەو سوار بووم.. شۆفێرەکە دەستی بە قسە کردن کرد:
- هەر کەسێ لە داپیـرەی تووڕە دەبێ، دێتە شار.. ئەمانە دەبێ سواری وڵاخ بن.. چووزانن ماشێن چییە!!
مسافیرەکانیش لەگەڵ ئەو دەمیان گرتبووو ئەوەی لێیان وەشایەوە پێیان کردم.
لە ترسدا ورتەم لە دەم نەدەهاتە دەر. دەمگوت نەوەک بڕژێنە سەرمو تێرو پڕم بکوتن.
مسافیرێک دەیویست لە ((کاراکوی)) دابەزێ. ئەویش نەیدەتوانی دەرگاکە بکاتەوە!.
شۆفێرەکە دەستی پێکرد:
- کاکی خۆم بۆ سەرەوەی ڕاکێشە!.
مسافیرەکە لە لاتو چەقۆکێشەکان بوو، وەڵامی دایەوە:
- خۆ دەستت نەشکاوە.. زووبە خۆت ئەم سەگخاوەنە بکەرەوە.
شۆفێرەکە درێژ بۆوەو دەرگاکەی واز کرد. کابرا چووە خوارەوە. منیش لە ترسی ئەوەی نەوەک داخی ئەو کابرایە بە سەر مندا بڕێژێ، وام بە چاک زانی تا دەرگای ماشێنەکە وازە، دابەزم.
بە زەحمەت ماشێنێکی دیکەم دەست کەوت. دەسکەم بۆ لای چەپ سووڕ دا.. بۆ لای ڕاستم سووڕ دا.. ڕامکێشایە سەرەوە.. بەڵام دەرگا نەکرایەوە.
شۆفێرەکە هاواری کرد:
- کـاکـە، پاڵی پێوە بنێ..
وەڵامم دایەوە:
- کوێی پاڵ پێوە بنێم؟.
- هــەی، هــەی!. تۆ سەیر ئەمە، هەر دەڵێی تازە بــارە کاکەی فرۆشتووەو هاتۆتە شـار!!.
بە توندی پاڵم بە دەرگاکەوە نا. ((تەقو پۆق))ی وێ کەوت. بەڵام نەکرایەوە.
شۆفێرەکە هاواری کرد:
- هێی خاڵۆ! بۆچ پاڵ بە دەرگاکەوە دەنێی؟ دەسکەکە پاڵ بدە!!.
شوکور بۆ خوا ئەمەیان ئۆتوماتیک بووو بەهاسانی کرایەوە. بەڵام شۆفێرەکە لەوانی دیکە زمانشڕتر بوو:
- ئێمە دەبێ شارستانەتیش پێشانی مسافیرەکان بدەین!. چارەڕەشییەکە لەوەدایە هێندێکیان ئەوەندە بێمێشکن
باس ناکرێن..
شۆفێرەکە بێدەنگ بوو. نەختێ گوێی شل کردو پاشان بە یەکێك لەو مسافیرانەی گوت کە لە تەنیشت دەرگاکە دانیشتبوو:
- دەرگای لای تۆ وازە.
مسافیرەکە دەرگاکەی کردەوەو لەسەرخۆ پێوەی دایەوە.
شۆفێرەکە هاواری لـێهەڵسا:
- نەبەسترا، چما نانت نەخواردووە!. توند پێوەی بدەرەوە.
مسافیرەکە دیسانەوە دەرگاکەی کردەوەو ئەمجارە ئەوەندە توند پێوەی دایەوە شۆفێرەکە میترێک بە هەوادا چوو.
شۆفێرەکە هاواری کرد:
- ئەوە چتە ڕەحمەت لە باوکت؟!. بۆ پێنج ڕیاڵ دەرگای ماشێنەکەت لـێکردەوە!. خۆ دەرگای قەڵا نییە بەو شێوەیەی دەبەستی!.
