.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه














كوڕێكی نمەك حەرام
دۆزینەوەی منداڵێك
بەیانییەكی زووی رۆژێكی زستان بوو، كاتێك(نوری) بەرەو نانەواخانەكەی گەڕەكەیان دەڕۆیشت بۆ كڕینی نان و ماستی ئەو بەیانییەیان، كە لەسەری كۆڵانەكەیان، گوێی لە دەنگی نووساوی منداڵێكی ساوا بوو كە بەو سەرمایە و بەو بەیانییە زووە لە ناو قۆنداغێكدا پێچرابوو و لەبن دیواری خانوویەك فڕێ درابوو( نوری) بەرەو لای دەنگەكە رۆیشت و چاوی دەگێڕا بزانێ سەرچاوەی دەنگەكە لە كام لایە و بۆچی بەم بەیانییە دەنگی ئەو منداڵە دێت، هەندێك گەڕا و دیقەتی ئەو لاو ئەملای خۆی داو وردە وردە لە دەنگەكە نزیك دەبۆوە كە لە پڕ منداڵێكی ساوای بە قۆنداغ پێچراوی بینی گەیشتە لای منداڵەكە و سەیرێكی كرد و هەر لە خۆیەوە خۆی بۆ نووشتاندەوە و هەڵیگرتەوە كابرا زۆری پێ سەیر بوو، لە خۆی پرسی باشە ئەو منداڵە چ دەكات لێرە ؟ دەبێ كێ بێ و بۆچی لێرە دانراوە، چاوێكی بە دەوروبەری خۆیدا گێڕا و هیچی نەبینی و كەسیش لەم ناوە نەبوو، بڕیاریدا لە دەرگای ئەو ماڵە بدات كە منداڵەكە لەبن دیواری خانووەكەیان فڕێ درابوو، لە دەرگای داو دوای دوو خولەكێك ئافرەتێك بە چاوی خەواڵوەوە دەرگای كردەوە و سەیری كابرای كرد كە بەخۆی و منداڵێكی ساواوە لە پێش دەرگاكەیان راوەستاوە، ژنە هێشتا هەر سەیریانی دەكرد كە(نوری) لێی پرسی: ئەرێ خوشكێ ئەو منداڵە هی ئێوە نییە؟ ژنەكەش هەندێك لە كابرا و لە منداڵەكەش راماو پرسیارەكەی پێ سەیر بوو..(نوری) دیسان لێی پرسییەوە ئەمجارە، ژنەكە سەیرێكی تری منداڵەكەی كردەوە و گوتی: نەخێر نەوەڵڵا بۆچی؟
(نوری)یش پێی گوت ئەم بەیانییە كاتێك بەرەو نانەواخانەكە گوێی لە دەنگی گریانی بووە و بینییوویەتی و هەڵگرتۆتەوە، ئەوان لەو قسانەدابوون كە مێردی ژنەكەش هاتە دەرەوە، پاشان لە دەرگای ماڵەكانی تر درا و پاش پرسیار و وەڵام لەم و لەو، ئاخیریەكەی دەركەوت كە منداڵەكە فڕێ دراوە.
پاش كاتژمێرێك پرسیار و گفتوگۆی خەڵكەكە(نوری) بڕیاریدا منداڵەكە بەخێو بكات و بیباتەوە ، بەڵام خەڵكەكە پێشنیاریان بۆی كرد كە سەرەتا وا باشە بچێ پۆلیسی ئاگادار بكاتەوە ئینجا هەڵیگرێتەوە و بەخێوی بكات.
ئەوەبوو (نوری) منداڵەكەی بردەوە و حاڵ و مەسەلەی بە دوور و درێژی بۆ ژنەكەی گێڕایەوە، ژنەكەشی پێی گوت: (نوری) وەڵڵا خودا ئێمەی خۆشدەوێت بۆیە ئەو منداڵەشی بە دیاری بۆ ناردووین، پێم خۆشە بەخێوی بكەین و بیكەینە منداڵی خۆمان، دوای ئەو قسانە ژنەكەی(نوری) كە ناوی(فەوزیە) بوو، قۆنداغەكەی كردەوە(نوری)یشی نارد قوتووێك شیر و مەمك مژەی بۆبێنێ و تا ئەو هاتەوە(فەوزیە) منداڵەكەی باش گەرم كردەوە و هەندێك قەنداویشی دایێ و منداڵەكە كڕوكپ بوو و تا(نوری) هاتەوە خەویشی لێكەوت.
(فەوزیە) ژەمە شیرێكی بۆ گرتەوە و ئامادەیكرد كە لە خەو هەڵسێت بیداتێ، ئینجا پێكەوە چوونە بنكەی پۆلیس و مەسەلەكەیان گێڕایەوە، پاش یەك دوو رۆژ هاتوچۆكردنی بنكەی پۆلیس، منداڵەكەیان كردە هی خۆیان و بەخێویان كرد و ناویشیان نا(شەماڵ).
