❤❤یـــانەی کوردژیـن/Kurd Zhin❤❤/ / بێده‌نگى له‌ غوربه‌تى تۆڵه‌دا

.



نازناو:  وشه‌ی تێپه‌ڕبوون:  ‌  |  

ئاگاداری

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌ڕێزان : هه‌رکاتێک کێشه‌یه‌ک یان په‌یامێکی ناشیاوت به‌رچاو که‌وت له‌یانه‌دا ئه‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ :_

1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) .. ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .

2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له‌ ئه‌وروپا به‌ ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره‌ ته‌له‌فوونی( 00447754007706) .

New Page 1

    بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه‌  



#1 2009-03-08 10:45:23

₰ sîrwan ₰
به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپه‌ڕ
Kurdistan
Kurdzhin: barewabarayaty
شوێن: ★ شـه‌قلاوه‌★
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2008-10-22
دواترین سه‌ردان: 2025-02-17
په‌یامه‌كان: 3739
ویبگه‌
WindowsXPFirefox

بێده‌نگى له‌ غوربه‌تى تۆڵه‌دا

بێده‌نگى له‌ غوربه‌تى تۆڵه‌دا


     نه‌مده‌ویست ئه‌و بخه‌مه‌ نێو ده‌ریاى  پان و پۆڕى چیرۆک و بۆن و به‌رامه‌ى ئاشنا بکه‌م به‌ هۆگرانى ، چونکه‌ له‌ ڕێگاکان هه‌میشه‌ خۆم لێى ده‌شارده‌وه‌ ، هه‌ر چۆن بێت وام دا ده‌نا تینى گه‌رمییه‌که‌ى با من ئازار بدات و بمخاته‌ دووڕیانى نووسین و ڕامان، به‌لاَم دیوارى دڵى به‌ ڕووى قه‌ڵه‌مى چیرۆکى من نه‌شکێنێت . به‌ یه‌خه‌ گرتنمه‌وه‌ به‌ره‌و ڕووم هات  به‌ ڕاشکاوى بۆم دواو ناچارى نێو دونیاى چیرۆکى کردمه‌وه‌.:
    عه‌یامێکه‌ هه‌ستم ده‌ڕووشێنێت ، ده‌مه‌وێت پاته‌و پات بۆت بێمه‌ گۆ،  هه‌ر له‌ خت و خۆرا سه‌رم لێشێواوه‌ و چیرۆکى چى وسه‌ربرده‌ى چى ، ئه‌وه‌ى خۆى هاویشتێته‌ ناو مێشکم تێمهه‌ڵداوه‌و  له‌م کاته‌دا ناوێرى چزوره‌ى سه‌رى خۆى ببزێوى ، ئیتر کاتى ئه‌وه‌یه‌ خه‌ونه‌ شرایه‌وه‌کان مه‌راقه‌ متبووه‌کان و نیازه‌ له‌نگه‌ر گرتووه‌کان و  ڕاستییه‌ ونه‌کان و  کرده‌ نه‌گریسه‌کان له‌ناو چوار دیوارى مێشک و به‌ر هه‌یوانى دڵم دا بىَ مه‌رایى له‌به‌رده‌مى ده‌سه‌لاَتى قه‌ڵه‌م دا له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ و پشت له‌ زه‌وى رایانبخه‌م، هه‌ستم دنه‌م ده‌دات و به‌رده‌وامه‌ و ئه‌زیش به‌ شکایه‌تم له‌ هه‌موو شتێک  خه‌ریکه‌ شێت ده‌بم .
