❤❤یـــانەی کوردژیـن/Kurd Zhin❤❤/ / نامه‌يه‌كی چارلن چاپلن نامه‌یێک بۆ کچه‌که‌م

.



نازناو:  وشه‌ی تێپه‌ڕبوون:  ‌  |  

ئاگاداری

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌ڕێزان : هه‌رکاتێک کێشه‌یه‌ک یان په‌یامێکی ناشیاوت به‌رچاو که‌وت له‌یانه‌دا ئه‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ :_

1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) .. ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .

2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له‌ ئه‌وروپا به‌ ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره‌ ته‌له‌فوونی( 00447754007706) .

New Page 1

    بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه‌  



#1 2010-12-17 14:26:42

یاسه‌مین
کازیوەی یانە
شوێن: سلێمانی
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2008-09-27
دواترین سه‌ردان: 2012-12-23
په‌یامه‌كان: 1485
ویبگه‌
WindowsMSIE7

نامه‌يه‌كی چارلن چاپلن نامه‌یێک بۆ کچه‌که‌م

نامه‌يه‌كی چارلن چاپلن

چارلی چاپلین... نامه‌یه‌ک بۆ کچه‌که‌م




ئه‌م نامه‌یه‌ یه‌کێکه‌ له‌ نامه‌ ده‌گمه‌نه‌کانی چارلی چاپلن وه‌ به‌یه‌کێک له‌ هه‌ره‌ لایه‌نه‌ شاراوه‌کانی که‌سیه‌تی و جۆری بیرکردنه‌وه‌ی چارلی ده‌ژمێردرێت.

نامه‌یێک بۆ کچه‌که‌م

- ژۆراڵدین کچم! لێره‌ شه‌وه‌، شه‌وێکی نۆئێل!

- له‌ قه‌ڵا بچکۆله‌که‌ما هه‌موو سه‌ربازه‌کان به‌ بێ چه‌ک نووستوون؛ نۆ برا و خۆشک تو ‌ ته‌نانه‌ت دایکیشت.

- به‌ زه‌حمه‌ت توانیم که‌ بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م باڵنده‌ خه‌وتوانه‌ ڕاچڵه‌کێن، خۆم بگه‌ینمه ئه‌و ژووره‌ بچکۆله‌ی وا نه‌ختێ ڕووناکتره‌. ژووری چاوه‌ڕوانی پێش له‌ مه‌رگ.

‌من زۆر له‌ تۆ دوورم. زۆر دوور ... به‌ڵام چاوه‌کانم کوێر بن ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت بۆ ساتێ دیمه‌نی تۆم لێ دوور خه‌ن.
وێنه‌ی تۆ له‌وێ له‌ سه‌ر مێزه‌که‌ دایه‌ و لێره‌ له‌ سه‌ر دڵی منیش دایه‌. به‌ڵام تۆ له‌ کوێی؟ له‌وێ له‌ پاریسی سێحراوی له‌ سه‌ر سه‌کۆی پڕشکۆی شنۆی «شانزه‌لیزه‌ « سه‌ما ئه‌که‌ی. ئه‌مه‌ ئه‌زانم و وه‌هایه‌ که‌ ئه‌ڵێی له‌م بێ ده‌نگیه‌ی شه‌وانه‌دا، ده‌نگی هه‌نگاوه‌کانت ئه‌بیسم و له‌م شه‌وه‌زه‌نگه‌ زستانییه‌دا، پڕشنگی ئه‌ستێره‌ی چاوانت ئه‌بینم. بیستوومه‌ که‌ ڕۆڵی تۆ له‌م شانۆ پڕله‌ ڕووناکی و شکۆیه‌، ڕۆڵی ئه‌و شازاده‌ ئێرانیه‌یه که‌ به‌ ده‌ستی ته‌ته‌ره‌کان دیل کراوه‌. شازاده‌به‌و سه‌ما بکه‌. ئه‌ستێره‌به‌و زریوه‌ت بێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر قاقای پێکه‌نینی ڕه‌زامه‌ندانه‌ی بینه‌ران و بۆنی مه‌ستی هێنه‌ری ئه‌و گوڵانه‌ی که‌ بۆتی ناردوون ماوه‌ی ئه‌وه‌یان پێ دای که‌ نه‌ختێ وشیاره‌وه‌ بی، له‌ سووچێکا دانیشه‌ و نامه‌که‌م بخوێنه‌ و گوێ ڕاگره‌ بۆ ده‌نگی باوکت.