هاتو هاواری نێوان شۆفێرو مسافیرەکە نەبڕابۆوە کە گەیشتینە ((گالاتاسرای)). ئەو مسافیرەی لەگەڵ شۆفێرەکە بە شەڕ هاتبوو، دەیویست دابەزێ. دیسان دەرگا نەدەکرایەوە!. ژاوە ژاوێک سەری هەڵدابوو باس ناکرێ!.
لەئاکامدا ئەوەندە دەسکەکەی بۆ سەرەوەو خوارەوەو بۆ لای چەپو ڕاست سووڕ دا تا دەرگاکە کرایەوە. بینیم وا چاکە، پاش ئەم هەموو زەحمەتە کە دەرگای ماشێنەکە کراوەتەوە، ئەمنیش دابەزم.. بە پەلە بازم دایە خوارەوە.
پاش مانەوەیەکی زۆر، تاکسییەکی دیکەم دۆزییەوە. لە شۆفێرەکەم پرسی:
- دەچیە کورتولوش؟.
- بەڵێ.. فەرموون..
لە ترسی ئەوەی نەوەک لەگەڵ ئەمیش یەک بگرین، پرسیم:
- بۆ کـام لای ڕابکێشم؟.
شۆفێرەکە وەکوو یەکێک جنۆکەی لەنێو حەمامدا دیتبێ، هەر دوو چاوی دەرپۆقینو گوتی:
- ئەمە پرسیار کردنی ناوێ، کاکی خۆم.. ئاشکرایە دەبێ بۆ لای خۆتی ڕابکێشی!.
ئیدی کاسەی سەبرم لێی دەڕژا، پرسیم:
- ئاخر هەرکام لە ئێوە جۆرە سازێک لـێدەدەن.. تاوانی من چییە؟.
شۆفێرەکە لەم قسەیەی من زۆر دڵگیر بوو. گوتی:
- خۆ بۆمب دروست ناکەی!. شاگردی شۆفێریش دەزانێ کە ماشێنی فۆرد دەبێ بۆ لای چەپو شۆفێرلێت بۆ لای ڕاست سووڕ بدەی. دەبێ مەرسیدس بێنز بۆ نێوەوە فشار بدەی. دەبێ هیلمن بۆ لای خۆت ڕابکێشی.. فیات بۆ سەرەوە ڕابکێشی..
شۆفێرەکە چەشنی قوتابییەکی زیرەک کە لە بن تەختەڕەشەدا وانەکانی وەڵام دەداتەوە، بە دوای یەکدا شێوەی کردنەوەی دەرگای ماشێنەکانی دەگوت. مسافیرەکانیش کڕو کپ گوێیان شل کردبوو.
یەکێک لە مسافیرەکان گوتی:
- دە باشە بۆچی هەر هەموویان وەک یەک دروست نەکردووە تا مرۆڤ سەریان لـێدەربکا؟!
شۆفێرەکە ترشۆکەیەکی هـاتێو گوتی:
- چۆن دەبێ؟.. هەر یەک لەو ماشێنانە هی وڵاتێکو کارگەیەکەو هەر وڵاتێکیش وا ڕاهاتوون بۆ یەک لای سووڕ بدەن!!.
زمانە بێخاوەنەکەی منیش کە بە هەر زەحمەتێک بوو تا ئەو ساتە ڕامگرتبوو، وەک تەڵەی مشک کە نێچیری لـێ نێزیک دەبێتەوەو لەپڕ دەتەقێ، بێدەسەڵاتانە کرایەوەو گوتم:
- دەسا ئێمە چ گوناحێکمان کردووە کە دەبێ لەگەڵ سازی گشت وڵاتێک هەڵپەڕین!!.
شۆفێرەکە بەشێوەیەکی تایبەتی پێکەنیو گوتی:
- هـە.. هـە.. برا توێکڵە کاڵەک فڕێ مەدە ژێر پێمان.. ئێمە ژنو منداڵمان هەیە. دەبێ خەرجی شەش کەس بدەین.
