.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه















هەردى شەفیق
شەوێک کە ماڵەکانى تیاخاڵی دەبێتەوە لە گوڵ
خەم و خوێن و خەیاڵ ئاسمانەکان داگیرئەکەن
لە پاڕانەوەى مناڵێکدا ئاسمان ون دەبێت
مەرگ لەشوێنى گوڵدانەکاندا دائەنیشێ
بازاڕى زێڕینگەرەکان پڕدەبن لەسەوداى کڕیاران
دوکانى ئاسنگەرەکان پڕدەبن لەچەقۆى کۆنە
ژنەکان بەدواى بەختیاریا ئەچن و
ماڵەکانى مەرگ ئەڕازێننەوە!
پیاوەکان بەدواى عیشقدا ئەگەڕێن و
لەجەهەنەمەوە دێنەوە
شەوێک کە ڕۆحیانەتى باخچەوێرانەکان،
لەمۆمدانەکاندا ئەسووتێن
نورانییەکان سەرقاڵى دروستکردنى سیمایەکى ترن
پیاوەکان ڕۆژگارەکانى گەورەبوونت ئەژمێرن و
دابەشت ئەکەن بەسەر مەرگ و ژیاندا
منداڵیى جێت دێڵێ و پیرى لێت نزیک ئەبێتەوە
بەدیار مردنى دڵى خۆتەوە دامەنیشە و
بەمناڵیت خۆت داپۆشە!
شەوێک کە ماتماتیک سەرى لێ ئەشێوێت و
کۆکردنەوەى یەک و یەک ئەکاتە مەرگ
گوڵفرۆشەکان لەبرى گوڵ،
مەرگت بە سەرا ساغ ئەکەنەوە
عیشقى ئەو کوڕانە بەرۆکت ئەگرن لەئامێزى مەرگا ئەنوون
لەم دیو سیماى بێئومێدترین پیاوى دونیاوە
کچێک دەبینى بەنێو جەهەنەمدا ئەچێت بۆ ماڵى عەشق
لەودیو دڵشکاوترین کچى دونیاوە کوڕێک دەبینى
خەرەندێکى تر ئەدۆزێتەوە بۆ ژیان.
شەوێک کە دیوارێک لەوەهم وێنەى تۆ ئەکێشێ و
تەنهایی تۆش دیوارێک لە وەهم
باران دەبارێ و چەترەکان لەشەڕى جوانى هیلاک نابن
لەگەڵ پیاوانێکدا دەنویت هەمووشتێکیان زۆرە جگە لەدڵیان
هەمووشتێکیان جوانە جگە لەڕۆحیان
بەدیار مەملەکەتى ئەم تووتییە سەرابییانەوە دامەنیشە و
بەمناڵیت خۆت داپۆشە!
شەوێک کە باڵە سپییەکانت
بەبێ ویستى خۆت دەتبەنە وڵاتى مەرگ
وێنەى پاشایەکى کۆن لەسەر دڵت هەڵدەکۆڵن
حەوشەى ماڵێکى هەتیو دەکەنە زیندانى باڵندە چکۆڵەکان
لە مەیخانەکاندا،
هەموو مەینۆشەکان بەبادەى مەرگ مەستن!
شەوێک کە نازانى زەمان بەکوێدا گوزەرئەکا و
ئەویش زەردەخەنە تاڵ و درۆینەکانت ئەژمێرێت
پەپوولەکان خوێن بۆ بازرگانەکانى جەنگ دەبەن
باوەش بەباخچەیهکدا ئەکەیت تاقە گوڵێکى سوورى تیانییە
لە گوڵدانێک ڕائەمێنی هەموو گوڵەکانى ژاکاون
عیشق بەقاچاخ کەس ناباتە ماڵى بەختیارى.
شەوێک کە ئەو عالەمە بیر لە خودایەکى تەنی ائەکەنەوە
تەنیالەڕۆحى تەنیاى ئەواندا ئەژى و
کەس لەماڵئاوایی گوڵێک ڕانامێنێت
هەمووعومرى بۆ هەڵوەرین ژیاوە
ئەو قەنارییانە دەکوژن که باران و میهرەبانى تەڕى کردوون
بەدیار تاریکى ڕۆحى خۆتەوە دامەنیشە و
بەمناڵیت خۆت داپۆشە!
