.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه






پهڕهكان: 1







(ر)، پیاوێكی تەمەن 60 ساڵەی دانیشتوی شاری هەولێرە، دوای بەسەربردنی 37 ساڵ لە ژیانی هاوسەری و هەبوونی شەش كوڕ و چوار كچ، لە ماڵەوە دەردەكرێت و ئێستا لە خانەی بەساڵاچوان ژیان بەسەر دەبات.
ئەو پیاوە ریشسپییە، لە ژوورەكەی خۆی لەخانەی بەساڵاچوانی شاری هەولێردا، تەواوی بەسەرهاتەكەی خۆی بۆ (سڤیل) گێڕایەوە و سەرەتای قسەكانیشی بەوە دەستپێكرد كە هەر لەدوای ئەوەی لەماڵەوە دەردەكرێت، دوو داوای یاسایشی لەدادگا لەلایەن ژنەكەیەوە لە دژی بەرز دەكرێتەوە. بۆیە وەكو ئاماژەی پێدا، ئێستا بەهۆی ئەو كێشانەی لەلایەن خێزانەكەیەوە بەتایبەت هاوسەرەكەی و كوڕە گەورەكەیەوە، رووبەڕووی بۆتەوە و لە دوای خۆسوتاندنی دوو لە كچەكانی، هیچی بۆ نەماوەتەوە "جگە لەسەبرگرتن و پاڕانەوە لە قاپی خودا".
ئەو پیاوە تەمەن 60 ساڵییە بەرلەوەی دەست بە گێڕانەوەی سەروسەربردەی خۆی بكات، دەیگوت "نازانم لە كوێوە دەستپێبكەم، حیكایەتی من قەت تەواونابێ". ئەوە ماوەی ساڵ و نیوێكە لەم خانەیە دەژی و لەئێستادا پەیوەندیەكی لەگەڵ خانەوادەكەیدا نەماوە، هەر لەسەرەتای قسەكانیشیدا ئاماژەی بەوەكرد كە "حكومەت لەروودانی هەموو كێشەكان خەتای هەیە"، گلەییشی لەو لایەنانە دەكرد كە باسی مافی ئافرەت دەكەن، ئەو پێی وابوو "ئەوان ئافرەتیان بەلارێدا بردووە"، (ر) پێشتر فەرمانبەری (تێبینەر) بووە لە یەكێ لە فەرمانگە حكومییەكان و دواتر بەهۆی نەخۆشییەوە، چەند ساڵێك لەمەوبەر خۆی خانەنشین كردووە و جگە لەو دوو كچەی خۆیان سوتاندووە، دوو لەكچەكانی دیكەی شویان كردووە و لەماڵی خۆیاندان.
ئەو پیاوە ریشسپیە كە بەردەوام مەینەتی و ئازارەكانی خۆی، دەخاتەپاڵ ژنەكەی، دەڵێت "نزیكەی 37 ساڵە ژیانی هاوسەرێتیمان پێكهێناوە، لەسەرەتادا خراپ نەبوو، هەر خزمێك شەوێك لەلای ئێمە بمابایەوە حەسودی بەئێمە دەبرد، كە چەندە لەگەڵ یەكتر تەباین"، گوتیشی "باوەڕناكەم لەكوردستان دوو ژن و مێردی دیكە وەها تەبا بوونایە. لەسەرەتاوە مەجالێكی زۆرم دابووێ، كە موچەكەم وەردەگرت، هەموویم لەناودەستی ژنەكەم دەكرد، دواتر ئەگەر پێویستم بەپارە هەبووایە، لەخێزانەكەم وەردەگرت. ئەو دڵسافییەی من بوو، كە وایكرد ژنە ئەوهام بەسەربێنێت".
