❤❤یـــانەی کوردژیـن/Kurd Zhin❤❤/ / چاوپێكه‌وتنی هونه‌ری كچه‌ شاعیرو هونه‌رمه‌ند كه‌ژاڵ ئاده‌می

.



نازناو:  وشه‌ی تێپه‌ڕبوون:  ‌  |  

ئاگاداری

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌ڕێزان : هه‌رکاتێک کێشه‌یه‌ک یان په‌یامێکی ناشیاوت به‌رچاو که‌وت له‌یانه‌دا ئه‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ :_

1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) .. ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .

2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له‌ ئه‌وروپا به‌ ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره‌ ته‌له‌فوونی( 00447754007706) .

New Page 1

    بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه‌  



#1 2010-10-13 14:22:27

هه‌واری خاڵی
پڕشنگی یانە
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2010-01-23
دواترین سه‌ردان: 2013-10-25
په‌یامه‌كان: 1177
WindowsXPFirefox

چاوپێكه‌وتنی هونه‌ری كچه‌ شاعیرو هونه‌رمه‌ند كه‌ژاڵ ئاده‌می

http://www.kurdzhin.info//uploads/images/kurdzhin-376694be84.jpg

ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ هونه‌رییه‌ له‌ لایه‌ن: سالار خواره‌حم كراوه‌ له‌ رۆژنامه‌ی هاوڵاتی

