.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه












(نامەیەک بۆ ژیلیا) بەشی پێنجەم
نوسینەوەی:سەباح مەجید
5
کچێ ژیلیا، ئەی ئەو کچەی کە بە قسەخۆشەکانت خەمەکانی منت دەڕەواندەوە.. ئێستا کاتژمێر دوو و نیوی شەوە، بەفرەکە هێشتا ژیرنەبۆتەوە، وا خەریکە وەنەوز دەمباتەوە و پێڵوی چاوەکانم بۆ راناگیرێت....
ژیلیای خۆم، ببوورە کە پێش کەمێک لەمیانی نووسینی ئەم نامەیەدا کەمێک خەو بردمیەوە، ئاخر بێدەستی خۆم بوو! کچەکە ئێستا کاتژمێر سێ و هەشت خولەکە، بەفرەکەش هەر دەبارێت. ژیلیای ژیاندۆستی من، پێش کەمێک لەخەودا خەریکی نووسینی نامەکە بووم، بەڵام لەو خەوەدا لەپڕ چوومەدەرەوە و بینیم ئەوە بەفرەکە ژیربۆتەوە، بەڵام گڕی دەروونی من هێشتا ژیرنەبۆتەوە، سەیری هەر لایەکم دەکرد بەفری سپی دایپۆشیبوو، شاخی شیرین و پێرس و تەواوی ئاوایی بووکی نزار تارای زیوینی بەفریان پۆشیبوو، مانگ وەکو من غەریبانە لە دیمەنی ئەو دەڤەرەی دەڕوانی.. ئەسیرینی نێو دیدەی ئەستێرەکان دەبریسکانەوە، رۆشنایی مانگ ئەو دەڤەرەی بەتەواوی رۆشن کردبۆوە..لەهیکڕا رووم بۆلای شاخی شیرین وەرگێڕا، بینیم ئاسکێک کە رووناکی لێدەڕژا لە دامێنی شیرینەوە بەرەو بووکی نزار دێت، چاوەکانم هەڵگلۆڤی و وردتر سەیرم کرد ئەوە ئاسکێکی دیکەش بەرەو بووکی نزار بەڕێوەیە.. لەپڕ بوون بە سێ و چوار و هەشت و هەژدە و....و...و... تا دەهات ژمارەی ئاسکە رۆشنەکان زیاتردەبوون و ئیدی لە وێزەمدا نەما بیانژمێرم.. رووم بەرەو شاخی برادۆست وەرچەرخاند، مەدهۆشبووم! بەسەدان ئاسک کە رووناکییان لێدەڕژا بەرەو بووکی نزار دەهاتن.. رووم لە شاخی پێرس کرد، دیسانەوە بەمەندەهۆشی نیگام لەسەر سەدان ئاسکی رۆشن گیرسایەوە. خودایە لەو هەموو ئاسکە رووناکە! ژیلیا من هیچم پێنەدەکرا و لە بەردەم ژووری مامۆستایاندا بە سەرسامی لەو هەزارەها ئاسکەم دەڕوانی کە بەرەو بووکی نزار دەهاتن.. سەرم سوڕمابوو لەوەی چۆن لەسەر ئەو بەفرە وەها تیژڕەون! خودایە چەندە پەرۆشانە بەرەو ئاوایی بووکی نزار دەهاتن! ئاسکەکان تا دەهات نزیکتر دەبوونەوە و لەدوای خۆیاندا رووناکییان بەجێدەهێشت.. لەناخەوە دەمگوت: ((رەنگە بەهۆی ئەم بەفرە زۆرەوە هیچ شتێکیان دەست نەکەوتبێت تا بیخۆن، بۆیە روو لێرە دەکەن)) بەڵام هەرزوو پەشیمان بوومەوە و گوتم: ((نەخێر، ئاخر بۆ تەنها ئەو ئاسکە جوانانە؟ ئەی هەموو گیانلەبەرەکانی دیکە چی؟)) نەمدەزانی هاتنی ئەو هەموو رەوە ئاسکە جوانانە چۆن شیبکەمەوە، ژیلیا ئاسکەکان وەک تۆ جوان بوون.. هێدی هێدی لە بووکی نزار نزیکتر دەبوونەوە، لەناکاو بینیم هەر راوچییە و بە تفەنگێکەوە لە بۆسەی ئاسکە جوانەکاندان و سێرەیان لێگرتوون، من پەشۆکام و پڕ بە ئەوکم هاوارم کرد: (( ناااااا، بگەڕێنەوە ئاسکە جوانەکان، بگەڕێنەوە ئەوە سەدان راوچی بۆسەیان بۆ ئێوە داناوەتەوە...)) هێشتا قسەکانم تەواو نەکردبوو راوچییەکان دەڤەرەکەیان کرد بە یەکپارچە ئاگر..تاااق... تاااق...تەق تەق تەق...تاق تاق تاق.....