❤❤یـــانەی کوردژیـن/Kurd Zhin❤❤/ / عه‌زیز نه‌سین كێیه‌؟

.



نازناو:  وشه‌ی تێپه‌ڕبوون:  ‌  |  

ئاگاداری

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌ڕێزان : هه‌رکاتێک کێشه‌یه‌ک یان په‌یامێکی ناشیاوت به‌رچاو که‌وت له‌یانه‌دا ئه‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ :_

1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) .. ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .

2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له‌ ئه‌وروپا به‌ ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره‌ ته‌له‌فوونی( 00447754007706) .

New Page 1

    بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه‌  



#1 2008-08-14 13:14:56

Deyako
ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2008-07-19
دواترین سه‌ردان: 2009-12-13
په‌یامه‌كان: 190

عه‌زیز نه‌سین كێیه‌؟

عه‌زیز نه‌سین كێیه‌؟


به‌ پێنووسی: زیا‌ ئورتاج (كارگێڕی هه‌فته‌نامه‌ی ئاقبابا)

وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه‌: که‌ریم تاقانه


‌به‌هاری ساڵی 1952 بوو.. له‌ ده‌فته‌ری ڕۆژنامه‌دا سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ت‌و هه‌واڵه‌كان بووم تا زووتر بیاننێرمه‌ چاپخانه‌ كه‌ "سه‌لامی" هاته‌ ژووره‌وه‌.
له‌ سه‌ر چاویلكه‌كه‌مه‌وه‌ چاوم لێی كرد.. نه‌ختێ‌ كاغه‌زی هه‌ڵپێچراوی به‌ ده‌سته‌وه‌ بوو. پرسیم:
- ئه‌وه‌ چی‎یه‌؟
كاغه‌زه‌كه‌ی بۆ ڕاگرتم‌و گوتی:
- چیرۆكێكی باشمان بۆ هاتووه‌..
- هی كێ‌یه‌؟
- ئێوه‌ نایناسن، نووسه‌رێكی نوێ‌یه‌.
زۆر ناڕاحه‌ت بووم.. "سه‌لامی" خۆی خوو‌ و خده‌ی منی ده‌زانی.. ئه‌من هیچ كات بابه‌تی نووسه‌رانی تازه‌كارم نه‌ده‌خوێنده‌وه‌.
پێش ئه‌وه‌ی قسه‌ بكه‌م، "سه‌لامی" هه‌ستی به‌ تووڕه‌بوونم كرد‌و به‌ ده‌م پاڕانه‌وه‌وه‌ گوتی:
- به‌ خوا زۆر چاكه‌.. دڵنیام په‌سه‌ندی ده‌كه‌ی!
- ئێستا كاتم نییه‌..
- تكایه‌ بیخوێنه‌وه‌.
بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی "سه‌لامی" ڕزگار بم، گوتم:
- زۆر باشه‌، ده‌یخوێنمه‌وه‌.. له‌ سه‌ر مێزه‌كه‌ی دانێ‌ تا كارم ته‌واو ده‌بێ‌..
"سه‌لامی" چوو.. كارم ته‌واو بوو‌ و ده‌ستم به‌ خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌ كرد.. هاوار خه‌ڵكینه‌.. ئه‌مان كاكی خۆم.. ئه‌مه‌ چۆن چیرۆكێكه‌.. به‌هـ.. به‌هـ.. جارێ‌ هه‌ڵده‌ستامه‌ سه‌ر پێ‌‌و تاوێ‌ داده‌نیشتم..
زه‌نگم دا "سه‌لامی" هات، گوتم:
- زۆر جوانه‌.. نایابه‌.. ده‌سبه‌جێ‌ بینێره‌ چاپخانه‌ تا چاپی بكه‌ن.. ده‌بێ‌ له‌م ژماره‌یه‌دا بڵاو بێته‌وه‌.. له‌ چیرۆكه‌كانی پێشوو هه‌ڵگرن.. بڵێ‌ به‌ حسێبدارییش پووڵێكی چاكی وێ‌ بدا تا دڵی نووسه‌ر خۆش بێ. حه‌وتووی دواتر، "سه‌لامی" دوو چیرۆكی دیكه‌ی هێناو گوتی:
- ئه‌مانه‌ش هی هه‌مان نووسه‌رن..
هه‌ر چیرۆكه‌و دوو جارم خوێنده‌ه‌وه‌.. پاشان زه‌نگم دا "سه‌لامی" هات، پرسیم:
- ئه‌م نووسه‌ره‌ كێ‌یه‌؟
نه‌ختێ‌ مینگه‌ مینگی كرد‌و گوتی:
- ئێوه‌ نایناسن.. لاوێكی خوێندكاره‌.
حه‌په‌سام‌و.. گوتم:
- شتی وا نابێ‌.. ئاخر چۆن ده‌بێ‌ ئه‌م چیرۆكانه‌ هی لاوێك بن.. پاش بیست ساڵ پیشه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری تازه‌ ئیدی کڵاوم ناچێته‌ سه‌ر... ... ئه‌من جیددی قسه‌ ده‌كه‌م‌و وێڵكه‌ری مامه‌ڵه‌ نیم *، گوتی:
- هی "عه‌زیز نه‌سین"ه‌.