    من له‌به‌ر ده‌رگاوه‌م  که‌ ئاوڕێک ده‌ده‌مه‌وه‌، ئه‌و به‌ تیژى به‌ سووکه‌ سلاَوێک به‌ره‌و ژوور تێده‌په‌ڕى ، نازانم ئه‌و من ده‌ناسێته‌وه‌ یان نا، ناسین چ سوودێکى هه‌یه‌ ، ده‌مه‌وىَ بچمه‌ ژووره‌وه‌  تێر تێر هه‌واى تۆڵه‌ هه‌ڵمژم  و ، چه‌ند جارێکى تر بینیومه‌ به‌لاَم ئه‌و منى نه‌ناسیه‌وه‌و منیش وه‌ک که‌سێکى بىَ ده‌سه‌لاَتى ماندوو خۆم له‌ خه‌تى بێئاگایى داوه‌، قه‌ت ڕقم وا هه‌ڵنه‌ستاوه‌ ، هه‌ست ده‌که‌م ئه‌مجاره‌ چاوپۆشى له‌ گه‌وره‌م نه‌که‌م و با ئیتر به‌ یه‌کجارى فه‌سڵ بکرێم ، له‌ خه‌یاڵمه‌ تفێکى گه‌وره‌ ڕێک له‌ نێو چاوى بکه‌م و ده‌ردى دڵمى پێدامرکێنم.
     ئه‌و کات که‌ منى زیندانى کرد  شه‌قه‌ زلله‌یه‌کى لێدام ئێستاش ئێشى هه‌رماوه‌ و ده‌نگى له‌ بناگوێم ده‌زرینگێته‌وه‌.
له‌ ڕابردوو گه‌لێک بێزارم ده‌مه‌وىَ هه‌موو نه‌مام و گژووگیاکانى ته‌مه‌نى ڕابردووم ببه‌مه‌ سه‌ر مێزه‌که‌ى به‌رده‌مى و به‌ شاهێدى صوبحى چاوره‌شى گه‌وره‌م هه‌موویان سه‌ر ببڕم ، بىَ ئه‌وه‌ى خوێنیان لێبێت ده‌رخواردى بده‌م.
   هه‌ندێک جاریش حه‌زده‌که‌م  له‌ په‌نجه‌ره‌که‌ى پشت سه‌رم، سه‌رم ببه‌مه‌ ژووره‌وه‌ و تێر تێر وه‌ک منداڵێکى شێتى نێو کۆلاَنه‌کان  ئه‌وه‌ى پێم کرا بیکه‌م و بگریم و پێبکه‌نم.
    ئاوێنه‌ بچووکه‌که‌ى نێو باخه‌ڵم ده‌ردێنم ، ته‌ماشایه‌کى ده‌م و چاو و ڕوخسارم ده‌که‌م ، خۆم به‌راورد ده‌که‌م له‌ گه‌ڵ ئه‌و ، ئاخر یه‌ک ته‌مه‌نین ، سمێڵىسوور و سپیم تێکه‌ڵ به‌ یه‌ک بووه‌و له‌ڕو لاواز به‌ گاز گۆشتیان له‌ له‌شم پێناکرێته‌وه‌ :
      سیلمه‌ ، باشت ده‌ناسم و به‌ بیرمه‌ ،
ئێستا یه‌ک له‌ کارمه‌ندانى فه‌رمانگه‌که‌مان دێت و به‌ هه‌ڵه‌داوان لێم ده‌پرسىَ :
     کاک سه‌عید له‌ ژووره‌وه‌یه‌ ؟.،  بێده‌نگ ڕووى خۆم وه‌رده‌سوڕێنم ئه‌گه‌ر یه‌ک به‌ ده‌نگى خۆم هاوارده‌که‌م سه‌عه‌ سیلمه‌ ، ڕه‌نگه‌ تووشى به‌لاَیه‌ک بم. له‌ بیرمه‌ ده‌مانه‌ویست شاخ بکه‌ینه‌ گۆڕستانمان و  له‌وىَ ده‌نگ هه‌ڵبڕین و به‌ ئازادى بێژین:
     "ئێمه‌ش خاوه‌نى دایکمانین ، ئێمه‌ په‌یڕه‌وکارى په‌یره‌و کاره‌کانى ئه‌و دروشمه‌ بووین و هێشتا سمێڵمان گوو گره‌ نه‌بوو بوو که‌ ماندوو شه‌که‌ت به‌دیاریانه‌وه‌ ئێشو ئازاره‌کانمان وه‌ک تامى ئه‌و نانه‌ى که‌ ده‌رخواردیان ده‌داین ده‌چه‌شت و،  هه‌ر رۆژه‌ى چه‌شنى هه‌زارو یه‌ک شه‌وه‌یه‌ک چیرۆکمان له‌ بێژینگ ده‌کرد".