شەوێک کە هێشتا مانیفێستەکان تژى نەبوون لەخیانەت
مانشێتى ڕۆژنامەکان بۆ بەیانى پڕنەبوون لە درۆ
ئەو کەشتییەوانە خەجاڵەت بارانە دەبینى
که مەرگى خۆیان لە دەریادا ئەبینن
زەمەن کاتژمێرەکانى چاوەڕوانیت بەدیقکردن ئەژمێرێت
بەنابەدڵى لەشوێنى دەزگیرانەکەتا قۆڵ ئەکەیت بەقۆڵى مردنا
میهرەبانەکان لەسەر شەقامى سواڵکەرەکان
وەک مناڵەکەى ڕۆحیان بچووکن
گوناهبارەکان دواهەمین تابلۆى ئاڵۆزى ژیان دەکێشن
دەروێشەکان بەبادەوە حاڵ دەیانگرێ
ئیماندارەکان بەخوێنەوە مەست دەبن
مەینۆشەکان بەمەرگەوە خەیاڵی دەبن
عابیدەکان لەسەربەرماڵى مردووەکان نوێژ ئەکەن
ــ نەک ویژدانیان.
ڕێبوارانێک لەچاوەڕوانى شەمەنەفەرێکدا دەمرن
فارگۆنەکانى پڕن لەخەڵوز!
شەوێک کە ژوورى دیوەخان فەرامۆشى تیا دائەنیشێ
پۆلیسەکان شوێن پەنجەى پەپوولەکان بەچراکانەوە ئەبینن
پیلانگێڕەکان سەرى سنەوبەرەکانى شار دەبڕن
تاقەت پڕوکێنراوترین بوونەوەر عاشقەکانن
شەوێک لەماڵ و شەقامەکاندا باڵندەیەک نافڕێ و
بشفڕێ هەر دەکوژرێ
بەدیار تابووتەکەى دڵى خۆتەوە دامەنیشە و
بەمناڵیت خۆت داپۆشە!
شەوێک بەرلەوەى ئیزرائیل بێت، تۆ گیانى خۆتت کێشاوە
پیاوەکان سمێڵیان لەبەرئاوێنەکاندا ڕەش ئەکەنەوە و
کچۆڵهکان قژى سپى دائەهێنن
شەوێک کە بەیانییەکى بەدواوە نییە
سهموون فرۆشێکى تیاببینى و
بەزمانى حەشیش کێشێکى نائومێد پێت بڵێ:
ــ بەنێو ڕۆحى کوژراوى مندا تێپەڕە
ئەم شەقامانە پڕن لەگەڵاى هەڵوەریو!
قەرهجێکى دڵشکاوى تیاببینى و پێت بڵێ:
ــ بەنێو ڕۆحى کوژراوى مندا تێپەڕە
نێو دەستەساردەکانمیان پڕکرد لەمەرگ!
شەوێک ئەو ڕێبوارانە دەبینى بۆکوشتنت هەنگاوئەنێن
ئەو توولە ڕێیه ئەدۆزنەوە بەخوێنى دڵت دروست بووە
زۆربێباکانە دەتکوژن و دەڵێن:
خۆى بوو، ماڵى بەدکارەکەبوو.
شەوێک تەنها ئەو قافڵانەى تیائەبینى
سەرخۆشیی خۆیان لەناو گەڵى ئەسپەکاندا ئەبینن
سەربەرزیی خۆیان لەنووکى شمشێرەکاندا ئەبینن
دڵى ژنە سیپۆشەکان پارەپارەئەکەن و
کەرامەتى خۆیان بە ڕۆحى کوژراوەکان ئەفرۆشن.
شەوێک کە وەسیەتنامەکەت
لەسەر ڕووى بەلەمە کاغەزییەکان ئەنووسیت
دەرگاى باخچەکان کارەبایان دەخرێتە سەر
ڕووناکى بیرى ئەچێت پەنجەرەى ماڵەکان بەسەرکاتەوە
منداڵان تەنها ڕێگاى گۆڕستانەکان ئەزانن
فەیلەسووفەکان لەتاریکى ئەڕوانن.
شەوێک کە لەدەریاکاندا بەدووى بیاباندا عەوداڵى و
لەبیابانەکانیشدا بەدواى دەریادا
بەدیار ئیزرائیلەکانى ڕۆحى خۆتەوە دامەنیشەو
بەپاکیزەییت خۆت داپۆشە!
شەوێک کە گریان لە ڕۆحتا گەورەئەبێ و
پێکەنینى تیا ئەمرێ
سیماى مرۆڤەکان، ئاوێنەى هەمووشتێکن جگە لەڕاستگۆیى
پیاو و ژنەکان هیچیان گۆرانى بۆیەکترى ناڵێن
عومر بەتاریکى شەو ئەدۆڕێنن
ئەو شیعرانە ئەخوێننەوە
بەهەرزەکارى و بەرلەمەرگ نووسیومانن.