ئه‌من ده‌مێك بوو "عه‌زیز نه‌سین"م وه‌ك نووسه‌رێكی چاك ده‌ناسی.. ساڵانێك بوو له‌گه‌ڵ چاپه‌مه‌نی‎یه‌ جۆراوجۆره‌كان‎ كاری ده‌كرد.. ماوه‌یه‌كیش خۆی بڵاوكراوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی به‌ ناوی "ماركوپاشا" به‌ڕێوه‌ ده‌برد، به‌ڵام له‌به‌ر جودابیری، بڵاوكراوه‌كه‌ی داخرا‌و خۆیشی خرایه‌ كونجی به‌ندیخانه‌وه‌‌و.. ئیدی ناو‌و ناوبانگی بیر چۆوه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و كاتانه‌ كاری به‌و شێوه‌یه‌ پوخت نه‌بوو. به‌ندیخانه‌‌و ده‌ربه‌ده‌ری زۆریان ئاڵوگۆڕ به‌ سه‌ردا هێنابوو.. ببووه‌ بلیمه‌ت.. ببووه‌ پۆڵای ئاودیتوو..
گوتم:
- بیهێنه‌ ئێره‌..
"سه‌لامی" لچی شۆڕ کرده‌وه‌ و سه‌ری هه‌ڵبڕی و گوتی:
- نایه‌!
- له‌به‌ر چی؟
- نایه‌. نایهه‌وێ‌ كه‌س بیناسێ‌!
حه‌قیشی بوو.. ئه‌و ناڕاحه‌تی‌و چه‌رمه‌سه‌رییانه‌ی عه‌زیز دیتبوونی هه‌موو كه‌سێكی وه‌ڕس‌و بێزار ده‌كرد.. پێم داگرت‌و گوتم:
- هه‌رچۆنێ‌ بووه‌ قایلی بكه‌ سه‌ردانی من بكا.. ئه‌من مرۆڤێ‌ نیم له‌ ده‌ستم هه‌ڵ بێ‌..
هه‌وه‌ڵی زستان بوو كه‌ "عه‌زیز نه‌سین" هات.. نه‌خۆش‌و ماندوو وه‌پێش چاو ده‌هات.. به‌ نیگای‎دا دیار بوو باوه‌ڕی به‌ خۆیشی نییه‌.. ڕق‌و ڕه‌شبینی‎یه‌كی قووڵ له‌ ڕوخساری‎دا ده‌خوێنرایه‌وه‌. خوڵكیم كرد له‌ سه‌ر كورسی دابنیشێ‌، دانه‌نیشت.. به‌ زۆر‌و زۆرداری دامنیشاند‌و.. بانگم كرد چایی بێنن.. پێم گوت:
- ئه‌تۆ كه‌ چیرۆكی جوان، جوانی ئه‌وتۆ ده‌نووسی، بۆ به‌ بێ‌ ناوی خۆت بڵاویان ده‌كه‌یه‌وه‌؟
وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌.. ئه‌من چاك له‌ مه‌به‌ستی تێ‌ده‌گه‌یشتم. پرسیم:
- له‌ كێ‌ ده‌ترسی..؟ بۆچ ده‌ترسی..؟
هه‌میسان بێده‌نگ بوو.. دیار بوو ده‌ترسێ‌.. چه‌ند جارێ‌ هه‌ستایه‌ سه‌ر پێ‌‌و.. ده‌یویست بچێ‌، به‌ڵام من هه‌ر دامده‌نایه‌وه‌. پرسیم:
- كاری هه‌میشه‌ییت هه‌یه‌..؟
ڕوخساری گه‌شایه‌وه‌.. لێوه‌كانی بزووتن‌و گوتی:
- نـه‌!
- ده‌ته‌وێ‌ له‌گه‌ڵ من كار بكه‌ی؟
ده‌یویست بڵێ‌ "به‌ڵێ‌"، به‌ڵام دوودڵ بوو. مرۆیه‌ك بوو پۆلیس ته‌نگی پێ‌هه‌ڵچنیبوو. گوتی:
- ده‌ترسم هه‌مدیس بمگرنه‌وه‌.
پێم گوت:
- مه‌ترسه‌،‌ ئه‌من به‌رپرسیارێتی هه‌موو شتێ‌ وه‌ئه‌ستۆ ده‌گرم.
ڕازی بوو.. مێز‌و كورسی‌و پاكه‌تی‌ جگه‌ره‌‌و قه‌ڵه‌م‌و كاغه‌زم نانه‌ به‌رده‌ستی‌و گوتم:
- فه‌رموو خه‌ریك به‌.
پێتان وا نه‌بێ‌ ئازادیی "عه‌زیز نه‌سین" درێژه‌ی هه‌بوو.. هێشتا دوو، سێ‌ هه‌فته‌ی پێ‌ نه‌چووبوو كه‌ تێ‌گه‌یشتین "عه‌زیز" له‌گه‌ڵ كچه‌ تایپیسته‌ تایبه‌ته‌كه‌ی من تێكه‌ڵی كردووه‌‌و هه‌تا ئێمه‌ ویستمان وه‌خۆ كه‌وین، ئه‌وان ماره‌یی‌و ڕۆژی زه‌ماوه‌ند‌و.. گشت شتێكیان ته‌واو كردبوو!
"عه‌زیز نه‌سین" چووه‌ ژووری په‌رده‌وه‌‌و... هه‌ر له‌ به‌یانی‎یه‌كه‌شی‎ڕا گیر‌وگرفتی دانه‌وه‌ی قستی كه‌ل‌و په‌ل‌و خه‌رج‌و مه‌خارجی زه‌ماوه‌نده‌كه‌ی‌ و هتد... ده‌ستی پێ‌كرد ‌و.. ناچاریش بوو نیوه‌ی ئه‌وكاتانه‌ی بۆ نووسینی چیرۆك ته‌رخانی ده‌كرد، له‌نێو چێشتخانه‌دا بباته‌ سه‌ر‌و قاپ‌و قاچاخ بشۆرێ‌‌و‌ چێشت لـێ‌ بنێ‌؛ چونكه‌ خاتوو "مرال"ی خێزانی ڕۆژێ‌ دوای زه‌ماوه‌نده‌كه‌یان چووه‌ دانیشكه‌ده‌ تا خوێندنه‌كه‌ی ته‌واو بكا.