من باوکی تۆم ژۆراڵدین! من چارلی چاپلینم. کاتێ مناڵ بووی شه‌وانی دوور و درێژ لات ڕائه‌کشام و چیرۆکم بۆ ئه‌وتی. چیرۆکی ئه‌و جوانه‌ی که‌ له‌ بێشه‌دا نووستووه‌، چیرۆکی ئه‌ژدیهای بێدار له‌ سارادا...
کاتێ خه‌و ئه‌هاته‌ نێو چاوه‌ پیره‌کانمه‌وه‌، تانه‌م لێ ئه‌دا و پێم ئه‌وت بڕۆ من له‌ خه‌ونی کچم دا خه‌وتووم.

خه‌ونم ئه‌بینی ژۆراڵدین! خه‌ون... خه‌ونی داهاتووی تۆ! خه‌ونی ئه‌مڕۆی تۆ! کچێکم ئه‌بینی له‌ سه‌ر سه‌کۆی شانۆ. فریشته‌یه‌کم ئه‌بینی له‌ ئاسمان که‌ سه‌مای ئه‌ کردو ئه‌مبیست بینه‌ران ئه‌یانوت: چاوت له‌و کچه‌یه‌؟ ئه‌وه‌ کچی ئه‌و ته‌ڵخه‌که‌ پیره‌یه‌. ناوی له‌بیرته‌؟چارلی،
ئه‌رێ من چارلیم. کابرایه‌کی ته‌ڵخه‌ک. ئه‌مڕۆ نۆره‌ی تۆیه‌ سه‌ما بکه‌. من به‌ پانتۆڵه‌ دڕاوه‌که‌مه‌وه‌ سه‌مام ئه‌کرد و تۆ له‌ کراسی حه‌ریری شازاده‌ کانا. ئه‌م سه‌ما کردنگه‌له‌ و به‌ تایبه‌ت ده‌نگی چه‌پڵه‌ی ته‌ماشاچیه‌کان بڕێ جار ئه‌تبه‌نه‌ ئاسمانه‌وه‌. بڕۆ بۆ ئاسمان، به‌ڵام جار جاری وه‌ره‌وه‌ بۆ سه‌ر زه‌وی و چاوێ به‌ ژیانی خه‌ڵکا بگێڕه‌. ژیانی سه‌ماکه‌رانی هه‌ژار له‌ کۆڵانه‌ تاریکه‌کاندا، که‌ به‌ سکی برسییه‌وه‌ سه‌ما ئه‌که‌ن، له‌ حاڵێکدا که‌ قاچیان له‌ هه‌ژاری دا ئه‌له‌رزی.
من یه‌کێ له‌وانه‌ بووم ژۆراڵدین!

له‌و شه‌وه‌ ئه‌فسانه‌یی گه‌له‌ی مناڵی دا که‌ تۆ به‌ لایه ‌لایه‌ی چیرۆکه‌کانی من خه‌وت لێ ئه‌که‌وت، من هه‌ر به‌ خه‌به‌ر بووم. ئه‌م روانییه‌ڕۆخساری تۆ. ترپه‌کانی دڵتم ئه‌ژمارد و له‌ خۆم پرسیارم ئه‌کرد:
چارلی! ئایا ئه‌م به‌چکه‌ پشیله‌ قه‌د تۆ ئه‌ناسێته‌وه‌؟ تۆ من ناناسی ژۆراڵدین! له‌و شه‌وه‌ دوورانه‌ چیرۆکی زۆرم بۆت گێڕایه‌وه‌. به‌ڵام چیرۆکی خۆمم قه‌د بۆ نه‌گێڕایته‌وه‌. ئه‌م داستانه‌ زۆر سه‌رنج ڕاکێشه‌.
داستانی ئه‌و ته‌ڵخه‌که‌ برسیه‌ی که‌ له‌ خوارترین گه‌ڕه‌که‌کانی شاری «له‌نده‌ن» دا گۆرانی ئه‌وت و سه‌مای ئه‌کردو سه‌ده‌قه‌ی کۆ ئه‌کرده‌وه‌. ئه‌مه‌ چیرۆکی منه‌. من تاڵی برسیه‌تی و ژانی بێ ماڵی و ده‌ربه‌ده‌ریم چێشتووه‌ و له‌ گشت ئه‌مانه‌ گرینگ تر، من ڕه‌نجی سووکایه‌تی کردن به‌و ته‌ڵخه‌که‌ ده‌ربه‌ده‌ره‌م هه‌ست کردووه‌ که‌ زه‌ریایێک سه‌ربه‌رزی له‌ دڵیدا شه‌پۆلی ئه‌دا وعانه‌ی سه‌ده‌قه‌ی ڕێبوارێ خۆپه‌سه‌ن وشکی ئه‌کرد.
سه‌ره‌ڕای گشت ئه‌مانه‌ من زیندووم و له‌ زیندووان پێش له‌ مردنیان نابێ باس بکرێ.

