❤❤یـــانەی کوردژیـن/Kurd Zhin❤❤/ / كه‌ركوك، له‌دیدی‌ كوردی‌ پارچه‌كان

.



نازناو:  وشه‌ی تێپه‌ڕبوون:  ‌  |  

ئاگاداری

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌ڕێزان : هه‌رکاتێک کێشه‌یه‌ک یان په‌یامێکی ناشیاوت به‌رچاو که‌وت له‌یانه‌دا ئه‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ :_

1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) .. ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .

2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له‌ ئه‌وروپا به‌ ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره‌ ته‌له‌فوونی( 00447754007706) .

New Page 1

    بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه‌  



#1 2008-08-07 08:58:48

chra
ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی
شوێن: رانیه‌
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2008-02-27
دواترین سه‌ردان: 2012-08-03
په‌یامه‌كان: 81

كه‌ركوك، له‌دیدی‌ كوردی‌ پارچه‌كان

كه‌ركوك، له‌دیدی‌ كوردی‌ پارچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستانه‌وه‌

ئا: لاپه‌ڕه‌ی‌ كوردستانی‌

ئایا كه‌ركوك كێشه‌یه‌كه‌ ته‌نها په‌یوه‌ندی‌ به‌كوردستانی‌ باشوره‌وه‌ هه‌یه‌؟ ئایا كه‌ركوك په‌یوه‌ندی‌ به‌كوردی‌ پارچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستانه‌وه‌ نییه‌؟ كێشه‌ی‌ كه‌ركوك له‌ڕوانگه‌ی‌ كوردی‌ پارچه‌كانی‌ دیكه‌وه‌ چ گرنگی‌و چ هێمایه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ له‌هه‌ناوی‌ خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌‌و هه‌ست‌و سۆزی ئه‌وان به‌رامبه‌ر به‌م شاره‌ چیه‌ كه‌ كێشمه‌كێشێكی‌ گه‌وره‌و خوێناوی‌ له‌سه‌ر ده‌كرێت؟
چه‌ند سیاسه‌تمه‌دار‌و كه‌سایه‌تییه‌كی‌ رۆشنبیری‌ كوردستانی‌ باكورو رۆژهه‌ڵات‌و رۆژئاوا سه‌باره‌ت به‌كه‌ركوك، بۆ لاپه‌ڕه‌ی‌ كوردستانی‌ ئاوێنه‌ ده‌دوێن.

ئه‌حمه‌د ده‌نیز
به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌كه‌كه‌
كه‌ركوك یه‌كێكه‌ له‌مه‌سه‌له‌ هه‌ره‌ گرنگ‌و هه‌ستیاره‌كانی‌ كورد، بایه‌خ‌و گرنگی‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌ئه‌ندازه‌یه‌كه‌ كه‌ به‌شێكی‌ هه‌ستیاری‌ شكۆی‌ نه‌ته‌وه‌ییمان، به‌سه‌ركه‌وتنمانه‌وه‌ له‌كه‌ركوك شه‌ته‌ك دراوه‌. زۆر پێویست بوو سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كورد چاره‌سه‌ری‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ی‌ ئه‌وه‌نده‌ دوانه‌خستایه‌، ده‌بوو هه‌ر له‌كاتی‌ هاتنی‌ ئه‌مه‌ریكا‌و روخانی‌ رژێمی‌ سه‌دامه‌وه‌ شێلگیرانه‌ هه‌وڵی‌ چاره‌سه‌ر كردنی‌ بدایه‌، چونكه‌ هه‌ر دواخستنێكی‌ ریسك كردنێكی‌ مه‌ترسیداره‌ بۆ كورد. وه‌ك په‌كه‌كه‌ پێمانوایه‌ كه‌ركوك شارێكی‌ دێرینی‌ كوردستانه‌و پێویسته‌ بخرێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌هه‌مانكاتدا پێویسته‌ ماف‌و ئازادیش بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌و په‌یڕه‌وانی‌ ئاین‌و تائیفه‌كانی‌ ئه‌و شاره‌ به‌عه‌ره‌ب‌و توركمان‌و ئاشورییه‌كانه‌وه‌ دابین بكرێت. هه‌روه‌ها ئێمه‌ پێشمانوایه‌ كه‌ركوك ته‌نها مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ په‌یوه‌ست به‌باشوری‌ كوردستانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌یه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌‌و هه‌رگیز وه‌ك كێشه‌ی ته‌نها پارچه‌یه‌كی‌ كوردستان سه‌یری‌ ناكه‌ین‌و قبوڵیشی‌ ناكه‌ین به‌وجۆره‌ مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ بكرێت. هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌ پشتیوانی‌ ته‌واوی‌ خۆمان بۆ بڕیاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك راده‌گه‌یه‌نین‌و به‌كارێكی‌ دروست‌و راستی‌ ده‌زانین. من وه‌ك كوردێك پێموایه‌ كوردستان به‌بێ‌ كه‌ركوك هیچ ماناو هیچ بوونێكی‌ راسته‌قینه‌ی‌ نابێت.