شەوێک کە مانگ
لەنێو سەفەرى هەورە ڕەشەکاندا ئەکوژرێت
کاتژمێرەکانى بێمانایی لەکەشتییە شکاوەکاندابەڕێ ئەکەیت
بووکەڵەى مناڵێک و قامچى جەللادێک ناناسیتەوە
بەدیارتاریکى شەوەکان و ونبونى مانگەوە دامەنیشە و
بەمناڵیت خۆت داپۆشە!
شەوێک کە وێرانەتریت لەماڵێک و
لەبرى موحیبەت دووکەڵى لێهەڵئەسێ
لەڕۆحى هەریەکێکماندا فریشتەیەک ئەمرێ
عیشق وەک جەللادێکى میهرەبان ئەمانکوژێ
بەبێ ئەوەى بزانین نەخشەى مردنمان ئەکێشن
تۆش جەللادەکەى ڕۆحت ناکوژى
بۆ ئەوەى فریشتەیەکى تیابژى
سەرماى ئەم شەقامانە ئەتکوژن و
بەمناڵیت خۆت ناپۆشى..
شەوێک نیهان سیماى مناڵیت بەخوێن ڕەنگ ئەکرێ
جوانى تیادا ئاوا ئەبێ
بەرد باران ئەو گوڵە ئاو ئەدات
که خوداش لەبیرى کردووە یەشتا زیندووە
لەخوێنا شۆردن ئەو کچە پاک ئەکاتەوە
خوداش بیرى چووە دڵى لێئەدا
نورانییەک قیامەت دێنێتە سەرزەوى و
بیرى چووە قیامەتێکى تر بۆ گوناهـ و سزا هەیە
بەدیار جەنگەکانى ڕۆحى خۆتەوە دامەنیشە و
بەمناڵیت خۆت داپۆشە!
شەوێک کە بەچرپە بەڕۆحى خۆت ئەڵێیبت
ئەشێت لەهەموو عەزاب کێشانێکدا، جوانییەک و
لەهەموو ژانگرتنێکدا، مناڵبوونێک بوونى هەبێت
لەدەروازەى شاردا بەخوێنى ڕۆحى خۆت ئەنووسیت
دەکرا جۆرێکى تر لەززەتمان لەژیان بکردایە
بەشێوەیەکى تر لەتاوان و سزا تێبگەین
بەخوێنى دڵى خۆت ئەنووسیت
دەبوو جەهەنەم لەدڵى ئێمە دا نەبووایە
جۆرێکى تر لەبەهەشت چێبکەین!
شەوێک کە سواڵکەرەکان تیایدا بێدارن
مناڵەکان نایانەوێت خەو ببینن
بێ ئەوەى بەیانییەکى بەدواوە بێت
دیوارەکانى شار پڕبن لەوێنەى عیشقى کوژراو
پیاوێک ببینى لەبرى سیگارەکەى گیانى تۆ بکێشێ
پۆلیسەکان بۆن بەدەمى کوڕەلاوەکانەوە بکەن
تابزانن چەند ئومێد و خەیاڵیان نۆشیوە
ئەو پیرانە بکوژن یەشتا ڕۆحیان مناڵە!
شەوێک کە دوکەڵى ئاگردانەکان
ڕووە ئاوییەکەى پەنجەرەکان دەگۆڕن
ماڵەکان چۆڵن لەفڕینى پەپوولەو نوورى چرا
لەپەنجەرەکانەوە تەنیا خۆڵەمێش دەبینى
لە دەرگاکانەوە مەرگ دێتە ژوورێ
بەمناڵیت خۆت داپۆشە و
دڵنیابە خواش دەتبورێ.
شەوێک کە ئەشێت "خەییام" یش
وەک خۆى لەشەراب و لەخوا تێنەگا
ماڵەکان پڕن لەوێنەى چەقۆ و تەزبیحە کۆنەکان
هەموو کچەکانى شار دڵیان بەلێویانەوەیە و
کوڕەکانى شار ڕۆحیان بەقامچییەکانیانەوە
شەوێک کە ئەو منارانەى تیا دەبینى
بەخوێن زەغرەفەیان لەسەر کێشراوە
ئەو خەڵوەتانەى تیائەبینى
هەموو شتێکیان تیایە جگە لەخودا
ئەو عیبادهتگایانەى تیادەبینى
بوونەتە شوێنى هەموو شتێک جگەلەپاک بوونەوە
ئەو گوڵانەى تیادەبینى لەنێو بوتڵى شەراب و
قەوانى فیشەکە تەقێنراوەکاندا سەوزبوون
ئەو کچانەى تیادەبینى
که یادگارییەکانیان لەسەر مەمکیان ئەنووسن
بەو بازاڕانەدا ئەگەڕێیت ویژدان فرۆش و گوڵفرۆشەکانى تیا ئەژین
نائومێدت نەکەن
ئەو پاسارییە تینووانە ئاو بدە لەبیابانەوە هاتوون و
هێندەى چرایەکى خامۆش ئومێدیان تیاماوە
دڵى ئەو قەیرانە بدەرەوە هەموو سپێدەیەک ئەڵێن:
ــ لەعەزابى ژیان تێر بووین،
با ماچێکى لێوى جەهەنەمیش بکەین.
