
سڤیل: بەیروت
گۆرانیبێژی بەناوبانگی لوبنانی هەیفا وەهبی لەو چاوپێكەوتنە تایبەتەیدا لەگەڵ (سڤیل) وەڵامی چەندین پرسیار لەبارەی ژیانی تایبەتی خۆی و كارە هونەرییەكانی دەداتەوە.
***
سڤیل: دەگوترێ بەمدواییانە لەگەڵ رێكخراوێكی چالاك لەدژی بەشودانی ئەو منداڵانەی تەمەنیان بچووكە پەیوەندیت دروستكرووە، ئەوە تاچەند ڕاستە؟
هەیفا وەهبی: بەڵێ ئەوە ڕاستە، ئەمەش لەدوای ئەوە هات، كە هاوڕابووم لەگەڵ داواكاری كۆمەڵگەی خۆم بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیارەی بەشودانی ئەو كچانەی كە هێشتا منداڵن، خۆشم سكاڵایەكم ئیمزا كردووە، لەبەرامبەر بەشودانی منداڵان، لەبەرئەوەی كچ لەتەمەنی بچووكدا ناتوانێ لەدەوروپشتی خۆی تێبگات، نازانێت مارەكردنی لەپیاو چییە و چ گۆڕانكارییەك لەژیانی روودەدات، بەداخەوە وەك دەزانین لەكۆمەڵگەی ئێمەدا بەشودانی كچ لەلایەن دایك و باوكە، نەك رای كچەكە خۆی.
سڤیل: بەڵام تۆ خۆشت لەتەمەنێكی بچووك شوت كرد و كچەكەشت بەهەمانشێوە لەتەمەنێكی بچووك شوی كرد؟
هەیفا وەهبی: ئەوە لەگرنگترین هۆكارەكانە، كە هانیدام بەشداری لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە بكەم و كچان نەكەونە ئەم تاقیكردنەوەیە كە خۆم زۆر ئازارم پێی چێشت.
سڤیل: لەوبارەیەوە دەتوانی چی بكەی؟
هەیفا وەهبی: دەبێ شەڕێك هەڵگیرسێنم دژی ئەو دەڵاڵانەی كە ئەو مارەكردنەیان كردووە و دەبێ خۆم تەرخان بكەم وەكو هونەرمەندێك بۆ ئەم داواكارییانەی خەڵك و نەهێشتنی دیاردەی بەزۆر بەشودانی پێشوەختە.
سڤیل: دەربارەی (زینەب)ـی كچت، كە هەندێ لەراگەیاندنەكان بڵاویانكردەوە كە منداڵی بووە، تۆش بووی بەداپیرە، پێتناخۆش نییە بووی بەداپیرە؟
هەیفا وەهبی: بەخۆشحاڵیەوە زۆر كەیفخۆشم بەم قسانە، پروپاگەندە هیچ كاریگەرییەك لەسەرمن دروست ناكات و لێی راهاتووم، من ببم بەداپیرەش هەر هەیفا وەهبی دەمێنمەوە.
سڤیل: خەڵاتی باشترین گۆرانیبێژ و هونەرمەندت پێبەخشرا، ئێستا هەست بەچی دەكەی؟
هەیفا وەهبی: هەست بەخۆشییەك دەكەم، كە وەسف ناكرێ، لەبەرئەوەی كارەكە لەناو خەڵك ئەنجامدرا، ئەوە زۆر خۆشحاڵی كردم و بەباشترین خەڵاتی دەزانم، كە دەستم كەوتبێ لەژیانمدا، هەروەها ئەركێكی گەورەی بەمن بەخشی، دەبێ هەوڵ و كۆششی زیاتر بدەم بۆ ڕازیكردنی ئەم خەڵكانەی منیان خۆشدەوێ، ئەوە باشترین هەڵە بۆ سوپاسكردنی هەموو ئەو جێگایانەی ماندووبوونی منیان بەئەركزانی، ئەمە بەنیشانێك و مەدالیایەكی زێرین دەزانم بەسەر سینگمەوە.
سڤیل: خەڵات دەبێتە ئاشكراكردنی توانای هونەری و گۆرانی هونەرمەندەكە، ئایا كامیان لەتۆ نزیكترە؟
هەیفا وەهبی: من زۆر سوپاسی ئەوانە دەكەم، كە رێزیان لەكاری هونەریی من دانا، زۆر سوپاسی ئەو كەسانە دەكەم كە رەخنەی باشیان هەبووە و ئەو ئەنجامەی لێ دروست بوو، هەروەها توانیم بەسەركەوتوویی لەیەكەم تاقیكردنەوەم لەبواری سینەما تێپەڕم، ئەویش لەفیلمی (دكان شحاتە) زۆر سەیرم بەخۆهات بینیم خەڵك ئەزموونی منیان بەسەركەوتوویی وەرگرت، كە بۆمن ئەزموونێكی قورسیش بوو، بەڵام تاقیكردنەوەیەكی زۆر دەوڵەمەند بوو و زۆر قازانجم لێ وەرگرت، بەڵام لەپێشدا من گۆرانیبێژبووم و ئەم نازناوە لەمن نزیكترە، نەك ئەكتەری.