ماوه‌یه‌ك دواتر، به‌ تۆمه‌تی به‌شداری‎كردن له‌ شۆڕشێك‎دا كه‌ هه‌ر ئاگاشی لـێ‌نه‌بوو، گرفتار بوو‌ و ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه‌ كرایه‌وه‌.
ئه‌من له‌پێناوی ئازادكردنی وی‎دا گه‌لـێكم هه‌وڵ دا‌و له‌ ئاكام‎دا، به‌ڵگه‌یه‌كی گرینگم نایه‌ گره‌و‌ و ئازادیم كرد.. به‌لاَم گرفتاریی وی، یه‌كجار‌و دووجار‌و سێ‌ جار، نه‌بوو... 
"مرال" دانشكه‌ده‌ی ئه‌ده‌بیاتی ته‌واو كرد‌و.. هه‌ر دوو منداڵه‌كه‌ی وه‌ك گوڵ په‌روه‌رده‌ ده‌كرد.. "عه‌زیز"یش وه‌ك ماشێن شه‌و‌و ڕۆژ كاری ده‌كرد.
گۆواری "ئاق بابا" بره‌وی په‌یدا كردبوو.. هه‌فتانه‌ هه‌زاران  كه‌س چاوه‌ڕوانی خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانی "عه‌زیز نه‌سین" بوون كه‌ له‌پڕ گوتیان "عه‌زیز نه‌سین" چۆته‌ ئه‌ڵمانیا.. ئه‌گه‌ر ماڵه‌كه‌م به‌ سه‌ردا ڕووخابا، یان ئه‌گه‌ر بۆمبام له‌ ته‌نیشت‌دا ته‌قابایه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ ده‌سته‌پاچه‌ نه‌ده‌بووم.. " ئه‌ی هاوار وه‌ ماڵم..! چۆن چۆنین وه‌ڵامی خوێنه‌ران بده‌مه‌وه‌؟! "
سبه‌ی نامه‌یه‌كیم پێ‌گه‌یشت:
((به‌رلین: ویپرسدورف 21 مه‌ی 1965
"زیا‌ئـ"ی... ئه‌گه‌ر بڵێم: به‌ڕێز، ناڕاحه‌ت نابی؟ دیاره‌  سه‌فه‌ری من بۆ ئه‌ڵمانیا، ناڕاحه‌تی كردووی‌و كه‌وتوویه‌ په‌له‌قاژه‌.. خه‌مت نه‌بێ‌.. هه‌موو شتێ‌ له‌ كاتی خۆی‎دا ئه‌نجام ده‌درێ‌. ئه‌گه‌ر ڕۆژی شه‌ممه‌ سه‌فه‌رم نه‌كردبا، تا حه‌وتوویه‌كی دیكه‌ فڕۆكه‌ نه‌بوو.. ئه‌منیش ده‌بوایه‌ سبه‌ی له‌ كۆنگره‌كه‌دا به‌شداری بكه‌م. له‌ نێو فڕۆكه‌دا ته‌واوی كات خه‌ریكی نووسین بووم‌و ئه‌مڕۆش له‌ به‌یانییه‌وه‌ تا نیوه‌ڕۆ كارم كرد‌و بابه‌تم بۆ سێ‌ ژماره‌ی "ئاق بابا" ئاماده‌ كردووه‌ كه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌م نامه‌یه‌دا ده‌گاته‌ ده‌ستت.. بابه‌ته‌كانی دیكه‌ش به‌ ڕێك‌و پێكی ده‌نێرمه‌ خزمه‌تتان.. خه‌یاڵتان ئاسووده‌ بێ‌.. هه‌تا زیندوو بم، بابه‌تم دوا ناكه‌وێ‌.. ئه‌گه‌ریش مردم، ئه‌وه‌ ئیدی تاوانی خۆم نییه‌. مه‌رگ، نووسینی زۆربه‌ی نووسه‌رانی نیوه‌‌و ناته‌واو هێشتۆته‌وه‌.))
سێ‌ ڕۆژ دواتر، دووه‌م نامه‌ی گه‌یشت. ئه‌مه‌یان ته‌نانه‌ت ناوونیشانیشی نه‌بوو.. بابه‌ته‌كانی ناردبوو‌و یادداشتێكیشی نووسیبوو:
((كۆنگره‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییی به‌رلین زۆر به‌شكۆ‌ بوو.. نێزیكه‌ی دوو سه‌د‌و په‌نجا نووسه‌ر له‌ په‌نجا‌و دوو ولاَت به‌شدارییان كرد.. نووسه‌ری زۆر مه‌زنیان له‌نێو ‎دا بوو.. به‌لام توركێك له‌ هه‌موویانی برده‌وه‌! هه‌وه‌ڵ خوا.. پاشان.. من بردمه‌وه‌.
من ئێست له‌ ویلایه‌ك‎دام كه‌ له‌ نه‌وه‌د كیلۆمیتریی به‌رلین هه‌ڵكه‌وتووه‌. ئه‌و به‌هه‌شته‌ی باسی ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌تا لێره‌‌و ئه‌من سه‌ره‌نجام ئادرێسی به‌هه‌شتم دۆزیوه‌ته‌وه‌. به‌لاَم بێسووده‌.. من له‌م به‌هه‌شته‌ش‎دا، دۆزه‌خه‌كه‌ی خۆمم له‌گه‌ڵ خۆ هێناوه‌. ته‌واوی شه‌وو ڕۆژ كار ده‌كه‌م. ئه‌گه‌ر كار نه‌كه‌م، ژن‌و منداڵم ده‌بێ‌ چۆن بژین..؟ زۆرم پێ‌ خۆشه‌ بحه‌سێمه‌وه‌.. به‌ڵام ده‌زانم هه‌واڵێك له‌ حه‌سانه‌وه‌ نییه‌. من چه‌شنی مۆم خۆ ده‌سووتێنم، تا خوێنه‌رانم خۆشحاڵ بن.. ئه‌من كاتێ‌ خۆشحاڵم كه‌ به‌رهه‌مه‌كانم له‌نێو كۆمه‌ڵ‎دا زیاتر بخوێنرێنه‌وه‌‌و فره‌تر لایه‌نگریان هه‌بێ‌.))

