.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه












(نامەیەک بۆ ژیلیا) بەشی حەوتەم
نوسینەوەی:سەباح مەجید
7
ژیلیای ژیاندۆست، ئەی ئەو کچەی کە بێماڵئاوایی رۆیشتی و منی زەبوونت بەڕێگا بەرفراوانەکانی هەنسک سپارد، ئێستا کاتژمێر چوار و چل خولەکە و نە من و نە بەفرەکەش هێشتا ژیر نەبووینەتەوە! کێ ناڵێ تا وادەی مەرگ هەروا نامێنینەوە و بەدەم گریانێکی بێدەنگ سەرنانێینەوە! ژیلیای خۆم هەر مرۆڤێکی سەر رووی زەمین کاتێک دڵی لە لێدان دەکەوێت، دەمرێت..بەڵام من ریزپەڕم و ئەم یاسایە نامگرێتەوە، چونکە تۆ دڵی دووەمی منی کچەکە. خۆزگە دەتزانی چەندە غەریبیت دەکەم فریشتە هێمنەکەم! کچێ ئاخۆ لەوێ لە مانچستر تەنیایی تۆشی وەکو من داڕماندووە؟ دەپێمبڵێ چۆن تائێستا لەحەژمەتی دووری گوڵە جوانەکانی بەهاری نیشتمان و منی زۆرڕەو ماویت؟ کچێ لەبیرتە؟ لە مەخموور، لەقوتابخانەی پەیمان پۆلی پێنجەم بووین و لەتەک یەکتری دادەنیشتین؟ لەبیرت ماوە ژیلیا؟ وانەی شەشەم بوو.. پەروەردەی ئیسلامیمان هەبوو، بەدزیی مامۆستای وانە پارچە کاغەزێکم بۆت نووسی و پێمدای، بیرتە بەدەستوخەتێکی ناشیرین نووسی بووم:(( دەترسم رۆژێک بمریت و لەدڵما بەزیندوویی بمێنیتەوە، کچێ ژیلیا دەترسم بمرم و لەدڵتدا بەزیندوویی بمێنمەوە، چەند ناخۆشە! چەند سەختە! خۆزگە عاشقەکان هەمیشە بەیەکەوە دەمردن!)). باوەڕبکە ژیلیا ئێستاش هەمان ترسم هەیە و دەستوخەتیشم وەک جاران ناخۆشە، ئاخر چ بکەم؟ نە ئەو ترسە دەستبەردارم دەبێت و نە خەتیشم خۆشدەبێت، لەبیرمە کە پۆلی یەکەمی سەرەتایی بووین، مامۆستای کوردی هەموو جارێک لە تێنووسەکەمی دەنووسی ((دیتراوە)) و تۆش گاڵتەت پێدەکردم و بەنازەوە دەفتەرەکەی خۆتت پیشان دەدام کە هەمیشە لەسەری نووسرابوو ((ئافەرین، گوڵی پۆل، هەربژی دکتۆرە)). بەڵام ئەفسوس بۆ ئەو رۆژانە! ئێ ژیلیا.. کچێ نازانم ئەمشەو لەبەدەم ئەو پەنجەرەیەدا و هاوشان لەگەڵ بارینی ئەو کلوە بەفرە بێگەردانە مۆمی کامە بیرەوەری دابگیرسێنم، بڕوابکە ئێستاش هەر خۆشەویستەکەی جارانمی، کچێ خۆشمدەوێی و لێم مەپرسە بەڵگەت چییە؟ ئاخر تۆ تائێستا بینیوتە رۆژێک لەرۆژان گوللە پرسیار لە کوژراوێک بکات؟ وەیش تۆ چەندە مەزن بووی ژیلیا! کچێ گەر مرۆڤەکان گشتیان وەک تۆ بوونایە ئەوە تاجی خۆشنوودی بەسەر سەری هەموویانەوە دەرەوشایەوە. من زۆرجاران بیردەمەوە و وادەزانم دایکت ((رەعنای رەزاسووک)) هەنگ بێت! دەزانی بۆ حەیرانت بم؟ چونکە دایکت هەنگوینێکی شیرینی وەک تۆی هێناوەتە بوون. ژیلیای خۆم، تا دێ گەڵای تەمەنمان هەڵدەوەرێ، بەڵام ناتوانم لەبیرخۆمت بەرمەوە.. کچێ ئەگەر بەهاریش بتوانێت گوڵەکان لەبیربکات، بەڵام من هەرگیز ناتوانم تۆ لەبیربکەم، چۆن بتوانم کچەکە؟ ئاخر تۆ جوانترین یادگارمی هەناسەم. کچێ کەی فرمێسکێک رژایە ناو زەریایەکەوە و توانرا بدۆزرێتەوە مەگەر ئەوکات من بتوانم لەیادت بکەم! کچێ لەبیرتە ئەو سپێدەیەی کە بەیەکەوە دەچووینە قوتابخانە؟ ئێمە هەریەکێکمان لەقوتابخانەیەک دەمانخوێند، بەڵام من هەموو رۆژێک وەک سێبەر تاکو بەردەم قوتابخانەکەتان لەگەڵتا دەهاتم، بیرتە؟ سپێدەیەکی ساردی زستان بوو و باران بەخوڕ دەباری.. من چەترێکی رەشم هەڵدابوو.. لەکۆڵانێکی چۆڵ پێچمان کردەوە.. کەس دیارنەبوو و لێت نزیکبوومەوە و تۆش بەخەندەیەکی جوانەوە خۆت خزاندە ژێر چەترەکەمەوە.. بیرتە؟ کە لەژێر چەترە رەشەکەدا پێمگوتی: (( ئێستاش کاتی ماچکردنە بەتەوقیتی تامەزرۆیی لێوەکان)). بیرتە؟ لەژێر چەترە رەشەکەدا دەڕۆیشتین و لێوەکانم لەسەر لێوی یەکتربوون؟ خودایە چەندە ماچێکی بەهەشتی بوو! نەماندەزانی لەسەر زەوی دەڕۆین.. واماندەزانی لە کۆڵانێک لە کۆڵانە پڕ لە ئاسوودەییەکانی بەهەشت هەنگاو دەنێین! ئااای ژیلیا پاییزی شەڕی ناوخۆ چۆن هەڵیوەراندین! خودایە جەنگ چەندە بێدڵانە دەکەوێتە وێزەی مرۆڤەکان و کەڤاڵەکانی کامەرانی دەشێوێنێت! خودایە جەنگ چۆن سەرجەم رووناکییەکانی تاریک کردین و خۆشەویستەکانی وەک مشتێک مرواری لێ پەرت کردین و گشت دەروازەکانی بەختیاری بەڕوودا داخستین.. جەنگ بێبەزەییانە هەموو شالوورە خۆشخوانەکانی ئینتیمای نیشتمانی لێهەڵفڕاندین..جەنگ وەک باڕەشێکی قین لەدڵ هەڵیکرد و سەرجەم گوڵەکانی خۆشگوزەرانی ئێمەی هەڵوەراند. کچێ ژیلیا جەنگ چی پێمان نەکرد؟ هەموو شتەکانی لێککرد! تەنانەت تۆی فریشتەشی لەمن کرد و لەنێو بەهەشتی ئامێزی تۆدا غەریبانە دەریکردم و ژیانی پڕاوپڕ کردم لە پەرێشانی، بۆیە هەمیشە نەفرەت بۆ جەنگ دەنێرم.
*** *** ***
sarchawa:sabahmajid
لهسهر هێڵ نییه