(ر) كاتێك رووداوە تاڵەكانی خۆی دەگێڕایەوە، چاوەكانی پڕ دەبوون لەفرمێسك، بەتایبەتیش كە باسی هەردوو كوڕ و كچە بچوكەكەی دەكرد كە تاپێش ماوەیەكیش لەباوەشی دەخەوتن و لەهەموو منداڵەكانیشی خۆشەویستر بوونە لەلای ئەو، وەكو باسیشی لێوە دەكات، ئێستا كوڕە بچوكەكەی لەلایەن دایكی و براكانییەوە رێگەی پێنادرێت كە سەردانی باوكی بكات. هەركاتێك سەردانیشی بكات ئەوە دەبێت بەنهێنی چاوی پێی بكەوێت. (ر) لەبەر خۆیەوە باسی لەو رۆژانە دەكرد، كە هیچ كاتێك بەبێ ماڵ و منداڵەكانی لەفەیەكی لەبازاڕ نەخواردووە و تاكو كوڕەكانیشی گەیاندۆتە ئەمڕۆكە یەك رۆژە كرێكاریی پێنەكردوون، بەڵام وەكو ئەو دەڵێت "ئەوان پاداشتی ئەوەیان بەپێنج جار تێهەڵدان و دەركردن لەو خانووەی كە بەناوی خۆمەوەیە، داوەتەوە"، لەبارەی هۆكاری سەرهەڵدانی كێشەكانی نێوان خۆی و منداڵەكانیشی، دەڵێت "ئەوان پێم دەڵێن، بە چاك بە خراپ، نابێت تۆ قسە بكەی. باشە چۆن كوڕم سەعات 11ی شەو بێتەوە، بۆم نەبێت بڵێم لە كوێ بووی؟". سەرەڕای هەموو ئەوانەش، ئەو هێشتا دایكی منداڵەكانی بە "موسیبەتی گەورە" وەسفدەكات و دەڵێت "كوڕە گەورەكەم پێنج جار لێی داوم، پێنج جاری دیكەش لێمبدات، هەردەڵێم خەتای دایكیانە، سێجار قورئانم بردە پێشیان گوتم بیكەنە خاتری ئەو قورئانە، راستە من بەشەڕ پێتان ناوەستم، بەڵام ناچارم مەكەن بێزاربم و شەوێك بە سیلاح هەر هەمووتان بكوژم یان خۆم بكوژم".
كێشەكانی (ر) لەدوای هاتنیشی بۆ خانەی بەساڵاچوان، هێشتا كۆتایی پێ نەهاتووە، دەڵێت "دووساڵ لەمەوبەر كچێكم 18ساڵان بوو، بە براكانی و دایكی گوتبوو دەمەوێت بابم ببینم، بەڵام ئەوان رێگریان لێكردبوو، چەند جارێك گوتبووی خۆم دەسوتێنم ئەگەر نەمبەنە لای، ئەوان گوێیان پێ نەدابوو، تا رۆژێك دایكی لەماڵەوە نابێت، بە فرسەتی دەزانێت و خۆی دەسوتێنێت"، باوكەكە دوای شێلانی پەنجەكانی دەڵێت "نەچوومە سەرقەبرەكەی و لەپرسەكەشی ئامادە نەبووم، چونكە دەمزانی ئەگەر بچم كێشەیەك دروست دەبێت. حاكم لەمنی پرسی گوتی ئەو كچە بۆچی خۆی سووتاند؟ گوتم چوارجار لێیان داوم و لەسەر حاڵی خۆم، لەخەڵكم بیستووە كچم سوتاوە. دواتر حاكمم تێگەیاند كە مەسەلەكە چۆنە؟ حاكمەكە پێیگوتم، رازی دەبیت هەر هەموویانت بۆ بخەمە زیندان؟ من رازی نەبووم، چونكە بیرم كردەوە تازە كچەكەم ناگەڕێتەوە، گوتم، نەخێر جەنابی حاكم دەیاندەمە دەست خودا".
كچە بچووكەكەی (ر) كە ناوی (ر-ر)ە، نزیك بەمانگێك لەمەوبەر لە 25/10/2010 باوكی ئاگادار دەكرێتەوە كە ئەویش خۆی سوتاندوە. ئەوكاتە لەناو خەڵكیش وا بڵاودەكرێتەوە كە بوتڵی غازی پێدا تەقیوە، بۆیە لەنەخۆشخانە داوا لەكەسوكارەكەی دەكرێت بۆ سەلماندنی قسەكەیان پارچەكانی بوتڵە غازەكە بێنن، بەڵام ئەوان ناتوانن ئەوە بسەڵمێنن. (ر) ئەوجارە بڕیار دەدات ئەگەر بشكوژرێت هەر بچێتە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی لەدوا ساتەكاندا كچەكەی ببینێت، دەڵێت "كە چووم هەر لەدەرگای نەخۆشخانە كوڕە گەورەكەم هاتەپێشم و ویستی لێمبدات، بەڵام من هیچ قسەیەكم نەكرد، جاران كە دەمگوت كوڕەكانم ئاوان، خەڵك باوەڕیان نەدەكرد، بەڵام ئەو رۆژە خزم و خەڵكی لەوەزعەكە گەیشتن"، دەشڵێت "لەنەخۆشخانە ژنێك پێیگوتم، دڵت داكەت، پاش ئەوەی دوو كچت لەسەر دانا، كە ئاوڕم دایەوە بینم دایكیانە، ئەو دایكەی سەبەبی هەموو رووداوەكانە، لەجیاتی ئەوەی من گلەیی بكەم، هێشتا ئەو جنێوی دەدا".