په‌نجا‌و سێ‌ ساڵه‌ ده‌نووسم‌و چل‌و سێ‌ ساڵه‌ "ئاق بابا" بڵاو ده‌بێته‌وه‌. له‌و کاته‌وه‌ گه‌لـێ‌ كه‌ڵه‌ نووسه‌ر شوێنی خۆیانیان له‌ "ئاق بابا"دا كردۆته‌‌وه‌. "ئه‌رجمه‌ند ئه‌كره‌م".. "عوسمان جه‌ماڵ".. "ڕه‌شاد نووری".. "مه‌حموود یه‌سر".. به‌ڵام هیچكامیان نابن به‌ "عه‌زیز نه‌سین"..
كه‌ پێنووس به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌گرێ‌، شتێ‌ نییه‌ نه‌ینووسێ‌. ڕۆمان، كورته‌ چیرۆك، ساتیره‌ چیرۆك.. نووكی پێنووسی داوێنی كێ‌ ده‌گرێته‌وه‌‌و كام په‌رده‌ هه‌ڵده‌داته‌وه‌، ئه‌وه‌ خۆی بۆ خۆی بابه‌تێكی دیكه‌یه‌.
له‌م ماوه‌یه‌دا، چه‌ندین جار لێكدی دڵگیر بووین، ئاشت بووینه‌وه‌، جیا بووینه‌وه‌، بووینه‌وه‌ به‌ هاوڕێ‌‌و.. ئێستا تا بڵێی نێوانمان خۆشه‌‌و یه‌كدیمان خۆش ده‌وێ‌..
ڕوخساری وه‌ك منداڵ پاك‌و خاوێنه‌.. وه‌ك چۆن نووسینه‌كانی بێ‌وێنه‌ن، خۆیشی بێ‌وێنه‌.. نازانم ئێستا ئیدی چاكی ده‌ناسن یان نا؟..
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

