.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه














مردنی دەماغ مردنی یەكجارەكی و تەواوەتی مرۆڤە
د. معتەز فازل حەمادی
مردنی دەماغ حاڵەتێكی پزیشكییە و بە زۆری لە رووداوە جۆراوجۆرەكانی هاتووچۆ، یان هەندێكجار بە هۆی جەڵتەی مێشكەوە روودەدات، لەم جۆرە مردنەدا، كۆ ئەندامی ناوەندی دەمار بە تەواوەتی لە كاردەكەوێت و جارێكی ببڕای ببڕ، ژیانی بە بەردا نایەتەوە، بەڵام ئەندامەكانی تری لەش وەك دڵ و سپیەكان و گورچیلەكان بۆ ماوەی چەند خولەكێك بەردەوام دەبن لە كاركردن.
لێرەوە ئەگەر كەسە مردووەكە بخرێتە ژێر هەناسەی دەستكرد، بەهۆی ئامێری تایبەتەوە دەتوانرێ ئەو كەسە ئەندامەكانی وەك دڵ و جگەر و سپیەكان و گورچیلەكانی بە زیندوویی بهێڵدرێتەوە و بۆ كرداری چاندنی ئەندام (زرع الاعضاء)، سوود لەو ئەندامانەی وەربگرێت.
بەڵام كێشەكە لەوەدایە، بەهۆی بیڕورای كۆمەڵایەتی و سایكۆلۆژی و كەسوكاری ئەو كەسە مردووە رێگە نادەن سوود لە ئەندامەكانی وەربگرێت و بۆ كەسێكی تر سوودی لێببینرێت و بگوازرێتەوە، جا بۆ ئەوەی بزانین مردنی دەماغ چییە و لە رووی پزیشكیەوە چ پێناسێكی بۆ دەكرێ ئەم چاوپێكەوتنەمان لەگەڵ پسپۆڕی پزیشكی دەماغ و كۆئەندامی دەكار (د. متعەز) كرد...
* پێش ئەوەی باسی مردنی دەماغ بكەین، با ئەگەر زۆر بە كورتیش بێت، زانیارییەكمان لە بارەی فسیۆلۆجیای دەماغ بدەیتێ؟
- دەماغ وەك هەر بەشێكی تری لەشی مرۆڤ، لە ساتی دروستبوونی یەكەمین خانەوە دەست پێدەكات و لە هەفتەی یەكەمی، دەست بە درووستبوونی راستەقینەی دەكات و یەكەم ئەندامیش كە دروست دەبێ، بەشێوەیەكی گشتی كۆئەندامی ناوەندی دەمار ، كە لە دەماغ و دڕكە پەتك و دەمارەكان، دەماغ لەسەرەتای پێكهاتنی كۆئەندامەكە ئیش ناكات.
بەڵكو پاشان دەست بە ئیشكردن دەكات، كە چەند مانگێكی دەوێ تا دەتوانێ كار بكات.. دەماغ بەشێوەیەكی درەنگ و لەسەرخۆ گەشە دەكات، كاتێك لە ماوەی ژیاندا دەگاتە قۆناغێكی گەشەكردن ئیتر لەو ئاستە رادەوەستێت و خانەكانی چیتر زیاد ناكەن و ژمارەی ئەو خانانە لە رێژەیەكی دیاریكراودا دەوستێت، هەر لە ناوچۆنێك لە كۆئەندامی دەمار و لە دەماغ رووبدات، ناتوانرێ قەرەبوو بكرێتەوە.