داستانی من به‌ کاری تۆ نایێ . چاکتر وایه‌ باسی تۆ بکه‌ین.
ناوی من پاشگری ناوی تۆیه‌؛ - چاپلین- هه‌ر به‌م ناوه‌وه‌ چل ساڵ خه‌ڵکی سه‌رزه‌وێم پێکه‌ناند و زۆرتر له‌وه‌ی که‌ ئه‌وان پێکه‌نین، خۆم گریام.
ژۆراڵدین! له‌م جیهانا که‌ تۆ تێدا ئه‌ژێی، ته‌نیا سه‌ما و مۆسیقا نییه‌.
نیوه‌شه‌و کاتێ که‌ له‌ هۆڵی پڕشکۆی شانۆ دێیته‌ ده‌رێ، ئه‌و ته‌ماشاچیه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ی که‌ چه‌پڵه‌ت بۆ لێ ئه‌ده‌ن، له‌ بیر به‌ره‌وه‌. به‌ڵام بپرسه‌ بزانه‌ حاڵی ئه‌م شۆفیر تاکسی یه‌ که‌ ئه‌تگه‌ینێته‌وه‌ بۆ ماڵ چۆنه‌. حاڵی ژنه‌که‌یشی بپرسه‌...
ئه‌گه‌ر دووگیان بوو و پاره‌ی بۆ کڕینی جل و به‌رگی مناڵه‌که‌ی نه‌بوو، چه‌ک بکێشه‌و به‌ نهێنی بیخه‌ گیرفانی شووه‌که‌یه‌وه‌. به‌ نوێنه‌ری خۆم له‌ بانکی پاریس دا ڕام گه‌یاندوه‌ ، ته‌نیا ئه‌م جۆره‌ خه‌رجیانه‌ی تۆ به‌ بێ پرسیار قه‌بوڵ بکات. به‌ڵام بۆ دیکه‌ی خرجه‌کانت ئه‌بێ فاکتۆر بنێری.
جار جار به‌ پاس یا مێترۆ له‌ شارا بگه‌ڕێ. سه‌یری خه‌ڵک بکه‌و لانی که‌م ڕۆژێ یه‌ک جار به‌ خۆت بڵێ: منیش یه‌کێ له‌وانم. به‌ڵێ تۆ یه‌کێکیت له‌وان کچم. هونه‌ر پێش له‌وه‌ی که‌ دوو شاباڵی فڕین به‌ مرۆڤ بدات، زۆرکات دوو قاچه‌که‌یشی ئه‌شکێنێ. هه‌ر کات هه‌ستت کرد که‌ خۆت له‌ ته‌ماشاچیانی سه‌ما به‌ گه‌وره‌تر ئه‌زانی، هه‌ر ئه‌و کاته‌ شانۆ به‌ جێ بێڵه و به‌ یه‌که‌مین تاکسی خۆت بگه‌یێنه‌ قه‌راخی پاریس. من ئه‌و شوێنه‌ چاک ده‌ناسم. له‌ سه‌دان ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌وێ لانکی به‌هارانه‌ی قه‌ره‌جه‌کان بووه‌. له‌وێ سه‌ما که‌رانی وه‌کوو خۆت ئه‌بینی. جوانتر له‌ تۆ، چالاکتر له‌ تۆ. له‌وێ له‌جیاتی گڵۆپه‌ گه‌وره‌کانی هۆڵی شانزه‌لیزه‌، تریفه‌ی مانگ ڕووناکی ئه‌به‌خشێ: ‌
سه‌یر که‌. باش سه‌یر که‌. ئایا چاکتر له‌ تۆ سه‌ما ناکه‌ن؟ دانی پیانێ کچم! هه‌میشه‌ که‌سێ هه‌یه‌ که‌ باشتر له‌ تۆ سه‌ما ئه‌کا. هه‌میشه‌ که‌سێ هه‌یه‌ که‌ باشتر له‌ تۆ ساز ئه‌ژه‌نێ و ئه‌مه‌ بزانه‌ که‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی چارلی دا هه‌رگیز که‌س ئه‌وه‌نده‌ له‌ خۆبایی نه‌بووه‌ که‌ به‌ دۆرۆشکه‌ چیه‌ک یا سواڵکه‌رێکی که‌ناری چۆمی «سێن» جنێو بدات.