یەکێک لە مسافیرەکان کە بە سەرو سەکوتیەوە وا دەردەکەوت بێکارە نییەو هەر دوو چاوی بڕیبوونە نێوچاوانی من، گوتی:
- ئێوە بۆچ وا ڕاهاتوون قسەی بێمانا بکـەن؟.
یەکێک لە مسافیرەکان دەیویست لە ((تەقسیم)) دابەزێ. هەرکە ویستی لە دەرگاکە بچێتە دەرەوە، دەنگی هاوارو ناڵەی
بەرز بۆوە:
- ئــۆف.. هـاوار!!..
- چ بـوو؟.
پەنجەی کەوتبووە بەر دەرگاکە.. دەستی بە ناسزا گوتن کرد:
- ئەم گووە ناو بووە وەک سەگ وایە!..
شۆفێرەکە تریقایەوە، پێی بە گازدا ناو گوتی:
- ئەو کەسەی نەتوانێ سواری ماشێن بێ، مردنی لە مانی چاکترە!.
ئەمیش تازە گرێی دڵی کرابۆوە. سەیرم کرد چاکتر وایە دابەزمو پاشماوەی ڕێگاکە بە پــێ ببڕم.. بەڵام وەک هەمیشە کارەکان پێچەوانە بوون.. ئێستا کە من بڕیارم دابوو بە پێ بڕۆم، تاکسییە خاڵییەکان یەک لە دوای یەک دەهاتن، ڕادەوەستانو دەیانپرســی:
- کاکە، بۆ کوێ دەچن؟.
ئەمن یان وەڵامیانم نەدەدایهوە، یان بە سەر ئاماژەم دەکرد کە ماشێنم ناوێ. سەرەنجام ماشێنێک لە تەنیشتم ڕاوەستاو گوتی:
- دەچنە کورتولوش؟.
سەیری ڕوومەتی شۆفێرەکەم کرد. پیاوێکی دەنێوەوەچوو بوو. لە دڵی خۆمدا گوتم: ((ئەمەیان ئیدی ناسزا ناڵێ)). ماشێنەکە سێ کەسی دیکەشی تێدا بوو. پرسیم:
- تاکسییەکەی ئێوە مۆرکی کوێی پێوەیە؟.
شۆفێرەکە زۆری پێ ناخۆش بوو، گوتی:
- ڕەحمەت لە باوکت، چما بە پێنج ڕیاڵتەوە دەتەوێ ماشێنەکە بکڕی؟.
- نا، کاکە، مەبەستم ئەوەیە دەرگاکەی چۆن چۆنین دەکرێتەوە؟.
- بۆ نێوەوە پاڵی پێوە بنێ..
بەڵام ئەم ماشێنە هەر دەسکەی نەبوو. ئەمنیش نەمدەزانی دەبێ کوێی پاڵ پێوە بنێم.
شۆفێرەکە هاواری کرد:
- زووبە.. گیانت دەرچـێ.. سوار بە!.
بە دەستو ئەژنۆو ئانێشک دەستم بە پاڵدانی پەیکەری ماشێنەکە کرد.. شۆفێرەکە لەنێوەوە یارمەتیی دەدا.. یەکێک لە مسافیرەکانیش کە لە تەنیشت دەرگاکە دانیشتبوو، بە هاوارمانەوە هات تا لە ئاکامدا دەرگاکە کرایەوەو سوار بووم..
بەڵام هەرچی هەوڵم دەدا، دەرگاکە پێوە نەدەدرایەوە.. ناچار بووم بە هەرچی هێزێک کە تێم دایە دەرگاکە پێوە بدەمەوە.
شۆفێرەکە دەستی بە بۆڵە بۆڵ کرد:
- پەنجا هەزار لیرەم بەم ماشێنە داوە. هێشتا ساڵێک نابێ، کردیانە کەوڵە کۆنە.. مخابن بۆ عەرەبانەیەک مرۆڤ بیخاتە ژێر پێی ئەم خەڵکە..