سه‌عه‌ به‌ جۆرێک هۆگرم ببوو برا و باوک و دایک ئاسا به‌یه‌که‌وه‌ ڕۆژانه‌ خه‌مه‌کانمان له‌به‌ر هه‌تاو سپى ده‌کرد و پێکه‌وه‌ دڵدارى شاخ و خاک و ئاوو دارو دره‌خت ده‌بووین.
     سووک سووک به‌ ڕێگادا ده‌ڕۆم  پشووم لێهه‌ڵماوه‌ هانه‌ هانى هه‌ورازم پێکه‌وتووه‌ بۆ ماوه‌ى سعاتێک ده‌بىَ له‌م هه‌ورازه‌ دا له‌ پشتى خۆم کردووه‌، ئه‌و له‌سه‌ر پشتم تینوو ده‌بىَ.. ده‌گرى.. ، ده‌نگى ته‌قه‌ و تۆق له‌ دوور ده‌بیسرىَ ، ماندوو شه‌که‌ت... گه‌رمایه‌تى.. ترسیش به‌رۆکى به‌رنادات ، جار به‌ جار به‌خۆمم ده‌وت:
    "هه‌موو ڕێگاکان ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر دووڕیانى ترس گه‌ر له‌وىَ به‌ڕه‌نگارانه‌ له‌ به‌رامبه‌رى ڕانه‌وه‌ستین ده‌شىَ هه‌موو ئامانجه‌کانمان له‌ ناو پاروویه‌ک نان دا به‌ره‌و ده‌مى هه‌موو برسیه‌کان بنێین و یاخود له‌ناو ترسدا بتوێینه‌وه‌ و بۆ دوا جارو تا هه‌تایه‌ ئه‌شکى شه‌که‌تیمان بسڕین و  سه‌رخه‌وێکى سه‌رخۆشانه‌ بشکێنین و مه‌رگى  تواناى وه‌رچه‌رخان و سه‌رهه‌ڵدان به‌ چاومان له‌ ناو ڕۆحمان ببینین."
    من به‌ هۆى ئه‌و کردارانه‌مه‌وه‌ نازناوى هه‌ورازه‌ بڕم به‌ سه‌ردا سه‌پاوه‌و ئه‌ویش سیلمه‌. 
ده‌مه‌وىَ پڕ به‌ گه‌رووم هاوار بکه‌م بابه‌ .. دایه‌... ئه‌وانیش ده‌زانم وه‌لاَمم ناده‌نه‌وه‌ ، هه‌ر بۆ هیچ نه‌بىَ تۆڵه‌ى دوو ڕۆژ زیندانییه‌که‌ى لاباس بکه‌م :
    نازانم سىَ ڕۆژ تىَ په‌ڕى بوو یان نا به‌سه‌ر شه‌هیدى بابم دا ، که‌ له‌ سه‌نگه‌ر هێشتا مه‌یته‌که‌مان نه‌هێنابویه‌وه‌، دێمه‌وه‌ ماڵ، زڕ دایکم  وه‌ک هه‌میشه‌ جنێو ده‌فرۆشى َ و به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ جنێوێکیش به‌ ڕێگاى من بۆ بابم ده‌نێرىَ . من ئارامم لىَ ده‌بڕىَ زلله‌یه‌کى ده‌سره‌وێنمه‌ بنا گوێى و گواره‌که‌ى ده‌په‌ڕێنم، سیلمه‌ که‌ ئه‌وکات سووکه‌ به‌رپرسێک ده‌بێت و له‌سه‌ر زڕ دایکم زلله‌یه‌کم لىَ ده‌دات ودوو ڕۆژ ده‌مخاته‌ ئه‌و کاوله‌ى که‌ چه‌ندین جار له‌ نێویدا ماندووبوونى ئه‌وم ساندۆته‌وه‌ و  له‌ باوه‌شى مندا گریان و ترسم لىَ ره‌واندۆته‌وه‌. هه‌مدیس ده‌مه‌وىَ پڕ به‌ گه‌رووم هاوار بکه‌م:
(دایکى خۆشه‌ویستم له‌ کوێى.)
