.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه










راستە خۆكوشتنی ئافرەتان سروشتی لاساییكردنەوەی پێوە دیارە؟
وەك دەزانین خۆكوشتن بۆتە دیاردەیەك و بەرەو هەڵكشان دەڕوا و، دوای پرۆسەی ئازادیش ئەو دیاردەیە رۆژ لە دوای رۆژ ڕووی لە زیاد بوونە، كاتێك كەسەكە هیچ رێگایەكی نامێنێت بە ناچاری پەنا بۆ خۆكوشتن یان خۆسوتاندن دەبات زۆر جاریش سروشتی چاولێكەری و لاساییكردنەوەی تێدا تێبینی دەكرێت، بۆیە لەم ریپۆرتاژەدا راو سەرنجی مامۆستایەكی ئایینی و پسپۆڕی كۆمەڵناسی دەروونناسی دەخەینەڕوو:
سەرەتا مامۆستا (یوسف عوسمان) پسپۆری دەروونی ئاماژە بەوە دەدا چەمكی خۆكوشتن یان خۆسوتاندن لەرووی سایكۆلۆژیەوە واتە لەناو بردنی جەستەو روح لە ژێر فشارێكی تووندی دەروونی، كە دەبێتە هۆكاری بێ ئاگابوون لە دەوروبەر و دەڵێت "واتە لاواز بوونی پەیوەندی هەستەوەرەكان لەگەڵ دەوروبەر و بێ مانا بوونی ژیان لەلای ئەو كەسە پرۆسەی خۆسووتاندنی ژنان كارێكی خۆ لەناو بردنی رۆژهەڵاتییە"، چونكە تاكەكانی رۆژهەڵات زیاتر ئەم كارە دەكەن، بۆیە ئەم پسپۆڕە چەند فاكتەرێك دەخاتەڕوو:
فاكتەری دەروونی، تێكچوونی باری دەروونی بەهۆی فشاری زۆرەوە كە لەلایەن كەسانی دەوروبەر دەكرێتە سەر رەگەزی مێ ئەم حاڵەتەش لە دڵەڕاوكێوە دەگۆڕێت بۆ گرفتی بێ هیوا بوون لە ژیان وژیان ئەو ساتە هیچ مانایەكی نابێت و هەموو بەهایەكانی مرۆڤ تێك دەشكێنرێت، ئەو كەسە هەست دەكات پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەوروبەر لاواز بووە ناتوانێت خۆی بگونجێنێت، هەستی ئەوەی لا دروست دەبێت كە كەسێكی نامۆ و نەگونجاوە ئەم حاڵەتە دەبێتە سەرەتای ورووژاندنێك بۆ كاركردنی لایەنی نائاگایی (اللاشعور) دەست پێكردنی نەخۆشی خەمۆكی، كە نەخۆشییەكی درێژخایەن و قورسە لەرووی دەروونییەوە ئەو كاتە بیر لە خۆكوشتن دەكاتەوە، وەكو رزگار بوون لەو ئازارە دەرونییەی كە بەسەری چەسپاوە، چونكە لەساتی بڕیاردان بەخۆكوشتن ویستی نائاگایی بەهێزتر دەێت لەویستی واقیع، ئەمە حاڵەتێكە رەنگە هەردوو رەگەز بگرێتەوە، خۆكوشتنی ژنان لە هەموو شوێنێك هەیە، لە هەرشوێنێك سوكایەتی پێكردن و توندوتیژی هەبێت خۆكوشتن هەیە بەڵام تەنیا لە هەندێك شوێن خۆسوتاندن وەكو لاساییكردنەوە و كردارێكی فیزیكی دەروونی خۆی دەردەخات.