مامۆستا عه‌بدوڵای‌ حه‌سه‌ن زاده‌
نووسه‌ر‌و سیاسه‌تمه‌داری‌ كوردستانی‌ رۆژهه‌ڵات
وه‌ك خۆم له‌مێژه‌ وتومه‌ دروشمی‌ سیاسی‌ رۆژ‌و دروشمی‌ حیزبی‌ مه‌رحه‌له‌یی‌، شتێكی‌ جیایه‌ له‌ئامانجی‌ ستراتیجی. من پێموایه‌ كورد وه‌ك هه‌موو گه‌لانی‌ دیكه‌ی‌ دونیا مافی‌ خۆیه‌تی‌ خاوه‌نی‌ وڵات‌و خاوه‌نی‌ ده‌وڵه‌تی‌ خۆی‌ بێت‌و به‌سه‌ر خاكی‌ هه‌موو به‌شه‌كانی‌ كوردستاندا سه‌روه‌ر بێت. كه‌ركوك به‌شێكه‌ له‌كوردستانی‌ باشور، باشوری كوردستانیش به‌شێكه‌ له‌كوردستانێكی‌ گه‌وره‌تر كه‌ به‌ده‌ر له‌ئیراده‌ی‌ میلله‌تی‌ كورد به‌شكراوه‌ به‌سه‌ر چوار وڵاتدا. ئه‌م میلله‌ته‌ مافی خۆیه‌تی یه‌كبگرێته‌وه‌، به‌مه‌ش خاكی‌ هیچ وڵاتێك دابه‌ش ناكه‌ین، به‌ڵكو ئه‌مه‌ وڵاتی‌ خۆمانه‌ كه‌ به‌ناهه‌ق‌و زۆره‌ملێ‌ په‌رت‌و دابه‌شكراوه‌. هه‌ر بۆیه‌ له‌دیدی‌ منه‌وه‌ كه‌ركوك ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی‌ باشوری‌ كوردستاندا ته‌رح ناكرێت، به‌ڵكو به‌شێكی‌ دانه‌بڕاوه‌ له‌قه‌واره‌یه‌كی‌ گه‌وره‌تر له‌باشوری‌ كوردستان كه‌ پێده‌ڵێن كوردستان‌و په‌یوه‌سته‌ به‌هه‌موو كوردێكه‌وه‌، هه‌روه‌ها كه‌ركوكیش په‌یوه‌سته‌ به‌هه‌موو كورده‌وه‌. كه‌ركوك بۆ ئێمه‌ی‌ كورد له‌زۆر رووه‌وه‌ گرنگه‌، خاڵێك كه‌ پێویسته‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی‌ له‌سه‌ر بكه‌م ئه‌وه‌یه‌ من سه‌یرم له‌وه‌ دێت زۆرجار ده‌ڵێن "گرنگی‌ كه‌ركوك له‌به‌ر نه‌وته‌كه‌ی‌ نییه‌‌و حاشا له‌وه‌ ده‌كه‌ن"، نازانم ئه‌و حاشایه‌ بۆ؟ راسته‌ گرنگی‌ كه‌ركوك له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵكه‌وته‌یه‌كی‌ ستراتیجی‌ گرنگی‌ هه‌یه‌و خاكه‌‌و میلله‌ته‌، به‌ڵام هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ زۆر گه‌وره‌ی‌ داهاتی‌ ئێمه‌شی‌ تێدایه‌ كه‌ ده‌توانێت بنه‌مای‌ ئابوری‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ سه‌ربه‌خۆ له‌باشوری‌ كوردستان‌و سه‌رتاسه‌ری‌ كوردستانی‌ گه‌وره‌دا به‌هێز بكات. كه‌ركوك له‌هه‌موو بارێكه‌وه‌ گرنگه‌، ئه‌وه‌ڵ‌ خاكه‌ كه‌ بۆ خۆی‌ ئازیزه‌و پێویسته‌ به‌رگری‌ لێبكه‌ین، دووه‌میش دانیشتوانه‌كه‌ی‌ به‌شێكن له‌گه‌لی‌ كوردستان، واته‌ ئه‌مه‌ مانای‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ هه‌موو دانیشتوانی‌ كه‌ركوك به‌شێكن له‌كورد، به‌ڵكو دانیشتوانه‌كه‌ی‌ كه‌ چه‌ندین نه‌ته‌وه‌و ئایینی‌ جیاواز له‌خۆده‌گرێت به‌شێكن له‌گه‌لی‌ كوردستان‌و ده‌بێت رێز له‌مافه‌كانیان بگیرێت.