با نموونەیەكت بۆ بهێنمەوە، ئەگەر حاڵەتی جەڵتەی دەماغ وەربگرین دەبینین بەشێك لە خانەكانی دەماغ دەمرن و بە یەكجاری لەكار دەكەون، ئێمە كە چارەسەری حاڵەتی جەڵتەی دەماغ دەكەین، هەوڵدەدەین ژمارەی دیكەی دەمارەخانەكانی دەماغ نەمرن، بۆ ئەوەی رێ لە جەڵتەی دووەم و هی دیكە بگرین، جگە لەوەش هانی خانەكانی دیكەی دەماغ دەدەین، كە بتوانن قەرەبووی فرمانەكانی ئەو خانانە بكەینەوە تا بتوانن، ئەگەر بەشێوەیەكی كەمیش بێت لە جیاتی ئەوانیش كاربكەن، كەواتە ئەگەر كەموكوڕییەك لە ژمارەی خانەكانی دەماغ هەر ئەوەشە وادەكات كە بڵێین كۆئەندامی دەمار تاكە، كۆئەندامێكە كە ناتوانرێ لە لەش بچێندرێت، بۆ نموونە دڵ، دەتوانین وا بكەین، لە رووی میكانیكییەوە، لە دەرەوەی لەشیش كار بكات و پاشان لە لەشی مرۆڤێكی دیكە بچێنین یان گورچیلە یا بەشێك لە جگەر، ئەوانیش لە دەرەوەی لەشی مرۆڤ بەهۆی ئامێر پزیشكییەوە كە سووڕی خوێنی تێدا بەردەوام دەكرێ، بە زیندویی بهێڵدرێتەوە و دواتر لە لەشی مرۆڤێكی دیكە بچێندرێن.
هەمان لەشێش سەبارەت بەمۆخی ئێسك(نخاع العظم).
دەكرێ بچێندرێت، بەڵام چاندنی مێشك مەحاڵە، ناتوانرێ مێشك لە دەرەوەی لەش بۆ چركەیەكش بە زیندوویی رابگرین، كەواتە راوەستانی دەماغ راوەستانێكی یەكجارەكی و هەتاهەتاییە.
* ئەی كەواتە بەنج(تحذير)كردنی دەماغ چییە؟ ئایا وەستاندنێكی كاتی دەماغ نییە لە كارەكانی؟
- نەخێر بەنجكردن گواستنەوەی دەماغە لە حاڵەتی ئاگاییەوە بۆ حاڵەتی نا ئاگییەوە.. چونكە دەماغ لە هەردوو حاڵەتێی ئاگایی و ئاگایی(الوعی واللاوعی) ئیش دەكات.
بۆنموونە هەندێ فرمانی لەش هەن، بەبێ ئاگایی و ویستی مرۆڤ روودەدەن، وەك فرمانی سووڕی خوێن، هەناسەدان، پلەی گەرمی لەش، هەرس كردنی خۆراك...تد هەموو ئەوانە لە ژێر فرمانی دەماغدان و ویستی مرۆڤیش هیچ رۆڵێكی تێدانییە، كەواتە لە حاڵەتی بەنجكردندان تەنیا ئاگایی مرۆڤ نامێنێت، دەنا نا ئاگاییەكەی دەمێنێ، بە بەڵگەی ئەوەی كۆئەندامی هەناسە و سووڕی خوێن و دڵ و گورچیلەكان و جگەر ئیشی خۆیانە هەر دەكەن، واتە فرمانە خۆنەویستەكان(الوظائف اللارادية) ناوەستن، تەنیا فرمانە خۆویستەكان و ئازار رادەگیرێت.. كە كاریگەری بەنجەكە نەما، ئەو فرمانانە دووبارە دەستپێیدەكەنەوە، هەروەك جاران.
* ئەی لە حاڵەتی مردنی دەماغدا؟
- لە حاڵەتی مردنی دەماغدا هەر دوو فرمانە سەرەكییەكەی و خۆویست و خۆنەویست (اللارادية واللارادية) بە یەكجارەكی و كۆتایی رادەوەستن و جارێكی تر كار ناكەنەوە، دیارە كۆئەندامی ناوەندی دەمار و لەگەڵیشدا دەماغ، كۆئەندامێكی زۆر ئاڵۆز و زۆریش هەستیارە، هەستیارە چونكە هەر كەموكوڕییەك لە خوێن پێدان و خۆراك و پێدانی رووبدات، تێكیدەدات و لەناو دەچێ و خانەكانی دەمرن یا ئۆكسجینی لێ ببڕێت ماوەی مردنیش بەو هۆیانەوە لە مرۆڤێكەوە بۆ مرۆڤێكی تر دەگۆڕێ، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا و لەهەموو مرۆڤێكیشدا لەنێوان(2-10) خولەك دەبێ و لەوە زێتر رەت نادات، ئەگەر لەو ماوەیەدا دەماغ ئۆكسجین یان خۆراك (گلوكۆز)ی لێ ببڕێت، راوەستانێكی یەكجارەكی رادەوستێ و دەمرێت... بۆچی كە رادەوەستێ جارێكی تر ژیانی بە بەردا ناكرێتەوە، تا ئەمڕۆكەشی لەگەڵدا بێت تەفسیرێكمان نییە نهێنییەكەمان پێ بڵێت، تائێستاش نازانین بۆچی كە خانە دەمارەكانی دەماغ ئەگەر بمرن، مردنێكی یەكجارەكییە و جارێكی تر ناژیەتەوە.