جحێڵ بوونی(شەماڵ) و ئەنجامدانی تاوانە قێزەونەكە
(نوری و فەوزیە) ماوەی چوار ساڵ بوو ژن و مێرد بوون و منداڵیشیان نەبوو، ماوەیەكی زۆر سەردانی ئەو پزیشك و ئەم پزیشكیان دەكرد، بەڵكو منداڵێكیان ببێت بەڵام بێ سوود بوو، پزیشكەكان دەیانگوت كە (نوری) ساغ و سەلیمە بەڵام عەیب و هۆی منداڵ نەبوونەكەی لەوە، ئەو سپێرمی زۆر لاوازە و بەختی منداڵبوونی تابڵێی كزە، بۆیە بە هەڵگرتنەوەی منداڵێك هەردوولا دڵیان خۆشبوو، ئیتر منداڵەكەیان وەكو جگەر گۆشەی خۆیان بێت وایان بەخێودەكرد، ساڵ هات و ساڵ رۆیی (شەماڵ) وردە وردە گەورە دەبوو، تا گەیشتە قۆناغی چوونە قوتابخانە و ناردیانە قوتابخانە، ژن و مێرد نەیاندەهێشت (شەماڵ) لە هیچ شتێك بێبەش بێت، بەو پەڕی ناز و فیزەوە بەخێویان دەكرد و خەرجیان دەكێشا، بەتایبەتی كە(نوری) پیاوێكی دەوڵەمەند و هەبوونیش بوو،(شەماڵ) قۆناغی سەرەتایی تەواوكرد، بەڵام لەو ماوەیەدا زانی كە ئەو هەڵگیراوەتەوە و (نوری و فەوزیە) دایكی راستەقینەی خۆی نین.
ئەم حەقیقەتە وەكو ئاگر هەناوی دەسووتاند و قەت لە بیری نەدەكرد، بەتایبەتیش شەوان كاتی خەوتنی، دوای ساڵانێك (شەماڵ) گەیشتە پۆلی شەشەمی دواناوەندی، بەڵام كە لە قۆناغی شەشەدا بوو، رێكەوتی هەندێك برادەری خراپی كرد، ئەوانیش بەتایبەتی برادەرێكی كە ناوی(شێركۆ) بوو، هەموو جارێك بەمەبەست یاف بی و مەبەست برینی دەكولاندەوە، رۆژێك(شێركۆ) بە (شەماڵ)ی گوت: ئەرێ تۆ كە تا ئێستاش دایك و باوكی راستەقینەت دیار نییە و هەموو خەڵكیش دەزانن كە(نوری و فەوزیە) دایك و باوكی تۆ نین و ئەگەر بشمرن هەروا بێ خاوەن دەمێنیتەوە و سەروەت و سامانیان بۆ تۆ نابێ، بۆچی نایەیت پێكەوە بچینە ئەوروپا؟(شەماڵ)ش پێ گوت: كوڕە ئاخیر بەچی بچمە ئەوروپا، كوا پارەی ئەوروپا، لە كۆیی پەیدا بكەم، وەلڵا ئەو دایك و باوكەم زۆر باشن بۆم، بەڵام بەخوای پارەی چوونە ئەوروپام نادەنێ.
(شێركۆ) ش پێی دەڵێ: كوڕە هەی بەدبەخت، (نوری) چ زۆرە پارە و سامانی زۆرە، هەروا (فەوزیە)یش نیو تەنەكە زێڕی هەیە، باشە ئەوانە ئەو سەروەت و سامانەیان بۆ چییە... بۆ نایە بیانكوژی و بە پارەكە پێكەوە بچینە ئەوروپا؟(شەماڵ) بە بیستنی وشەی(بیانكوژە) راچڵەكی و تاسا، بە (شێركۆ)ی گوت:
كوشتنی چی ؟ وەڵڵا دەستم ناچێتە شتی وا، بەڵام بەخوا زۆر حەز دەكەم، پارە و زێڕەكەیان بكەوێتە بەردەستم، بەڵام بە كوشتن نا، شتی وام پێناكرێ،(شێركۆ)پێ گوت: ئەوجا ئەوە ئاسانە بەخۆت مەیانكوژە من برادەرێك دەناسم سەری بۆ ئەو كارانە دێشێ، حەز دەكەین بەو دەڵێین، با ئەو كارەكە بكات و ئێمەش یارمەتی دەدەین، و پاشان هەندێك پارەی دەدەینێ و بۆ خۆشمان بۆی دەردەچین، ئەوەی پشتگیرێ، هەر ئەو كەسە دەگیرێ كە كردارەكەی كردووە نەك ئێمە، چەند هەفتەیەك ئەو دوانە بەردەوام دەبن لە لێكدانەوەی ئەو مەسەلەیە و دانای نەخشەی جێبەجێكردنی، دواجار لە دانانی نەخشەكە دەبنەوە و دەست بەجێبەجێكردنی دەكەن و لەگەڵ برادەرە پیاوە كوژەكەی (شێركۆ)ش، چەند جارێك دادەنیشن و تاوتووێ مەسەلەكە دەكەن و ئینجا هەنگاو هەڵدەگرن بۆ جێبەجێكردنی، نەخشەكەش وا دادەنێن، پێش نووستن
