❤❤یـــانەی کوردژیـن/Kurd Zhin❤❤/ / عیشق و بیره‌وه‌ری

.



نازناو:  وشه‌ی تێپه‌ڕبوون:  ‌  |  

ئاگاداری

‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌به‌ڕێزان : هه‌رکاتێک کێشه‌یه‌ک یان په‌یامێکی ناشیاوت به‌رچاو که‌وت له‌یانه‌دا ئه‌توانن په‌یوه‌ندی بکه‌ن به‌ :_

1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) .. ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .

2- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ( ReKaN ) له‌ ئه‌وروپا به‌ ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره‌ ته‌له‌فوونی( 00447754007706) .

New Page 1

    بابه‌ته‌ گرنگه‌کانی به‌کارهێنانی یانه‌  



#1 2010-03-14 14:27:00

frishtaykurd
ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه
شوێن: * کوردستان *
ڕێكه‌وتی به‌ ئه‌ندامبوون‌: 2008-08-15
دواترین سه‌ردان: 2014-02-03
په‌یامه‌كان: 6926
WindowsVistaMSIE7

عیشق و بیره‌وه‌ری

http://kurdzhin.org/up//uploads/images/kurdzhin-f01643e51b.jpg
عیشق و بیره‌وه‌ری ‌


ئێمه‌ سه‌د ده‌سته‌ خوشك بووین، كه‌ هه‌موومان له‌ یه‌ك ته‌مه‌ندا بووین. لاتان سه‌یر نه‌بێت گه‌ر بڵێم هه‌ر هه‌مووشمان یه‌ك قه‌واره‌ و قه‌د و بالا و شێوه‌ و ڕووخسارمان هه‌بوو. له‌وانه‌یه‌ له‌ سه‌ره‌تادا ئه‌م قسانه‌ی من نه‌چن به‌ عه‌قڵی كه‌سێكی ئاساییدا. به‌ دووری نازانم كه‌ هه‌ندێك كه‌سانیش پێكه‌نینیان به‌ قسه‌كانم بێت و وه‌های تێبگه‌ن گوایه‌ من وڕێنه‌ ده‌كه‌م، یاخود زیاده‌ڕۆیی له‌ قسه‌كانمدا ده‌كه‌م. گه‌ر درێژه‌ی پێده‌م و له‌سه‌ری بڕۆم، ئه‌وا ده‌ڵێم  هه‌ر هه‌موومان سپی پۆش و ساف و بێگه‌رد بووین. له‌و ڕۆژه‌وه‌ی كه‌ هاتینه‌ دنیاوه‌ هیچ كه‌سێك له‌كه‌داری نه‌كردین و كه‌سیش ده‌ستی بۆ درێژ نه‌كردین. ده‌توانم بڵێم وه‌كو بوخچه‌ی نه‌كراوه‌ ده‌قمان نه‌شێوا، ئێمه‌ به‌ڕاده‌یه‌كی ئه‌وتۆ هاوشێوه‌ بووین، به‌ڕاده‌یه‌ك كه‌س نه‌یده‌توانی جیاوازیی له‌ نێوانماندا بكات.. لێتان ناشارمه‌وه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ بواری ناوونیشانیشدا هیچ جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆ له‌ نێوانماندا نه‌بوو.. گه‌ر تاك و ته‌نیا بووینایه‌ پێمان ده‌وترا كاغه‌ز، به‌لام به‌ گشتی پێكه‌وه‌ هه‌موومان ناومان ده‌فته‌ر بوو.. من له‌ نێوان ئه‌و سه‌د خوشكه‌دا له‌ هه‌مووان ته‌مه‌ن كورتتر بووم. من له‌وان دابڕام و ئه‌وانیش منیان به‌ له‌نێوچوو و ونبوو دانا. له‌ خوشكه‌ خۆشه‌ویسته‌كانم جیا بوومه‌وه‌ و ئیتر بۆ جارێكی تر چاوم پێیان نه‌كه‌وته‌وه‌. چاره‌نووسی من وه‌هابوو كه‌ له‌ ته‌مه‌نێكی كورتدا له‌ خوشكه‌كانم دابڕێم و هه‌تا هه‌تایه‌ بۆ جارێكی تر چاوم پێیان نه‌كه‌وێته‌وه‌.
