.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه












(نامەیەک بۆ ژیلیا) بەشی چوارەم
نوسینەوەی:سەباح مەجید
4
ژیلیای ژیاندۆست، ئەی لە پەڕجوان جوانتر و لە شیلە شیرینتر، ئەمشەو لەوەناچێت نە ئاگری دڵی من و نە بەفری سپیپۆش ژیرببنەوە.. ئەوە لەپەنجەرەکەوە شیوەنی ئەو بەفرە دڵسپییەم لێدیارە کە چۆن بێدەنگ دەگریێ.. دیارە کە من، بۆ تۆ دەگریێم، بەڵام نازانم ئەو بەفرە دڵسپییە بۆکێ دەگریێ؟ کێ دەڵێ ئەو لەتاو دابڕان لە ئامێزی هەورێکی بێگەرد ناگریێ.. کێ ناڵێ ئەمشەو شەڕی ناوخۆ لەنێو هەورەکانیشدا سەریهەڵنەداوە، بڕوا ناکەم، ئاخر ئەمشەو شەوێکی زۆر هێمنە و ترووسکایی و گرمەی هیچ هەورەتریشقەیەک بەدیناکرێت و نابیسترێت، بەهەرحاڵ نازانم بۆ. ئەمشەو تا کلوە بەفرەکان هێمنتر دادەبارن، من بەخوڕتر دەگریێم، بێدەنگ دەگریێم، زۆر بێدەنگتر لە باخچەیەکی بەهەشت، ئاخر ئەم کۆمەڵگایە فێری کردووین کە بێدەنگ بگریێین و کەس فرمێسکەکانمان نەبینێت، بۆیە منیش لەبەردەم پەنجەرەی ژووری مامۆستایان ئەوە لە بووکی نزار بێدەنگ دەگریێم، کچێ چەندە سەیرە ئێمە نابێت تەنانەت لەکاتی گریانیشدا کەس گوێی لە دەنگمان بێت! لێرە لەم نیشتمانە غەریبەدا مرۆڤەکان ناتوانن لەکاتی گریانیشدا دەنگ هەڵبڕن و کەفوکوڵی دڵیان دابمرکێننەوە! لێرە مرۆڤەکان ناتوانن لەهیچ شوێنێکدا بەکامی دڵ بگریێن، ئاخر لێرە شوورەییە، نەنگییە، مردەنییە کەسێک فرمێسکەکانمان ببینێت! ژیلیای خۆم لەوێ رێوڕەسمی گریانی مرۆڤەکان چۆن بەڕێوەدەچێت؟ تۆ و خودات لەوەڵامی نامەکەمدا بۆم باسبکە. ئاخۆ لەوێ عاشقان چۆن مەراسیمی ماچ سازدەکەن؟ بەتێروتەسەلی بۆم باسبکە قشەتەگیان؟ هەناسەم، کاتێک وەڵامی نامەکەم دەدەیتەوە و باسی مەراسیمی ماچم بۆ دەکەی لەوێ، بۆم روونبکەرەوە ئاخۆ لەوێ وەک ئێرە لەسەر ماچێک عاشقان رەجم دەکرێن؟ بۆم باسبکە ئاخۆ لەسۆنگەی نامەگۆڕینەوەیەکدا عاشقان بەردباران دەکرێن؟ ئاخۆ لەخەتای لەئامێزگرتنێکی رۆمانسییانەی دوو دڵداردا دوو عەشیرەت یەکتری ونجڕ ونجڕ دەکەن؟ بۆم باسبکە ئاخۆ باوکەکانی ئەوێش هەوێنی چەپاندنی نەوەکانیانن؟ بۆم باسبکە ئاخۆ لەوێش لە ڤاڵانتایندا عاشقە هەشبەسەرەکان نەمامگەیەک شک نابەن تاکو لاسکە گوڵێکی سووری خۆشەویستی بۆ خۆشەویستەکانیان بکڕن یاخود وەک عاشقە داماوەکانی ئێرە هەر گوڵی لاستیک شک دەبەن و وێڕای ئەمەش ناتوانن لەو رۆژە پیرۆزەدا بە خۆشەویستەکانیانی ببەخشن؟ ژیلیا بەفیدای بەژنی زراڤت بم، مێژووی ئەوێم بۆ بگێڕەوە.. ئاخۆ لەوێش چ جاران شەڕێکی وەک ئەوەی نیشتمانی ئێمە روویداوە؟ بۆم باسبکە ئاخۆ لەوێش لەسەر کەپکێک بەهەزاران لاو بوونەتە قوربانی؟ بەقوربانی قەد و کەمەرت بم باسی ئەوێم بۆبکە ژیلیا، ئاخر ئەوەندەی بیردەکەمەوە باوەڕناکەم هیچ لەو شتانەی لێرە روودەدەن دووبارەبوونەوەی مێژووبن. ژیلیا خاتوون دەبێ تۆ لەوێ لەشاری مانچستەر چۆن ژیان بگوزەرێنی؟ دەبێ ئێستاش کەمانجەی خۆشەویستی من بژەنی یاخود منی غەریبت بیرچۆتەوە؟ ئاخۆ ئێستا تۆ لەوێ شەوانە وەک من بەدیار ئاگری تەنیایی چیلکە یادگارییەکان دەسووتێنی یاخود منی گوناهت لەیادکردووە؟ کچێ بڕوابکە من ئێستاش دڵ و گیانم لێوانلێوە لە رووناکی ڤیانی تۆ.. ئێستاش هەرکاتێک ناوت دێنن دڵم چەشنی شۆڕەبی نێو ئامێزی ئاو هەڵدەلەرزێت.. ئێستاش نیشتمانم لەپێناو شوێن یادەکانی تۆ بەقەد خۆت خۆشدەوێ. ژیلیا ئەی ئەو کچەی کە گوڵشەنی خۆشبەختی و نێرگزەجاڕی بەختیاری من بووی.. کچێ من هەرگیز بیرم لەوە نەکردبۆوە کە تۆی نازەنین هێندە لێم دوور بکەویتەوە.. ئاخر ئێمە لەباوەشی نیشتمانە سووتماکەکەی خۆمانا وەکو دوو لێو وابووین. ئەها لەبیرتە؟ سپێدەیەک لەڕێگای قوتابخانە دوور لەچاوی نەیاران پێمگوتی: (( کچێ بەقوربانی سەمفۆنیای بەریەکتر کەوتنی بازنە جوانەکانت بم.. هەزارەها جار بەفیدای بۆنی خۆشی پرچت بم.. ملیۆنەها جار بەخولامی ئەو برژانگە درێژانەت بم ژیلیا.. کچێ ئێمە وەک دوو لێوین، ئەگەر بەهۆی چەند وشەیەکیش ساتێک لێک دووربکەوینەوە ئەوا هەر زوو دەگەڕێینەوە باوەشی یەکتر)). وەی لە ناسۆریەکانی جودایی خودایە! دەڵێن بەسوێترین ئێش و ئازار، ئێش و ئازاری گیان سپاردنە، بەڵام دووری تۆ بۆمی سەلماند کە ئێش و ئازاری گیان سپاردن لەچاو ئێش و ئازاری لێکدابڕانی عاشقان وەکو رژانی ئاوە لەنێو گۆزەدا. ئاخر ئەوەتا لەسۆنگەی دابڕان لەتۆی دولبەر وەکو مۆزێکی غەریب پشتم چەماوەتەوە.. ئەوەتا لەتاو زستانی دووری تۆ سەرم وەک کەژەکانی نیشتمان پڕاوپڕبووە لە بەفر. دەزانی بەفرەکە هێشتا ژیرنەبۆتەوە و منیش چەشنی مەلۆتکەیەکی تازە لەدایکبوو دەگریێم و دەگریێم.. کچێ لەوە ناچێ ئەمشەو هیچ کامێکمان ژیرببینەوە.
*** *** ***
sarchawa:sabahmajid
لهسهر هێڵ نییه