(شەماڵ) حەبی خەو لە ناو شەربەت بكات و بەهەر رێگەیەك بێت دەرخواردی(نوری و فەوزیە) یان بدات تا خەویان لێدەكەوێت، ئینجا(شێركۆ) و برادەكەشی بێن و ئەو برادەریان بە تەورو داس، لە سەری(نوری و فەوزیە) بدات و لە ناو خەو بیانكوژێت و ئەوانیش پارە و زێرەكان كۆ بكەنەوە و بۆی دەرچن، شەوی جێبەجێكردنی پیلانەكە(شەماڵ) هەنگاوەكانی نەخشەكە جێبەجێ دەكات و (نوری و فەوزیە) دەكەونە ناو خەو(شێركۆ)ش برادەرەكەی دێنێ و بەخۆوە بە تەور و داسەوە ژن و مێرد(فەوزیە و نوری) كەلەپاچە دەكات و لە ناوجێ دەیانكوژێت، كە تاوانەكە تەواو دەكات(شێركۆ) بڕە پارەیەك دەداتە كابرای بكوژ و بۆی دەردەچێ، هەردووكیان دەچنە ئۆتێلێك و بڕیار دەدەن سێ و چوار شەو لەو هۆتێلە بمێننەوە هەم بۆ ئەوەی بزانێ مەسەلەكە چۆن ئاشكرا دەبێ و بەسەر كێدا ساغ دەبێتەوە ، هەمیش لە میانی ئەو یەك دوو رۆژەدا بتوانن زێڕەكان بفرۆشن و بۆی دەرچن، ئیتر دەچنە هۆتێلێك و (شێركۆ) بە(شەماڵ) دەڵێ با پارەكە لەلای خاوەنی ئۆتێل دابنێن تا دەچینە بازاڕ و مامەڵەی زێڕ دەكەین و لە نرخەكەی دەپرسین ئەویش بیرۆكەكەی پێ باش دەبێ، كە لە هۆتێلەكە دادەبەزن، زێڕەكان، بە ئەمانەت لەلای خاوەن هۆتێل بەجێ دێڵن، كابرای خاوەن هۆتێل هەڵسووكەوتی ئەو دووانەی زۆر پێ سەیر دەبێ و نیمچە گومانێكیان لێ دەكات، بەڵام سەرەتا بڕیار دەدات ژێر بە ژێر چاودێریان بكات، بۆ ئەو مەبەستەش شاگردێكی وریا و زرنگی خۆی رادەسپێرێ كە ئەوان لە هۆتێل دادەبەزن، شاگردەكەی بە دوایاندا دەنێرێ، تا نیوەڕۆ بە دوایاندا دەبێ، كە خاوەن هۆتێل لە زاری شاگردەكەیەوە دەزانێ ئەوانە مەبەستیانە ئەو زێڕە بفرۆشن بڕیاری دەدات بە دزییەوە پەیوەندی بەبەشی نەهێشتنی تاوانەوە بكات، ئەوانیش كە گوێ لە قسەكانی خاوەن هۆتێلەكە دەگرن، تیمێك رێكدەخەن و لە كاتی فرۆشتنی زێڕەكان لە ناو دوكانی زێڕینگەرەكە دەستگیریان دەكەن و كابرای خاوەن دوكانیش لەگەڵ خۆیان دەبەن.
دانپیانان
(شەماڵ) كە دەستگیر دەكرێ بەرچاوی تاریك دەبێ و دەموودەست بەردەبێتەوە سەر زەوی و لە هۆش خۆی دەچێ، كارمەندانی نەهێشتنی تاوان هەڵیدەگرنەوە و هەندێ ئاوی پێدادەكەن تا بەخۆدێتەوە و دواتر دەیبەنە بنكە و لەوێش لە كاتی لێكۆڵینەوەدا دان بە ورد و دارشتنی تاوانەكە دادەنێ و پاشان(شێركۆ) ش هەروا، پاش لێكۆڵینەوە دۆسییەكەی رەوانەی لای دادوەر دەكرێت و بڕیاری دەستگیركردنی هەموو ئەو تاوانبارانە دەدات كە دەستیان لە تاوانەكەدا هەبوو، دوای دوو رۆژ مانەوە لە بەندیخانە شەوێك(شەماڵ) بڕیاری خۆی دەدات، ئیتر بە بەهانەی چوونە ئاودەست هۆڵی گرتن بەجێ دێڵێ و خۆی لە گەرماوی بەندیخانە تووند دەكات و لەشی خۆی هەموو تەڕ دەكات و وایەرێكی پلاكی كارەبا دەردێنێ و خۆی بەكارەباوە دەكات و تەزووی كارەباش دەموودەست دەیكوژێت.
Gulan

لهسهر هێڵ نییه