ڕۆژێك لاوێك به‌ په‌له‌پرووزێ هات و هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ هه‌مووماندا بكات، به‌ ده‌ستێكی له‌رزۆك یه‌خه‌مانی گرت و به‌توندوتیژییه‌كی زۆره‌وه‌ ئه‌مدیوو ئه‌ودیوی پێكردین و به‌وپه‌ڕی هه‌ڵه‌شه‌یی و هه‌ڵچوونه‌وه‌ كه‌وته‌ تاووتوێ كردنمان. زمانمان نه‌بوو بێینه‌ گۆ و هاواری به‌سه‌ردا بكه‌ین و ئاگاداری بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ چیتر به‌و ملهوڕییه‌ ده‌ستمان بۆ نه‌بات و ڕووی ساف و بێگه‌ردمان نه‌له‌وتێتێت و به‌و شێوه‌یه‌ش له‌كه‌دارمان نه‌كات. ئه‌وه‌ی لێی ده‌ترسام و هه‌میشه‌ چه‌كه‌ره‌م لێده‌كرد ڕوویدا. به‌ده‌سته‌ له‌رزۆكه‌كانی ئه‌مدیوو ئه‌ودیوی پێكردین و له‌پڕ ده‌ستی بۆم درێژ كرد و له‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌وه‌ له‌بنا ده‌ریهێنام. به‌و شێوه‌یه‌ش له‌ نه‌وه‌ت و نۆ خوشكه‌كه‌م دووری خستمه‌وه‌و تووشی غوربه‌تی كردم.
گه‌ر زمانم هه‌بووایه‌ هات و هاوار و ناڵه‌م به‌ره‌و كه‌شكه‌لانی فه‌له‌ك به‌رز ده‌بووه‌وه‌. بێده‌نگیم هه‌ڵبژارد و نقه‌م له‌ خۆم بڕی و قسه‌م له‌زار نه‌هاته‌ده‌رێ. نه‌مده‌زانی ئه‌و لاوه‌ هه‌ڵچووه‌ چیم به‌سه‌رده‌هێنێت و چاره‌نووسم به‌ره‌و كوێ ده‌بات. چاوم لێوه‌بوو كه‌ نه‌ك ده‌سته‌كانی، به‌ڵكو هه‌موو ئازای له‌شی هه‌ڵده‌له‌رزین و ده‌موچاوه‌ سوور هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كه‌ی بێ وچان ئاره‌قه‌ی ده‌رده‌دا. نیگه‌رانی و بێ ئۆقره‌یی زۆر به‌ ئاسانی به‌ ڕووخسارییه‌وه‌ ده‌بینرا. له‌ ناخه‌وه‌ هه‌ستم به‌و ڕاستییه‌ ده‌كرد كه‌ ئه‌و لاوه‌ شتێكی لێقه‌وماوه‌ و تووشی گرفتێكی ناهه‌موار بووه‌، بۆیه‌ به‌و شێوه‌یه‌ شپرزه‌ بووه‌ و به‌ ته‌واوه‌تی ئارامی له‌به‌ر بڕاوه‌.. له‌سه‌ر مێزی ژووره‌كه‌یدا منی دانا و به‌ چاوه‌ سوور هه‌ڵگه‌ڕاو و ئۆقره‌ لێبڕاوه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌وته‌ ته‌ماشاكردنم. جاروباریش تنۆكێك ئاره‌قه‌ له‌ هه‌نیه‌ی به‌رده‌بووه‌وه‌ و ته‌ڕی ده‌كردم. به‌ توندی قه‌ڵه‌می