غه‌مگین دێریك
نوسه‌ر‌و سیاسه‌تمه‌دار كوردستانی‌ رۆژئاوا
ئه‌مڕۆ كێشه‌ی‌ كه‌ركوك بووه‌ به‌كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی‌ كورد له‌باشوردا، هه‌روه‌ها ئێستا ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ی‌ كوردستانی‌ باشور بووه‌ به‌سه‌نته‌ری‌ هه‌موو بزوتنه‌وه‌ی‌ كورد‌و پاشه‌رۆژ‌و چاره‌نووسی‌ هه‌موو پارچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان‌و نه‌ته‌وه‌ی كوردی‌ پێوه‌ به‌ستراوه‌. ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ كه‌ركوك له‌كوردستانی‌ عێراقدا به‌چاره‌سه‌ری‌ دڵخوازی‌ كورد نه‌گات، ئه‌وا له‌كوردستانی‌ سوریاش چاره‌سه‌ر نابێت، چونكه‌ حكومه‌تی‌ سوریا ده‌یه‌وێ‌ ئێستا قامشلی‌ به‌ده‌ردی‌ كه‌ركوك ببات، كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ته‌عریبكردنی‌‌و له‌شوێنه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ سوریاوه‌ عه‌ره‌بی‌ بۆ دێنێ‌‌و، به‌پێی‌ پلانێكی‌ دژ به‌هه‌موو كورد له‌و شاره‌ كوردستانییه‌دا نیشته‌جێیان ده‌كات. به‌بڕوای‌ من ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ كه‌ركوك له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ كورد چاره‌سه‌ر نه‌بێت، ئه‌وا كاریگه‌رییه‌كی‌ زۆر خراپی‌ له‌سه‌ر كۆی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ كورد له‌پارچه‌كانی‌ تردا ده‌بێت‌و ده‌بێته‌ هۆی‌ شكاندنی‌ شكۆی‌ نه‌ته‌وه‌یمان‌و سبه‌ینێ‌ قامشلیش وه‌ك كه‌ركوكی‌ لێدێت. له‌به‌رئه‌وه‌ به‌بڕوای‌ من كه‌ركوك هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ باشور‌و عێراقی‌ نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌ی‌ هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی‌ كوردستان‌و دڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ هه‌موو كوردستانه‌، به‌باشورو باكورو رۆژهه‌ڵات‌و رۆژئاواوه‌.

