.
1- بەڕێوەبەری یانە Hemn Zanko لە کوردستان بە ئمێڵی ( hemn_kurdzhin@yahoo.com ) ..
ژمارەی مۆبایل ( 07812539505 ) .
2- بهڕێوهبهری گشتی ( ReKaN ) له ئهوروپا به ئیمێڵی ( Rekan_uk@hotmail.com ) ، ژماره تهلهفوونی( 00447754007706) .






بابهته گرنگهکانی بهکارهێنانی یانه












جار هەبووە ژن بەتایبەتی هاتوون بۆ حەمامەكە تا كچێك بۆ كوڕەكانیان بدۆزنەوەو زۆر حاڵەتی ژن و ژنخوازیشی لێكەوتووەتەوە"
چوونی ژن بۆ گەرماوە گشتییەكان بووە بەنەریت لەلای بەشێك لە ژنانی هەولێر و وەك حەمامچییەكانیش باسیدەكەن جگە لەمەبەستی خۆشوشتن زۆرجار ژنان بۆ دۆزینەوەی كچ بۆ كوڕەكانیان و كاتبەسەربردن دەچنە گەرماوەكان.
"ژنی هەولێری ئەوە عادەتیانە لەگەنجەوە بگرە تا پیر بۆ حەمامی دەرەوە دێن و حەزیان لێیە"ئەمە گوتەی حاجی هەدیەی حەمامچییە لەبەشی ژنانی گەرماوی سیروان لەگەڕەكی تەیراوەی هەولێر. ئەو بۆ وارڤین دواو گوتی"كاتی دیاریكراومان بۆ ژنان داناوەو هەرچەندە لەهەموو ماڵێكدا گەرماوی باش و ئاوی گەرم هەیە، بەڵام ژنان هەر حەزیان لەحەمامی دەرەوەیەو لەزستاندا زۆر دێن". دەربارەی ئەو ژنانەش بۆ خۆشوشتن روو لە گەرماوەكەیان دەكەن ئەو حەمامچییە گوتی"جگە لە خەڵكی ناوخۆ، ئەو كەسانەی لە شارەكانی دیكەوە بۆ هەولێر دێن لە گەرماوی بازاڕ خۆیان دەشۆن".
بە گوێرەی ئەزمونی 25ساڵ كاركردنی لە گەرماوەكانی ژناندا حاجی هەدییە زۆر بەسەرهاتی لایە لەسەر رووداو و بارودۆخی گەرماوەكان. ئەو گوتی گەرماوەكان خەڵك بەیەكتر دەناسێنن"ژنان دەبن بەبرادەر، جار هەبووە ژن رایانسپاردووم و بەتایبەتی هاتوون بۆ حەمامەكە تا كچێك بدۆزنەوە بۆ كوڕەكانیان و زۆر حاڵەتی ژن و ژنخوازیشی لێكەوتۆتەوە".
سەبارەت بەبردنی مۆبایل بۆ ناو گەرماوەكان گوتی"هەندێك خەڵك گوتویانە لەگەرماوێكی شاری هەولێر مۆبایلیان بردۆتە ژورەوەو وێنەیان گرتووەو وێنەكانیان فرۆشتۆتەوەو لەوكاتەشەوە ئێمەیان بانگكردووە لەئاسایشەوەو ئاگاداریانكردینەوە بۆ ئەوەی زیاتر ئاگامان لێبیت و نەهێڵین ژنان مۆبایل بەرنە حەمامەكەوە".
تریفەی 55ساڵ یەكێك بوو لەو ژنانەی كەلە یەكێك لە هۆڵی ساردی گەرماوێكی شاری هەولێر دانیشتبوو و باسی لەوەكرد كەلە رێگای هاتووچۆی بۆ گەرماوەكانی ژنانەوە كچێكی دۆزیوەتەوە بۆ كوڕەكەی و پاش یەكترناسین خوازبێنی كردووە. ئەو گوتی"بەو مەبەستە دەهاتمە گەرماوی دەرەوەو دواتر كچێكی جوانم بۆ كوڕەكەم دۆزییەوە، بەڵام تەنیا 4 مانگ ژنی بوو و تەڵاقی لێوەرگرت".
گوتیشی"شتێكی ئاساییە ژنان بۆ جەوگۆڕین و كاری خێر بچنە گەرماوەكان. چەند خزمی خۆم ئاوا ژنیان بۆ كوڕیان هێناوەو خۆشم هاوڕێم زۆر بۆ دروستبووە".
عیسمەت خەلیل 70 ساڵ ژنی ماڵەوەیە، دەڵێ:"هەر لە گەنجێتییەوە لەگەڵ هاوڕێكانم دەچووین بۆ گەرماوە گشتییەكان و كردبوومان بەعادەت و بۆ كۆبوونەوە و خۆشی دەڕۆین ئەگینا لەماڵەوە گەرماوی باشمان هەیە".