دڵى ئەو نائومێدانە بدەرەوە بەژیان یەشتا عاشقى ئاگرن
دڵنەوایی ئەو قەنارییانە بکە
ساڵەهاى ساڵ
جەنگ وەک پشیلەیەکى چەمووش
هێلکە و زەڕنەقووتەکانى خواردوون!
ئەو مناڵانە بگێڕەوە
دەوارى ئەو قافڵانە بۆ ئومێد ئەگەڕێن
بەرەو مەغریب ڕۆشتون
ئەو کچانە لەعاشقەکانیان مارەبکە هەمووشەوێ
لەژێر بەتانییەکاندا لەئامێزى پیاوێک و
لەخەیاڵیاندا لەئیحساسى پیاوێکى تردا دەنوون
بەرپێ ى ئەو جەنگاوەرانە ببینە
هێشتا نازانن بۆ دۆزەخ ئەچن،
چراببەخشە ئەو ڕێبوارانەى دواى تاریکى کەوتوون
بە ئاسمانى ڕۆحى خۆتەوە لەو پەپوولانە ڕامێنە
بەبێدەنگى دەتگریەنن،
لەو قافڵانەى بەسەر ئەسپە خۆڵەمێشییەکانەوە
بەرەو خۆرئاوا ئەچوون،
لەو کچانەى بە تاراسپییەکانى خۆرهەڵاتەوە بەرەو ڕوویان ئەهاتن
دڵى ئەو کچانە قورمیش بکە بۆ وەستان لێئەدەن
ئەشێت حەقیقەت بتکاتە دوژمنى هەمووشەقامەکان
لەگەڵ هەموو قافڵەکان بەشەڕت بدات
سەرت بتاشن و بەسەر پشتى کەرێکەوە
شارەو شاربتگێڕن،
بەڵام بیرت نەچێت تۆ براوەیت و
کە ژیان سەفەرێکی کورتبێت بەرەو مردن
ئەشێت زووتر بەعیشق ڕابگەین..
شەوێک کە مەرگ وەک مناڵێکى دارو لاستیک بەدەست
شووشەى پەنجەرەى کچە تەنیاکانی شار ئەشکێنێ
بەدیار دەرگاى داخراوى دڵەکانەوە دامەنیشەو
بەمناڵیت خۆت داپۆشە!
شەوێک تەنها ئەوانەى تێدا حەساوەن
که خەو بەدێوانەبوونەوە ئەبینن
هەموو تابلۆکێشەکان وێنەى مناڵى کوژراو ئەکێشن
مەیموونەکان ناهێڵن کتێبێکى ترى جوانى بخوێنیتەوە
سیخوڕەکان دەیانەوێت ئەودیوى دڵت بزانن
شەیتانخانەکانى شار پڕئەبن لەپیلانکار
کەس بۆنى هەناسەى مردوویەک ناکات
کوژراوەکان تاعوون بڵاو ناکەنەوە
بەکراسەخوێناوییەکەى ڕۆحى خۆتەوە
مارشى جەنگە کان ئەخوێنى
ئەى ئەو کچەى دواهەمین تابلۆى مەسیح بەئازارەکانییەوە
بەخوێنى دڵى خۆت ئەکێشى!
شەوێک کە ئەسپى خێڵە یاخییەکان ڕەنەو قى گوڵەکان ئەشێلن
فانۆسى ماڵەکان خامۆش ئەکرێن
لەتاقى ماڵەکاندا مەرگ دائەگیرسێنرێ
سەوزایی پێدەشتەکان دەبن بە سەهۆڵ
دەریاکان دەبن بەخۆڵەمێش
شارەکان دەبن بە شەختە
بەدیار مەرگى ڕۆحى خۆتەوە دامەنیشە و
بە مناڵیت شار داپۆشە!


لهسهر هێڵ نییه