* جا ئێستا بابێینە سەر مردنی دەماغ و، بزانین مانای چییە؟
- مردنی دەماغ واتە مردنی دەماری خانەكانی، جا یان بەهۆی كەمی ئۆكسجین كە ئەمە هۆی سەرەكییە، یانیش بەهۆی كەمی گلوكۆزە، واتە نەگەیشتنی ئۆكسجین و خۆراك، خۆی دەمارە خانەكانی دەماغ بەهیچ شێوەیەك لەكاركردن ناوەستن، بۆیە بەردەوام پێویستی بە ئۆكسجین و خۆراكە، ئەگەر ئەم دوو شتەی لێ ببڕێ هەتا ئەگەر بۆ چەند خولەكێكی زۆر كەمیش بێت، ئەوە دەبێتە هۆی مردنی دەماغ بەشێوەیەكی یەكجارەكی.
كە دەماغیش مرد ئیتر جارێكی تر فرمانەكانی ناگەڕێتەوە، ئەو فرمانانەی كە دەماغ پێش مردنی پێی هەڵدەستا، جارێكی تر روونادەنەوە.
* مانای وایە لەگەڵ مردنی دەماغ، فرمانی ئەندامەكانی تری لەشیش دەوەستن..؟
- بە مسۆگەری و بەرەهایی نا، چونكە سەرەتا كە دەماغ دەمرێت، دڵ بۆ نموونە دەمودەست نامرێت، كرداری هەناسەدانیش دەمودەست راناوەستێت، بەڵام پاشتر دەمرێت، بەڵام دڵ دەتوانێ پاڵ بەخوێنەوە بنێ بۆ بەشەكانی لەش، كرداری هەناسەدان و جوڵانی ماسوولكەكان بەشێوەیەكی لاواز و هێواشی و لەسەرەخۆ تاڕادەیەك دەمێننەوە، بەڵام كردارە زیندەگییەكان وەك هۆش و ئیدراك و هەست كردن بە ژیان و ئاگایی و جوڵەكانی مرۆڤ بەشێوەیەكی یەكجارەكی و بەتەواوەتی كۆتاییان پێدێت، بەڵام بەهۆی بوونی ئامێری پزیشكی تازە كە یارمەتی كرداری هەناسەدانی مرۆڤ دەدەن، دەكرێ كرداری هەناسەدان و سووڕی خوێن درێژە پێبدرێت، ئەم مرۆڤەكە بەهەر هۆیەكەوە بێت دەماغی مردووە، بە مرۆڤێكی مردوو دادەنرێت و گەڕاندنەوەی بۆ ژیان جارێكی تر لەو پەڕی مەحاڵیش دایە، دەكرێ ئەو كەسە بۆ ماوەی چوار تا شەش كاتژمێر لە ژێر ئەو ئامێرە دابنرێت، بەڵام دواتر دەبێ ئامێرەكانی لەسەر هەڵبگیرێت و كەسەكە وەك تەرم (جثة) حسابی بۆ دەكرێت.