     ئێستا ئه‌وانه‌م دێنه‌ بیر، بێز له‌ خۆم و خه‌بات و  تێکۆشان و خێرو پیاوه‌تیم ده‌بێته‌وه‌، دڵم پڕ بووه‌، هێڵنجم دێتىَ خه‌ریکه‌  ده‌ڕشێمه‌وه‌ به‌لاَم چه‌ندى ده‌که‌م ڕشانه‌وه‌م نایه‌ت، ده‌ست له‌ گه‌رووى خۆم ڕاده‌که‌م... هیچ .
بیرى ڕاگوزاریم به‌ مێشکدا دێت و سه‌رنجى ڕابردوو له‌ تیشکى ئه‌و کاته‌وه‌ گیر ده‌بێت که‌ به‌ دواى دۆزینه‌وه‌ى ته‌رمى بابم دام . گه‌رما تیشکى خۆى خزاندۆته‌ سه‌ر سه‌ر و گێلاکمان و خۆى خزاندۆته‌ خوار،  تا ماچێکى گه‌رماو گه‌رمى خاک بکات .
    من به‌ هه‌ر جۆرێک جامانه‌یه‌کى پیرانى له‌سه‌رم ده‌به‌ستم و به‌ناو ڕه‌زو باخه‌کانى ئه‌ماڕه‌تى ڕووخسار سپى سپاتییه‌کانى  سیلمه‌وه‌  ده‌رده‌چم و به‌ره‌و ئه‌ماره‌تى ڕه‌شى کڵاو ڕه‌ش ، هێشتا به‌ ته‌ماى ڕۆحى خۆم نیم ، ده‌چمه‌ که‌مپى به‌رى دواوه‌ى شه‌ڕگه‌ ، له‌ پرسگه‌که‌وه‌ لێم ده‌پرسن بۆ کوىَ .
    وه‌ک که‌سێکى له‌ ولاَتێکى تر هاتوو، خۆم به‌ بێگانه‌ داده‌نێم و به‌ ئاوازێکى سواڵکه‌رانه‌ى نه‌رمى له‌سه‌رخۆَ:
قوربان ده‌مه‌وىَ کاک .....ببینم.
که‌ده‌چمه‌  ژووره‌وه‌ سلاَوێکى لێده‌که‌م و به‌ لا ملێکى خواره‌وه‌ :
قوربان ئه‌گه‌ر کاغه‌زێکى جه‌نابتان  بۆ هێنانه‌وه‌ى ته‌رمى بابم نزیکه‌ى ده‌ ڕۆژه‌ ئێستا بۆگه‌نیو.........قسه‌که‌م پێده‌بڕێت به‌ نه‌ڕه‌یه‌کى بىَ به‌زه‌ییانه‌ وه‌ک بڵێى ده‌ سه‌گێک  ڕا خوڕێت:
    سه‌ربازى ئه‌ماڕه‌تى سه‌گباب .باب با   .....ب   بۆ مه‌یتى بابى تۆپیویشت دێیت.
ده‌چمه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ ناو باخچه‌ بچووکه‌که‌ى به‌ر ده‌رگا داده‌نیشم، وشه‌ى "تۆ پیو یوو  یوو" به‌ ناو مێشکمدا گوزه‌ر ده‌کات. هۆن هۆن.. ده‌گریم ...
دواتر به‌ هۆى ناسیاوێکه‌وه‌ مۆڵه‌تم پێده‌درىَ و کاک .... بنى گوێم ده‌گرى و پێم ده‌بێژێت:
ئه‌وه‌ کاغه‌ز و جارێکى تر له‌به‌ر ئه‌م ده‌رگایه‌ت نه‌بینم.  زللله‌یه‌ک ده‌سره‌وێنێته‌ بنا گوێم، و قسه‌یه‌کى بچوکیشم بۆ فڕێده‌دات  :
    له‌به‌ر خاڵ عه‌بدووڵڵاش نه‌بىَ ئێستا له‌و ژووره‌وه‌ سه‌رت ده‌نێه‌وه‌. تێگه‌یشتى........
به‌ خۆم و مه‌تاره‌ ئاوه‌که‌و چنگێکى گه‌وره‌ى نایلۆنه‌وه‌ به‌سه‌ر شاخه‌که‌وه‌ هه‌ڵده‌گه‌ڕێم و نزیک ڕه‌بایه‌یه‌کى سه‌ربازى ئیستێک ده‌که‌م و کاغه‌زه‌که‌یان نیشان ده‌ده‌م و دوو که‌سیان له‌ گه‌ڵم دێن. بۆنى باوکم ڕۆژه‌ ڕێیه‌ک ده‌ڕواو  من له‌ داخى سیلمه‌ و داخى  خه‌باتى پێچوونى بابم  خه‌ریکه‌ مێشکم تێکه‌ڵ به‌ گه‌رماش له‌یه‌ک بترازىَ و بته‌قىَ.