كچه‌ هونه‌رمه‌ندی ده‌نگ خۆش‌و شاعیری هه‌ست ناسك كه‌ژاڵ ئاده‌می ئێستا له‌ وڵاتی سوید نیشته‌جێیه‌ درباره‌ی ژیانی و سه‌ره‌تای ده‌سپێكردنی كاری هونه‌ری به‌م جۆره‌ بۆمان دووا.
جوانترین سڵاوم له‌ سه‌ر باڵی شنه‌ی به‌هاری پێشكه‌ش به‌ ئێوه‌ و هه‌موو خوێنه‌رانی هێژا. من له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا له‌ شاری سه‌قزی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ ئامێزی بنه‌ماڵه‌یه‌كی شۆڕشگێڕدا له‌ دایك بووم. ته‌مه‌نی منداڵیم له‌و شاره‌دا به‌سه‌ر برد. له‌ ته‌مه‌نی منداڵیه‌وه‌ له‌ بواری شانۆ و سرووددا چالاك بووم و خۆلیای شیعر بووم. ساڵی 1998 له‌ ئامێزی نیشتمان دوور كه‌وتمه‌وه‌ و رێگای تاراوگه‌م گرته‌ به‌ر و ئێستا له‌ وڵاتی سوید ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌م. له‌ بواری خوێندندا له‌ زانكۆ كۆمه‌ڵناسیم خوێندوه‌ و له‌ بواری مێژووی مۆسیقا‌و په‌یوه‌ندی مۆسیقا‌و سیاسه‌ت له‌ زانكۆدا خوێندوومه‌. یه‌كه‌م هه‌نگاوی من بۆ نێو دنیای هونه‌ر له‌ نوسینی شیعره‌وه‌ بوو. به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ رۆژهه‌ڵات خوێندن و نووسینی كوردی له‌ مه‌كته‌ب قه‌ده‌غه‌ بوو، به‌ مه‌به‌ستی فێربوونی زبانی دایكیی خۆم له‌ ته‌مه‌نی 9 ساڵاندا ده‌ستم كرد به‌ خوێندنه‌وه‌ی دیوانی شیعری شاعیری نیشتمانپه‌روه‌ر مامۆستا بورهان قانع. شیعره‌كانی قانع په‌نجه‌ره‌یه‌كی روو به‌ دنیای هونه‌ر بۆ كردمه‌وه‌‌و منی ئاشنا كرد به‌ شیعر و ئه‌ده‌بی كوردی. هه‌ر له‌و ته‌مه‌نی منداڵیه‌مه‌وه‌ خولیای شیعر بوم‌و قه‌ڵه‌می شیعرنووسینم گرته‌ ده‌ستم و شیعر بوو به‌ زبانی به‌یانی هه‌سته‌ شاراوه‌كانم. پاش هاتنم بۆ تاراوگه‌ له‌ مه‌كته‌بی مۆسیقای «سه‌با» له‌ خزمه‌ت مامۆستا عه‌لی شه‌كووری ده‌ستم به‌ فێربوونی ژه‌ندنی ئامێری كه‌مان كرد و تیشكم خسته‌ سه‌ر فێربوونی تیئۆری مۆسیقا. هیوایه‌ت و خۆشه‌ویستی خۆم بۆ هونه‌ر، ژیان له‌ نێو بنه‌ماڵه‌یه‌كی هونه‌ردۆست و له‌ ئاكامدا پشتیوانی‌و رینوێنیه‌ به‌نرخه‌كانی مامۆستا شه‌كووری هانده‌ری سه‌ره‌كی من بوون بۆ چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانم.
هاوڵاتی‌: كه‌ی كوردستانت به‌جێهێشت‌و بۆچی؟
كه‌ژاڵ ئاده‌می‌: ژیانی سیاسی دایك و باوكم هۆكاری سه‌ره‌كی بوو. من رۆڵه‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌كی شۆڕشگێڕم. دایك و باوكم به‌ هۆی ئه‌وه‌ی نه‌یانده‌توانی به‌رانبه‌ر به‌ زوڵم و سته‌م مل دابنه‌وێنن و ژیرده‌ست بوونی نه‌ته‌وه‌ی كوورد له‌ ئێراندا قه‌بووڵ بكه‌ن تێكه‌ڵاوی شۆڕش و ژیانی پێشمه‌رگایه‌تی له‌ چیاكاندا بوون. هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌ له‌ ته‌مه‌نی دوومانگاندا له‌ ئامێزی دایك هه‌ڵچڕام‌و تا ته‌مه‌نی 14 ساڵان دوور له‌وان ژیانم به‌سه‌ربرد. ساڵی 1998 به‌ مه‌به‌ستی دیداری دایك و باوكم نیشتمانم به‌جێهێشت‌و له‌ تاراوگه‌ بۆ یه‌كه‌م جار به‌ دیداریان شاد بوومه‌وه‌.
