.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه












ژنانی هەولێر دەستبەرداری جلی رەش نابن
شەهلە عوسمان، 31 ساڵ، زۆربەی كات رەشپۆشە و هەر بە جلی رەشیش دەوام دەكات. ئەگەر رۆژێك رەنگێكی دیكە بپۆشێ وا هەست دەكات كەموكوڕییەك لە جلەكانیدا هەیە. شەهلە كە 10 ساڵە جلی رەش لەبەر دەكات دەڵێت "زۆر حەزم لە رەنگی رەشە لە هەموو رەنگەكان پتر لێم دێت".
شەهلە خوێندنی كۆلێژی بە رەنگی رەشەوە تەواو كردووە، بەڵام ئەوە هەردەم جێگەی رەخنەی هاوڕێ و خزمەكانی بووە"پێیاندەگوتم، تۆ كێشەیەكت هەیە بۆیە رەنگی رەش دەپۆشی، بۆیە ئێستا رەنگی دیكەش دەكڕم، بەڵام بە دەگمەن لەبەریان دەكەم".
پۆشینی جلی رەش لەلایەن ژنانی كوردستان شتێكی باوە، بە تایبەتیش لە نێو ژنانی هەولێر، تەنانەت زۆرجار ئەو بازاڕانەی كە ژنان رووی تێدەكەن بەهۆی رەنگی جلەكانیان رەش دادەگەڕێ. ئەو ژنانەش ئاماژە بەوە دەكەن كە پۆشینی جلی رەش پتر پەیوەندی بە لەدەستدانی ئازیزانیانەوە هەیە، بە تایبەتی باوك، كوڕ، كچ، براو مێرد.
سەلما، 49 ساڵ، بەهۆی كوژرانی مێردەكەی، 11 ساڵە جلی رەش لەبەر دەكات. بەڵام سەلما دان بەوە دادەنێت كە حەزی لە رەنگی رەش نییە، بەڵام لەبەر قسەی خەڵك لەبەری دەكات "ئەگەر رەنگی دیكەم لەبەر بكردایە، دەیانگوت ئەها ئەوە دەیەوێت مێرد بكاتەوە". سەلما وا هەستدەكات رەنگی رەش رەنگی تەمەنی ئەو نییە "ژن كە پیربوو ئەوكات دەبێ جلی رەش لەبەر بكات".
ئارام زاهیر، توێژەری كۆمەڵایەتی، ئاماژە بەوە دەكات رەشپۆشی وەكو میرات بۆ كۆمەڵگەی كوردی جێماوە و هەروەها بووەتە هێمای خەم و ناخۆشی"ئەو ژنانەی رەش لەبەر دەكەن، زیاتر پەیوەندی بەو كارەساتانەوە هەیە كە بەسەریان هاتوون، زۆرجار بەهۆی مردنی كەسێكی نزیكیان، خۆیان رەشپۆش دەكەن".
هەرچەندە هەندێ لە رۆشنبیرانی كورد پێیانوایە، رەنگی رەش رەنگێكی نامۆیە بە كۆمەڵگەی كوردیی و لەگەڵ هاتنی ئیسلام بۆ كوردستان عەرەبەكان لەگەڵ خۆیان هێناوە، پێش ئەوە ژنانی كورد زیاتر رەنگی سپییان پۆشیوە نەك رەش، بەڵام مەلا حیسامەدین جەودەت وتارخوێنی مزگەوتی شافیعی لە هەولێر، دەڵێ لە روانگەی ئاینی ئیسلامەوە، رەنگی رەش پەسند نییەو نابێ وەك تازیەداری لەبەر بكرێت و، ئاماژەی بەوەدا رەشپۆشی لە ئیسلامدا باش نییە، بەتایبەتی ئەگەر بەبۆنەی مردن و پرسەوە بێت نابێت لەبەر بكرێت "تەنیا ئەو ئافرەتانەی مێردیان دەمرێت، تا ماوەی 4 مانگ و 10 رۆژ ئاساییە پرسەدار بن و رەنگی رەش لەبەر بكەن".