به‌ده‌سته‌وه‌ گرت و كه‌وته‌ وێزه‌م. قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی وه‌كو خه‌نجه‌ر له‌ نێو ده‌ست و په‌نجه‌ی بێ ئارامیدا هه‌ڵده‌له‌رزی. له‌لایه‌كه‌وه‌ ڕق و كینه‌م ده‌رهه‌ق به‌لاوه‌كه‌ هه‌ر له‌ زیاد بوون و هه‌ڵكشاندا بوو، له‌ هه‌مان كاتیشدا به‌زه‌ییم به‌ حاڵیدا ده‌هاته‌وه‌. ڕه‌نگ و ڕووخساره‌ شێواوه‌كه‌ی نیگه‌ران و دڵته‌نگی ده‌كردم. به‌ هه‌ناسه‌ سواری جاروبار هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵی هه‌ڵده‌كێشا و هه‌ستم به‌ گه‌رمیی هه‌ناسه‌كه‌ی ده‌كرد. فرمێسك له‌ چاوانی زابوون و زۆری پێنه‌چوو تك تك فرمێسك دابارین به‌سه‌رمدا و زیاتر ته‌ڕیان كردم. به‌ده‌ست و په‌نجه‌ له‌رزۆكه‌كانییه‌وه‌ ده‌ستی كرد به‌ نووسین له‌سه‌ر ڕووبه‌رم. له‌ ڕاستیدا نه‌مزانی چی ده‌نووسێ و مه‌به‌ستیش له‌ نووسینه‌كه‌ی چی بوو.. ماوه‌یه‌كی زۆر تێڕاما و له‌ پاشاندا نووكی قه‌ڵه‌می له‌سه‌ر سینه‌م توندكرد و هه‌رچییه‌ك له‌ مێشكیدا گینگڵی ده‌خوارد، هه‌مووی به‌سه‌ر مندا هه‌ڵڕشت. وه‌ها دیار بوو خه‌م و خه‌فه‌ت و په‌ژاره‌ی دڵ و ده‌روونی خۆی به‌من بڕێژێت و هه‌مووی له‌ دووتوێی مندا تۆمار بكات. بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر پیشی خوارده‌وه‌ و به‌وپه‌ڕی هه‌ڵچوون و شپرزه‌ییه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك ڕاز و نیازی ناخی خۆی خسته‌ سه‌ر ڕووخساره‌ سپی و بێگه‌رده‌كه‌م. هه‌رگیز نه‌مزانی چی نووسی و چ په‌یامێكیشی داڕشت. هه‌ر به‌ ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ ئاگادار بووم كه‌ لاوه‌كه‌ له‌ ناخه‌وه‌ ده‌كولا و ئێش و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی ده‌چه‌شت، منیش له‌ ژێر نووكی قه‌ڵه‌مه‌ تیژه‌كه‌یدا بێ وچان ئاهو ناڵه‌م بوو. له‌ ئاستی خۆمه‌وه‌ هه‌ستم به‌ ئێش و ئازاری ئه‌ویش ده‌كرد و دڵم پێی ده‌سووتا، له‌ هه‌مان كاتیشدا ڕق و كینه‌م ده‌رهه‌ق به‌ ڕه‌فتاری هه‌ر له‌ زیادبووندا بوو، به‌لام ئه‌و خۆی بێباكانه‌ و بێ به‌زه‌ییانه‌ نووكی قه‌ڵه‌می له‌ جه‌سته‌ی ناسك و سپیی من گیر ده‌كرد. جاروبار پشوویه‌كی ده‌دا و هه‌ڵوێسته‌یه‌كی بۆ ده‌كرد، تاوه‌كو سه‌رله‌نوێ بكه‌وێته‌وه‌ نووسین و هه‌ڵڕشتنی داخی دڵی خۆی به‌سه‌ر مندا.. سه‌ره‌نجام ئاهێكم هاته‌وه‌ به‌ر و كۆتایی به‌ كێشه‌كه‌م هات و لاوه‌كه‌ له‌ كاره‌كه‌ی بووه‌وه‌ و كۆتایی به‌ نووسینه‌كه‌ی هێنا. كێشه‌ و ململانێی بێوچانی ژیان و بوون وه‌ها دیاره‌ كۆتایی پێ نایه‌ت و به‌و ئاسانیه‌یش گرفت و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌كان سه‌رنگوم نابن. زۆری پێنه‌چوو لاوه‌كه‌ هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی دوژمنێكی كه‌وتبێته‌ به‌رده‌ست په‌لاماری دام، به‌هه‌مان خه‌سڵه‌تی پێشووی ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵمدا كرد و به‌ توندوتیژییه‌كی زۆره‌وه‌ قه‌دی كردم و منی بێ چاره‌ی ئاخنیه‌ نێو گیرفانی خۆیه‌وه‌. ئیتر به‌و شێوه‌یه‌یش كه‌وتمه‌ نێو دنیای تاریك و نوته‌كه‌وه‌..
هه‌ر كه‌ بۆ جارێكی تر چاوم به‌ ڕووناكی كه‌وته‌وه‌، خۆمم له‌ نێو فه‌رمانگه‌یه‌كی میریدا بینییه‌وه‌. لاوه‌كه‌ منی به‌ توندی به‌ده‌سته‌وه‌ گرتبوو. چه‌ند كه‌سانێك ده‌هاتن و ده‌چوون یاخود خۆیان ده‌كرد به‌ ژووره‌كاندا. لاوه‌كه‌ له‌ كابرایه‌كی به‌سالاچوو نزیك بووه‌وه‌ كه‌ له‌به‌ر ده‌رگایه‌كی دایه‌ره‌كه‌دا كارمه‌ند بوو. هه‌ردووك كه‌وتنه‌ ده‌م و دوو، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ چاك و چۆنییه‌ گه‌رمه‌كه‌یانه‌وه‌ دیار بوو كه‌ ئاشنای یه‌كتر بوون و پێشتر یه‌كتریان ده‌ناسی. گوێم لێوه‌بوو لاوه‌كه‌ پرسیاری ئاراسته‌ی ئه‌و كابرایه‌ كرد و وتی:
- داخۆ ئێستا له‌ ژووره‌كه‌یدایه‌؟
- به‌ڵێ.
- كه‌سی له‌لا نییه‌؟
- نه‌خێر به‌ ته‌نیایه‌ و له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ی خۆیدا دانیشتووه‌. كۆمه‌ڵه‌ كاغه‌زێكی له‌به‌رده‌ستدایه‌ و تاووتوێیان ده‌كات تاوه‌كو به‌ڕێیان بخات. ئه‌گه‌ر حه‌ز ده‌كه‌یت بچیت بۆلای ئه‌وا ده‌رگای والایه‌ له‌به‌رده‌متدا..
- نه‌خێر نامه‌وێت وه‌كو ئه‌م هه‌موو ماوه‌یه‌ی پێشوو چیتر سه‌ردانی بكه‌م.
- گوایه‌ بۆچی كار گه‌یشته‌ ئه‌م به‌ربه‌سته‌؟
- ده‌توانیت له‌ خۆی بپرسیت..!
- له‌ ڕاستیدا مافی ئه‌وه‌م نییه‌ و به‌ ته‌نیا من برای مه‌سڵه‌حه‌تم و هیچی تر. ئێستا پێم بڵێ چیت ده‌وێت؟
- ده‌مه‌وێت ئه‌م پارچه‌ كاغه‌زه‌ی بده‌یته‌ ده‌ست.
- هیوادارم بمبه‌خشیت و ئه‌م كاره‌م پێ نه‌سپێریت.
- تكات لێده‌كه‌م ئه‌م كاره‌م بۆ جێبه‌جێ بكه‌.
- گوایه‌ بۆچی خۆت ناڕۆیت و كاغه‌زه‌كه‌تی بده‌یته‌ ده‌ست؟
- هه‌روه‌كو پێم وتیت كار له‌كار ترازاوه‌ و ئه‌مه‌یش دواداواكاری و ڕاسپارده‌ی منه‌.