* ئەمە كێشەتان بۆ دروست ناكات، كە ئێوە وەك پزیشك بڕیاری هەڵگرتنی ئەو ئامێرانە لەسەر كەسێكی مردوو هەڵدەگرن، بەتایبەتی لەلایەن كەسوكاری ئەو مردووەوە كە دەبینین وا كەسەكەیان لەژێر ئامێر پزیشكیدا هەناسە دەدات و دڵ و گورچیلەكان و سییەكانی كار دەكەن؟
- بەڵێ وایە، ئەمە خۆی لەخۆیدا كێشەیەكی بێزاركەرە بۆمان، خەڵك نازانن مردنی دەماغ واتە مردنی مسۆگەری مرۆڤ، ئەو یەك دوو كاتژمێرش كە لە ژێر ئامیز دەیهێڵینەوە هەرگیز ئەو مردووە ناگەڕێنێتیەوە بۆ ژیان، مانەوەی لە ژێر ئامێردا دەتوانرێ بۆ مەسەلەی چاندنی ئەندامەكان سوودی لێوەربگیرێت.
واتە، دڵی یان گورچیلەكانی یان جگەری یا بەشێك لە سیپەلاكی وەربگیرێت و لێی بكرێتەوە و بۆ كەسێكی دیكە كە ژیانی وەستاوە لەسەر چاندنی یەكێ لەو ئەندامانە و بچێندرێ، بەڵام ئەمە لە وڵاتی ئێمە زۆر زەحمەتە، چونكە چۆن كەسوكاری ئەو مردووە رازی دەكەی كە بۆ نموونە گورچیلەكانی لێبكرێتەوە و لە كەسێكی دیكە نەخۆش كە گورچیلەكانی لەكار وەستان و پێویستیان بەچاندنی گورچیلە هەیە، بچێندرێت... ئەو كەسە مردووە، وەك گوتمان دەماغی مردووە، بەڵام ئەو ئەندامانی بەهۆی ئامێرەوە ئیش دەكات.
* باشە ئەو ئەندامانەی كە باست كردن و دەكرێ سوودیان لێوەربگیرێت وەك ئەندامی یەدەگ و(قطع الغیار) زیندوون، تا لێبكرێنەوە و لەكەسێكی دیكە بچێندرێن؟
- بەڵێ مادام بە ئامێر دەتوانین بەردەوامی بەكرداری هەناسەدان بدەین و لە رێگەی خوێنبەرەوە (گلوكۆز)ی بدەینێ، دل بەردەوام دەبێ لە ئیش كردن و پاڵنانی خوێن، بەڵام هەر كە ئامێرەكانمان لەسەر كەسە مردووەكە هەڵگرت، ئیدی ئەو ئەندامانەش بە یەكجاری لەكاركردن دەوەستن و دەمرن، كە مردنیش، مردووە كە دەست دەكات بە كرداری بۆگەن بوون واتە(تفسخ)ەو، ساردبوونەوەی لەش دەستپێدەكات، بەڵام تا ئەو كاتەی ئامێری لەسەر، پلەی گەرمی لەش بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە بۆیە كە سووڕی خوێن وەستا، دڵ و سیپەلاك و گورچیلەكان و جگەر و پەنكریایش دەوەستن و ئەوجا نیشانەكانی بۆگەن سەرهەڵدەدات.
هۆیەكەشی ئەوەیە ئەو میكرۆبانەی كە لە لەشدان و بەشێوەی ئاسایی دەژین، دەبنە خۆرە و وەك میكرۆب كاردەكەن و هێرش دەكەنە سەر لاشەكە، دیارە جاران هەندێ زانا مردنی(دڵ) یان دەكردە پێوەر و هەندێكیشیان مردنی دەماغیان دەكردە پێوەر بۆ بڕیار دان لەسەر ئەوەی ئاخۆ ئەو كەسە مردووە یان نە، بێگومان رای راست ئەوەیە مردنی دەماغ مردنی تەواوەتی و راستەقینەی مرۆڤە، دڵ ئیش دەكات یان نە، یا دواتر پاش دەماغ دەمرێ هیچ بایەخێكی نییە و بە مردنی دەماغ مرۆڤەكە بە مردوو دادەنرێت و ئەوەش كۆتایی مەسەلەكەیە.
Gulan

لهسهر هێڵ نییه