ئەو ژنە بەتەمەنە گوتشی"ئێستاش هەموو سەری هەفتەیەك لەگەڵ خزم و هاوڕێكانم كە هاوتەمەنی خۆمن دەڕۆینە حەمامی دەرەوەو بووەتە عادەت لامان".
یەكەم گەرماو لە شاری هەولێر ناوی گەرماوی قەڵابووەو مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی سەدەی هەژدەهەم. ئەم گەرماوە لەساڵی 1979 نۆژەنكراوەتەوە. ئێستاش ژمارەی گەرماوەكانی هەولێر زیاتر لە 20 گەرماوەو 8 یان تایبەتن بە ژنان.
گەرماوی سۆرانیش یەكێكیترە لە گەرماوەكانی ئەم شارە كە بەشێكی تایبەتی هەیە بەژنان و ماوەی 12 ساڵە درووستكراوە، حەسەن لەتیف، خاوەنی گەرماوەكە بۆ وارڤین گوتی"زستانان موشتەریمان زۆرەو ژنان زۆر دێنە حەمامەكە، بەڵام ژنان زۆر ئاو سەرف دەكەن و زۆریش دەمێننەوەو هیچ خێر ناكەین".
ئەو باسی لەوەش كرد كە بازاڕیان لەچاو ساڵانی پێشووودا كەمیكردووەو گوتی"ئێستا كارەباو ئاوی گەرم لەهەموو ماڵێكدا هەیەو كەمتر خەڵك دێن بۆ حەمامی دەرەوە بۆیە قازانجمان كەمە".
سەبارەت بەو كێشانەی لەماوەی كاركردنی لەگەرماوەكەیدا روویداوە گوتی"تائێستا تەنیا یەكجار كێشە روویداوە. ئەویش ژنێكی عەرەب هاتبوو و دەستی خستبووە سەر ملی ژنێكی پیر لەحەمامەكەو ویستبووی بیخنكێنێت بۆ ئەوەی ملوانكەكەی بدزێت. ئیتر من فریایكەوتم و پۆلیسم ئاگادار كردەوەو گرتیان". گوتیشی "ماوەیەك گوتیان لە ژورەوە وێنە دەگرن بەمۆبایل و ئیتر لەوكاتەوە ژنەكان ئەپشكێنرێن و ئینجا دەچنە گەرماوەكان".
ئەو حەمامچییە بێزاری خۆشی دەربڕی لەمامەڵەی هەندێك لە ژنەكان و گوتی"ژن هەبووە لە سەعات 8ی بەیانی چۆتە حەمام تا بانگی مەغریب نەهاتۆتە دەرەوە دواتر پیاوەكەی هاتووە بە شوێنیدا و لێیپرسیوە".
لەگەڵ ئەوەی بەشێكی زۆر لە ژنانی هەولێر دەچن بۆ گەرماوە گشتییەكان، بەڵام زۆریشن ئەوانەی كە تائێستا گەرماوی گشتییان نەبینیوو و ناشیانەوێت بچن. شۆخان محمد 22 ساڵ خوێندكاری زانكۆیەو یەكێكە لەو كچانە كە تائێستا نەچووە بۆ گەرماوی گشتی ژنان. ئەو گوتی"ئێستا گەرماوی رێكوپێك لەهەموو ماڵێكدا هەیەو ئاوی گەرم و جێگەی باش هەیەو پێویست بەوەناكات پارە بدەیت بە حەقی خۆشوشتن و بچیتە گەرماوی بازاڕ".
گوتیشی"ناچم بۆ گەرماوی گشتی و نامەوێت خۆم تووشی كێشە بكەم ، چونكە دڵنیانیم لێیان و ئەو گەرماوانە كەسی باش و خراپ رووی تێدەكات".
ئەو كچە گەنجە بەپێكەنینەوە گوتیشی"لەڕووی كاتیشەوە، كاتم نییە بچم بۆ گەرماوی بازاڕ و زوو زووش خۆم دەشۆم. ئەگەر وابێت دەبێ هەر بەڕێگەوەبم بۆ حەمام و بازاڕ".
ئەو باسی لەوەش كرد كە پێویست ناكات لەم سەردەمەدا خەڵك بڕوات بۆ گەرماوی دەرەوەو لەكۆندا لەبەر نەگونجاوی گەرماوی ماڵەكان و نەبوونی ئاوی گەرم و نزمی ئاستی دارایی و زۆری ژمارەی ئەندامانی خێزان خەڵك پەنایان بۆ گەرماوە گشتییەكان بردووە.
س-وارڤین

لهسهر هێڵ نییه