له‌ ئه‌نجامدا كابرای به‌ر ده‌رگا دڵی نه‌رم بوو و منیش له‌ ده‌ستی لاوه‌كه‌ ده‌رچووم و كه‌وتمه‌ ده‌ستی كابرای به‌ر ده‌رگاكه‌. كوڕه‌كه‌ به‌ڕێی خۆیه‌وه‌ ڕۆیشت و كابرای كارمه‌ندیش به‌ سستی هه‌نگاوی ناو منی گه‌یانده‌ نێو ژووره‌كه‌ و گه‌یاندمیه‌ ده‌ستی ئه‌و خانمه‌ جوانكیله‌ خه‌مباره‌ی كه‌ به‌سه‌ر كورسیه‌كه‌یه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ چه‌ند كاغه‌ز و فایلێكی سه‌ر مێزه‌كه‌ی دانیشتبوو. خانمه‌كه‌ به‌ده‌سته‌ نه‌رمه‌كانی به‌وپه‌ڕی میهره‌بانی و دڵسۆزییه‌وه‌ منی ئه‌مدیوو ئه‌ودیو كرد، به‌لام دڵی نه‌پوشكا یه‌كالام بكاته‌وه‌ و دێڕه‌كانی قه‌د و قامه‌تم بخوێنێته‌وه‌. ئێستا بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ من ده‌وری په‌یامێكم گێڕاوه‌، كه‌ له‌ لاوێكی بێ ئارامه‌وه‌ بۆ خانمێكی هێمن و ئارام ڕه‌وانه‌ كراوم. به‌و شێوه‌یه‌یش به‌كارێك هه‌ڵساوم كه‌ به‌ هیچ ئه‌ندازه‌یه‌ك ویست و ئیراده‌ی خۆمی تێدا به‌دی نه‌كراوه‌. خانمه‌ بۆ چه‌ند جارێك ده‌ستی پێمدا ساوی و هه‌ر به‌قه‌دكراوی هێشتمیه‌وه‌ و هه‌رگیز نه‌متوانی مانای ڕه‌نگ و ڕوو ڕووخسار و هه‌ڵچوون و داچوونی ناخی به‌دی بكه‌م. بۆ ماوه‌یه‌ك به‌ تاساچوو وه‌كو ئه‌وه‌ی چه‌ند بیره‌وه‌رییه‌كی كه‌وتبێته‌وه‌ یاد. له‌پڕ له‌ ده‌رگای ژووره‌كه‌ دراو چه‌ند كه‌سانێك هاتنه‌ ژووره‌وه‌، ئه‌ویش هاته‌وه‌ سه‌رخۆی و نیگای ئاراسته‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ كرد. به‌ په‌له‌پروزێ هه‌ر به‌قه‌دكراوییه‌كه‌ی خۆمه‌وه‌ خستمیه‌ نێو جانتا ده‌ستیه‌كه‌ی ته‌نیشتییه‌وه‌و سه‌رله‌نوێ كه‌وتمه‌وه‌ نێو تاریكییه‌وه‌.
له‌پڕ به‌ رووناكی ئه‌و دوانیوه‌ڕۆیه‌ شاد بووم و دڵ و ده‌روونم گه‌شایه‌وه‌ و له‌ تاریكی ڕزگارم بوو. نه‌مزانی له‌نێو تاریكیی جانتاكه‌دا چه‌ند سات و كاتم به‌سه‌ر بردبوو، به‌ ته‌نیا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانم كه‌ له‌نێو جانتا ده‌ستییه‌كه‌ی ده‌ریهێنام و له‌نێو ده‌ست و په‌نجه‌ نه‌رمه‌كانیدا جێگیری كردم. زڕه‌ی بازنگه‌ زێڕه‌كانی ده‌ست و مه‌چه‌كی ئاوازێكی خۆشیان ده‌دایه‌ به‌ر گوێم. به‌ قه‌راخ جاده‌كه‌دا ده‌ڕۆیشت و جانتا بچووكه‌كه‌یش به‌شانییه‌وه‌ ته‌كه‌ی ده‌هات. بێ په‌روا منی ئه‌مدیوو ئه‌ودیو ده‌كرد، وه‌ها دیاربوو كه‌ له‌ كاری ئه‌و ڕۆژه‌ی فه‌رمانگه‌كه‌ی ببووه‌وه‌. هه‌ورێكی ته‌نك ڕووی ئاسمانی داپۆشی بوو. به‌رده‌وام ئۆتۆمبێل به‌سه‌ر جاده‌كه‌دا ده‌هاتن و ده‌چوون. تاك و ته‌رایش