ئێوارەی هەمانرۆژ (ر) لەنەخۆشخانە گیان لە دەستدەدا، بەڵام وەكو باوكی ئاماژەی پێدەدات لەدوای مردنی كچەش، دایك و براكانی دیسانەوە كێشە دروستدەكەن، دەڵێت "گۆڕستانی ئێمە لەگردی پیرداودە، كچەكەی دیكەشم كە خۆی سوتاند لەگۆڕستانی پیرداود نێژرا، ئەو كچەشم لەجیاتی ئەوەی بیبەنەوە تەنیشت خوشكەكەی، بەڵام ئەوان بۆ كێشە نانەوە، تەرمەكەیان بردەلای ماڵە خاڵەكانی لەقوشتەپە. براكانم گوتیان دەچینەسەر رێگایان و هەموو گیانیان دەشكێنین، بەڵام من لێیان پاڕامەوە، گوتم ئەگەر بۆ من دەیكەن، من نامەوێ، باكێشەی دیكەی بەدوا دانێت"، ئەو باوكەی خانەی بەساڵاچوان، هەروەك چۆن نەچووە پرسەی كچەكەی یەكەمی، ناچێتە پرسەكەی ئەو كچەشی و دەڵێت "گوتم بۆ خۆتان تازیە دابنێن، لەئەنجامیشدا تازیەكە لەدوو شوێن داندرا، یەكێك لەپیرداود و ئەوەی دیكەش لەتۆبزاوە"، وەكو باوكیشی باسی لێوە دەكات دواتر بۆی روون دەبێتەوە كە كچەكەی بەهەمان شێوەی خوشكەكەی دیكەی، داوای چارەسەركردنی كێشەكە و بینینی باوكی كردووە، دەڵێت "ئەو كچەشم گوتبووی ئەگەر نەبەنە لای باوكم خۆم دەسوتێنم، چەندجارێك دووبارەی كردبۆوە، بەڵام كەس گوێی لێنەگرتبوو و لێشیاندابوو، بۆیە ئەویش وەكو خوشكەكەی دیكەی خۆی سوتاند".
(ر) كە دڵی پڕدەبوو، لەبەرخۆیەوە دەستیدەكرد بەسەڵاوەت لێدان و دواتر بەردەوام دەبۆوە لەقسەكردن "من دەمویست شكایەت بكەم لەسەر ئەوەی جاری پێنجەم لێیاندام، بەڵام تامن بەخۆ كەوتم، ئەوان دوو شكایەتیان لەمن كردبوو. جارێكیان بەناوی ئەوەی، ژنەكەم گوتبووی مێردەكەم نەخۆشی دەروونی هەیە و كێشەمان بۆ دروست دەكات"، هەربۆیە ئەو لەدادگا ناوی بەشێت تۆمەتبار كرابوو. وەكو هێماشی بۆ دەكات، لەدادگا دادوەر چاوەڕێی دەكرد شێتێك بچێتە ژوورەوە، بەڵام كە دەچێت و قسەی خۆی دەكات، دادوەر بەژنەكەی دەڵێت ئەوە شێت نییە. بەڵام راستەوخۆ لەدوای داوای یەكەمی، ژنەكەی داوایەكی دیكە لەدادگا تۆمار دەكات. سەبارەت بەداوای دووەمیش، دەڵێت "ژنەكەم بەدادوەری گوت، پیاوەكەم 14 ساڵە نەفەقەمان ناكات، حاكم پرسیاری لێكرد و گوتی تۆ لەكوێ دەژیت؟ وەڵامی دایەوە و گوتی لەماڵی خۆمانم و خانووەكەش بەناوی پیاوەكەمە. حاكم گوتی باشە كرێتان لێ وەردەگرێت؟ گوتی نەخێر. حاكم گوتی باشە تۆ بەو تەمەنەوە پشت لەپیاوەكەت دەكەیت بۆ كوڕەكەت؟ ژنەكەمی دەركردە دەرەوە. بەڵام ئەوان دواتر بە واسیتە و واسیتەكاری، لەخانووی خۆم دەریانكردم و مانگانەش 100 هەزار دینارم لێ دەگێڕنەوە. ئینجا حاكم بە من دەڵێت وەرە لێیان خۆشبە، گوتم نە هیچی من نە هیچی ئەوان با خانووەكەم چۆڵبكەن". ئەو دواجار قسەكانی ئاوا كۆتایی پێهێنا و گوتی "حیكایەتی من قەت تەواو نابێت، نە بە تەمسیل و نە بە نووسین".
س-سڤیل

لهسهر هێڵ نییه
پهڕهكان: 1