من ئه‌مرم و تۆ ئه‌ژیت. هیوای من ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌رگیز به‌ هه‌ژاری ژیان نه‌به‌یته‌ سه‌ر. له‌ گه‌ڵ ئه‌م نامه‌یه‌ چه‌کی سپیت بۆ ئه‌نێرم، هه‌رچه‌نێ پاره‌ت ویست تێدا بینووسه‌ و وه‌ری گره‌. به‌ڵام هه‌میشه‌ کاتێک که‌ دوو فڕانک خه‌رج ئه‌که‌ی به‌ خۆت بڵێ: دووه‌ه‌مینیان هی من نییه‌. ئه‌مه‌ ئه‌شێ هی پیاوێکی نه‌ناس بێت که‌ ئیمشه‌و پێویستی به‌ یه‌ک فڕانک هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر سه‌باره‌ت به‌ پاره‌ و سککه‌ له‌ گه‌ڵتا قسه‌ ئه‌که‌م بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ فریو و سێحری ئه‌و دوو مناڵه‌ی شه‌یتان ئاگادارم.
من ماوه‌یێکی زۆر له‌ «سێرک» دا ژیاوم و هه‌میشه‌ نیگه‌رانی ئه‌و ته‌ناف بازانه‌ بوومه‌ که‌ له‌ سه‌ر ته‌نافێ ناسکه‌وه‌ ئه‌ڕۆن به‌ رێدا و ئه‌م ڕاستیه‌ به‌ تۆ ئه‌ڵێم کچم که‌:
خه‌ڵک له‌ سه‌ر زه‌وی پان و به‌رین دا زۆرتر له‌ ته‌ناف بازه‌کان ئه‌که‌ونه‌ خواره‌وه. ڕه‌نگه‌ شه‌‌وێ زریوه‌ زریوه‌ی به‌نرخ ترین ئه‌ڵماسی ئه‌م جیهانه‌ فریوت بدات. ئه‌و شه‌وه‌ ئه‌م ئه‌ڵماسه‌ ئه‌بێ به‌ ته‌نافی له‌رزۆکی ژێر پیێ تۆ و بێ گومان ئه‌که‌ویته‌ خواره‌وه‌. ڕه‌نگه‌ رۆژێ ڕوخساری جوانی شازاده‌یه‌ک بتخه‌ڵه‌تێنێ، ئه‌و ڕۆژه‌ تۆ ئه‌بی به‌ ته‌ناف بازی ناشی و ته‌ناف بازانی ناشی هه‌میشه‌ زوو ئه‌که‌ونه‌ خواره‌وه‌.
دڵ به‌ زێڕ و زیو مه‌به‌سته‌. چونکه‌ گه‌وره‌ترین ئه‌ڵماسی ئه‌م جیهانه‌ هه‌تاوه‌ که‌ به‌خته‌وه‌رانه‌ ئه‌م ئه‌ڵماسه‌ له‌ گه‌ردنی هه‌مووانا ده‌دره‌وشێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕۆژێ دڵت چوو له‌ هه‌تاوی ڕوومه‌تی پیاوێ، له‌ گه‌ڵیا یه‌کدڵ به‌. به‌ دایکتم وتووه‌ سه‌باره‌ت به‌مه‌ نامه‌یێکت بۆ بنووسێ، ئه‌و ئه‌وین باشتر له‌ من ئه‌ناسێ و بۆ قسه‌ کردن له‌ سه‌ر یه‌کدڵی له‌ من شیاو تره‌.