هاوڵاتی‌: جگه‌ له‌ گۆرانی شیعریش ده‌نووسیت، ئایا گۆرانییه‌كانی خۆت هۆنراوه‌ی خۆتن‌و ئایا تا چه‌ند هۆنراوه‌كانت كراون به‌ گۆرانی؟
كه‌ژاڵ ئاده‌می‌: سه‌رجه‌م گۆرانییه‌كانی ئاڵبۆمی «جوانترین وشه‌» كه‌ ساڵی 2004 پێشكه‌شی هاووڵاتیانم كرد هۆنراوه‌كانی خۆمن. ئاڵبۆمی «وڵاتی عه‌شق» كه‌ ئه‌مساڵ پێشكه‌ش كرا له‌ سێ گۆرانیدا هۆنراوه‌كانی خۆمم به‌كار هێناوه‌. هۆنراوه‌كانی من تا به‌ ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن گۆرانیبێژه‌ كورده‌كانه‌وه‌ نه‌كراوه‌ به‌ گۆرانی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی من به‌ زبانی فارسیش شیعر ده‌نووسم چه‌ند شیعرێكم له‌لایه‌ن گۆرانبێژه‌ فارسه‌كانه‌وه‌ كراوه‌ به‌ گۆرانی‌و تا به‌ئه‌مڕۆ توانیومه‌ خاوه‌نی 13 گۆرانی له‌ دوو ئاڵبۆمی تۆماركراودا بم و پێنج گۆرانیم كلیپی بۆ كراوه‌ و تائێستاش مامۆستا علی شكوری ئاوازدانه‌ره‌كه‌م بووه‌.
هاوڵاتی‌: وڵاتی عه‌شق بۆچی؟
كه‌ژاڵ‌ ئاده‌می‌: ناوه‌ڕۆكی سه‌جه‌م گۆرانییه‌كانی ئه‌م ئاڵبۆمه‌ باس له‌ عه‌شق ده‌كات. باسی هه‌سته‌كانی خۆم ده‌كه‌م له‌ رووانگه‌ی ژنانه‌ی خۆمه‌وه‌، باسی عه‌شقی قه‌ده‌غه‌كراوی لاوانی كۆمه‌ڵگاكه‌مان ده‌كه‌م، باسی خۆشه‌ویستی نێوان باوك و رۆڵه‌، باسی ته‌نیایی مرۆڤه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ و باسی عه‌شق به‌ خاك و نیشتمان. وڵاتی عه‌شق ئه‌و وڵاته‌یه‌ كه‌ كه‌ژاڵ بێزووی پێده‌كات، وڵاتی عه‌شق هه‌ناسه‌كانی خۆشه‌ویستی منه‌ بۆ خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ره‌كه‌م و په‌یامی منه‌ بۆ خولقاندنی دنیایێكی جوانتر و پاكتر.
هاوڵاتی‌: هیچ كۆمپانیا‌و لایه‌نێك هاوكارییان كردویت بۆ به‌رهه‌مهێنانی سیدییه‌كه‌ت؟
كه‌ژاڵ ئاده‌می‌: هه‌موو ئه‌ركی تۆماركردنی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ له‌ ئه‌ستۆی خۆم بووه‌ و پشتیوانی ماددیم له‌ هیچ لایه‌نێك پێنه‌گه‌یشتوه‌ و هیچ منه‌تیشم نییه‌، چونكه‌ هه‌ر ئیشێكم كردبێت به‌ خاتری دڵی خۆم و خۆشه‌ویستی مۆسیقای نه‌ته‌وه‌كه‌مان و خه‌ڵكه‌كه‌م بووه‌. جێگای ئاماژه‌یه‌ كه‌ كۆمپانیای چوارچرا به‌ پشتیوانی گه‌رمی خۆی پشكۆی هیوامی داگرساند و ئه‌ركی تۆمار كردنی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ له‌ چه‌ندین نوسخه‌‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ كوردستان‌و رێكلام بۆ به‌رهه‌مه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆ گرت‌و بۆ كلیپ كردنی دوو گۆرانی به‌رهه‌می وڵاتی عه‌شق یارمه‌تی زۆریان دام كه‌ جێگای سوپاس‌و پێزانینه‌.
هاوڵاتی‌: له‌ گۆرانییه‌كانتدا عه‌شقی كوردستان پانتاییه‌كی فراوانی داگیر كردوه‌. ئه‌م عه‌شقه‌ جۆن پێناسه‌ ده‌كه‌یت له‌ كاتێكدا شاعیر عاشقه‌؟