ـ  له‌ پێشه‌كیی كتێبی (تاكسی پنج ریالی) یه‌وه‌ ته‌رجه‌مه‌ كراوه‌.
* به‌داخه‌وه‌ لێره‌ دا سێ، چوار دێڕم له ده‌قی ئه‌سڵی دا بۆ نه‌خوێنرایه‌وه.. که‌ریم.‌
ریسانس

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


#2 2008-08-14 14:29:54

♫ Hemn Zanko ♫
به‌ڕێوه‌به‌ری یانه
Kurdistan
Kurdzhin: barewabarayaty
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2007-12-29
دواترین سه‌ردان: 2026-11-18
په‌یامه‌كان: 2039

Re: عه‌زیز نه‌سین كێیه‌؟

ئه‌و ده‌ستانه‌ت خۆش بێ و هه‌ر بژیت ، به‌ ڕاستی عه‌زیز نه‌سین ڕه‌مزی پێکه‌نین و توانج و گریانه‌ !!!! که‌س نه‌ما له‌ توانجه‌کانی ڕزگاری ببێ !!! چونکه‌ دژی گه‌نده‌ڵیه‌کان و داب و نه‌ریته‌ ناپه‌سنده‌کان بوو ، هه‌زار هه‌زار سڵاو له‌ گیانی پاکی و تۆش هه‌ر بژیت و سه‌رکه‌وتوبیت بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ جوانه‌ .

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


#3 2008-08-16 11:23:16

Deyako
ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2008-07-19
دواترین سه‌ردان: 2009-12-13
په‌یامه‌كان: 190

Re: عه‌زیز نه‌سین كێیه‌؟

زۆر سوپاس كاك هێمن بێ گومان مرۆڤێكی گه‌وره‌بووه‌ ئێوه‌ش سه‌ركه‌وتووبن

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


خوارووی مه‌كۆ

Your IP Address : 216.73.216.104
Powered by PunBB 1.2.15
© Copyright 2007 – 2011
Translated By : Webchin.Org
Design And Style By : Kurdzhin.net