   دوو که‌سه‌که‌ دوور به‌ دوور جێم دێڵن و پێده‌چىَ  بۆنى که‌لاکى بابم  گێژى کردبن. نزیک ده‌بمه‌وه‌ له‌ بابم که‌ له‌ بن  ته‌ڕاشه‌که‌ى دیوى لاى ڕاستى دۆڵه‌که‌ که‌وتووه‌ . ئاره‌قه‌و فرمێسک تێکه‌ڵ به‌ یه‌کتر ده‌بن سه‌رم شۆڕ ده‌که‌مه‌وه‌و له‌ خولیاى ماچێک دام بۆ دوا جار . په‌لکه‌ گه‌لاَو گیایه‌که‌ى له‌سه‌ر  سه‌رى لاده‌به‌م ده‌ستم به‌ پێستى سه‌رى ده‌که‌وێت و گۆشتى پرتک پرتک لێى هه‌ڵده‌وه‌رىَ و  وه‌ک گۆشتێکى کوڵیوى نێو مه‌نجه‌ڵێک له‌ گه‌ڵ ده‌ست لێدان هه‌مووى لێک ده‌ترازىَ. جگه‌ له‌ خواو ته‌یرو کرم و مێشو مه‌گه‌زانه‌ى سه‌ر سه‌رم که‌سى تر نامبینىَ و منیش که‌س شک نابه‌م بیانبینم.
   ده‌مه‌وىَ لێره‌ منیش دوا هه‌ناسه‌م بێت ، ئێستێک ده‌که‌م تا ماندوو ده‌بم ده‌گریم دواتر دێمه‌وه‌ سه‌ر خۆم.
    بىَ سووده‌و هه‌موو ئه‌و گومان و فکرو خه‌یاڵانه‌. نایلۆنه‌که‌ ڕاده‌خه‌م و لێى لوولده‌ده‌م و پشک پشک و پارچه‌ پارچه‌ گۆشت و هێسکه‌ لێکترازاوه‌کان ده‌خه‌مه‌وه‌ ناو  و ده‌یپێچم و له‌ پشتى خۆمى هه‌ڵده‌ده‌م:
   ئاخر بابى شیرینم تۆ لێره‌ له‌م شاخ و داخ و خاکه‌ ڕقه‌وه‌ بۆ دواجار خه‌وت لێکه‌وت، عه‌یامێکه‌ له‌و کاته‌وه‌ من له‌ شاخ خۆم ناسیوه‌ تۆ هه‌میشه‌ عاشقى ئه‌و خاکه‌ بووى و له‌ شوێنى بابت و به‌ نێوانى بیست و چوار ساڵ له‌ هه‌مان گردۆلکه‌ گیانتان خه‌بات کرد ، به‌لاَم بۆ کىَ ؟ بۆ ئه‌و که‌سه‌ى هه‌موو جارێک له‌پشتمان ده‌کردو ترسمان لىَ ده‌رده‌کرد ، که‌ ئێستاش به‌چاوى پڕ له‌ عه‌شقى ئه‌و خاکه‌ى تۆى له‌سه‌ر شه‌هید بوو  ده‌ڕوانێته‌ ژنه‌که‌ت و  ده‌یه‌ویست وه‌ک بۆ تا هه‌تایه‌ تۆ به‌ره‌و ئه‌و چاره‌نووسه‌ ببات و منیش نه‌توانم به‌ تۆزقاڵێک به‌رگرى نووزه‌م لێوه‌ بێت.
     من ده‌مه‌وىَ ڕابردوو ئێستا بژیێنمه‌وه‌و یه‌ک یه‌ک له‌ پێش چاوى ئه‌و دا، له‌ سه‌ر مێزه‌که‌ى به‌رده‌مى هه‌زارو  یه‌ک خه‌فه‌تى خۆم و هه‌زارو یه‌ک سته‌مى  ئه‌و بخه‌مه‌ ڕوو یه‌ک.. یه‌ک چه‌شنى شه‌هره‌زادو شه‌هریار نه‌ک به‌ هه‌زارو یه‌ک شه‌و به‌ڵکو به‌ هه‌زارو یه‌ک نیوه‌ چرکه‌ له‌ ملى بپێچم و بیخنکێنم و، دواتر ئاگرێک به‌ر  بده‌مه‌ ڕابردوو یان سه‌رى ڕابردووم پان بکه‌م و  به‌ شنه‌باى تۆڵه‌  ئه‌و جار من بتوانم ئه‌و ده‌ دوانزه‌ داوه‌ مووه‌ ڕه‌شانه‌ى پرچم به‌ ئاسایى خۆیان سپى بن.