هۆكاری كۆمەڵایەتی، هەژماركردنی ژنان یان گەنج یان هەرزەكار بە سێبەرو پاشكۆی دیاردە و پەیوەندیە كۆمەڵایەتییەكان و بەكارهێنانی كلتووری توندوتیژی و زەبرو زەنگی دەروونی و پەیڕەوكردنی نێر سالاری لە نێوەندی دەسەڵات گرژبوونی پەیوەندی سۆزو خۆشەویستی لە داتاكانی پیاودا، كارێكی رووخێنەرە بۆ رەگەزی مێ، واتە فشاری كۆمەڵایەتی و پەروەردەو نایەكسانی و نادادوەری لەناو كۆمەڵدا، بەزۆر بەشوودان، ژنهێنانی نابەدڵی و ناپاكی هاوسەری لەلایەن رەگەزی نێرەوە...
باری ئابووری و كاركردن ئەمەش هۆكارێكی دیكەیە بۆ دروست بوونی كێشە وگرفت و تێك چوونی شیرازەی خێزان و توندوتیژی ناو خێزان و لەشفرۆشی و نەبوونی ئایندەیەكی رۆشن بە تایبەتی بۆ رەگەزی مێینە لە كۆمەڵگای كوردیدا ...
راگەیاندنەكان و هۆیەكانی پەیوەندیكردن و لاسایی كردنەوە ئەمانەش هۆیەكی بۆ لاواز بوونی بەرگری دەروونی.
مامۆستا (یادگار سەید عەلی) پێش نوێژو ووتار خوێنی مزگەوتی سەلاحەدین ئەیوبی جەخت لەوە دەكاتەوە كە خۆكوشتن ئەو شتە ناشرینەیە و ئەو كارە زۆر قیزەونەیە بە پێچەوانەی ئاڕاستەی خزمەتی بەشەرییەتەوە دەڕوات و دەڵێت " ئایین هاتووە بۆ تەنزیم و رێك خستنی كاروباری دونیا یاسا ئاسمانییەكان و بە یاسا ئەرزییەكەشەوە هەمووی بۆ ئەوەیە كە مرۆڤێك لە مردن دەرباز بكات، كوشتنی نەفس ئینجا هی خۆی بێت یان كەسی تربێت ئەوە كوشتنەو خەراپەو ناشرینە خوای گەورە سزایەكی زۆر گەورەی بۆ داناوە"، ئەو ئاماژەی بەوەشدا كە پێش هەموو شتێك جائیز نییە خەڵك بكوژی دواجار هی خۆشی جائیز نییە، ئەو مەلایە دەڵێت "لەوانەیە بڵێن ئەو كەسەی خۆی دەكوژێت زەرەری بۆ كەس نییە، ئەو نەفسە بە دەستی خۆت نەتهێناوەتە بوون، مادام هی خۆت نییە، بۆیە دەوریشت نابێت لە لابردنیدا، واتا ئەگەر كەسێك خۆشی كوشت قاتلە، خوای گەورە سزای زۆر گەورەی بۆ داناوە "، هاوكات ئەوەش دەخاتەڕوو كە خۆكوشن پێی دەوترێت (داء العصر) پەتای سەردەم، ئەمەش پەتایەكە تووشی زۆرێك لەو وڵاتانە بووە، لە وڵاتانی ئەوروپا كە وڵاتی پێشكەوتوون خزمەتێكی باشیان كردووە لە لایەنی مرۆڤایەتيیەوە، بەڵام دیسانەوە رێژەی خۆكوشتن لەناو ئەواندا زیاترە لە ئێمە، بەڕای ناوبراو بوونی ئیمان یەكێكە لەو شتە هەرە گەورانە، روونیشی كردەوە كە خۆكوشتن راكردنە لە واقیع، خاڵێكی تر ئەوەیە كە رازینەبوونە بە قەدەری خوا ئەوەی خۆی دەكوژێت كەواتە بە قەدەری خوا رازی نییە، مامۆستا داواكار بوو لەو كەسانەی پسپۆرن لەو بوارە بانگ بكرێن خول بۆ خەڵكی ئێرە بكەنەوە، هەروەها لە راگەیاندنەكان پێویستە زیاترباس لەو بابەتانە بكرێت كە ببنە