لە چاوتروکانێکدا بەسەدان ئاسکی جوان کەوتنە بەر رێژنەی گوللە نەگریسەکان و پەلەواژبوونەوە و خەڵتانی خوێن کران! راوچییەکان کردیان بە ژاوە ژاوێک نەبێتەوە.. هەریەکەیان راوەدووی ئاسکێکی قەشەنگی دەنا و سێرەی لێدەگرت و تەقەی لێدەکرد و بەریدەدایەوە.. هەر ئاسک بوو رووی وەردەچەرخاند و تەقەڵای دەدات خۆی لە گوللەی نەگریسی راوچییەکان دەرباز بکات.. من حەپەسابووم و سەری هەرلایێکم دەکرد هەر ئاسکە و پەلەواژ دەبێتەوە و خوێنی سووری تێکەڵ بە بەفرە سپییەکە دەبێت، من هەترەشم چووبوو و نەمدەزانی چی بکەم! تا دەهات ئاسکی رۆشن تیرۆر دەکران و ژمارەیان کەم دەبۆوە..ژمارەیەک لە ئاسکەکان دەربازبوون، بەڵام ژماریەکی یەکجار زۆریان شەهیدکران و خوێنی پاکیان تێکەڵ بە بەفری سپی بوو، زۆری نەبرد لەتەک هەر ئاسکێکی تیرۆرکراودا گوڵێکی شین روا.. تا وای لێهات ئەو دەڤەرە لێوانلێوبوو لە گوڵی شین! من بەدەست خۆم نەبوو فرمێسک سێڕێز سێڕێز بە روومەتەکانما هاتەخوارەوە.. لەپڕ لە پرمەی گریانمدا و بەهەموو هێزێکمەوە هاوارم کرد: ((راوچییە بێدڵەکان، بۆ ئاسکە جوانەکانتان کوشت؟ بۆ ئاسکە رۆشنەکانت کوشت بۆۆۆۆۆ؟)) ژیلیای خۆم لەسۆنگەی هاواری خۆما بەئاگاهاتم، کە بەئاگاهاتم سەیرمکرد مامۆستاکان هێشتا لەشیرین خەودان، من پێنووسەکەم هێشتا بەدەستەوەبوو و بەفرەکەش هێشتا ژیرنەببۆوە. کچێ ئەوەتا دوای ئەو خەوە ناخۆشە وا لە نووسینی نامەکەم بەردەوامم، کچێ ئەمشەو لەوەدەچێت نە من و نە پێنووسەکەم و نە بەفرەکەش ژیرببینەوە.وەی خودایە چەندە پەرۆشی بینینی تۆم ژیلیا! ئەها لەبیرتە کچەکە؟ کە لەترسی نەیاران نامەیەکم بۆت خستە نێو قالکە شقارتەیەک و لەڕێگەی قوتابخانە بەدزیی پێمدای؟ لەبیرتە لە نامەکەدا نووسی بووم: (( ژیلیا، نازانم ئایەتی زەردەخەنە بەریئەکانت چۆن تەفسیر بکەم ئەی پاکیزەترین پاکیزە.. کچێ لەشکری ئیرادەی من خۆی لەبەرامبەر ئیمپراتۆریەتی بزە پڕ لە گڕەکانت راناگرێ نا، ئاااای کە چۆن نیگا میهرەبانەکانت رۆحیان سووتاندووم ئەی یار! تۆ بەو هەموو پشکوتنی خونچەی خەندەیە چەندە لە باخچەیەکی بێگوناه دەچی ئیلاهی! کچێ گوپخڕ و گوڵڕووەکەی خۆم بۆ نایەی پڕاوپڕم بکەی لە سۆز؟ وەیش خودایە چەند قشتی کاتێ بێئاگا لە دڕکدۆستان بەدەستە شووشەییەکانت دزە سڵاوم لێدەکەی! کچێ ساتێ هاتمە نێو شانشینی عەشقت، تۆ چ پلەیەکی بەرزت پێبەخشیم خودایە! ئاخر هەر زوو سەر شانەکانمت پڕکرد لە ئەستێری بەخت. کچێ نازانم بۆ کاتێک دەگەمە ئاستی تۆ زەمینلەرزەیەکی ئەوتۆ وڵاتی دڵم دەگرێتەوە تەنانەت رێختەریش توانستی پێوانەکردنی نییە! نازانم بۆ لەبەرامبەرتا وەک روومەتەکانت سوور هەڵدەگەڕێم؟ کچێ کە بەیەکەوە گوڵی زەردەخەنە دەگۆڕینەوە چەندە خۆشبەختم خودایە! گیانم بەفیدات ژیلیا لێم دوور نەکەویتەوە، ئاخر دوور لەتۆ دەبم بە کانییەک و خەمم لێهەڵدەقوڵێ.. دەبم بە تاڤگەیەک و تەنهاییم لێدەڕژێ. ژیلیا، ئەی لە گۆنای سپێدە بێگەردتر و لە رۆحی شەو هێمنتر، چەند تامەزرۆم وەک گوڵ بتدەم لە یەخەم.. دەبێ کەی هەوری پێکگەیشتن بەسەرماندا ببارێت قشتەگیان؟ کچێ ژیلیا باوەڕبکە لێوڕێژم لە عەشقی تۆ، کچێ گەر باوەڕ ناکەی ئامادەم نۆ ملیۆن سوێندت بۆ بخۆم.. گەر باوەڕ ناکەی وەرە هەموو مرۆڤەکان کۆبکەرەوە و با پێنووسی سۆزی خۆیان بهاوێژنە ناو ئاوی خۆشەویستی تۆ.. بزانە ئەوسا پێنووسی کامیان وەک پەڕجوو لەنێو ئاوی خۆشەویستی تۆدا دەچەقێ! کچێ گەر پێنووسی سۆزی من وەک زەکەریای پەیامبەر لەنێو ئاوی خۆشەویستی تۆدا نەچەقی ئەوا وەرە بە نینۆکە درێژ و جوانەکانتا وەک پرچت تاڵ تاڵم بکە ژیلیا.
*** *** ***
sarchawa:sabahmajid
لهسهر هێڵ نییه