کاری تۆ زۆر دژواره؛ ئه‌زانم که‌ له‌سه‌ر سه‌کۆی شانۆ ته‌نیا قوماشێکی حه‌ریری ناسک گیانت دائه‌پۆشێ. بۆ هونه‌ر ئه‌توانی رووت و قوت و که‌نیشکانه‌ بچیته‌ سه‌ر سه‌کۆی شانۆوه‌ و پۆشراوتر و که‌نیشکانه ‌تر بگه‌رێیته‌وه‌. به‌ڵام هیچ شت و هیچ که‌سێکی تر له‌م جیهانه‌دا نییه‌ که‌ شیاوی ئه‌وه‌ بێ که‌ کچێ نینۆکی قاچی له‌ به‌ر ئه‌و ڕووت بکا. ڕووتی، نه‌خۆشی سه‌رده‌می ئێمه‌یه ‌و من پیره‌مێردێکم و ڕه‌نگه‌ قسه‌ی قۆر بکه‌م. به‌ڵام به‌ گومانی من گیانی رووتی تۆ ئه‌بێ‌ هی که‌سێ بێ که‌ ڕۆحی ڕووتی تۆی خۆش ئه‌وێت.
ئه‌مه‌ش بزانه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌ندێشه‌ی تۆ له‌م باره‌وه‌ هی ده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بێت
،- هی خولی پۆشراوی- مه‌ترسه‌. ئه‌م ده‌ ساڵه‌ پیرترت ناکا.
به‌ هه‌ر حاڵ هیوادارم تۆ دوایین که‌سێ بی که‌ ئه‌بی به‌ خه‌ڵکی دورگه‌ی ڕووته‌کان. ئه‌زانم که‌ باوکان و مندالان هه‌میشه‌ شه‌ڕێکی به‌رده‌وامیان پێکه‌وه‌ هه‌یه‌. له‌ گه‌ڵ من یا ئه‌ندیشه‌کانی مندا شه‌ڕ بکه‌... کچم! من حه‌ز له‌ منداڵێ ناکه‌م که‌ زوو شت قه‌بووڵ بکا. سه‌ره‌ڕای من ئه‌م نامه‌یه‌ ته‌ڕ بکه‌، ئه‌مه‌وێ دڵ خۆشیێک به‌ خۆم بده‌م:
ئه‌مشه‌و شه‌وی بابا نۆئێله‌. شه‌وی موعجێزه‌یه‌ و هیوادارم موعجێزه‌یه‌ک ڕوو بدات تا تۆ ئه‌و ڕاستیانه‌ی که‌ بۆت وتم، جوان تێ بگه‌یت.
چارلی ئیتر پیر بووه‌ ژۆراڵدین! دره‌نگ یا زوو له‌ جیاتی جل و به‌رگی سه‌ما، ڕه‌نگه‌ ڕۆژێ جلی ڕه‌ش بپۆشی و بێیته‌ سه‌ر مه‌زاره‌که‌م. رازی به‌ زه‌حمه‌تی تۆ نیم. ته‌نیا جارجارێ له‌ ئاوێنه‌دا بڕوانه‌ به‌ ڕوخساری خۆتا، له‌وێدا من ئه‌بینی. خوێنی من له‌ ده‌ماره‌کانی تۆ دایه‌ و هیوادارم ته‌نانه‌ت ئه‌و کاته‌ی که‌ خوێن له‌ ده‌ماره‌کانی مندا وشک ئه‌بێت. چارلی- باوکت- له‌ یاد نه‌که‌ی.
من فریشته‌ نه‌بووم، به‌ڵام تا ئه‌و جێگه‌ی که‌ له‌ توانامدا بوو هه‌وڵم دا مرۆڤێ بم، تۆیش هه‌وڵ بده‌.
چاوه‌کانت ماچ ئه‌که‌م.