خه‌ڵكی به‌سه‌ر شۆسته‌كه‌وه‌ به‌ ته‌نیشتمانه‌وه‌ ڕێگه‌یان ده‌بڕی. بایه‌كی سارد ده‌هات و به‌ ڕووماندا ده‌پژا. له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌كانیدا منی یه‌كالا كرده‌وه‌ و ڕووخساری شیرینی ئاراسته‌ كردم. به‌ چاوه‌ ڕه‌شه‌ گه‌شه‌كانییه‌وه‌ كه‌وته‌ ته‌ماشاكردنی دێڕه‌ نووسراوه‌كانی قه‌دی من..به‌رده‌وام ڕێی ده‌بڕی و له‌پردی خه‌باتی سه‌ر خاسه‌ نزیك بووه‌وه‌. به‌ده‌نگێكی نزم كه‌وته‌ خوێندنه‌وه‌ی دێڕه‌ نووسراوه‌كانی قه‌دی من:
(سلاوێك له‌ دڵێكی گه‌رمه‌وه‌ بۆ دڵێكی سارد و سڕ..
خانمی به‌ڕێزم سه‌ره‌تا پیرۆزباییت لێده‌كه‌م و هیوای دواڕۆژێكی سه‌ركه‌وتوو پرشنگدارتان بۆ ده‌خوازم. پیرۆزبایی له‌ خۆشی و شادیی نێوان تۆ و ماره‌لێبڕاوه‌كه‌ت ده‌كه‌م. منی دڵشكاو و ده‌روون ڕووخاو په‌شیمانی خۆمت بۆ ده‌رده‌بڕم سه‌باره‌ت به‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ به‌دڵسۆزی و نه‌فامی و ساویلكه‌ییه‌وه‌ گیرۆده‌ی خۆشه‌ویستیت بووم. نامه‌وێت درێژه‌ به‌ قسه‌كانم بده‌م و هه‌موو داخ و كه‌سه‌ری دڵی خۆمت بۆ هه‌ڵڕێژم و هه‌ست و هۆشمت به‌ ته‌واوه‌تی بۆ یه‌كالا بكه‌مه‌وه‌، چونكی باش ده‌زانم كه‌ تۆ له‌گڕی ئاگر و بڵێسه‌ی ناخم بێ ئاگا و بێ خه‌به‌ریت.. ئیتر به‌و هیوایه‌ی كه‌ بتوانم یاده‌وه‌ریت له‌ دڵ و مێشكمدا بسڕمه‌وه‌ و بۆ جارێكی تر هه‌رگیز چاوم به‌ چاوت نه‌كه‌وێته‌وه‌ و ببڕای ببڕ نه‌تبینمه‌وه‌.. له‌ كۆتاییدا به‌ ته‌نیا یه‌ك داواكاریم لێت هه‌یه‌ و تكام وایه‌ بۆمی جێبه‌جێ بكه‌یت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م نامه‌یه‌ی من به‌ گڕی ئاگر بسووتێنێت و خۆڵه‌مێشه‌كه‌ی بده‌یته‌ به‌ر ڕه‌شه‌باو سه‌رنگومی بكه‌یت.. ئیتر سوپاس و بۆ هه‌تاهه‌تایی ماڵئاواییت لێده‌كه‌م..)
خانمه‌كه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و دێڕه‌ نووسراوانه‌ی قه‌دی من بووه‌وه‌ و گه‌یشته‌ نێوه‌ڕاستی پرده‌كه‌ی سه‌رخاسه‌. هه‌ڵوێسته‌یه‌كی بۆ كرد و به‌ ته‌نیشتی چه‌ند مناڵێكه‌وه‌ وه‌ستا، كه‌ به‌سه‌ر پرده‌كه‌وه‌ ته‌ماشای ئاوی هه‌ڵچووی نێو خاسه‌یان ده‌كرد. ئاوه‌ لێخنه‌كه‌ له‌ژێر پرده‌كه‌دا شه‌پۆلی ده‌دا و به‌خێرایی به‌ره‌و خوار ده‌بووه‌وه‌. وه‌ها دیاربوو له‌ سه‌ره‌وه‌ بارانێكی زۆر باریبێت. كزه‌بایه‌كی سارد له‌ نێو خڕی خاسه‌وه‌ هه‌ڵیده‌كرد و ده‌م و ڕووی من و خانمه‌كه‌ی ده‌تۆزانده‌وه‌. كۆمه‌ڵێك مه‌ل و