كه‌ژاڵ ئاده‌می‌: غوربه‌ت‌و ژیان له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی نامۆدا په‌یوه‌ندی نێوان من و شیعره‌كانمی به‌هێزتر كردوه‌ و ناوه‌رۆكی شیعره‌كانمی به‌پێزتر. شیعر و گۆرانی شوێنێكه‌ تێیدا ژیان ته‌فسیر ده‌كه‌م و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دنیای ده‌وروپشتم ده‌كه‌م و دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان دهه‌ێنمه‌ ژێر چاویلكه‌ی ره‌خنه‌. من رۆڵه‌ی نیشتمانم‌و كوردستان مه‌نزڵگه‌ی بیره‌وه‌رییه‌ شیرینه‌كانم‌و منداڵییه‌ وونبوه‌كه‌مه‌. نیشتمان لای من خه‌ونێكی هه‌میشه‌ زیندووه‌، نادیارێكی هه‌میشه‌ په‌یدایه‌، بیره‌وه‌ری شه‌وه‌زه‌نگی شاعیرێكی شه‌یدایه‌ و ئه‌شقی وڵات هه‌وێنی هه‌سته‌كانمه‌.
هاوڵاتی‌: ئایا له‌ كام بواردا خۆت به‌ سه‌ركه‌وتوو داده‌نێیت. گۆرانی وتن یان هۆنراوه‌نووسین؟ بۆچی؟
كه‌ژاڵ ئاده‌می‌: بیسه‌ری گۆرانییه‌كانم و خوێنه‌ری شیعره‌كانم ده‌بێت ئه‌م بڕیاره‌ بده‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی گۆرانییه‌كانم هۆنراوه‌ی خۆمن، من شیعر و گۆرانییه‌كانم جوودا له‌ یه‌كتر نابینم. له‌ گۆرانیه‌كانمدا شیعره‌كانم ئاوێته‌ی مۆسیقا ده‌كه‌م و به‌ شێوازێكی نه‌رم و نیان به‌ گوێی بیسه‌ردا ئه‌یچرپێنم. هه‌مو وشه‌كانم له‌ كانگای دڵمه‌وه‌ دێته‌ ده‌رێ و هیوادارم بنیشێته‌ سه‌ر دڵی بیسه‌ر و خوێنه‌ریش.
هاوڵاتی‌: ئایا تاراوگه‌ نه‌بۆته‌ به‌ربه‌ست له‌پێناو به‌ڕه‌وپێشبردنی كاره‌كانت؟
كه‌ژاڵ ئاده‌می‌: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كوردستان وڵاتی خۆمانه‌ و زۆربه‌ی ئاوازدانه‌ر و ژه‌نیاره‌كانمان له‌وێ ده‌ژین، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌نجامی ئیشی هونه‌ری له‌وێ ئاسانتره‌، به‌ڵام ئاگری خۆشه‌ویستی من بۆ ئیشه‌ هونه‌رییه‌كانم ئه‌وه‌نده‌ به‌تینه‌ كه‌ نه‌مهێشتوه‌ تاراوگه‌ به‌ربه‌ستێكی ئه‌وتۆم بۆ ساز بكات.
هاوڵاتی‌: ئایا به‌نیاز نیت سه‌ردانی كوردستان بكه‌یت وكلیپ بۆگۆرانییه‌كانت بكه‌یت؟
كه‌ژاڵ ئاده‌می‌: گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كوردستان‌و پێشكه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌كانم له‌ ئامێزی نیشتماندا هه‌رده‌م ئاواتم بووه‌. چه‌ند مانگ له‌مه‌پێش به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامی چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی هونه‌ری كه‌ له‌وانه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می وڵاتی عه‌شق بوو بۆ یه‌كه‌مجار سه‌ردانی كوردستانی باشوورم كرد و به‌ دیداری وڵات شاد بوومه‌وه‌. هیوادارم بتوانم له‌ داهاتویشدا سه‌ردانێك ئه‌نجام بدم‌و گۆڵی خۆشه‌ویستی بده‌م له‌ به‌رۆكی نیشتمان‌و هاووڵاتیه‌ ئازیزه‌كانم كه‌ له‌م ساڵانه‌دا هه‌میشه‌ به‌ موحه‌به‌ت و میهره‌بانییه‌كانیان هانده‌رو پشتیوانم بوون.
گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نیشتمان‌و دیداری هاووڵاتیه‌كانم هه‌رده‌م ئاواتی منه‌و به‌ئامێزی كراوه‌وه‌ پێشوازی لێده‌كه‌م. ماوه‌یه‌ك پێش له‌ ئێستا به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامی چه‌ند پرۆژه‌یێكی هونه‌ری‌و وێنه‌گرتنی دوو كلیپ، بۆ یه‌كه‌مجار سه‌ردانی كوردستانی باشوورم كرد. هیوادارم له‌ داهاتویشدا بتوانم له‌م سه‌فه‌رانه‌ئه‌نجام بده‌م و به‌ دیداری نیشتمان شاد ببمه‌وه‌.
هاوڵاتی‌: خۆت به‌ قه‌رزاری كێ ده‌زانیت له‌بواری هونه‌ریدا؟
كه‌ژاڵ ئاده‌می‌: خۆم به‌ قه‌رزاری كه‌س نازانم به‌ڵام زۆرن ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌م بواره‌دا به‌ دڵێكی پاكه‌وه‌ رێنوێنیان كردووم‌و پشتیوانم بوون‌و تا دوایین هه‌‌ناسه‌كانم چاكه‌كانیان له‌یاد ناكه‌م‌و سوپاسیان ده‌كه‌م.
هاوڵاتی‌: ئایا جوانی ئاچه‌ند كاریگه‌ری هه‌یه‌ و به‌زاندنی سنور له‌لایه‌ن هه‌ندێك به‌ناو هونه‌رمه‌نده‌وه‌ چۆن ده‌بینیت؟
كه‌ژاڵ ئاده‌می‌: بێگومان كاریگه‌ری هه‌یه‌ به‌ڵام زۆر هه‌ڵه‌یه‌ گه‌ر رووخسار و جوانی هونه‌رمه‌ند بكه‌ینه‌ پێوه‌ر بۆ هونه‌ره‌كه‌ی.
هه‌ر كه‌س ته‌فسیر و تێڕوانینی جیاواز و تایبه‌تی خۆی له‌ هونه‌ر هه‌یه‌. به‌بڕوای من هونه‌ری راسته‌قینه‌ زۆر به‌رز و پیرۆزتر له‌وه‌ی كه‌ به‌ جه‌سته‌ی فانی و ماددیاتدا هه‌ڵواسرێت. ئه‌مه‌ بۆچوونی منه‌ به‌ڵام رێزیشم هه‌یه‌ بۆ هه‌مو بۆچونه‌كانی دیكه‌یش.
هاوڵاتی‌: هیچ كه‌ناڵێكی ته‌له‌فیزیۆنی له‌كوردستانی باشوور بانگه‌ێشت نه‌كراویت
كه‌ژاڵ ئاده‌می‌: ئه‌وكاته‌ی كه‌ سه‌فه‌ری كورستانم كرد له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌ناڵی ته‌له‌فیزیۆنی بانگهێشت كرام، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی كه‌می كات شانازی ئه‌وه‌م نه‌بوو كه‌ له‌ خزمه‌تیاندا بم.
هاوڵاتی‌: دواین كارو به‌رهه‌مت له‌بواری گۆرانی و هۆنراوه‌دا؟
كه‌ژاڵ ئاده‌می‌: ئێستا كلیپێكی نوێم له‌ قۆناخی مۆنتاژدایه‌ كه‌ هیوادارم له‌ دهاتوێكی نزیكدا پێشكه‌شی هاووڵاتیانی ئازیز بكرێت و هه‌روه‌ها سه‌رقاڵی تۆمار كردنی گۆرانییه‌كی نوێم و بناغه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی داهاتووم داده‌ڕێژم
به‌ ر له‌ كۆتای، سه‌باره‌ت به‌ ژیانی هاوسه‌ری ئاده‌می ووتی
هێشتا ژیانی هاوسه‌ریم پێكنهه‌ێناوه‌. زۆرتری كاته‌كانم بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانم له‌ بواری هونه‌ریدا ته‌رخان كردوه‌ و هه‌ست ده‌كه‌م پێكهێنانی ژیانی هاوسه‌ری له‌م قۆناخه‌ی ئێستا له‌ ژیانمدا گرنگییه‌كی ئه‌وتۆی نییه‌.

سه‌رچاوه‌: یانه‌ی خه‌لیفان

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


خوارووی مه‌كۆ

Your IP Address : 216.73.216.104
Powered by PunBB 1.2.15
© Copyright 2007 – 2011
Translated By : Webchin.Org
Design And Style By : Kurdzhin.net