مایەی كەم كردنەوەی ئەو حاڵەتە ناشرینە، خۆم چەند شتێكم لەسەر ئەو بابەتە بینیوە یەكێك لەو شتانە ئەو خۆكوژیە لەهەر شوێنێك بێت وەكو نەخۆشییەك بڵاو دەبێتەوە، مامۆستا نمونە بۆ ئەوە دێنێتەوە گەر كچێك خۆی بسوتێنێ لە گەڕەكێك دوبارە هەر لەو گەڕەكە خۆسوتاندنێكی دیكە روودەدات، یان گەنجێك خۆی دەكوژێت دیسان لەو گەڕەكە گەنجێكی تر بەدوای ئەو خۆی دەكوژێت واتە وردە وردە خەریكە فاكتەری لاساییكردنەوەش دێتە پاڵ فاكتەرەكانی دیكە، ناوبراو دەڵێت "لێرەدا هەموومان تاوانبارین و كۆمەڵگە تاوانبارە"، ئەو كەسە كە خۆی دەكوژێت نیشانەی هەیە پێوەی دیارە ئەو زانایانەی پسۆڕن لەو بوارە دەستنیشانیان كردووە، یەكێك لەو نیشانانە ئەو كەسە خواردن و خەوی تێك دەچێت، هەروەها شتە خۆشەویستەكانی خۆی دەدات بە خەڵكی، یان دەڵێت خۆم دەكوژم یان خۆم دەسوتێنم ئینجا ئافرەت بێت یان پیاو، زۆر جار كە كەسێك باس دەكات كە دەیەوێت خۆی بكوژێت یان خۆی بسووتێنێت كەسوكاری ئەو كەسە پێی دەڵێن جا تۆ كەی دەتوانی خۆت بسوتێنیت یان خۆت بكوژی یان پێی دەڵێن خۆزگە خۆت دەسوتاندو ئێمەشت نەجات دەدا، ئەوەش دەبێتە هاندانێك بۆ كەسی بەرامبەر بۆ خۆكوشتنەكەی، بەڕای ئەو مەلایە هاندەرانی ئەو كردارە ئەوانیش تاوانبارن، چونكە "زۆر جار بەو كەسە دەڵێن كوا خۆت بكوشتابایە نەجاتمان دەبوو"،
هەر سەبارەت بە خۆكوشتن وەك لاساییكردنەوە (فەرهاد عوسمان)ی توێژەری كۆمەڵایەتی دەڵێت: "جێگەی داخە كە خۆكوشتن لە كۆمەڵگەی كوردی بۆتە دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی و رۆژانە لە مانشێتی رۆژنامەكان بەرچاومان دەكەوێت یان لەم لاو لەولادا دەیبیستین و بەرگوێمان دەكەوێت"، ئەوەی جێی پرسیار بێت ئەوەیە بۆچی و چۆن كەسێك كە ناتوانێت یاخود ناوێرێت مێرولەیەك بكوژێت دەستی دەڕواتە روحی خۆی و خۆی دەكوژێت؟ بە قسەی فەرهاد ئەمە دەبێت هۆكارو پاڵنەرێكی زۆر بەهێزی هەبێت ئەگینا هەرگیز شتی وا روونادات، ئەگەر "سۆسیۆلۆژیانە سەیری ئەم دیاردەیە بكەین دەبینین كۆمەڵێك هۆكاری دەروونی و كۆمەڵایەتی لە پاڵ ئەم دیاردەیە هەن لەوانە ئاماژە بە هەندێكیان دەكەم:
لاوازی بیرو باوەڕی ئاینی و نەبوونی باوەڕ بە دوارۆژ: زانایەكی كۆمەڵناسی ئەم هۆكارە بە یەكەم هۆكار دادەنێت بۆ خۆكوژی، هەڵبەت وایە چونكە ئەگەر كەسێك هەر چەند فشاری بخرێتە سەرو تووشی نەهامەتی بێت، بەهۆی باوەڕی بەدوا رۆژو سزای خۆكوژی هەرگیز ئەم كارە ناكات، چونكە دەزانێت لەدوای ئەم ژیانە ژیانێكی تر هەیە و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت، كەواتە ئارام دەگرێت و خۆی ناكوژێت.
