.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له ئه‌وروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابه‌ته گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه














وه‌سواسی (عه‌مه‌لی)
Obsessive compulsive disorder
د. ئه‌فرام محمد حسن
پسپۆری نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كان
له‌سه‌ر داوای چه‌ند خوێنه‌رێکی به‌ڕێز که‌داوایان کردووه ئه‌م بابه‌ته دابنرێته‌وه له‌به‌ر گرنگی، بۆیه بۆ جارێکی داماننایه‌وه، خۆشه‌ویستیمان بۆ خوێنه‌ران و به‌ڕێز د. ئه‌فرام محه‌مه‌د حه‌سه‌ن.
وه‌سواسی بریتیه له‌سه‌رهه‌ڵدانی حاڵه‌تێكی ده‌روونی كه‌هه‌مان بیر، بۆچوون، وێنه، چه‌ند باره ده‌بێته‌وه له‌مێشكی تاكداو دڵنیایه له‌وه‌ی له‌ناخی خۆیدا سه‌رهه‌ڵده‌دات نه‌ك له‌ده‌ره‌وه به‌سه‌ریدا بسه‌پێنرێ، هه‌وڵی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌دات به‌ڵام زۆرجار بێهوده‌یه‌و ناچارده‌بێت شوێن ئه‌و بیر‌و بۆچوونانه بكه‌وێت و كاتێكی زۆری خۆی به‌و بابه‌تانه‌وه ده‌كوژێت. گه‌ر شوێن ئه‌و بیرانه نه‌كه‌وێت هه‌ست به نائارامی ده‌كات و وازی لێناهێنن دووباره‌و چه‌ندباره ده‌بێته‌وه. گه‌ر شوێن ئه‌و بیرانه بكه‌وێت بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی تاڕاده‌یه‌ك هه‌ست به ئارامی ده‌كات، به‌ڵام كاتێكی زۆری لێده‌گرێت و به‌رده‌وام بابه‌تی بێماناتر و سه‌یرتر به‌مێشكیدا دێت.
بۆ نموونه، تاك به‌رده‌وام به بیریدا دێت كه‌قسه‌ی ناشیرین یان ڕه‌فتارێكی نه‌شیاو یان كوفر بكات به‌بێ هیچ هۆیه‌كی دیار، یان به‌بیریدا دێت زیان به‌ده‌وروبه‌ر بگه‌یه‌نێ یا دووباره‌كردنه‌وه‌ی ژماردنی ژماره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی دیاری كرا‌و، هه‌ندێ جار ئه‌م باره له‌سنووری بیركردنه‌وه تێپه‌رده‌بێت و ده‌چێته بواری كرداره‌وه، وه‌كو دووباره‌و چه‌ند باره ده‌ست شتن هه‌ندێ جار تاك ماوه‌ی چه‌ند كاژێرێ به‌م كاره‌وه خه‌ریك ده‌بێ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌زانێ ده‌ستی پاكه یان ئه‌م كاره‌ی زیاده‌ڕۆیی تێدایه. چه‌ند باره‌كردنه‌وه‌ی قامه‌ت به‌ستن له‌نوێژدا، شه‌وان چه‌ند جارێ ده‌ست ده‌دات له ده‌رگای ژووره‌كه بۆ دڵنیا بوون له‌داخستنی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌زانێ كهدهرگاكه داخراوه. رێكخستنی كه‌لوپه‌له‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر وورد و به‌دیقه‌ت كه‌ته‌نها لای تاكی وه‌سواس مانای هه‌یه و لای كه‌سانی ده‌وروبه‌ری به‌نائاسایی ناو ده‌برێت.
هه‌ندێ جار په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و بیرانه‌و ئه‌و ڕه‌فتاره‌ی ده‌یكات به‌ڕوونی دیاره وه‌كو ئه‌وه‌ی گومانی ئه‌وه‌ی هه‌یه شته‌كان پیسن بۆیه به‌رده‌وام ده‌ستی ده‌شوات یان ده‌ست نادات لهشتهكانهوه تاكو پیس نه‌بێت، یان گومانی له‌باوه‌ڕی خۆی هه‌یه بۆیه چه‌نده‌ها جار شایه‌تمان دووباره ده‌كاته‌وه و قورئان ده‌خوێنێ و به‌رده‌وام نوێژ ده‌كات تاكو ئیمانی سه‌لامه‌ت بێ ، له‌هه‌ندێ حاڵه‌تی تردا ئه‌م په‌یوه‌ندیه روون نیه وه‌كو ئه‌وه‌ی تاك هه‌ڵده‌ستێ به‌له‌به‌ركردنی پۆشاكه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی دیاری كرا‌و و ده‌بێ چه‌ند ڕه‌فتارێك بكات پێش له‌به‌ركردنی پۆشاكه‌كه‌ی كه‌هیچ په‌یوه‌ندیه‌ك نیه له‌نێوان ئه‌و ڕه‌فتارانه و خۆگۆرین.