گەیشتینە ((کورتولوش)).. ماشێنەکە ڕاوەستا. ئەو مسافیرەی لە تەنیشت دەرگاکە دانیشتبوو، دەیویست دەرگاکە بکاتەوە؛ بەڵام هەرچی هەوڵی دەدا، نەدەکرایەوە.
ئەمن کە لە شۆفێرەکانی پێشووەوە فێر ببووم، لە سەر یەک دەمگوت:
- بۆ چەپ.. بۆ ڕاست.. بۆ سەرەوە.. بۆ خوارەوە..
یەکێکی دیکە لە مسافیرەکانیش هاتە یاریمان. بە دوای ئەودا ، سێیەم کەسو چوارەم کەسیش.. هەموومان بەر بووینە گیانی دەرگاکە.. پاشانیش شۆفێرەکە ماوەیەک تێکۆشا. بەڵام دەرگای ماشێنەکە نەدەکرایەوە.. دەرگاکانی دیکەش هەر بەو شێوەیە..
هەموومان دەنێو ماشێنەکەدا توند کرابووین.. شۆفێرەکە، کە ئارەق بە جەستەیدا چۆڕەی دەهات، هەزار جوێنو قسەی ناشیرینی پێشکێشی هەمووان کرد.
ئێمە هەریەکەمان لەگەڵ دەرگایەک ملە ملەمان بوو؛ بەڵام سوودی نەبوو.
لە پشتی تاکسییەکەی ئێمەوە، تراموایو ســی، چــل ئۆتوموبیل ڕیزیان بەستبوو. پۆلیسی هاتو چۆ سەرەمڕ هاواری دەکرد:
- بکەوە ڕێ..
یەکێک لە ڕێبوارەکان کۆتەکەی لە بەر داکەندو کەوتە هەوڵدان تا بەڵکوو دەرگاکە بکاتەوە. ئەو خانمەی لەگەڵ مسافیرەکان لەنێو ماشێنەکەدا بوو، دەیقیژاند:
- خەڵکینە! خێرا کەن.. یارمەتیمان بدەن.. فریامان کەون..
سەرو سەکوتی جۆرێک بوو مرۆڤ وای دەزانی ژان دەیگرێ. خەڵک دەورو پشتی تەنیبووین. هەریەکەو قسەیەکی دەکرد:
- چ بــووە؟.
- کەسێک بۆتە ژێرەوە؟.
-لە شتـــی داوە؟.
شۆفێرەکە هاواری کرد:
- نە، کاکــە!.. لەنێو ماشێنەکەدا ماوینەتەوە.. دەرگاکان ناکرێنەوە!.
ژنە مسافیرەکە هاواری دەکرد.. شۆفێرەکە جوێنی بە خەڵکی بێکارە دەدا.. ڕێبوارەکانیش پێدەکەنین. هەتــا یەکێک لە ڕێبوارەکان گوتی:
- وا نابێ.. بڕۆن چەکوشێک بێنن.
یەکێکی دیکە گوتی:
- چەکوش سوودی نییە.. دەلــەمی دەوێ.
شۆفێرەکە هاواری کرد:
- چــما دەتانەوێ بەرد بشکێنن؟.. بە قەد قورسییەکەی ئەسکەناسم داوە!.
دنیا تاریک دەبووو ئێمەش هەروا دەنێو ماشێنەکەدا گیرمان خواردبوو. یەکێک لە شۆفێرەکان بە شۆفێرەکەی ئێمەی گوت:
- برا، بەخۆڕایی خۆت دەسخەڕۆ مەکە.. بڕۆ بۆ لای وەستا ((یونکا)).. ئەمنیش پێش چەند ڕۆژ تووشی ئەم دەردە هاتم. بۆ لای هەرکەسێک دەچووم، نەیدەتوانی دەرگاکە بکاتەوە.. لە ئاکامدا، ئەو ڕزگاری کردم..