عومه‌ر ئیلخانیزاده‌
سكرتێری‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستان
به‌بڕوای‌ من كه‌ركوك‌و باشوری‌ كوردستان په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌ به‌هه‌موو گه‌لی‌ كورده‌وه‌، راسته‌ ئێمه‌ راسته‌وخۆ له‌كاروباری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و هیچ به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان ده‌خاله‌ت ناكه‌ین، به‌ڵام پێمانوایه‌ كه‌ركوك به‌شێكه‌ له‌خاكی‌ كوردستان‌و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌كیش پشتیوانی‌ له‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ بخرێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان. له‌ڕاستیشدا هه‌م له‌باری‌ ده‌ستورییه‌وه‌ ئه‌وه‌ مافی‌ كورده‌و هه‌م له‌ڕووی‌ ئه‌و ته‌وافوقانه‌ی‌ كه‌ پێشتر كرابوون له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیدا ده‌بوو ئێستا كه‌ركوك بگه‌ڕایه‌ته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان. ئێمه‌ له‌به‌یاننامه‌یه‌كیشدا هه‌ڵوێستی‌ خۆمان له‌مباره‌وه‌ راگه‌یاندووه‌و وتومانه‌ كه‌ ئه‌ركی‌ هه‌موو كوردێكه‌ له‌باری‌ سیاسییه‌وه‌ پشتگیری‌ له‌و خه‌باته‌ بكات‌و فشار بخاته‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و زلهێزه‌كانی‌ جیهان بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌چاره‌سه‌رێكی‌ دیموكراسییانه‌ بگات. له‌هه‌مانكاتیشدا ئێمه‌ پێمانوایه‌ ئه‌و نه‌ته‌وه‌و تائیفانه‌ی‌ دیكه‌ش كه‌ كه‌مایه‌تین پێویسته‌ هه‌موو مافێكیان پارێزراو‌و سه‌لمێندراو بێت. كورد كه‌ بۆ خۆی‌ ساڵانێكی‌ دوورو درێژ له‌ژێر گوشار‌و چه‌وسانه‌وه‌و بنده‌ستیدا بووه‌، ده‌بێت له‌هه‌موو كه‌سێك زیاتر پارێزه‌ری‌ مافی‌ كه‌مایه‌تییه‌كان بێت، به‌تایبه‌تی‌ توركمان‌و عه‌ره‌ب‌و ئاشورییه‌كان. له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا، من بڕوای‌ ته‌واوم به‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت هه‌موو گه‌لی‌ كورد به‌رگری‌ له‌كوردستانی‌ بوونی‌ كه‌ركوك بكات، چونكه‌ سبه‌ینێ‌ ئێمه‌ كێشه‌ی‌ كرماشانیشمان ده‌بێت، كێشه‌ی‌ شارو شارۆچكه‌ی‌ پارچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستانیشمان ده‌بێت. به‌هه‌موو پێوه‌رێك بۆ كورد ره‌وایه‌ كه‌ له‌و شوێنانه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانن داوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێم بكه‌ن. ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوكیش بۆ خۆی‌ داوای‌ كردووه‌ كه‌ بخرێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێم‌و ئه‌مه‌ش له‌ڕووی‌ یاسایی‌‌و سیاسییه‌وه‌ كارێكی‌ ره‌وایه‌‌و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیری‌ لێده‌كه‌ین. پێموایه‌ گرنگی‌ كه‌ركوك لای‌ هه‌موومان ئاشكرایه‌، كه‌ هه‌م به‌شێك له‌سه‌روه‌ت‌و سامانی‌ ئێمه‌ی‌ تێدایه‌‌و هه‌م به‌شێك له‌نه‌ته‌وه‌و خاكه‌كه‌شمان، هیچ میلله‌تێكیش له‌دونیادا ئه‌وه‌ قبوڵ‌ ناكات كه‌ به‌شێك له‌سه‌روه‌ت‌و سامان‌و خاك‌و نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ داببڕدرێت.