     له‌نێو گێژاوى ئه‌و خه‌یاڵانه‌دا خه‌ریکه‌ نقووم ده‌بم ، له‌ گه‌ڵ ده‌نگى سوبحى چاوڕه‌شى گه‌وره‌م به‌ ئاگا دێمه‌وه‌:
      هه‌ورازه‌ بڕ  تۆى،  نا.. نا حه‌سه‌ن  تۆ وه‌ره‌ . ده‌نگى ده‌رگا دێت و  دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ . ده‌مێکه‌ پلان داده‌نێم که‌ سیلمه‌ بێته‌ ده‌ر. دێته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ سه‌ره‌خۆ سه‌یرێکم ده‌کات هه‌ورازه‌ بڕ!!  ..ئاگام لێیه‌ به‌ هێواشى ده‌ڵىَ : کاک سوبحى ئه‌مه‌ هه‌ورازه‌ بڕه‌؟؟! ...من چاوم بڕیوه‌ته‌ ئه‌م لا.. ده‌سته‌کانى له‌ سه‌ر شانم داده‌نێت :
     هه‌ورازه‌ بڕ بۆ وا پیر بووه‌،؟ چۆنى و باشیی و حاڵ پرسینێکى پڕ به‌ ئه‌ده‌ب و ڕێزى  له‌ ده‌م ده‌ڕژێته‌ خوار ، من نوقه‌م لێوه‌ نایه‌ت ، خۆى ده‌سوڕێنێته‌ به‌رامبه‌رم ، به‌ نه‌رمى قسه‌م بۆ ده‌کات :
     من زۆر زۆر داواى لێبوردنم هه‌یه‌ هه‌وراز، زیندانیکرنى هه‌شت ساڵ له‌مه‌و به‌رتم  به‌ ده‌ست خۆم نه‌بوو  باوه‌ڕبکه‌ هه‌ورازه‌بڕ.
   زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کم دێته‌  سه‌ر لێوان ، ته‌ماشایه‌کى پله‌و پایه‌و قیافه‌و چوار شانه‌یی ده‌که‌م و وێنه‌ى به‌ر ئاوێنه‌ بچووکه‌که‌ى خۆشم دێته‌ پێش چاوو به‌راوردیان ده‌که‌م... من بێده‌نگ و ئارام  ده‌ڕوانم، ده‌مخاته‌باوه‌شى خۆى. ماوه‌یه‌ک هه‌ردووکمان بێده‌نگ . له‌گه‌ڵ داواى لێبووردنێکى زۆر دوور ده‌که‌وێته‌وه‌، من نازانم  خستنه‌ ناو باوه‌شى خۆمى له‌ خه‌مى منیه‌تى یان بابم .. سه‌رى خۆى با ده‌داو چه‌ند ئاخێک هه‌ڵده‌کێشىَ ... سوارى سه‌یاره‌که‌ى ده‌بێت ،  من لێى ده‌چمه‌ پێشىَ وه‌ک بلێى هیچمان له‌ نێوان نییه‌ . دێته‌ گۆ: "هه‌ر کارێکت هه‌بىَ له‌ خزمه‌تم"
   ده‌ستى له‌ ناو سه‌یاره‌که‌ى ده‌ردێنىَ ته‌ماشایه‌کم ده‌کات و به‌  نزمیی و سه‌ر با دانێکه‌وه‌:
خودا حافیز.......               
                خودا....   
                                  حا فیز                   

نوسه‌ر / هێمن عومه‌ر

Kurdzhin

http://www.kurdzhin.info/up/uploads/images/kurdzhin-cb44b44495.gif

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


خوارووی مه‌كۆ

Your IP Address : 216.73.216.104
Powered by PunBB 1.2.15
© Copyright 2007 – 2011
Translated By : Webchin.Org
Design And Style By : Kurdzhin.net