ئیمزا
چارلی چاپلین ـ سویسرا1964

کورته‌یک له‌ژیانی ئه‌و مرۆڤه‌ی که‌ بۆ ماوه‌ی چل ساڵ هه‌موو دنیای ده‌خسته‌ پیکه‌نین وخۆشی له‌ناخداتێر ده‌گریا

چارلی‌ چاپلین ناوی «چارلز ئێسپێنسێر چاپلین‌»له‌ 16 ئاپڕیلی‌ 1889 له‌ وال‌ وێرتی ‌له‌نده‌ن‌ له‌ بنه‌ ماڵه‌یێکی جوله‌که‌ له‌ دایک بوو. باوکی چارلز و دایکی هاناهیل‌ هه‌ر دووکیان له‌ جیهانی مۆسیقا‌ کاریان ئه‌کرد. هێشتا ماوه‌یێکی زۆر له‌ له‌دایک بوونی چارلی‌ تێپه‌ڕ نه‌بووکه‌ چارلز و هانا له‌ یه‌ک جیا بوونه‌وه‌ و هانا سه‌رپه‌رشتی منداڵه‌کانی له‌ ئه‌ستۆ گرت. ئه‌وان ژیانێکی دژواریان تێ ئه‌په‌ڕاند له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی دایکی نه‌یتوانی به‌ ئاسانی بژیوی ژیانیان دابین بکات . له‌به‌ر ئه‌مه‌ چارلی بچکۆلانه‌و و برای گه‌وره‌تری‌ «سیدنی‌» بۆ کار کردن، ماڵیان به‌جێ هێشت و له‌ ڕیکخراوه‌یێکی هونه‌ری‌ به‌رهه‌م هێنانی فیلم وه‌ک پادو دامه‌زران. هه‌ڵبه‌ت نه‌یانتوانی له‌وێ به‌رده‌وام بن. کاتێ چارلی‌12 ساڵان‌ بوو باوکی که‌ پیاوێکی هه‌میشه‌ سه‌رمه‌ست بوو، کۆچی دوایی کرد‌. چارلی دایکێکی سه‌لامه‌تیشی نه‌بوو. دایکی چارلیش‌ تووشی نه‌خۆشینی ڕه‌وانی بوو و له‌ ناکاو له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ڕه‌وانی‌ «کین‌ هیل» له‌ ساڵی 1928 کۆچی دوایی کرد .
چارلی‌ له‌ ساڵی 1906 کاتێ که‌ 17 ساڵ ته‌مه‌نی بوو، له‌ شانۆی «شارلۆک‌ هۆڵمز» له‌ ڕۆڵی‌ کوڕی ڕۆژنامه‌ نووسێکا باش ده‌رکه‌وت و ئه‌و له‌ لایه‌ن ده‌رهێنه‌ر گه‌شه‌ی پێدراو وڕه‌زامه‌ندی ته‌ماشاچیه‌کانی به‌ ده‌س هێنا. له‌مه‌ به‌ دواوه‌ له‌ گرووپێکی کۆمێدی بوو به‌ ئه‌ندام و ڕۆڵی ته‌ڵخه‌کی له‌ گرووپی شانۆی «فڕێد کاڕنو» به‌ خۆی دابین کرد ‌.ساڵانی دوایی ئه‌و به‌ ئاواتی خۆی گه‌یشت و توانی له‌ گه‌ڵ کۆمپانی‌ «یونایتێد ئارتیست‌» له‌ هالیوود گریبه‌ست ببه‌سێ. ئه‌و ‌ له‌ گه‌ڵ لیتا ئه‌کته‌ری هۆلیوود ژیانی هاوسه‌ری پێک هێنا و بوو به‌ خاوه‌نی دوو منداڵ به‌ڵام دوای ماوه‌یێک له‌ یه‌کتر جیا بوونه‌وه‌. له‌ ساڵی 1927 به‌ دواوه‌،‌ فیلمگه‌لێکی بێ ده‌نگی به‌رهه‌م هێنا. له‌ ڕاستی دا فیلمه‌ کۆمێدییه‌کانی ئه‌و بێ ده‌نگ بوون به‌ڵام چارلی وه‌ها به‌ تواناده‌روونیه‌کانی خۆی وخۆشه‌ویستی ڕۆڵی ئه‌بینی که‌ هه‌موو جوڵه‌کانی هه‌زاران مانای له‌خۆ ده‌گرت
چارلی چاپلین له‌ ساڵی 1940 یه‌که‌مین فیلمی به‌ده‌نگی خۆی به‌ ناوی «دیکتاتوری گه‌وره» ‌ به‌رهه‌م هێنا.‌ هێنانه‌گۆڕی باسی شه‌ڕی جیهانی دووه‌م و یاری به‌هێزی چارلی له‌ ڕۆڵی هیتلێر، ڕه‌زامه‌ندی گشت ره‌خنه‌گره‌کانی له‌م فیلمه‌دا‌ به‌ ده‌ست هێنا .

چارلی‌ چاپلین‌ له‌ ساڵی‌1942 له‌ گه‌ڵ«ئونا ئونیل‌» ئه‌کته‌ر و گۆرانی بێژی هۆلیوود ژیانی هاوسه‌ری پێک هێنا. له‌ ئه‌و کاته‌ چارلی‌ چاپلین‌ 53ساڵ‌ و ئونا ئونیل‌ 17 ساڵی بوو هه‌ڵبه‌ت چارلی‌ چاپلین‌پێش له‌مه‌، چه‌ند که‌ڕه‌تێکی تریش ژنی هێنا بوو به‌ڵام به‌ بۆن ئه‌وه‌ی که‌ هاوسه‌ر گیرییه‌کانی ڕه‌سمی نه‌بوون، ناکرێت بخرێنه‌ لیستی ژنهێنانه‌کانی. ئونا ئه‌وینداری چارلی‌ بوو و جیاوازی ته‌منیان لای گرینگ نه‌بوو. ئه‌وان بوون به‌ خاوه‌نی هه‌شت منداڵ. له‌ نێوان ئه‌م منداڵانه‌ «ژۆراڵدین چاپلین‌» کچی جوان وهونه‌رمه‌ندیان چوو بۆ ناو کۆمه‌ڵی سینه‌ما و بوو به‌ ئه‌کته‌ر.