نوره‌دین ئاگری‌
نوێنه‌ری‌ باشورو ئه‌ندامی‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌
پارتی‌ سۆشیالیستی‌ كوردستان ـ توركیا
به‌لای‌ منه‌وه‌ چ كه‌ركوك، چ دیاربه‌كر، چ مه‌هاباد، چ قامشلی‌ جیاوازییان نییه‌، ئه‌گه‌ر كوردی‌ باشور له‌كه‌ركوكدا كێشه‌ی‌ هه‌بێت، ئه‌وا په‌یوه‌ندی‌ به‌كوردی‌ رۆژئاواو رۆژهه‌ڵات‌و باكوریشه‌وه‌ هه‌یه‌. به‌تایبه‌تی‌ له‌كێشه‌یه‌كی‌ پڕ گرنگی‌ وه‌ك كه‌ركوكدا كه‌ بایه‌خێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ستراتیجی‌‌و دیرۆكی‌ هه‌یه‌‌و خه‌بات‌و تێكۆشانێكی‌ بێوچان‌و خوێنێكی‌ زۆری‌ بۆ رژاوه‌. ئێمه‌ ده‌خوازین كه‌ركوك دوای‌ ئه‌و هه‌موو زوڵم‌و زۆره‌ی‌ ده‌رهه‌قی‌ كراوه‌ به‌ڕێگه‌یه‌كی‌ دیموكراسییانه‌ بخرێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ئه‌م كێشه‌یه‌ی‌ ئێستا هه‌رایه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌كرێت به‌چاره‌سه‌ر بگات، ده‌بێت كه‌ركوك بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ئه‌مه‌ش ئامانجی‌ ئێمه‌یه‌.

محه‌مه‌د نه‌زیفی‌ قادری‌
ده‌فته‌ری‌ سیاسی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران
كه‌ركوك شارێكی‌ دێرینی‌ كوردستان‌و به‌شێكی‌ جیانه‌كراوه‌یه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ باشور. ئێمه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كه‌ركوك بۆ سه‌ر هه‌رێم به‌شتێكی‌ ره‌وا ده‌زانین‌و پێشمانوایه‌ پێویسته‌ هه‌موو نیشتمانپه‌روه‌رانی‌ كورد پشتیوانی‌ له‌هه‌ڵوێسته‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كوردستان‌و ئه‌و هه‌وڵ‌‌و كۆششانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌م پێناوه‌دا ئه‌نجام ده‌درێن. من كه‌ركوك هه‌م وه‌ك خاك‌و هه‌م وه‌ك هه‌ڵكه‌وته‌ی‌ جوگرافی‌‌و هه‌م وه‌ك داهات‌و سه‌روه‌ت‌و سامانێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ئابوری‌، به‌جه‌وهه‌ری‌ خه‌باتی‌ سیاسی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ كورد له‌باشوری‌ كوردستان ده‌زانم. هه‌روه‌ها ئێمه‌ كه‌ركوك‌و هه‌ر بسته‌ خاكێكی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ كوردستان به‌گرنگ ده‌زانین‌و خوازیاریشین له‌زووترین كاتدا هه‌موو ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ژێر سایه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و ئاڵای‌ كوردستان.