سڤیل: هۆكاری دواكەوتنی ئەلبوومەكەی ئەمساڵت بۆچی دەگەڕێتەوە؟
هەیفا وەهبی: سەرقاڵبووم بەكارەكانی دیكەم، وەك كۆنسێرت و كلیپ، هەروەها لەدانانی دوائەلبوومم (یبنی هیفا) زۆر ماندووبووم تاتەواوم كرد و بڕیارمدا لەبازاڕ بڵاوی بكەمەوە، بەڵام لەوكاتەدا زۆرم لەئەلبوومەكان تەواوكرد، هیچ بۆشاییەكم جێنەهێشت، كە هەموو ئەوانە دیاریەكی گەورەن بۆ جەماوەر، لەبەرئەوە لەوەختێك تا وەختێك من گۆرانی بەتەنیا پێشكەش دەكەم، ئەمەش هۆكارێكە بۆ دواكەوتنی هەر ئەلبوومێك.
سڤیل: بەڵام دەگوترێ هۆكارەكەی ئەوەیە كە بەڕێوەبەری كارەكانت جێی هێشتووی؟
هەیفا وەهبی: مستەفا سرور بەجێینەهێشتووم، ئەم سێ ساڵەی كە ئەو بەڕێوەبەری كارەكانم بوو زۆرشتی بۆمن بەئامانج گەیاند، بەڵام من و ئەو ڕێكەوتین كە بەخۆشی و بەبێدەنگی لێكدابڕێین، بەڵام ئێستاش ئێمە دۆستین و پەیوەندییەكی باشمان هەیە، بەڵام بەلێك دووربوونەوەمان هیچكات نەبۆتە هۆی ئەوەی كارەكانم دوابكەوێ و نابێتە هۆی كوژاندنەوەی ئەستێرەیی من.
سڤیل: رات چییە بەرامبەر ئەو كۆمپانیایانەی مەرج بۆ گۆرانیبێژە ئەستێرەكان دادەنێن وەك ئیمزای راگرتن؟
هەیفا وەهبی: من هەمووكات و لەوەتەی دەستم بەگۆرانی گوتن كردووە، دژ بەراگرتن بوومە، لەبەرئەوە من هونەرمەندم و پێویستم بەموقابیل و راگرتن نییە، نابێ وابكەم كەس بتوانێ خۆی بەسەر مندا بسەپێنێ و بمبەستێتەوە و مافم نەداتێ، وابزانم خۆسەپاندن لەسەر هونەرمەندە تازەكانە نەك ئەستێرەكان، ئەوانەی كە هێشتا لەقۆناخی یەكەمن و پێویستیان بەكۆمپانیا هەیە سەرپەرشتییان بكات، هەروەها كۆمپانیا حەزدەكات قازانج لەوانە بكات، ئەمەش مافی خۆیەتی، كە لەم كاتەدا هەردوولا قازانج دەكەن.
سڤیل: بەنیازی لەگەڵ كۆمپانیایەك رێكەوتن ئەنجام بدەی؟
هەیفا وەهبی: جگە لەكۆمپانیای رۆتانا ئێستا گرێبەستم لەگەڵ هیچ كۆمپانیایەكی دیكە نییە، جارێ مافی ئەوەشم نییە لەگەڵ هیچ كۆمپانیایەك دی رێكەوتن بكەم، چونكە رێكەوتنم لەگەڵ رۆتانا هەیە، ڕاستی ئەوەی پێویستم بووە كۆمپانیای رۆتانا بۆی جێبەجێ كردووم لەسەركەوتنی مندا، بەڵام هەركاتێك هەست بە كەموكوڕی بكەم ئەوكاتە لەوانەیە بیر لەكۆمپانیای دی بكەمەوە.
سڤیل: چ هۆیەك هانیدای گۆرانییەك بۆ میسر بڵێی؟
هەیفا وەهبی: لەبەرئەوەی واهەست دەكەم من یەكێكم لەخەڵكی خۆشەویستی میسر، زۆر گەڕام بەدوای ئەو وشانەی كە بتوانم لەناخمەوە دەریببڕم، من ئێستا بەئاشكرایی ناسنامەی میسر هەڵدەگرم، حەقی خۆمە، لەبەرئەوەی میسر ئەوەندەی بەس نییە و نرخی لەهەموو گۆرانییەك گەورەترە، هەركەس بەجۆری لە ناخیەوە خۆشەویستی بەرامبەری دەردەكات و من خۆشەویستی خۆم بەگۆرانی بۆ دەربڕی.
سڤیل: پەشیمان نەبوویتەوە لەبەشداری نەكردنت لەفیلمی (رسائل البصر)، كە تۆ یەكەم پاڵێوراوی فیلمەكە بووە؟
هەیفا وەهبی: نەخێر پەشیمان نەبوومەتەوە و ئەوكاتە خۆم داوای لێبوردنم لێكرد كە نامەوێ بەشداری لەو فیلمەدا بكەم، لەدوای كۆچی دوایی ئەستێرەی بەناوبانگی (ئەحمەد زەكی) من حەزم نەكرد بەشداری بكەم، چونكە من بەراستی حەزمدەكرد لەگەڵ ئەودا بەیەكەوە بەشداری تێدا بكەین.

گەورەترین هەڵە کە لەلایەن زۆرینەی مرۆڤەکانەوە دەکرێت ئەوەیە :
تەنها گوێ لە نیوەی دەگرن، لە چارەكێکی تێدەگەن و دوو ئەوەندەش قسەدەکەن !!!!!! "