په‌له‌وه‌ر به‌ ئاسمانی سه‌ر ئاوه‌كه‌وه‌ هه‌ڵده‌فڕین و ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ریان ده‌كرد. خه‌م و په‌ژاره‌یه‌كی زۆر دایگرتم. ئه‌و لاوه‌ هه‌ڵه‌شه‌یه‌ داوای له‌ خانمه‌كه‌ كردووه‌ كه‌ هه‌ڵسێت به‌ سووتاندنی من.. له‌ پاشانیشدا خۆڵه‌كه‌وه‌كه‌م بدات به‌ ده‌م ڕه‌شه‌باوه‌..! داخی گرانم بۆ ئه‌و چاره‌نووسه‌ ڕه‌شه‌ی كه‌ چاوه‌ڕوانیم ده‌كات.. بۆچی منی سپی پۆش و بێگه‌رد به‌و شێوه‌ دڵته‌زێنه‌ كۆتایی به‌ ژیانم بێت!؟ گوایه‌ ده‌شێت من له‌م نێوه‌نده‌دا بوونی خۆم له‌ ده‌ست بده‌م و ببم به‌ قۆچی قوربانی.!؟ ئایا ده‌بێت تاوانی من چی بێت تاوه‌كو به‌م شێوه‌ ناڕه‌وایه‌ به‌ ناهه‌ق سزا بدرێم..!؟ ئای له‌م به‌دبه‌ختی و چاره‌ڕه‌شییه‌ی خۆم و له‌و ڕۆژه‌ ڕه‌شه‌ی كه‌ تێی كه‌وتووم.. داخۆ بۆچی چاره‌نووسم وه‌هابوو كه‌ ببم به‌ نامه‌ی دڵداری، یاخود نادڵداری و ئاكامه‌كه‌م سووتاندن بێت.!؟ بۆچی نه‌بووم به‌ چه‌كێكی پاره‌ و خه‌ڵكی بمخه‌نه‌ سه‌ر دڵیان..!؟ گه‌رچی ده‌نگم ناگاته‌ گوێی كه‌س، به‌لام ده‌بێت هه‌ر ئاهو ناڵه‌م بێت و بۆ به‌ختی ڕه‌شی خۆم بكڕووزێمه‌وه‌.. ئه‌وه‌تا خانمه‌كه‌ به‌ ته‌نیشتی مناڵه‌ ورده‌كانه‌وه‌ وه‌ستاوه‌ و بایه‌ سارده‌كه‌یش بێوچان خۆی پێمدا ده‌كێشێت و جه‌سته‌م ده‌خاته‌ له‌رزین. به‌رده‌وام خانمه‌كه‌ له‌ په‌رژینی لێواری پرده‌كه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ئاوه‌ هه‌ڵچووه‌ لێخنه‌كه‌ی نێو خڕی خاسه‌، كه‌ به‌رده‌وام وه‌كو دڵی عاشقان شه‌پۆل ده‌دات و سه‌رشێتانه‌ به‌ره‌و نادیار ده‌ڕوات. ئای.. ئای.. ئای.. ئه‌وه‌تا خانمه‌كه‌ به‌ تووڕه‌یی و توندوتیژییه‌كی زۆره‌وه‌ لوولی دام و له‌ نێو له‌پیدا گرمۆڵه‌ی كردم.. ده‌ستی هه‌ڵبڕی و بۆ نێو شه‌پۆله‌ لێخنه‌كانی خڕی خاسه‌ تووڕی هه‌ڵدام..! به‌ڕێی خۆیه‌وه‌ به‌سه‌ر پرده‌كه‌دا به‌ره‌و ماڵی خۆیان ڕۆیشت..!
كه‌وتمه‌ نێو لافاوی ژێر پرده‌كه‌وه‌.. هه‌ی هاوار به‌ فریام كه‌ون خنكام.. خنكام.. خنكام.. م... م.
kurdistani nwe

Kurdzhin

ئاخۆ ئێستا وه‌ك چۆن من بيرى تۆ ئه‌که‌م
تۆش بير له من ئه‌که‌یته‌وه‌وه؟


http://www.kurdzhin.info/up/uploads/images/kurdzhin-a99a538f0a.gif

له‌سه‌ر هێڵ نی‌یه‌‌

 


خوارووی مه‌كۆ

Your IP Address : 216.73.216.104
Powered by PunBB 1.2.15
© Copyright 2007 – 2011
Translated By : Webchin.Org
Design And Style By : Kurdzhin.net