چووین بۆ کارگەکەی وەستا ((یونکا)). بەڵام وەستا دوکانی داخستبوو. یهکێکمان بۆ ماڵیان نارد. دوو، سێ سەعاتێکی دیکە تێپەڕی.. وەستا دیار نەبوو. خەریک بووین لەنێو ماشێنەکەدا شەقمان دەبرد!. خوا ڕەحمی کرد وەستا گەیشت، ئەگینا وەزعی هەموومان خــراپ دەبوو. ئەویش نیو سەعاتێک لەگەڵ ماشێنەکە دەستو پەنجەی نەرم کرد؛ بەڵام نەیتوانی بیکاتەوە. گوتـی:
- بیبەنە ((تارلاباشی)) بۆ لای ((ئیبو))ی قوفڵســـاز.
چووینە لای ((ئیبو)). ئەویش سەیرێکی قوفڵەکەی کردو گوتی:
- زمانەی قوفڵەکان خراپ بوون!.
- چ بکـەیـن؟.
- بە شەو نابێ.. ڕۆژێک کار دەبـا.. بڕۆن سبەینێ زوو بێنەوە تا چاکی بکەمەوە.
دەستمان بە پاڕانەوە کرد:
- بیکە بۆ خاتری خوا ڕزگارمان بکە.
- لانیکەم بە مێردەکەم بڵێن ئەمن لێرەم.
((ئیبو)) کە دڵی پێمان سووتابوو، دەستی بە کارکردن کرد. نزیک بە نیوەی شەو دەستی لە کار هەڵگرتو گوتی:
- کاکە نابێ.. ئەم سەگخاوەنانە کاتێک کە پەکیان دەکەوێ، هیچیان لەگەڵ ناکرێ..
- دەسا ئێمە چ بکەین؟.
- لە پەنجەرەکەڕا بێنە دەرەوە.
سەرەتا نۆرەی خانمەکە بوو. سەری لە پەنجەرەکەوە بردە دەرەوە. هێندێک کەس لە دەرەوە ڕایاندەکێشاو ئێمەش لەنێوەوە پاڵمان پێوە دەنا تا سەرەنجام چووە دەرەوە.
دوای ئەو، ئەمن چوومە دەرەوە.. هەناسەم خەریک بوو بپچرێ کە خەڵک فریام کەوتن. بەدوای مندا مسافیرێکی قەڵەو دەیویست بێتە دەرەوە. هەتا نێوقەد ڕامانکێشایە دەرەوە. بەڵام لە نێوەڕاستدا گیری کرد. بێچارە سەرەمڕ هاواری دەکرد:
- کاکە لێم گەڕێن بچمەوە نێو ماشێنەکەوە.. نامەوێ!.
بەڵام نــە دەیتوانی بچێتەوە ژوورەوە، نــە دەشیتوانی بێتە دەرەوە!.. ئەمن زۆر دواکەوتبوومو ئێستا دەبوو لەگەڵ دایکی منداڵەکانیش دەمەقاڵەیەک بکەمو بۆی لێک بدەمەوە کە تاكوو ئێستا لە کوێ بووم.
بەپەلە بەرەو ماڵ بوومەوە.. نــازانم ئەو بێچارەیە چیی بە سەر هات.. بەڵام ئەمن بەڵێنم بە ژنــەکەم داو سوێندم خوارد کە چیدی سـواری تاکسیی پێنج ڕیاڵی نەبمو گشت شەوێک ڕێگای ((کورتولوش)) بە پــێ ببڕم.
…
* ســەرچاوە:
((تاکسی پنج ریالـی))، عزیز نسین، ترجمە: رضا همراە، ص. 10-
له ماڵپهری گزنگ وهرگیراوه
لهسهر هێڵ نییه