هەرچەندە كچان بۆ جوانی رەش لەبەردەكەن، بەڵام بەشێك لە كوڕان حەز لە رەنگی رەش ناكەن. شوان كەریم هەركی، 23 ساڵ، قوتابی قۆناخی چواری كۆمەڵناسییە لە زانكۆی سەلاحەددین، باسی لە ژنانی بنەماڵەكەیان دەكرد، بە دەگمەن جگە لە رەنگی رەش رەنگی دیكە دەپۆشن، ئەو دەڵێت كچەكانیان لە تەمەنی هەرزەكارییەوە رەنگی رەش لەبەر دەكەن "لەلای ئێمە چاولێكەرییەو، بۆ جوانی لەبەری دەكەن".
ئەوەندەی بەبیری شوان دا دێت، ژنانی دەوروبەری هەر بە رەنگی رەش بینیون، بەتایبەتی لەكاتی پرسە یەك پارچە دەبنە رەش، بەڵام ئەو هیچ كات بەو رەنگە دڵخۆش نەبووە "زۆر رقم لە رەنگی رەشە، بە خزمەكانم دەڵێم رەش لەبەر مەكەن".
وەك داو ونەریتێكی كۆنی كوردەواری، ژنان كە لە ماڵ دەچنە دەرەوە، چارشێوێكی رەش بەسەر خۆیاندا دەدەن، كە پێی دەگوترێت عەبا، بەڵام ئێستا ئەوانەی جلوبەرگی رەش لەبەر دەكەن، كەمتر عەبا لەبەر دەكەن و دەڵێن رەنگی رەش لە جیاتی عەبایە.
سوهام سەمیر، 35 ساڵ، دایكی 5 منداڵ، ژنێكی نەخوێندەوارە، تەنیا لەو كاتەی دەچێتە دەرەوە رەنگی رەش لەبەر دەكات. هەرچەندە سوهام رەنگی رەشی پێ جوانە، بەڵام ئەو دەڵێت لەبەر عەبا رەشم پۆشیووە "لە ناو خێزانەكەی ئێمە نابێ ئافرەت بێ عەبا بچێتە دەرەوە، كە جلی رەش لەبەر دەكەم، عەبام ناوێت".
كچێكی تەمەن 25 ساڵان لەگەڵ سوهام بوو لەناو بازاڕی هەولێر، بەهەمانشێوە رەنگی رەشی پۆشی بوو، ئەو گوتی "رەنگی رەش جێگەی عەبای بۆ پڕكردووینەتەوە".
هەر رەنگێك لە كۆمەڵگەدا ئاماژەیە بۆ شتێك، سوور بۆ خۆشەویستی و سپی بۆ ئاشتی، رەنگی رەشیش زیاتر بۆ دڵتەنگی و پرسەدارییە، بۆیە مەلا حیسامەدین دەڵێت ئیسلام بە پەسەندی نازانێت "ئەگەر بەڵایەك بەسەر مرۆڤ هات، نابێ ژیان لە خۆی تێكبدات و دەبێ ئارام بگرێت، ئیسلام گرنگی زیاتر بەرەنگی سپی داوە".
مەلا حیسامەدین گوتیشی "ئەگەر یەكێك رەش لەبەر بكات بۆ جوانی ئاساییە، لەكاتی پرسەش ئەگەر بۆ مەبەستی جیابوونەوەی پرسەدار بێت لە خەڵكی دیكە رێگەی پێدراوە، بەڵام دوای پرسەكە نابێت".
ئەوانەی جلی رەش لەبەر دەكەن لە كۆمەڵگەی كوردی بەردەوام جێگەی پرسیاری خەڵكن و پێیدەڵێن :چی بووە بۆ رەشپۆشی؟، بۆیە ئارام زاهیر بە باشی دەزانێت ژنان رەنگی دیكە لەبەر بكەن "ئەوكات دڵخۆش دەبن و، لەو پرسیارانەی خەڵكیش رزگار دەبن".
رووداو نیت
لهسهر هێڵ نییه