ئه‌م حاڵه‌ته نزیكه‌ی له(0.5 % - 2%) ی خه‌ڵكی تووشی ده‌بن و رێژه‌ی توشبوونی نێر‌و مێ تاڕاده‌یه‌ك یه‌كسانه، (70%) حاڵه‌ته‌كان پێش ته‌مه‌نی 25 ساڵی ڕووده‌ده‌ن و (15%) دوای ته‌مه‌نی 35 ساڵی.
هۆكاری ئه‌م حاڵه‌ته:
1- بۆماوه: به‌ڵام نه‌ك به‌و مانایه‌ی گه‌ر باوان ئه‌م حاڵه‌ته‌یان هه‌بوو منداڵه‌كانیان تووش ده‌بن به‌ڵكو له‌و تێروانینه‌وه كه‌ئه‌گه‌ری توشبوون زیاد ده‌كات بۆ 3%-7%.
له‌دوانه‌ی یه‌ك هێلكه‌دا ڕێژه‌كه 50% - 80% و دووانه‌ی دوو هێلكه 25%.
2- په‌روه‌رده‌كرن: په‌روه‌ده‌كردنی منداڵ له‌سه‌ر شێوازێكی تایبه‌ت، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن دایكی وه‌سواسه‌وه واده‌كات ئه‌گه‌ری توشبوون زیاتر بێت.
3- دابه‌زینی ئاستی سیرۆتۆنین له‌مێشكدا ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م حاڵه‌ته بۆیه له چاره‌سه‌ردا پشت به‌و مژادانه ده‌به‌سترێ كه‌ئاستی ئه‌م ماده‌یه له مێشكدا زیاد ده‌كه‌ن.
زۆر گرنگه بۆ پزیشك كه ئه‌م حاڵه‌ته له ته‌نگژه‌ی دڵه‌راوكێی گشتی و خه‌مۆكێ و سكیزۆفرینیا جیابكاته‌وه سه‌ره‌ڕای دڵنیابوون له نه‌بوونی نه‌خۆشی جه‌سته‌یی .
چاره‌سه‌ر:
1- هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌ر نه‌خۆشییه‌ك كههاوشان بێت له‌گه‌ڵیدا وه‌كو خه‌مۆكی.
2- ڕوونكردنه‌وه‌ی هۆكار و نیشانه‌كانی نه‌خۆشیه‌كه بۆ تاك وخێزانه‌كه‌ی كه ئه‌م حاڵه‌ته جێی ترس نیه و چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
3- به‌كارهێنانی ده‌رمانی دژه دڵه‌راوكێ بۆ ماوه‌یه‌كی كورت گه‌ر پێویستی كرد، له‌ژێر فشاری نه‌خۆش یان كهسو كاری نه‌خۆش بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌پێویست به‌كار نه‌هێنرێ چونكه ده‌بێته هۆی ئالوده‌بوون.
4- په‌یره‌وی كردنی ڕاهێنانه‌كانی خۆ خاوكردنه‌وه و تێفروسماندن به‌خود تاكو زاڵبیت به‌سه‌ر ئه‌و بیرانه‌دا.
5- په‌یڕه‌و كردنی ڕێنماییه‌كانی چاره‌سازی ده‌روونی و پزیشكی ده‌روونی كه‌ده‌درێت به تاك له‌كاتی دانیشتنه‌كانی چاره‌سه‌ری ده‌روونیدا.
6- به‌كارهێنانی ده‌رمانه‌كان به‌بڕی پێویست و بۆ ماوه‌ی دیاریكراو كه له‌لایه‌ن پزیشكه‌وه دیاری ده‌كرێت به‌كاربهێنرێت، له‌زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا 16 – 24 هه‌فته‌یه، گه‌ر پێویستی كرد بۆ ماوه‌یه‌كی درێژتریش به‌كارده‌هێنرێت چونكه نابێته هۆی ئالووده‌بوون.