ورده‌ ورده‌ چاپلین بوو به خۆشه‌ویست ترین هونه‌رمه‌ندی مێژوی سینما و به‌رهه‌م هێنه‌ری کاره‌کانیشی به‌ ئه‌ستۆ گرت. به‌ڵام له‌ دوایی دا به‌ بۆنی ئه‌وه‌ی که‌ مافیای ئامریکا چارلی وه‌کوو زۆریه‌ک له‌ هونه‌رمه‌ندانی سه‌ربه‌خۆی هۆلیوود ( به‌ تاوانی کۆمۆنیست بوون) له‌ کۆمه‌ڵی ئه‌کته‌ری لابرد، چارلی به‌ره‌و ئه‌وروپا ڕۆشت و هاوکات له‌ گه‌ڵ به‌ جێ هێشتنی هۆلیوود گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و بۆ ئامریکا به‌رگیری لێ کرا. به‌م شێوه‌یه‌ په‌راوێزی یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترین ئه‌کته‌ره‌کان به‌سترا و ساڵانی کۆتایی ژیانی خۆی له‌ بێ ناوی به‌ سه‌ر برد. چارلی له‌ دوای به‌ جێ هێشتنی ئامریکا له‌ ساڵی1952 ڕۆیشت بۆ له‌نده‌ن و دواتر سویسرای بۆ ژیان هه‌ڵبژارد له‌وێ له‌ گه‌ڵ ژن و منداڵه‌کانی نیشته‌ جێ بوو.

چارلی دواتر له‌ چواری مارسی 1975 له‌ لایه‌ن شاژنی به‌ریتانیا نیشانی « سێر و شوالیه‌» ی پێ به‌خشرا و هه‌روه‌ها له‌ لایه‌ن هۆلیوود به‌ بۆ پێ به‌خشینی خه‌ڵاتی ئۆسکار بۆ ئامریکا بانگێشکرا

چارلی چاپلین له‌ کریسمسی 1977، به‌ بۆنه‌ی نه‌خۆشینی ‌دیابێت‌ له‌ ته‌مه‌نی 88 ساڵی دا‌، له‌ ژیان ماڵ ئاوایی کرد. ژن و منداڵی ئه‌و مه‌راسیمێکی شکۆداریان بۆ کۆچی چارلی به‌ رێوه‌ برد وچارلی له‌ گۆڕستانی « کرۆسێر سه‌رووی‌» سویسرا نێژرا.
دوو مانگ له‌ دوای ناشتنی ‌چارلی‌ له‌ سێی مارس1978، ته‌رمی چارلیان له گۆڕستان دزی. دزه‌کان لهبه‌رامبه‌ر دانه‌وه‌ی ته‌رمی چارلی پاره‌ یێکی زۆریان له‌ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌ویست؛ به‌ڵام له‌ لایه‌ن پۆلیس ده‌ستگیر کران و پۆلیسی‌سویس‌ ته‌رمی چارلی‌ چاپلین‌یان له‌ ده‌ریاچه‌ی‌ ژنێو دۆ‌زییه‌وه‌ و جارێکی تر له‌ مه‌راسیمێکی پڕشکۆ به‌ خاک نێژرا. ئونا هاوسه‌ری چارلی‌ پاش مردنی چارلی‌ رووی کرده‌ مه‌شروب خواردن و له‌ ساڵی1991 به‌ بۆنه‌ی شیرپه‌نجه‌ی گه‌ده‌وه‌ کۆچی دوایی کرد.