عه‌بدولباقی‌ یوسف
حیزبی‌ یه‌كێتی‌ كورد له‌سوریا
كه‌ركوك، كه‌ هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتداران هه‌وڵی‌ گۆڕینی‌ دیمۆگرافیا‌و سڕینه‌وه‌ی‌ كوردستانی‌ بوونیان داوه‌، ناكرێت ئه‌مڕۆ وه‌ها ته‌ماشا بكرێت كه‌ ته‌نها مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ عێراقییه‌، به‌ڵكو ره‌هه‌ندی‌ ناوچه‌یی‌‌و ته‌نانه‌ت نێوده‌وڵه‌تیشی‌ به‌خۆوه‌ گرتووه‌. دیاره‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عه‌ره‌بی‌ ئێستای‌ عێراقیش هه‌وڵی‌ جدییان نه‌داوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ دیموكراسییانه‌‌و له‌ڕێگه‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ مادده‌ی‌ 140ه‌وه‌. ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ سه‌رسوڕمانه‌ به‌لای‌ منه‌وه‌ ته‌ده‌خول كردنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیا‌و جامیعه‌ی‌ عه‌ره‌بییه‌ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا. باشه‌ من ده‌پرسم ئه‌گه‌ر ئه‌وان مافی‌ خۆهه‌ڵقورتان له‌م كێشه‌یه‌یان هه‌بێت، ئه‌ی‌ بۆ كوردی‌ پارچه‌كانی‌ تر ئه‌و مافه‌یان نه‌بێت؟ كه‌ كه‌ركوك مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ محه‌وه‌رییه‌ بۆ هه‌موو كورد‌و كوردستان. باشه‌ به‌ چ حه‌قێك توركیا‌و جامیعه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ ته‌ده‌خولی‌ تیا ده‌كه‌ن؟ بۆ توركیا له‌سه‌رده‌می‌ سه‌دامدا له‌سه‌ر توركمانه‌كان ده‌نگی‌ لێوه‌ نه‌ده‌هات كه‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ چه‌وسانه‌وه‌ ده‌چه‌وسێنرانه‌وه‌‌و یه‌ك له‌سه‌دی‌ ئه‌و مافانه‌یان نه‌بوو كه‌ ئێستا هه‌یانه‌؟ ئه‌ی‌ ئایا جامیعه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌ چ ئامانج‌و مه‌به‌ستێك خۆی‌ له‌م كێشه‌یه‌ هه‌ڵده‌قورتێنێ‌؟ جامیعه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ كه‌ تا واده‌ی‌ روخانی‌ سه‌دام، پشتیوانی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ بوو، زۆر مه‌به‌ستیه‌تی‌ ئێستا له‌عێراقدا ناكۆكییه‌كان له‌به‌ینی‌ سوننه‌و شیعه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ كێشه‌ی‌ نێوان كورد‌و عه‌ره‌ب، جامیعه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ مه‌به‌ستییه‌تی‌ هه‌موو سه‌رنجه‌كان رووه‌و ئه‌و ناكۆكییه‌ ببات كه‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك له‌ئارادان‌و كوردیش ئاماده‌ نیه‌ ده‌ست له‌مافه‌ ره‌واكانی‌ خۆی‌ هه‌ڵگرێت. ئێمه‌ وه‌ك ته‌ڤگه‌ری‌ كورد له‌سوریا هه‌میشه‌ پشت‌و په‌نای‌ ته‌ڤگه‌ری‌ كورد بووین له‌هه‌موو پارچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستاندا به‌باشورو باكور‌و رۆژهه‌ڵاتیشه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ مافی‌ خۆمانه‌ قسه‌مان سه‌باره‌ت به‌كه‌ركوك‌و هه‌موو پرسێكی‌ چاره‌نووسسازی‌ كوردستان هه‌بێت‌و پێمانوایه‌ كه‌ نابێت ته‌نها له‌لایه‌ن یه‌ك پارچه‌ی‌ كوردستانه‌وه‌ تاكڕه‌وانه‌ بڕیار له‌سه‌ر كه‌ركوك بدرێت، چونكه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ كوردستانییه‌‌و چاره‌نووسی‌ هه‌ر سێ‌ پارچه‌كه‌ی‌ تری‌ كوردستانیش به‌چاره‌نووسی‌ كه‌ركوكه‌وه‌ به‌ستراوه‌. به‌ده‌ست نه‌هێنانه‌وه‌ی‌ كه‌ركوك زیانێكی‌ یه‌كجار گه‌وره‌و گرانه‌ بۆ هه‌موو كورد له‌هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی‌ كوردستاندا، جا له‌م روانگه‌یه‌وه‌ پێمانوایه‌ هه‌ر دواكه‌وتنێك له‌چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و كێشه‌یه‌دا له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ گه‌لی‌ كورددا نییه‌‌و هه‌ڵوێستی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوكیش به‌كارتێكی‌ خورت‌و به‌هێز ده‌زانین له‌ده‌ست سه‌ركردایه‌تی‌ كورددا‌و پێویسته‌ كاری‌ لێبڕوانه‌ی‌ بۆ بكات.