7- گرنگترین ده‌رمان كه‌به‌كارده‌هێنرێت، ده‌رمانه‌كانی دژه‌خه‌مۆكی به‌تایبه‌تی ئه‌و گروپه‌یان كهتایبهتمهنده به‌كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ماده‌ی سیرۆتۆنین بۆ ده‌ماره‌خانه‌كان به‌مه‌ش ئاستی سیرۆتۆنین به‌رزده‌بێته‌وه. نموونه‌ی ئه‌م گروپه‌ش وه‌ك فلوكستین و سێرترالین و پارۆكستین و سیتالۆپرام….. هتد.
ئایندهی تاك:
دوو له‌سێی حاڵه‌ته‌كان له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ساڵێكدا چاك ده‌بنه‌وه به‌به‌كارهێنانی ده‌رمانی پێویست، ئه‌وانی تر (یه‌ك له سێ) حاڵه‌ته‌كانیان چاك ده‌بێ به‌ڵام ناوبه‌ناو نیشانه‌كانیان سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه و پێویستیان به‌رێنمایی و چاره‌سه‌ری درێژ خایه‌ن ده‌بێت.
له 20%-30% به ته‌واوی چاك ده‌بنه‌وه.
40%-50% چاكبونهوهیهكی مامناوه‌ند.
20%-40% ده‌بێته حاڵه‌تێكی درێژخایه‌ن.
ئه‌و هۆكارانه‌ی ئایندهی تاك خراپ ده‌كه‌ن:
1- بوونی وه‌سواسی كرداری.
2- له ته‌مه‌نێكی كه‌مه‌وه، له‌منداڵیه‌وه یان له سه‌ره‌تایی هه‌رزه‌كاریه‌وه ده‌ست پێبكات.
3- ماوه‌یه‌كی زۆر بخایه‌نێت.
4- هاوشان بێت له‌گه‌ڵ خه‌مۆكی.
5- وهسواسیه كرداریه‌كه‌ی بازاڕی بێت واته په‌یوه‌ندی نه‌بێت به جۆری وهسواسیه فكریهكهوه.
6- بوونی وههم یان به‌رز نرخاندنی ئایدیا.
7- په‌شێوی كه‌سێتی وه‌كو كه‌سێتی وه‌سواسی یان سكیزۆتایپهڵا.
په‌یامه‌كان بۆ تاك و خێزان:
1- به‌هیچ جۆرێك پێویست ناكات بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م حاڵه‌ته سه‌ردانی كه‌سانی نه‌شاره‌زا بكرێت كه‌ناوی خۆیان ناوه مه‌لاو شێخ چونكه ئه‌مه كاری ئه‌وان نیه‌و زۆربه‌ی جار له‌بری چاك كردنه‌وه حاڵه‌ته‌كه خراپتر ده‌كه‌ن به‌هۆی ئه‌و شێوازه نامرۆڤانه‌یه‌ی به‌كاری دێنن لهچارهسهردا كه نهئایینی پیرۆزی ئیسلام و نهزانستی پزیشكی و نهیاسای وڵات ڕێگه‌ی به‌م كاره‌یان داوه.
2- ئه‌م حاڵه‌ته نه‌نگی نیه و نابێته هۆی له ده‌ستدانی هۆشمه‌ندی.
3- ئه‌م حاڵه‌ته چاره‌سه‌ری هه‌یه و ده‌توانرێت له‌ڕێی ده‌رمان و دانیشتنی ده‌روونیه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت.
4- تاكو زووتر سه‌ردانی پزیشك بكه‌یت ئه‌گه‌ری چاكبوونت زۆرتر‌و باشتره.
5- گه‌ر تاكێكی خێزانه‌كه‌ت ئه‌م باره‌ی هه‌بوو ده‌بێت خۆت به‌دوور بگری له توانج لێدان و قسه‌ی ناشیرین، چونكه به‌م كاره‌ت باره‌كه خراپتر ده‌كه‌یت نه‌ك باشتر، به‌م كاره‌ت وا ده‌كه‌یت ئه‌و كه‌سه زیاتر ناره‌حه‌ت بێت.
6- هه‌وڵ مه‌ده فشار بخه‌یته سه‌ر تاك بۆ زوو چاك بوونه‌وه چونكه ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ستی پێده‌كات تۆ ناتوانی به‌ئاسانی لێی تێبگه‌یت، هه‌وڵ بده هاورێی بیت نه‌ك فشارێكی زیاتر.
مالبةرى دةروونناسى

له‌سه‌ر هێڵ نییه