تێك چوونی باری دەروونی : مەبەست لەوە ئەو كەسانەن كە لە حاڵەتێكی زۆر خراپی دەروونی دەژین و هۆشیان لای خۆیان نەماوە وەك ئەوەی هەندێك جار پێیان دەڵێن (شێت).
هەست كردن بە بێزاری و نەمانی رێگە چارە : زۆربەی جار ئەوانەی كە خۆیان دەكوژن ئەوانەن كە كێشەیەكیان هەبووە و هیچ رێگە چارەی دروستیان نەبووە بۆ چارەسەریەك ئەوەی كە كچێنی خۆی دۆڕاندووە یان بوختانی پێ كراوە ئابڕوی شكێنراوە، یان ئافرەتێك لەگەڵ پیاوەكەی نەگونجاوەو كەسی تر شك نابینێ بچێتەوە لای لەبراو باوك وكەس وكاری ئیتر تووشی بێزاری هاتووە و خۆكوشتنی بە چاكترین رێگە زانیوە بۆ رزگاربوونی لە كێشەكەی.
خۆكوشتن لە پێناو كەسێكی تر: وەك ئەوەی كە كچێك دڵی بە كوڕێكەوەیەو خۆشی دەوێت كەچی كەس و كارەكەی دەیانەوێت نەیدەن بەو كەسەو بەزۆر بیدەن بە كەسێكی تر.
هاوكات فەرهاد بۆ چارەسەری لەو كێشەیە ئاماژە بەوە دەدات كە هەر كێشەیەك كۆمەڵێك رێگە چارەی هەیەو دەشڵێت "ئەگەر ئێمە بمانەوێت چارەسەری كێشەی خۆكوشتن بكەین پێویستە رەچاوی ئەم خاڵانە بكەین:
چاندن و بەهێزكردنی بیروباوەڕە ئاینییەكان لەناو دڵ و دەروونی تاكەكان.
پتەوكردنی متمانە بە خۆبوون و زاڵ بوون بەسەر كێشەكان مرۆڤ لە لاساییكردنەوە و خۆ كوشتن دوور دەخاتەوە.
تێگەیاندنی تاكەكان لەوەی كە خۆكوشتن كێشەیە نەك چارەسەری كێشە.
هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا بۆ چارەسەری كێشەكان بە شێوازێكی ژیرانەو دوور لە هەڵچوون و توندوتیژی، هەروەها دروست كردنی گیانی لێبوردەیی.
زانایانی دەرووناسی كۆكن لەسەر ئەوەی كە كەسی خۆكوژ واتە بەر لە خۆكوشتنی پەیامێك دەنێرێت جا هەریەكەیان بە شێوازێك هەیانە دەڵێ خۆم بكوژم باشترە، یان دەڵێت من خۆم دەكوژم یانیش بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەڵێ ئەو ژیانە چییە بمری خۆشترە، یاخود هەیانە بەر لە خۆكوشتنی گەردن ئازایی دەخوازێ و سەردانی هاوڕێكانی دەكات و داوای لێبوردنیان لێ دەكات و كەل و پەلەكانی خۆی رێك دەخات و هتد...
هاوكات كۆمەڵناسی ئەوەش دەخاتە روو كە پێویستە دەوروبەر ئەم پەیامانە بەهەند وەربگرن و پشتگوێیان نەخەن، تاكو هاوكاری ئەو كەسە بكرێ و رزگاری ببێ لە خۆكوشتن.
گۆڤاری گوڵان

لهسهر هێڵ نییه