شه‌لال گه‌دۆ
نوسه‌ر‌و رۆژنامه‌نووسی‌ كوردستانی‌ سوریا
راسته‌ كێشه‌ی‌ كه‌ركوك له‌ڕووی‌ یاسایی‌‌و ده‌ستوورییه‌وه‌، كێشه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و هه‌موو عێراقه‌، به‌ڵام له‌دیدی‌ منه‌وه‌ كێشه‌ی‌ كه‌ركوك په‌یوه‌ندی‌ به‌هه‌ست‌و سۆزی‌ كوردی‌ هه‌موو پارچه‌كانی‌ كوردستان‌و هه‌موو كوردێكه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌هه‌ر شوێنێكی‌ ئه‌م دونیایه‌ بێت. كه‌ركوك له‌دڵی‌ هه‌موو كوردێكدایه‌ چ له‌كوردستانی‌ سوریا بێت، چ له‌كوردستانی‌ توركیا بێت، چ له‌كوردستانی‌ ئێران، چ له‌تاراوگه‌ بێت. به‌لای‌ منه‌وه‌ كێشه‌ی‌ كه‌ركوك‌و كێشه‌ی‌ قامشلی‌ هیچ جیاوازییه‌كیان نیه‌. كه‌ركوك دڵی‌ هه‌موو كوردستانه‌، پێویسته‌ ئه‌و خه‌بات‌و خۆپیشاندانه‌ی‌ ئێستا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كه‌ركوك بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كرێت، ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی‌ كوردستانی‌ عێراقدا قه‌تیس نه‌كرێت، به‌ڵكو ده‌بێت سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كورد پلانی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌بێت كه‌ ئه‌م خه‌باته‌ بكرێته‌ ته‌وه‌ره‌ی‌ خه‌بات‌و تێكۆشانی‌ كورد له‌هه‌موو پارچه‌كانی‌ كوردستاندا. چونكه‌ كه‌ركوك وه‌ك مێژوو، وه‌ك جوگرافیا‌و وه‌ك پێكهاته‌ی‌ دانیشتوان به‌شێكی‌ دانه‌بڕاوه‌ له‌كوردستان. من وه‌ك كوردێك له‌هه‌ست‌و سۆزی‌ خۆمدا هه‌ست به‌بچوكترین جیاوازی‌ ناكه‌م له‌نێوان كه‌ركوك‌و عه‌فرین‌و ئامه‌د‌و مه‌هاباددا، له‌به‌رئه‌وه‌ وه‌ك شتێكی‌ چاره‌نووسساز له‌م پرسه‌ ده‌ڕوانم، كه‌ چاره‌نووسی‌ من‌و تۆ‌و هه‌ر هه‌موومانی‌ پێوه‌ به‌ستراوه‌.

Kurdzhin
--------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
هه‌موو  شتێك له‌ ژیانی مندا ، پێشکه‌ش به‌ ئازادی کوردستان بیت  .......

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


#2 2008-08-07 20:16:40

darwnae
کازیوەی یانە
شوێن: NoRwAy
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2008-04-17
دواترین سه‌ردان: 2013-09-05
په‌یامه‌كان: 2215

Re: كه‌ركوك، له‌دیدی‌ كوردی‌ پارچه‌كان

ئەم دەست و پەنجانەت خۆش هاوڕێ گیان بۆ ئەم بابەتە ..
بەئومێدی ئەوە بێبە شـمان نەکەی لە بابەتی جوانتر......
ژیا نێکی لێوان لێو لە ئاسودەیی .......
لێوان لێو لە کامەرانی........
پڕبێ لەبەختەوەری...
دوور لە هەناسەکانی نیگەرانی
بۆ تۆی ئەزیز.......
&&&&&&&&&&&&&             &&&&&&&&&&&&&

Kurdzhin

  خۆشت بووێم یان ڕقت لێم بێت هەردووکیان بۆمن باشترینن...
گەر خۆشت بووێم هەمیشە لە دڵتا ئەبم
گەر ڕقت لێم بێت هەمیشە لە خەیاڵتا ئەبم ..
شکسپیر
 
 

 

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


خوارووی مه‌كۆ

Your IP Address : 216.73.216.104
Powered by PunBB 1.2.15
© Copyright 2007 – 2011
Translated By : Webchin.Org
Design And Style By : Kurdzhin.net