له‌پاش نزیکه‌ی 15 سال به‌سه‌رکۆچی چارلی له‌ ساڵی 1992 فیلمێک به‌ ناوی ‌چاپلین‌ که‌ له‌ ژیانی ئه‌و گیرابوو، هاته‌ به‌ر‌هه‌م که‌ «ڕیچاردئاتێنبێرگ‌» به‌رهه‌م هێنه‌ری ئه‌م فیلمه‌ خه‌ڵاتی ئۆسکاری به‌ ده‌س هێنا. «ژۆراڵدین‌» کچی چارلی‌ له‌‌م فیلمه‌ ڕۆڵی دایه‌گه‌وه‌ی واته‌ دایکی چارلی‌ چاپلینی ده‌گێرا. به‌‌م شێوه‌یه‌ ژیانی چارلی‌ چاپلین‌ ڕۆیشت به‌ره‌و په‌رده‌ی سینه‌ما و کاریگه‌ری کرد له‌ سه‌ر هه‌مووان.
چارلی که‌سێک بوو که‌ وێنه‌ی هه‌ژاره‌کان، (وه‌ک خۆی) هه‌میشه‌ له‌ فیلمه‌کانی دیار بوو و هاوخه‌می برسییه‌کان بوو. یادی پیرۆز بێت.
چارلی جگه‌ له‌و کورته‌ فیلمه‌ بێده‌نگاینه‌ی که‌ هه‌مووجیاهنی به‌خۆ سه‌رسامکردوه‌ نامه‌یه‌کی بۆ کچه‌که‌ی به‌میرات جێهێشتووه‌ ، که‌ ره‌نگ بێت بۆ ئه‌وه‌ی چارلی بناسین پێویسته‌ ئه‌م نامه‌یه‌ بخوێنیه‌وه‌ ..


سه‌رنج : نامه‌ی چارلی بۆ کچه‌که‌ی « ژۆراڵدین» ه‌ که‌ له‌ شه‌وی کرسمسی 1964 نووسیویه‌تی یه‌کێکه‌ له‌و نامانه‌ی که‌ پێویسته‌ هه‌موو که‌سێک بیخوێنێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی که‌ده‌یانه‌وێت پیشه‌ی باکیان بکه‌ن به‌ کار بۆ خۆیان وه‌ وه‌کو وباوکیان هونه‌ر بکه‌ن ـ سیاسه‌ت بکه‌ن ـ بازرگانی بکه‌ن ـ کرێکاری بکه‌ن ـ ..هتد





سه‌ر چاوه‌ شه‌قلاوه‌

دواترین جار ده‌ستكاری كراوه‌ له‌لایه‌ن شه‌هلا (2010-12-17 14:27:36)

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


#2 2010-12-17 16:14:19

rezhen
ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2008-06-16
دواترین سه‌ردان: 2025-01-11
په‌یامه‌كان: 1488
WindowsXPMSIE7

Re: نامه‌يه‌كی چارلن چاپلن نامه‌یێک بۆ کچه‌که‌م

ده‌ستت خۆش بێت شه‌هلا خان نامه‌یه‌کی جوانه‌ هیوادارم ئه‌م  ڤیدیۆیه‌ش بابه‌ته‌که‌ت زیاتر برازێنێته‌وه‌ بشبوره‌ ته‌نها ویستم بابه‌ته‌که‌ت زیاتر ده‌وله‌مه‌ند بێت به‌هیوای بابه‌تی زیاتر سه‌رکه‌وتوبیت...

Kurdzhin
توخــوا گـه‌ر مردم جار جار بمــکه‌ یــاد
چونـکه‌ له‌م دنیــا هه‌ر تــۆم هه‌ڵبـژارد

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


#3 2011-02-17 13:52:26

یاسه‌مین
کازیوەی یانە
شوێن: سلێمانی
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2008-09-27
دواترین سه‌ردان: 2012-12-23
په‌یامه‌كان: 1485
ویبگه‌
WindowsMSIE7

Re: نامه‌يه‌كی چارلن چاپلن نامه‌یێک بۆ کچه‌که‌م

سوپاس سه‌رکه‌وتوبیت

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


#4 2011-02-20 18:57:53

aishwarya
کازیوەی یانە
شوێن: کوردستان
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2008-10-02
دواترین سه‌ردان: 2012-07-04
په‌یامه‌كان: 1428
WindowsMSIE7

Re: نامه‌يه‌كی چارلن چاپلن نامه‌یێک بۆ کچه‌که‌م

بابەتێکی جوان بوو
دەست خۆش

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


#5 2011-05-30 13:34:36

یاسه‌مین
کازیوەی یانە
شوێن: سلێمانی
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2008-09-27
دواترین سه‌ردان: 2012-12-23
په‌یامه‌كان: 1485
ویبگه‌
WindowsFirefox

Re: نامه‌يه‌كی چارلن چاپلن نامه‌یێک بۆ کچه‌که‌م

zor swpas daste ewash xosh bet

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


خوارووی مه‌كۆ

Your IP Address : 216.73.216.104
Powered by PunBB 1.2.15
© Copyright 2007 – 2011
Translated By : Webchin.Org
Design And Style By : Kurdzhin.net